کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژینگەپارێزانی نەڵۆس داوای پێشگرتن بە ڕۆکردنی زبڵ لەو شارە دەکەن

16:42 - 24 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وەرزێڕان و ئاژەڵداران و ژینگەپارێزانی نەڵۆس، بەنیسبەت گواستنەوەی زبڵەکانی شارەداریی شنۆ و گوندەکانی دەوروبەری بۆ شوێنی ڕۆکردنی زبڵی شاری نەڵۆس، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

خەڵک و ژینگەپارێزانی نەڵۆس، لە هەڵمەتێکی جیددیدا، بە کۆکردنەوەی واژۆ داوایان لە بەرپرسانی شارەداری و شۆرای ئیسلامیی ڕێژیم لە شاری شنۆ کردووە کە پێش بە ڕۆکردنی زبڵەکانی شاری شنۆ و گوندەکانی دەوروبەری لەو شارەدا، بگیردرێت.

ڕۆکردنی زیاتر لە ٥٠ تۆن زبڵی شارەداریی شنۆ و زیاتر لە ٤٠ تۆن زبڵی جیاوازی تر، لەوانە: "زبڵەکانی بەشی ناوەندی، نەخۆشخانە و دەرمانگای دوکتورەکان، ڕێوڕەسمی هۆڵەکان و شایی و پرسەکان"، لە شوێنی ڕۆکردنی زبڵی نەلۆس بووەتە هۆی هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر سەرچاوە سرووشتییەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو ناوچەیە.

هەر لەم پەیوەندییەشدا، ماوەیەک پێش ئێستا، خەڵک و ژینگەپارێزانی "گردکاشانی" شاری شنۆ، بۆ دووهەمین جار، پێشیان بە ڕۆکردنی زبڵەکانی ئەو شارە لە شوێنی زبڵی "گردکاشانـ"دا گرت.

بەرپرسانی شارەداریی ڕێژیم لە شنۆ، خۆیان لە ئاست خاوێنکردنەوە و کۆکردنەوەی زبڵەکان بێخەم کردووە و بەم هۆیەوە، سیمای شار تێک چووە و بۆنی زبڵەکان بووەتە هۆی نیگەرانی و ناڕەحەتیی خەڵکی ئەو شارە و بەرپرسانی بێکیفایەتی ئەو شارە هیچ ئاوڕێکی جیددی لەو دۆخە نادەنەوە.