کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژەنیارێکی کوردی کوردستانی ئێران بەشداری لە فێستیڤاڵی \" گلۆباڵ فێست\"ی وڵاتی ئەمریکادا دەکات

13:45 - 17 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: مووزیک‌ژەنی ناوداری کورد کەیهان کەڵهوڕ هاوڕێ‌ لەگەڵ ژەنیارێکی تورک بە مەبەستی ساز کردنی کۆنسێرت بانگهێشتی دەیەمین خولی فێستیڤاڵی گلۆباڵ فێست لە وڵاتی ئەمریکا کراون.
ئەو کۆنسێرتە بە شێوەی هاوبەش لە نێوان کەیهان کەڵهوڕ و ئەرداڵ ئەرزەنجان، رێکەوتی ٢٤‌ی مانگی بەفرانبار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت.
فێستیڤاڵی گلۆباڵ فێست بە مەبەستی لە ناوبردنی سنووری وڵاتەکان و لەپێناوی کاری کولتووری و کۆمەڵایەتیدا ساز کراوە و هونەرمەندانی بەشە جۆراوجۆرەکانی بواری مووزیک لەو فێستیڤاڵەدا بە شێوەی راستەوخۆ بەرهەمەکانیان پێشکەش دەکەن.
ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر بڵاوی کردەوە، کەیهان کەڵهوڕ ژەنیاری کرماشانی لەم دوایانەدا کار و چالاکییە موزیکییەکانی زیاتر بە مەبەستی خۆ ئامادە کردن لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا تەرخان کردووە.
یەکەمین کۆنسێرتی کەیهان کەڵهوڕ و ئەرداڵ ئەرزەنجان ساڵی ١٣٨٩ لە تالاری وەحدەتی شاری تاران بەڕێوە چوو و دواتر ئاڵبوومی ئەم کۆنسێرتە بە شێوەی فیلمێکی دیکۆمێنتی بڵاو کرایەوە.
ئەو دوو هونەرمەندە لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا بەشدارییان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مووزیکی موازین لە وڵاتی مەراکشدا کرد و هەروەها ئەمساڵیش دوو کۆنسێرتی هاوبەشیان لە شاری ئەرزرووم و ئیستانبووڵ لە وڵاتی تورکیە بەڕێوە برد.