کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە ترسی ڕاسان سەرقاڵی ڕەشبگیری لە کوردستانە

14:35 - 17 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: ڕێژیمی تێرۆریستی تاران لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا زیاتر لە ٢٢٠ هاووڵاتی کوردی دەستبەسەر کردووە.

لە درێژەی سیاسەتی دەستبەسەرکردن و ڕەشبگیرییەکان لە کوردستان، هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان ئەمساڵ زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو خەڵکی ئاساییان بە تۆمەتی پێوەندی هەبوون بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە دەستبەسەر کردووە، یان بانگهێشت و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کردوون.

بەپێی هەندێک زانیاریی باوەڕپێکراو، لە بەشێک لەم حاڵەتانەدا مەئمورانی ئیتلاعات هەڕەشەیان لەم کەسانە کردووە و ئەشکەنجەی ڕۆحییان داون.

گرتن و ئەشکەنجەدانی ئەم هاووڵاتییانە دوابەدوای دەسپێکردنی قۆناغی نوێی خەبات لە ڕۆژهەڵات ناسراو بە ڕاسانە کە کۆماری ئیسلامی بەتەواوی مانا زەندەقی لێی چووە و لە هەموو بارێکەوە هەوڵ دەدات پێش بە کاریگەرییەکانی بگرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بەدەستمان گەیشتوون، یەکێک لەو ڕێکارانەی کە ڕێژیمی تاران بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕاسان گرتوویەتە بەر بریتییە لە گرتن و ئازاردانی هاووڵاتییانی کورد، بەتایبەت بنەماڵەی چالاکانی سیاسی.

زۆربەی ئەم گیران و دەستبەسەرکردنانە لە شارەکانی سەقز، سنە، کامیاران، بۆکان، دیواندەرە، مەهاباد، قوروە،کرماشان، شنۆ و پیرانشار بووە.

دوابەدوای پەیامی نەورۆزیی بەڕێز مستەفا هیجری لەپێوەندی لەگەڵ دەسپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە خەبات لەسەر بنەمای گرێدانەوەی خەباتی شاخ و شار و هەروەها حوزوری پێشمەرگەکانی کوردستان لە نێو خەڵکی کوردستان کە لەگەڵ پێشوازیی گەرمی هاووڵاتییانی کوردستان بەرەوڕوو بوویەوە، ڕێژیم لەهەموو پانتا و بیاڤەکاندا وەخۆ کەوتووە و هەوڵ دەدات ڕووبەڕووی ڕاسان ببێتەوە.

چەند ڕۆژ پیش ئێستاش فیلمێکی دێکۆمێنتاری، بەرهەمی هاوبەشی وەزارەتی ئیتلاعات و ئیدارەی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم، بە دژی جووڵانەوەی کورد لە ئێران و بە تایبەت ڕاسانی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەناوی کاک و جاش لە کاناڵی ٣ی ئێران بڵاو کرایەوە کە ئەوپەڕی ترس و زراوچوونی سەرانی ڕێژیم لە جووڵانەوەی گەلی کوردی پیشان دەدا.