کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنسێرتی شارام نازری هەڵوەشێندرایەوە

22:31 - 27 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: هەڵگری خەڵاتی شوالییەی مۆسیقای ئێران، هاوشێوەی زۆرێک لە هونەرمەندانی دیکەی کورد و ئێرانی، کۆنسێرتەکەی هەڵوەشێندرایەوە.

شارام نازری لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانەکەی کە شەوی ٢٥ی بانەمەڕ لە تالاری ڕوودەکی بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند؛ سەرەڕای ئەوەیکە ئیزنی بەڕێوەبردنی کۆنسێرتی لە شاری نەیشابوور وەرگرتووە، بەڵام هەندێک ئۆرگانی باڵادەستی دیکە ڕێگەیان لە بەڕێوەبردنی ئەم کۆنسێرتە گرتووە.

لە ساڵی ڕابردوودا دەیان کۆنسێرت لەوانە کۆنسێرتی کەیهان کەلهوڕ، عەلی لۆهراسبی، گرووپی ئەردەشیر کامکار، حسەین عەلیشاپوور، ڕەزا سادقی و دەیان کەسایەتیی هونەریی دیکە هەڵوەشێندراوەتەوە کە بەشێکیان ڕاستەوخۆ لە لایەن حکوومەتەوە ڕێگرییان لێ کرا و بەشێکیان لە ڕێگەی دەست و پێوەندییە بەسیجییەکانی ڕێژیمەوە شێوێندرا.

مامۆستا شەهرام نازری هەر لەم ڕێوڕەسمەدا باسی لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم کارە هونەرییەکانی لە ئێراندا کرد و ڕایگەیاند؛ ئێمە نە تەنیا هان نادرێین، بەڵکوو هەمیشە بەشێوەی سیستماتیک هەوڵ دەدرێت لەمپەرمان بۆ درووست بکرێت.

نازری وێڕای ئەوەیکە بە شانازییەوە باسی لە کوردبوونی خۆی کرد، وتی لە نێو خەڵکی کورددا ڕۆحیەیەکی حەماسی بوونی هەیە کە یارمەتیدەری کارەکانی منە.

شوالیەی مۆسیقای ئێران هەروەها وتی، تا ئێستا گەلێک پێشنیار بۆ کار و ژیان لە دەرەوەی ئێرانم پێدراوە، بەڵام من قبوڵم نەکردووە، چوونکە دەمهەوێ لەگەڵ ئەو کێشانەی کە باسم کرد بەرەوڕوو ببمەوە.