کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوو

14:36 - 13 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: دەستڕێژی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم لە کۆڵبەرانی کورد، لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی بریندار بوونی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەی لێکەوتەوە.

هەواڵدەریی کوردپا له هەواڵێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە؛ ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی جینایەتکاری ئێران لە گەرووی قوڵقوڵەی شاری سەلاسی باوەجانی کۆڵبەرێکی خەڵکی ئەو شارەیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا ئەو هاووڵاتییە بریندار بوو.

ئەو سەرچاوەیە شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە ناوی پەیمان کەرەمی تەمەن ٢٤ ساڵە خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی ڕاگەیاندووە.

هەروەها باس لەوە کراوە کە بە هۆی تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم لاقی چەپی پەیمان کەرەمی بریندار بووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی حەزرەتی ڕەسووڵ لە شاری جوانڕۆ کراوە.

هەر وەها ئەو سەرچاوە هەواڵدەرییە لە هەواڵێکی دیکەدا سەبارەت بە کۆڵبەران باسی لەوە کردووە کە؛ ڕۆژی سێ‌شەممە ١٣ی ڕێبەندان، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی ڕزگار ساکانی خەڵکی گوندی پێسان سەر به ناوچەی تەرگەوەڕ لە گۆندی کوران سەر به ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ، ژێر هەرەسی ڕنوو کەوتووە کە لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەکی تەواو لە بەردەست دا نیه.

هەر لە پەیوەندیی لە گەڵ ژیان و گوزەرانی کۆڵبەرانی کورد، نزیکەی ٦٠ چالاکی فەرهەنگی، سیاسی، مەدەنی، ڕۆژنامەنووس و پارێزەر، بە واژۆ کردنی نامەیەک بۆ دەسەڵاتدارانی هەر سێ دەسەڵاتی حکوومەت، داوایان کردووە؛ لە ڕاستای پەرەپێدان و ئاوەدان کردنەوەی کوردستان، هەڵی کار لە کوردستان بڕەخسێنن.

بەپێی ئامارەکانی ئەو ئاژانسە هەواڵدەرییه، ساڵی ڕابردوو (٢٠١٦)ی زایینی ١٢٢کۆڵبەر کوژرا و بریندار بوونه، کە لە کۆی گشتیی ئەو ئامارە ٥١ کەس کوژراو و ٧١ کەسی دیکە بریندار بوون.