کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچەی بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران کوژرا

20:27 - 3 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: لە درێژەی کوشتنی بەردەوامی کۆڵبەرانی کورددا، لە ناوچەی سنووری بانە کۆڵبەرێک بە دەستڕێژی هێزە نیزامییەکان گیانی لەدەست دا.
رێکەوتی ٢ی رێبەندان هێزە نیزامییەکانی رێژیم لە سنووری بانە لە شوێنێک بە ناوی چۆمی چووشی تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی سابیر ئاڵتوون کوڕی جەلال گیانی لێ‌ ئەستێنرا.
ئەو کۆڵبەرە تەمەن ١٧ ساڵەیە خەڵکی گوندی نەمنجێی ناوچەی پیرانی سەربە پیرانشار بووە.
ئاژانسی هەواڵی کوردپا بڵاوی کردەوە، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمی ئەو کۆڵبەرە لە نەخۆشخانەی شاری بانە راگیراوە و رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
بەپێی ئاماری تۆمار کراوە لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە مانگی بەفرانباردا ٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکان بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم کوژران و بریندار بوون.
لە کۆی گشتیی ئەو رێژەیە کۆڵبەرێک کوژرا و ٧ دیکەش بریندار کراون.