کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆبوونەوی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ بونیادی نەتەوەیی ئەمریکا بۆ دێموکراسی

01:52 - 10 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەردانێکدا بۆ ئەمریکا، لەگەڵ بونیادی نەتەوەیی ئەمریکا نێد کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەدا کە بە مەبەستی گۆڕینەوەی بیروڕا پێک هاتبوو، بەستێنە هاوبەشەکانی کارکردن، لێک درایەوە.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو کۆبوونەوەدا ئامانجەکانی خۆی لە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا قسەی کرد. بارودۆخی ناوچەکە، گۆڕانکارییەکانی ئەم دوایی‌یانە و نیگەرانییەکانی حیزبی دێموکراتی لەمەڕ دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە، بەشێک لە قسەکانی سکرتێری گشتیی حدکا لەو دیدارەدا بوون.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات وتی: بە باوەڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێویستە هاوکارییەکی هەمەلایەنە بۆ بەرنگاربوونەوەی دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچەکە لە ئارادا بێت.

هیجری لەو کۆبوونەوەدا وێڕای ئاماژەی بە تیگەیشتنی گشتیی خەڵکی کورد لە دێموکراسی، وتی: بە خۆشحاڵییەوە هەبوونی هەندێک رێکخراوە وەکوو کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە ئێراندا پیشان دەدات کە زۆربەی نەتەوەکانی ئێران لەسەر مانیفێستێکی هاوبەش سەبارەت بە داهاتووی ئێران هاودەنگن. هەروەها ١٤ حیزب و رێکخراوە لە کۆنگرەیەدا سەرقاڵی کارکردن لەسەر مانیفێستێکی هاوبەشن.

لە کۆبوونەوەی سکرتێری گشتیی حیزبی بونیادی نەتەوەیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای هەوڵی چڕوپڕ هێشتا ئوپۆزیسیۆنی ئێران یەکگرتوو نییە و بەتایبەت ئوپۆزسیۆنی سەر بە نەتەوەی فارس نەتەنیا لە نێوخۆدا یەکگرتوو نییە، بەڵکوو ئەحزاب و رێکخراوەکانی باقی نەتەوەکانی ئێرانیان قەبووڵ نییە و ئامادە نین هاوکارییان بکەن.

لەم دانیشتنەدا باربارا هەیگ لە لایەن بونیادی نەتەوەیی بۆ دێموکراسی کورتەیەک لە چالاکییەکانی خۆیانی باس کرد و باسی لە چۆنیەتی کارکردنی ئەو رێکخراوە کرد و کارکردە سەرەکییەکانی ئەو رێکخراوەیەی بۆ شاندی حیزبی دێموکرات شی کردەوە.

هەیگ لە دریژەی قسەکانیدا باسی ئەزموونەکانی \'\'نێد\'\'ی کرد لەگەڵ نموونە هاوچەشنەکان و وتی کە لە چەند شوێندا کە ئەوان هەتا ئێستا کاریان کردووە وەکوو چین، ئەمە دیاردەیەکی بەرچاوە کە ئەو چالاکانەی مافی مرۆڤ و دێموکراسیخواز سەربە نەتەوە سەردەستەکان ئامادە نین چالاکانی نەتەوە بندەستەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ قەبوول بکەن و لەگەلیان کار بکەن و پێیان دەڵێن کە ئەمانە جیایی‌خوازن.

هەیگ وێڕای به گرینگ وەسفکردنی کاری کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، باسی لەوە کرد کە ئەو هەوڵە و هەوڵی لەو چەشنە بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی بنەڕەتی لە دێموکراسی و داهاتووی وڵات زۆر گرینگە.

هەیگ وتی تەواوی ئەو کەسانەی کە بۆ داهاتوویەکی دێموکرات لە ئێراندا هەوڵ دەدەن، پێویستە دەنگێکیان هەبێت لەو تێگەیشتنە بنەڕەتییە و وتی هەر کەس بە هەرشێوەیەک کە خەبات دەکات، ئەگەر دێموکراسی بوێت، ئەوە پێویستە دەنگی هەبێت.

لە کۆتایی دا هەردوو لایەن جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە ئەو پێوەندییانە بەردەوام بن و لە ئاکامدا بەستێنێکی هاوبەش بدۆزرێتەوە کە بکرێت تەواوی ئەو لایەنانەی کە بۆ دیموکراسی تێ دەکۆشن هەوڵ بدەن پێکەوە کار بکەن.