کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یــادی کاک سەید سـەلام عەزیزی ( مەلا برایم مەجیدپوور)

14:40 - 26 پووشپەڕ 2713

مەلا برایم مەجیدپوور

کاروانی خەبات بەردەوامە ، قوربانیدان بێپسانەوەیە ، لە یاسای شۆڕش بە دژی داگیر کەران و بۆ ڕزگاری گەل و نیشتمان مەرگ بەهەر شکڵ و شێوەیەک لەو پێناوەدا شەهید بوونە و هەم ئاساییشە و هەم جێگای شانازی. کێی لەو رێبازەدا گیان لەدەست بدا جێی ڕێزی هەموو لایەکمانە. یاسای قوربانیدان وایە باشترینەکان لە پێشەوەن. لە مێژوی خەباتی ڕزگاری خوازانەی گەلی کورد دا کاروانی گیان بەخشانی ئەو ڕێبازە درێژە و درێژتریش دەبێیتەوە، بۆیە هەموو ڕۆژێکمان ڕۆژی شەهیدانە. یادی مەرگی ڕێبەران و سەرجەم شەهیدانمان بۆ شینگێڕی و ماتەم نیە، بەڵکو زیندوو بەرزڕاگرتنی بەڵێن و پەیمانە ، سوور بوونە لە سەر ڕێباز و خۆ ئامادە کردن و سازدان بۆ بەرەنگاری دوژمنانە، دەرسی خۆ بەختکردن لە پێناو گەل و نیشتمانە.

ئووسولەن شین بۆ مردوانە، خۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری گەل و نیشتمان نەمرن و هەمیشە زیندوون، کەوابوو شێن ناگێڕین و ڕێچکەی ئەوان دەگرینە بەر. زۆر جار وتوومە و دیسانیش دەیڵێمەوە: هەموو ئەو ژن و پیاو و کچ و کوڕانەی لە ڕێگای خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەماندا گیانیان بەخت کردووە و دەکەن ، جا چ لە مەیدان و چ لە زیندان و چ لە قۆناغی کار و تێکۆشان و چ لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاری دوژمنان و چ لە دەربەدەری و هەندەران، مەرگیان مەرگی شەهیدانە و قوربانیانی ئازادی کوردستانن.

گەورەترین و پیرۆزترین خەبات بەربەرەکانیە دەگەڵ زاڵم و زۆرداران و بگژداچوونەوەی داگیر کەرانە، خەباتی گەلەکەمان ڕاست خەباتێکە بەو ناو و نیشانە.

با دوژمنانی گەل باش بزانن یادی شەهیدان و مەرگی دڵتەزێن و جەرگبڕی هاوڕێیانی زێدە ئازیزمان مزگێنی جێژنی سەرکەوتنی شۆڕش و نەمانی دوژمنانە.

پووشپەڕ مەرگە بۆ ئازادی، گریانە بۆ ڕۆژی شــادی
لە پوشپەڕدا پووش دەپەڕێ، بەڵام ڕیشەی هەر دەمێنێ
خۆ سازدەکا و دەڕوێتەوە، دیسان ئەوا سەر دەر دێنێ
ڕیشەی بە خوێن ئاودراوە، لە کوردستان دا ڕوواوە
هەتا زەوی و ئاسمان هەبن، ئەو کوردستانەش هەر ماوە
مردوو کەسێکی بـێـنـاوە، ناودار نەمردووە، هەر ماوە
دایمە بەڕووح لە ناومانە، ڕێنوێن و ڕێــبـــەرمـــانە
سەلام ، سەلیم بووی و سالم ، هێدی و ئارام لە سەرەخۆ
بۆ پەلەتکرد بە جێت هێشتم، منیشت نەبرد دەگەڵ خـۆ
مەگەر قەرارمان ئاوابوو ، تۆ بڕۆی و بەجێم بێڵی!
ڕاستە ئەتۆ پێشەنگمان ، دەبوو وە پێشمان بکەوی
بەڵام نەک هێندە توند بڕۆی ، لێمان نەدێوو دوور کەوی
ئەوە لە دڵم بووە بە ناسۆر، ڕۆیشتی و نەم دیتیەوە
پێشت نەگووتم برای بەڕێز ، دێێەوە یان نایەوە!
بـەڵام لــەوە دڵـنـیـابـە، هەروا بە هاوڕێییت ماوم
وێنەو یادت لە بەر چاومە ، پێیەوە دەژیم تا مــاوم
منیش ئەوا هەر بەڕێوەم ، بەجێماوم ، نە وەستاوم

دوایین وشە بەبۆنەی ساڵوەگەڕی مەرگی نەخوازراو و لە ناکاوت لە قوڵایی دڵمەوە هاوخەمی خۆم دەگەڵ بنەماڵەکەت بەگشتی و هاوڕێ و خزم و دۆستانت دەردەبڕم.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە