کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێمە و هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی

13:45 - 28 بەفرانبار 2715

عومەر غوڵامعەلی

سەردەمی ئێمە سەردەمی پەرەگرتنی دیمۆکراسی، گەشەی کۆمەڵایەتی و ڕزگاریی نەتەوییە.، ئەم ڕستەیە دەتوانین لە بەرنامە یان پڕۆگڕامی زۆربەی ئەو حیزب و ڕێکخراوانە(ئەوانەی خۆیان وەک ڕێکخراوی مۆدێڕن و پێشکەوتنخواز پێناسەدەکەن و جاڕی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی دەدەن) هەڵێنجین.

سێکۆلاریزم و ئاراستەکەی کە جیایی دین لە دەوڵەتە، لە دروشمە زەق و بەرچاوەکانیانن، بەو مانایە کە مزگەوت، دێر، کەنیسە و هەموو پەرستگاکان مینبەر و خەڵوەتگەی دڵان لەگەڵ خودای خۆیانن و تەلارەکانی حکوومەت، سەکۆی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی. بەشی هەرە زۆری ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، چ کورد و نەتەوەکانی دیکە و چ ئەو ڕێکخراوانەی خۆیان وەک حیزبی سەراسەریی وڵات دەناسێنن، سێکۆلاریزمیان وەک بنەمایەکی هەرە گرینگ بۆ گەشەی کۆمەڵایەتی لە گەڵاڵەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتدا گونجاندووە. دەزانین کە سێکۆلاریزم و ڕێژیمی دینی، ئاویان بە ئاوەڕۆیەکدا ناڕوا و ئەوەی لێ‏دەکەوێتەوە کە کۆماری ئیسلامی و دژبەرانی حکوومەتەکەی لە ٣٦ ساڵ ململانێ‏دا ئەزموونیان کردووە. هەموو ئەو حیزب و ڕێکخراوانە هەر بەو هۆیەوە(دەکرێ هۆکاری دیکەش بوونی هەبێ) لە دەستپێکی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا هەڵوەشاوە ڕاگەیەندران و تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتییان قەدەغە کرا. ئەگەر لە موجاهیدینی خەڵکی ئێران و چەند گرووپێکی ئیسلامیی گەڕێین، حیزبە گەورە و جەماوەرییە سەراسەرییەکانی وەک حیزبی توودەی ئێران ، ڕێکخراوی چریکەفیداییەکانی خەڵکی ئێران و..... هۆکاری قەدەغە و سەرکوتیان، پێمل نەبوونیان بە حکوومەتی دینیی موتڵە‌قی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیه بوو. لە کوردستانیش مل نەدانی خەڵکی کوردستان بەو پاوانخوازییەی دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامی و ویستە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چارە هەرچووە ئەوبارە و،لە تێکۆشانی سیاسی و بەشداریی لە بەڕێوەبردنی ولاتەکەیان بێبەش کران. ئەم تاڵانی دەسەڵاتە لە کوردستان لە کەشێکدا بوو کە لە یەکەم هەڵبژاردنی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ مەجلیسی شوورا و بەشداریی کردنی حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستان، کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندەکانی نەیانتوانی دەنگی متمانە بۆ هیچ نوێنەرێکیان دەستەبەر بکەن. بەڵام پاوانخوازیی ئایینزایی و فەلسەفەی ویلایەتی مۆتڵەقەی فەقیهی خۆمەینی، نە لە ڕێگای دەنگی جەماوەری و هەڵبژاردنەوە، بەڵکوو بەهۆی هێزی لەشکر و شەڕ و داگیرکاری و ئابڵۆقەی ئابووری، کۆمەڵکوژی و دەیان تاوانی ترەوە دەسەڵاتی بەسەر خەڵکی کوردستاندا زاڵکرد و هەموو ئاسەوارێکی ژیانی ئازاد و هەموو ڕوخسارە جوانەکانی پلۆرالیزم، سێکۆلاریزم و پێکەوەژیانی ئایین و ئایینزاکان(کە لەباوەڕی ئەو حیزبانەدا بوون) و ...هتدی، سڕیەوە. ئەوە ڕابردوو نیە کە کتێب و سەرچاوەی مێژوویی بۆ بگەڕێین، هەر ئەوەندە بەسە کە چاوێک بە ئەدەبیات و بڵاوکراوە و ڕاگەیاندنەکانی ڕێکخراوە کوردستانی و ئێرانییەکاندا بگێڕین و لێمان نەگۆڕێ کە سیاسەتی ئەم سیستمە ڕەوتێکی بەردەوامە و ڕیڕەوی خۆی تا ویشک هەڵاتنی سەرچاوەکانی دەپێوێ، ئەو سەرچاوانەی کە یەک لەوان شانۆگەریی هەڵبژاردن بۆ چاوبەستنی بیروڕای جیهانی و خۆڵ کردنە چاوی کۆمەڵانی خەڵکی وڵاتەکەمانە .

ئەم ئاوڕە کورتە لە دۆزی ویلایەتی فەقیه لە وڵاتی بەربەڵای ئێران و دۆخی تێکۆشەر و خەباتکارانی سیاسی لە کوردستان، پرسیارێک دێنێتە ئاراوە؛
ئایا هاندانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ بەشداری، یان بەشداری بە هەر بیانوویەک، لە شانۆی هەڵبژاردن لەم سیستمەدا بۆ پەرەگرتنی دێموکراسی، گەشەی کۆمەڵایەتی و ڕزگاریی نەتەوییە؟ و خەڵوەتگە و تەلارەکان لە جێگای ڕاستەقینەی خۆیانن کە بانگەشەیان بۆ دەکەین؟

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە