کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمە‌د شێربه‌گی: دوکتور سه‌عید بوێرانە پشتیوانی لە بیرۆکەی \"کورتە باسێک لەسەر سوسیالیزم\"ی کرد

18:02 - 29 خەرمانان 2712

ئەحمە‌د شێربه‌گی


باس لە کەسایەتیی دوکتور سەعید پێویستیی بە دەرفەتێکی زیاتر هەیە و لە نووسراوەیەکی کورتدا مەحاڵە بتوانم باسی هەموو لایەنەکانی ژیانی بکەم، بۆیە ناچارم زۆر بە کورتی تەنیا ئاماژە بە یەک روانگەی ناوبراو بکەم کە بە لای من دیارترین و گرینگترینیانە و دەکرێ بڵێم کە سترۆکتور و چوارچێوەی هزریی دوکتور شەرەفکەندی لەسەر ئەم روانگەیە شکڵی گرتبوو، ئەویش بیری نەتەوەییخوازی و کوردایەتی ناوبراو بوو.
هەموومان دەزانین دوکتور سەعید لە نێو چوارچێوەی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری کورددا چاو هەڵدێنێ. هێشتاکانە منداڵە کە ئاگری شەری دووهەم عالمگر دەبێ و بڵێسە دەسێنێ. نازیسم لە ئاڵمان و فاشیسم لە ئیتالیا شکست دێنێ. هێزی هاوپەیمانان واتە سوپای سۆڤییەتەکان لە باکوور و ئینگلیسییەکان لە باشوور خاکی ئێران داگیر دەکەن، رەزاشا لە کورسیی دەسەڵاتی سەڵتەنەت دەخرێتە خوار و دوور دەخرێتەوە، شنە بای رزگاری لە زۆرێک لە وڵاتان دەست پێ دەکا و بیری سەربەخۆیی‌خوازیی گەلانی چەوساوە و یەک لەوان گەلی کورد لە کوردستانی بندەستی ئێران دەبووژێتەوە و بە جۆرێک کە دامەزرندانی کۆماری کوردستان لە مەهابادی لێدەکەویتەوه.
لەلایەکی دیکە دوکتور شەرەفکەندی برا چووکەی عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی، \'\'مامۆستا هەژار\'\' شاعیری نیشتمانی کۆماری کوردستانە. کارتێکەریی کەسێکی وەک مامۆستا هەژار و دیتنی شەکانەوەی ئاڵای کۆماری کوردستان لەسەر دام و دەزگاکانی حکوومەتی و چوونی بۆ قوتابخانەی کوردی و خوێندن بە زمانی زگماکی و بیستنی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب، دەبنە هۆی ئەوە کە دوکتور شەرەفکەندی هەر لە تەمەنی منداڵییەوە مێشکی پڕ بێ و تێکەڵ بە کەشی سیاسی و کوردایەتی بێ و یەکەم بەردی بناغەی کۆشکی کوردایەتی لە دەروویندا دابمەزرێ. بە جۆرێک کە چ ئەو کاتەی دەبێتە مامۆستا و لە بوارە جۆربەجۆرەکانەوە وانەی کوتووەتەوە، چ ئەو کاتانەش بە کردەوە دێتە مەیدانی خەبات و تێکۆشانی سیاسی خۆی بە ئاشکرا دەست پێدەکات و پاشان دەبێتە کەسی یەکەمی حیزب، ئەو بیری نەتەوەخوازییە بە تەواوی لە هەستان و دانیشتن و نووسین و گوتارەکانیدا دەردەکەون.
دوکتور شەرەفکەندی شارەزایی‌یەکی تەواوی لە سەر مێژووی کورد هەیە و و خوێندنەوەیەکی زانستییانەی لەسەر مێژووی سەرهەڵدان و تێکشکانی بزووتنەوەکانی کورد دەدا بەدەستەوه. ئەو لە نووسینی\'\' کورتە مێژوویەک لە جووڵانەوەکانی کورد\'\'دا ئاماژە بە هۆکارەکانی سەرهەڵدان، کەمایەسییەکان و تێکشکانەکانی ئەو جووڵانەوانە دەکا، هەر بۆیە لە گۆڕەپانی بە کردەوەدا بە دیدێکی زانستییانە و واقیع‌بینانە دەڕوانێتە داهاتووی کورد.


دوکتور شەرەفکەندی بۆ دابین کردنی مافی چارەنووسی کورد لە ئێرانی داهاتوو ناچێتە ژێر ئاڵای هیچ بەرەیەکەوە کە لایەنەکانی ئەو بەرەیە باوەریان بە چارەسەری مافی نەتەوایەتی نەبێ. زۆر لێبڕ‌اوانە خەتێکی سوور بەسەر بیری سەڵتەنەتخوازیدا دەکێشێ و بۆ هەمیشە ئەو سیستمە بۆ داهاتووی ئێران رەت دەکاتەوە. ناوبراو بە خوێندنەوەیەکی ورد کە لەسەر ئەم چەمکە هەیەتی دەزانێ کە دابین کردنی مافی نەتەوایەتی و دیاری کردنی چارەنووس لەگەڵ بیری دواکەوتوانەی سەڵتەنەتی لە ناتەبایی دایە و بە هیچ شکڵێک ناتوانێ خۆی لەگەڵ سیستمی پلۆرالیزمی سیاسیی گەلانی ئێران بگۆنجێنێ. پاشان زۆر لێبڕاوتر و شەفاف‌تر لەمە لەسەر مافی نەتەوەی کورد لە ئێراندا دەدوێ و بێ ئەوەی هیچ شک و گومانێک لای کەس دروست بکات زۆر بە راشکاوی دەلێ: ئه‌وه‌ راسته‌ که‌ ئێران به‌ درێژایی‌ مێژوو له‌ یه‌کگرتوویی‌ نه‌ته‌وه‌ جیاجیاکان پێکهاتووه، به‌ڵام هیچ شتێک هه‌تاهه‌تایی نییه. چ هۆیه‌ک هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ که‌ ئه‌گه‌ر چه‌ند نه‌ته‌وه‌ ١٥٠٠ ساڵ‌ پێکه‌وه‌ ژیان، نەکرێ لێک جیا بنه‌وه‌ و جیا لە یەکتری بژین؟ مه‌سه‌له‌که ئەو ‌ هه‌لومه‌رجە کە ‌ ئه‌مڕۆ لە ئارادایه.
دوکتور شەرەفکەندی نەترسانە و لە رووی ئاگاهییه‌وه باوەڕی تەواویی بە سەربەخۆیی و بە یەکپارچەیی کوردستان هەیە. ئەو کاتەی کەسی یەکەمی حیزب بووە بە بێ ترس و دڵەڕاوکێ یارمەتیدەری ئەو بەشەی کوردستان بووە کە پێوستیی بە یارمەتی حیزبی دێمۆکرات بووه. زۆر جار لەو جێگایەی پێویست بووە قازانجی نەتەوەیی وه پێش قازانجی حیزبایەتی داوە، هەر چەند لەم رێگایەشدا باجی بۆ داوە.
دوکتور شەرەفکەندی لە رێوڕەسمی ١٠ ساڵەی دامەزرانی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران دەلێ:
دەبێ شانازی بە خۆمان بکەین کە کوردین. خەبات بۆ مافی نەتەوایەتی خەباتێکی پیرۆز و ڕەوایە. تەنیا کوردە ئەمڕۆ بە کردەوە لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا بۆ ئازادی خوێنی دەڕژێ و قوربانی دەدا. کە واتە هیچ کەس ناتوانێ لە ئێراندا خۆی بەسەر کورددا فەرز بکات. من وەکوو کورد نە لە هیچ کەسێکی کەمترم نە زیاتر ...
ئەو گوتارەی دوکتور شەرەفکەندی ئەو کاتە گرینگی خۆی دەردەخا و بایەخی دەردەکەوێ کە لەو سەردەمەدا هێڵە فیکرییەکانی چەپی کلاسیک لە قاڵبی سوسیالیزمی مەوجوددا باڵی بە سەر کەشی سیاسی ئێراندا کێشا بوو و بیری نەتەوەخواز ی و دیاری کردنی مافی چارەنووس لە روانگەی زۆرێک لە هێز و لایەنە ئێرانییەکانی سەر بەم رێبازە فکرییە ئیرتجاعی و دواکەوتوانە پێناسە دەکرا.
دوکتور شەرەفکەندی لەو سەنگەرەشەوە بێ ئەوەی بکەوێتە ژێر تەوژمی ئەو تێئۆریانە، لەبیری نەتەوەخوازی بە هەموو توانایەوە دیفاعی دەکرد و هەڵوێستی دەگرت. لەدواییدا راستیی و دروستیی ئەم بیرەی دوکتور شەرەفکەندی بۆ هەموو لایەکی سەلمێنرا و دەرکەوت و دیتمان چۆن هەستی نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازی لە نێو گەڵانی بلۆکی شەرقدا کە زیاتر لە حەفتا ساڵ بێدەنگ و کپ کرا بوون تەقێوە و بوو بە هۆی هەرەس هێنان و هەڵوەشانی ئەو بەرەیە و جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەر بەخۆی خۆیان.
بۆ ئەوەی باسەکە کۆتایی پێ بێنم دەڵێم: شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندی کوردێکی‌ دێمۆکراتی چەپ بە مانای تەواوی وشە بوو. باوەڕێکی یەکجار قووڵی بە دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک هەبوو. بۆ ئەم مەبەستەش زۆر لێبڕاوانە و بوێرانە پشتیوانی لە بیرۆکەی \'\'کورتە باسێک لەسەر سوسیالیزم\'\' کرد کە لەلایەن شەهیدی سەرکردە دوکتور قاسملووی زانا لە کۆنگرەی شەشەمی حیزب هاتە گۆڕێ.

سه‌رچاوه: ئاگری

٢٠مین ساڵـڕۆژی تیرۆری دوکتور سادق شه‌رەفکه‌ندی و هاوڕێیانی