کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە خۆپیشاندانێک لەدژی رێژیمی ئێران لە سوێد بەشدارییان کرد

18:59 - 23 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: بەبۆنەی رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ خۆپیشاندانێک لەلایەن کوردانی دانیشتووی \'\'ستۆکهۆڵم\'\'ەوە لە وڵاتی سوێد دژی رێژیمی ئێران بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٩ی سەرماوەز بە بەشداریی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ستۆکهۆڵم خۆپیشاندانێک دژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، لە مەیدانی \'\'سێرگێل ستۆری\'\'ی ئەو شارە بەڕێوەچوو.
لەو خۆپیشاندانەدا هانس لیندە پارلمانتاری سەربە حیزبی چەپی سوێد، شادیە حەیدەری پارلمانتاری سەربە پارتی سوسیال دێموکراتی سوێد و فریدریک ماڵم پارلمانتاری سەربە حیزبی گەلی سوێد لە پارلمانی ئەو وڵاتە بۆ بەشداران قسەیان کرد و سیاسەتە پێشێلکارییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کرد.
لە بڕگەیەکی ئەو خۆپیشاندانەدا شەرمین بوزئەرسەلان بەرپرسی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکانی سوێد چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و دوابەدوای ئەوەش پەیامی هاوبەشی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات ــ سوێد و کۆمەڵەی کوردستانی ئێران بە زمانی ئینگلیزی خوێندرایەوە.
لەو خۆپیشاندانەدا، خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشم و بەرزکردنەوەی پلاکارد رێپێوانیان لەدژی ئیعدامی زیندانییانی سیاسیی کورد و سەرکوتی نەتەوەکانی ئێران بەرەو بینای شین ئەنجام دا.