کۆرۆنا ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر تەشەنە دەسێنێ و بە شێوەیەکی بەربڵاو هەموو ئێران و کوردستانی گرتووەتەوە.
هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران و شارەکانی کوردستاندا کاربەدەستانی ئێران بە کەمتەرخەمیان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ڤایرۆسەکە و هەروەها بڵاوکردنەوەی ئامار و زانیاریی ناڕاست هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی مەترسیدار و بەربڵاو بوون.
لە زۆربەی شارەکان دۆخی سوور ڕاگەیەندراوە و ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی مەترسیدار تەشەنەی سەندوە، بە شێوەیەک کە ڕۆژ نییە بە دەیان کەس لە زۆربەی شارەکاندا گیان لەدەست نەدەن.
لە کوردستاندا دۆخەکە تا ڕادەیەک بە بەراورد لەگەڵ شارەکانی تری ئێران خراپترە، لە کوردستان هەر لە سەرەتاوە دەسەڵاتداران لە قەرەنتینە کردنی شارەکان و گەیاندنی کەلوپەلی تەندروستی بە نەخۆشخانەکان کەمتەرخەم بوون.
خەڵکی کوردستان بە ئەرک و تێچووی خۆیان بە بڵاو کردنەوەی دژە ڤایرۆس و گەیاندنی هاوکارییەکان بە خەڵک لە هەوڵی پێشگرتن بە ڤایرۆسەکەدا بوون.
بەڵام دۆخی خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵک و هاتنە دەرەوەیان و هەروەها کەمی پێداویستییە تەندروستییەکان لە نەخۆشخانەکانی کوردستاندا بووە هۆی ئەوەی کە ئەم ڤایرۆسە بە تەواوی تەشەنە بسێنێ و ببێتە مەترسییەکی گەورە لەسەر کوردستان بە جۆرێک لە بەشێک لە شارەکانی کوردستان وەک سنە و کرماشان دۆخی سوور ڕاگەیەندراوە و بەشێک لە نەخۆشەکانیش بەم هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.
لەم پێوەندییەدا نەخۆشخانەکان شوێنی ڕاگرتنی نەخۆشەکانیان نەماوە و زۆربەی نەخۆشەکان لە ماڵەوە قەرەنتینە دەکرێن کە لەوانەیە بەپێی پێویست چارەسەر وەرنەگرن، هەروەها بەشێکی بەرچاو لە کادرە دەرمانی و تەندروستییەکان تووشی ڤایرۆسەکە بوون، بەڵام بەهۆی کەمیی کادری دەرمانی و پزیشکی ناچارن بۆ چارەسەری نەخۆشەکان لە نەخۆشخانەکان بمێننەوە کە ئەوەش ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشیەکەیان بۆ کەسانی تر هەیە و لە هەمان کاتدا زۆر لە کادرە تەندروستییەکان گیان لەدەست دەدەن.
لە وڵاتانی پیشکەوتوودا کاربەدەستان هەموو ڕێکارێکیان بۆ خزمەت کردن بە خەڵک و پێشگرتن لە ڤایرۆسەکە گرتووەتە بەر، بەڵام کۆماری ئیسلامی لە جیاتی ئەوەی بە خەمی ژیان و تەندروستی خەڵکەوە بێ، خەریکی تاقی کردنەوەی چەکی ناوکی و کردەوە تێرۆریستییەکان و شەڕ و ئاژاوەنانەوە لە وڵاتانی ناوچەکە دایە.
[wp-embedder-pack width="100%" height="400px" download="all" download-text="" attachment_id="57518" /]