کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕابوون قەندیل: مەبەستی سەرەکیی ڕێژیمی ئێران لە تاڵانکردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان، شێواندن و چەواشەکردنی مێژووی ڕاستەقینەی گەلی کوردە بۆ سەپاندنی مێژووی دەستکرد و درۆیینی ئێرانشاری

11:31 - 13 گەلاوێژ 2722

وتووێژ: بێهزاد قادری

"مێژوو" یەکێک لە پێکهێنەرانی "شوناسی فەرهەنگیـ"ـیە. لەم نێوانەدا، "میراتی فەرهەنگی و ئاسەوارە مێژووییەکان" بە هەموو ڕەهەندەکانیانەوە، بەشێکن لە مێژوو. جیهان پڕە لە میرات و ئاسەواری کۆن؛ زۆرێک لە شار و گوندەکان، چەند بینا یان شوێنی مێژوویی، یان داب و نەریتێکی مەحەلییان هەیە کە پاراستنی ئەوانە دەبێتە هۆی پەیوەندیی دانیشتووانی ئەو شوێنانە لەگەڵ ڕابردووی خۆیانەوە. لەلایەکی دیکەوە ئەم میرات و ئاسەوارانە کە مۆزەخانەکان، بینا مێژووییەکان و شوێنە گەشتیارییەکان لەخۆ دەگرێت، بەشێکن لە میراتی نێونەتەوەیی و دەتوانن سەرنجی هەموو دونیا بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.

بەڵام لە کوردستاندا، بەهۆی نەبوونی دەوڵەت و دەسەڵاتێکی کوردی، بەردەوام لەلایەن داگیرکەرانەوە هەوڵ دراوە مێژوویەکی ساختەمان دەرخوارد بدرێت و دەرخواردیشمان دراوە و ئەم هەوڵەیشیان تەنیا بە ئاسمیلاسیۆن و هێرشی فەرهەنگی نەبووە، بەڵکوو تاڵانکردنی میراتی فەرهەنگی و ئاسەوارە مێژووییەکانیشمان هەمیشە لە بەرنامەیاندا هەبووە تاکوو نەهێڵن ئەو گرێدانەمان لە ڕێگای ئاسەوارەکانمانەوە لەگەڵ ڕابردووەکانمان هەبێت.

لەم وتووێژەدا لەگەڵ چالاکێکی مەدەنی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی خوازراوی "ڕابوون قەندیل" دەپەرژێینە سەر ئەم بابەتە:

- دەیان ساڵە کە ئاسەوارە مێژووییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتاڵان دەبرێت. چی بەسەر ئەم ئاسەوارانەدا هاتووە؟ ئایا لە شوێنێکی تایبەت ڕادەگیرێن یان دەبرێنە دەرەوەی وڵات؟

دەتوانین بڵێین بە دوو شێواز ئەو کارە دەکرێت:

یەکەم، ئەو دەستە ئاسەوارانەی کە بە شێوەی نافەرمی و لە ڕێگای مافیاکانی سەر بە ڕێژیم (ناوەندە ئەمنی و نیزامییەکان و لە سەرووی هەموویانەوە سپای تێرۆریستی پاسداران) بە هەڵکۆڵینی تەپۆڵکە، شێواندنی گرد و قەڵا مێژووییەکان لە ڕێگای کەسانی داردەست، پارەپەرست، هەلخواز و نەزان وەدەست دێن کە لەنێو بازاڕە ڕەشەکان یان مافیاکانی سەر بە خۆیان ئاڵوگۆڕی بازرگانیی پێ دەکرێت یان بە قاچاخ هەناردەی هەندەران دەکرێت.

دوو؛ ئەو دەستە ئاسەوارانەی کە بە فەرمی و لەلایەن شوێنەوارناسان بە مۆڵەتی فەرمی دەدۆزرێنەوە، ئەگەر کەسانی باش چاوەدێرییان بکەن ناتوانن شوێنەونکەیان پێ بکەن و ئەگەر ئەو شارەی کە کەونارناسان کاری لێ دەکەن مۆزەخانەی لێ هەبێت دوای توێژینەوە دەبێ لەوێ وەک بەرهەمی ئەو توێژینەوە لەبەر چاوی هۆگرانی دابنێن. کەچی داخەکەم بە پاساوی پارێزراو نەبوون و نەبوونی تەناهی مۆزەخانەکانی کوردستان تەنیا شتە بێ بایەخەکان دەگەڕێننەوە، ئاسەوارەکانی شارەکانی کوردستان هاوشێوەی جامی حەسەنلیانی نەغەدە، خشڵوخاڵ، ڕیتۆن و کەلوپەلە دەسکردەکانی زێڕ و دروستکراو لە عاجی فیلی قەڵای مانایی زێوەی سەقز، بەردی کێلەشینی شنۆ، خشتە نەخشاوەکانی مانایی قەڵایچی بۆکان، خشتە نەخشاوەکانی مانایی موساسیری ڕەبەت و… هتد.

- ئایا مەبەستی ڕێژیمی ئێران لە بەتاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان، تەنیا قازانجکردنی ئابوورییە یان مەبەستی دیکەشی هەیە؟

قازانجی ئابووی وەکوو باقیی تاڵانکارییەکانی سەرچاوەکانی نیشتمان هەمیشە لەبەر چاوە بووە، بەڵام هۆکار و مەبەستی سەرەکی شێواندن و چەواشەکردنی مێژووی ڕاستەقینەی گەلی کوردە بە مەبەستی سەپاندنی مێژووی دەستکرد و درۆیینی ئێرانچێتی و ئێرانشاری!

- بەگشتی چ پەیوەندییەک لەنێوان ئاسەوارە مێژووییەکان و شوناسی نەتەوەیەکدا هەیە؟

هەر وەکوو لە پرسیاری پێشووتریش ئاماژەمان پێ دا کاتێک حکوومەتێکی کۆلۆنیالیستی گەرەکیەتی مێژووی دەستکرد و درۆیینی خۆی بەسەر نەتەوەیەکی کلۆنیکراودا (هاوشێوەی گەلی کورد) بسەپەنێت، بەدڵنیاییەوە دەبێ هەموو بەڵگە مێژووییەکانی نەتەوەی ئەویتری خۆی بسڕێتەوە یان لە بەرژەوەندیی خۆی چەواشەیان بکات و بیانسووڕێنێت، لە هەر کام لەو نموونانە قەت سڵی نەکردووە و بە سەدان بەڵگە وەکوو مێژووی پێشنیارکراو و سفارشی درەکی خۆی (میناک ویلادێمیر مینۆرسکی بیانی) و جاش مێژووی ناوخۆی بەناو کورد (ڕەشید یاسمی)  لانیکەم لە سەد ساڵی چێ بوونی وڵاتی درۆیین و ساختەی ئێران کردوویەتی و دەیکات ( لە بەرژەوەندیی تێۆریی ئێرانشاری).

- بەتاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان، لە بواری فەرهەنگی و شوناسەوە، چ لێکەوتەیەکی بۆ کورد و کوردستان هەبووە؟

بەتاڵان بردن، چەواشەکردن و سووڕاندنی ئاسەوارە مێژووییەکان لە بەرژەوەندیی ئەویتری کورد، وای لە تاکی خۆمان کردووە تا لە باری زەینی فەهم و تێگەیشتنێکی پاقژی نەبێت، تووشی ئاڵۆزی و سەرلێشێواوی هاتووە کە لە خراپترین حاڵەت و مەبەستی سەرەکیی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی، خۆی بە ئێرانی یان لانیکەم کوردێکی ئێرانی بزانێت بۆ ئەوەیکە زۆر بە ئاسانی پرۆژەی ئاسمیلەکردن سەر بخات و پلانی ئێرانشاری جێبەجێ بکات!

بە درێژایی مێژووی لانیکەم ئەو سەد ساڵەی کە وڵاتی دەستکرد و درۆیینی هاوشێوەی ئێران ساز کراوە، ئەو زەبرە وەکوو گورزێکی جەرگبڕ خەساری لە ناسنامەی تاکی کورد و سەرکردەکانی داوە کە بەردەوام کێشە و ئاریشەی ناوەتەوە.

- نەتەوەی کورد کە خاوەن کیانی سەربەخۆی خۆی نییە، چۆن دەتوانێت پارێزگاری لە ئاسەوارە مێژووییەکانی خۆی بکات؟

باشترین حاڵەت بۆ ئەو مەبەستە پاراستنی ئەو قەڵا، تەپۆڵکە، گرد و ئەشکەوتە مێژووییانەیە تا لە دوای قۆناغی شۆڕش، ڕزگاری و بە سەربەستی گەییشتن (واتە سەربەخۆیی و دامەزراوەبوون) هاوشێوەی باشووری کورستان لە سەرتاسەری زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان و ناوخۆی وڵات کاری توێژنەوەی زانستییان بۆ بکرێت.

- بە ڕای ئێوە، لە ئێستادا حیزبەکان، میدیاکان، میدیاکاران و ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری پاراستنی ئاسەوارە مێژووییەکان چ ئەرکگەلێکیان لەسەر شانە؟

سازکردنی بەرنامە، نووسینی بابەتی زانستیی باش بە مەبەستی  وشیارکردنەوە، وەخۆهێنانەوە و شیکردنەوەی ئەو دۆخە تا خەسارەکانی قەرەبوونەکراوی ئەو دیاردە هەستیارە کە پەیوەستە بە چەمکی گرینگی ناسنامەی نەتەوەیی کەم بکرێتەوە یان هیوادارم نەمێنێت!

- ئەگەر کورد لە داهاتوودا لەسەر خاکی خۆی دەسەڵاتی هەبێت، چۆن دەتوانێت بەدواداچوون بۆ ئەو ئاسەوارە مێژووییانە بکات کە لێی دزراوە؟

ڕيک وەکوو وڵام بۆ پرسیاری پێشووترم باشترین حاڵەت بۆ ئەو مەبەستە پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکانە (قەڵا، تەپۆڵکە، گرد و ئەشکەوت) تا لە دوای سەربەخۆیی توێژینەوەی زانستییان بۆ بکرێت، بەڵام ئەگەر شوێنگەلێکیش بە مۆڵەتی ئێران و بەناچار لە ئێستای داگیرکاری و ژێردەستەیی بۆیان کرا، ئەگەر ئاسەوارەکان بەڵگەیان لەسەر بێت کە لەو توێژینەوانە دۆزراونەتەوە لە دواڕۆژی سەربەخۆیی لە بواری حقووقی و یاسای نێودەوڵەتی هاوشێوەی دەیان کەیسی حقووقیی وڵاتان دەکرێت داوا بکرێنەوە، بۆ میناک: ئەو ئاسەوارانەی کە دوای هێرشی سەدام یان شەڕی کەنداو بۆ کوەیت کرا کە هەزاران کەلوپەل لە مۆزەخانەکان دزران و تاڵان کران، بەڵام چون بە فەرمی لەلایەن مۆزەخانەوە ناسنامەیان هەبوو و تاپۆ کرابوون، لە هیچ حەراجی و بازاڕێکی نێودەوڵەتی هیچ نرخێکیان نەدەکرد، بۆیە ئەو وڵاتە دوای کردنەوە بەشێکی زۆری گەڕاندرانەوە. بەڵام دیسانیش لەسەر پێشنیار و بۆچوونی پێشووی خۆم جەخت دەکەمەوە کە مۆر مانەوە و پاراستنی ئەو شوێنەوارانە تا ڕۆژی خۆمان واتە ڕەزگاری و سەربەخۆیی کوردستان گەلێک باشتر دەبێت.