کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: کوردستان دەرفەتێکە بۆ جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئێران

11:35 - 11 بەفرانبار 2722

خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێکدا سەبارەت بە دەسەکەوتە سیاسییەکانی گەلانی ئێران بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا، لەگەل کاناڵی ڕووداو وتی کە لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا ڕاپەڕینی گشتیی گەلانی ئێران دژی دەسەڵات هاتە ئاراوە و کوردستان نەخشی سەرەکیی گێڕاوە.

ڕۆژی شەممە، ١٠ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، بەرێز خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکی تلویزیۆنیدا لەگەڵ کاناڵی ڕووداو سەبارەت بە دەسکەوتە سیاسییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢ و هەروەها کاریگەرییەکانی لە ساڵی ٢٠٢٣ی زاینیدا بە ئاماژە بەوەیکە لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا ڕاپەڕینی گشتیی گەلانی ئێران دژی دەسەڵات هاتەئاراوە وتی: "ئەو ڕاپەڕینە لە ئێران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی یەکگرتوویی و یەکدەنگی دژی ڕێژیمی پێوە دیار بوو".

عەزیزی وتی کە بۆ یەکەمجار پاش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو نەتەوەکانی ئێران یەکدەنگ و یەکهەڵوێست و بە یەک دروشم ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە و ئەوش بۆ کۆمەڵگەی جیهانی ڕوون بووەوە کە تەنیا کێشەی ئێران کێشەی بەرنامەی ناوکی و ڕێککەوتنی بەرجام نییە.

ناوبراو هەروەها وتی: "لەو ڕاپەڕینەدا کوردستان نەخشی سەرەکیی هەبووە و  بووەتە دەرفەتێک بۆ جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئێران و بە خۆشحالییەوە ئێستا نەتەوەکانی دیکەی ئێران وەکوو پێشوو چاو لە کوردستان ناکەن".

خالید عەزیزی لە کۆتایی وتووێژەکەدا وتی: "گەلانی ئێران بە هەموو چین و توێژەکانەوە، تێچوویەکی زۆریان داوە، لە ئێستادا پێویستە و ئەرکە لەسەر شانی ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکان لە دەرەوەی وڵات کە بەرەیەکی یەکگرتوو پێک بێنن و ئاڵترناتیڤێک بۆ دوای کۆماری ئیسلامیی ئێران ببیننەوە".

ناوبراو هەروەها لەسەر مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینییدا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە وتی: "ڕێژیمی ئێران بە ئاشکرا سەروەریی خاكی وڵاتی عێراق پێشێل دەکا و ئەوە ئەرکی حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە پێش بە سەرەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە بگرن و ئێمەش وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەردەوام هەوڵی پاراستنی سەروەریی خاكی هەرێمی کوردستان و عێراقمان داوە".