کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"تێکوشین بە تەمای جیران ویشکە"

12:05 - 31 جۆزەردان 2723

ڕۆژی ڕابردوو ٣٠ی جۆزەردان پۆلیسی دەوڵەتی ئاڵبانی لە هەنگاوێکی چاوەڕوان‌نەکراودا هێرشی کردە سەر کەمپی ئەشرەفی ڕێکخراوی موجاهیدین و وێڕای شکاندنی دەرگا و کۆمید و کەرەستە کەسۆکییەکانیان بە گازی فرمێسکڕێژ پەلاماری دانیشتووانەکەیان دا کە لەئەنجامدا یەکێک لە ئەندامانی موجاهیدین کوژرا و چەندین کەسیشیان بریندار بوون. کردارێک کە وەبیرهێنەرەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ سەر کەمپی ئەشرەف بوو.

ئەم کردارەی دەوڵەتی ئاڵبانی کە وەک پۆلیسی ئەم وڵاتە دەڵێ بەپێی بڕیاری دادگای باڵای وڵاتەکەیان بووە لەکاتێکدایە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ڕۆژاوایی و بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشتر پابەندیی خۆیان بە دابینکردنی ئەمنییەت و پاراستنی گیانی ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵق ڕاگەیاندووە.

لەم چوارچێوەیەدا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەم کردەوەی ئاڵبانیی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند: ئەم کردەوەیەی وڵاتی ئاڵبانی لە قازانجی کۆماری ئیسلامی و لە ئاراستەی مانەوەی ئەو ڕێژێمە لەم کاتە هەستیارەی هاوکات لەگەڵ خەباتی خەڵکی مافخواز و نەتەوە چەوساوەکانی ئێران دژی ئەو ڕێژیمە کۆنەپەرستە و هەروەها وەک هەوڵێک لەدژی هێزە ئازادیخوازەکان لە دەرەوەی ئێران دەزانین. لەگەڵ ئەوەدا ئەم هێرشە هاوتەریب و هاوکات لەگەڵ وەگەڕخستنەوەی ماشینی لەسێدارەدان و ڕەشەکوژی و دەزگای سەرکوتی ئەو ڕێژیمە لە نێوخۆ و لەشکەرکێشی و هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی و درۆن لەدژی پەنابەرانی کوردی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان دەبینین.

لە بەرامبەریشدا وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا وێڕای پشتیوانیکردن لە دەوڵەتی ئاڵبانی بۆ ئەنجامدانی کردەوەی لەو چەشنە خۆی بێبەری کردووە لەو بەرپرسایەتییانەی کە لە کاتی ڕاگواستنی موجاهیدینی خەڵق بۆ ئاڵبانی دابووی.

پاساوی پۆلیسی ئاڵبانی بۆ هێرشی بەربڵاو بۆ سەر موجاهدین ئەوەیە کە گومانیان هەبووە لە کەمپی ئەو ڕێکخراوەیە هێرشی سایبری بۆ سەر تیرانا پێتەختی ئاڵبانی ئەنجام بدرێ. ئەم گومانە دەریدەخات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران توانیویەتی دزە بکاتە نێو دامودەزگا دەوڵەتییەکانی ئاڵبانی یان بە دانی هەندێک ئیمتیازی بازرگانی و سیاسی کاریگەری لەسەر دەوڵەتی ئاڵبانی داناوە تاکوو کردەوەیەکی لەو چەشنە ئەنجام بدەن؛ بە دیوێکی تریدا دەتوانین بڵێین ئەم هێرشە دەکرێ گوزراشت بێ لە ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر لە نێوان کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ ئەنجامدانی هەندێ کرداری هاوشێوە. ئەوەیکە ڕوونە کۆماری ئیسلامیی لە ساڵی ڕابردووەوە کە شۆڕشی ژینا چەخماخەی لێدرا بە جیددی ترسی لێ نیشتووە و موجاهدین وەک لایەنێکی سیاسیی دژبەری خۆی بە مەترسی دەزانێ و هەوڵی لاوازکردنی دەدا؛ ئەمەش ئەوکاتە زیاتر دەرکەوت کە هەندێ گرووپی نیزیک لە موجاهیدین توانییان بەڵگەنامەی نهێنیی کۆماری ئیسلامی لە دامودەزگا حکومەتییەکان و یەک لەوان نیهادی سەرکۆماری ڕێژیم هەک بکەن و ڕای گشتی لێ ئاگادار بکەنەوە.

لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین بەم شیوەیە دۆخەکە لێک بدەینەوە کە کۆماری ئیسلامی تاکوو دێ دڕندانەتر لەگەڵ خەڵکی وەزاڵەهاتووی سەر شەقام و ئوپۆزسیۆن دەجووڵێتەوە. ئەمەش دەرخەری ترسی ڕێژیم لە مانەوەیەتی، کە ئەم خاڵە گرینگە دەبێتە هۆی ڕادیکاڵتربوونی خەڵک لە داهاتوودا. هاوکات هەڵوێستی دەوڵەتێکی وەک ئامریکا بەرامبەر بە هێرشی دەوڵەتی ئاڵبانی بۆ سەر موجاهیدین دیسانەوە ئەو ڕاستییەمان وەبیر دێنێتەوە کە "تێکوشین بە تەمای جیران ویشکە".

ڕاستییەکی دیکەش کە لێرەدا دەبێ ئاماژەی پێ بکرێ ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی وەک هەر سیستمێکی ملهۆڕ و دیکتاتۆریی دیکە بە گوشارخستنەسەر دژبەرانی خۆی هەوڵی پاشەکشێ‌پێکردنیان دەدات و هەر پاشەکشێیەک دەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ پاشەکشێ‌کردنی زیاتر و چوونەسەری ئاستی داواکارییەکانی ڕێژیم و لەکۆتاییدا گۆڕانی باڵانسەکان؛ بۆیە زۆر گرینگە کە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە ئێستەدا هەم هەوڵی یەکخستنی زیاتری هێزەکانی کوردستان بدەن و هەمیش خۆ لە قەرەی دابەزاندنی ویستەکانیان و پاشەکشێ لەسەر داخوازەکانی تاران نەدەن و وەک ئاڵتێرناتیڤێکیش بۆ هەڕەشە و گوڕەشەکانی ڕێژیم و سست‌کردنی زیاتری پایەکانی دەسەڵاتەکەی هەوڵی هێنانە سەر شەقامی میلیۆنی خەڵکانی ئێران بەشێوەی ڕێکخراو بدەن.