کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوژمنی ژین و ژیوارمان

23:28 - 2 پووشپەڕ 2723

عەلی بداغی

سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ تێپەڕی. ئەگەر شۆڕشی ژینا سەلماندی کە کوردستان دوای چوار دەیە سیاسەتی سەرکوت و تواندنەوە کۆڵی نەداوە و بەچۆکدا نەهاتووە؛ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییش جێی هیچ شک و گومانێکی نەهێشتۆتەوە کە بۆ دوژمنایەتیی کورد شمشێری لە ڕوو بەستووە. بۆیە لەم سێ مانگەشدا هەم لە سەنگەری شەڕی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسیی کوردستاندا، هەم لە بەرەی شەڕی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەییدا و، هەم لە شەڕی نەرمی خۆی دژی شوناس و هەوێتیی نەتەوایەتیی کورددا لە گورزوەشاندن و جینایەت‌خوڵقێنییەکانی بەردەوام بوو.

لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا ٣٥ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم، یان لە ئاکامی ڕاوەدوونانیاندا کوژراون و بریندار بوون. لەو ماوەیەدا و لە نێوشار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانیشدا ١٧ کەسیان داوەتە بەر دەستڕێژ کە ٦ کەسیان کوژراون و ١١ کەسیش بریندار بوون. هەر لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا لانیکەم ٢٠٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. لە زیندانەکانیشدا هەرنەبێ 21 بەندکراوی کورد لە چوار پارێزگای کرماشان، سنە، ئیلام و ورمێ بە مەبەستی چاوترسێنکردنی خەڵک و زاڵکردنی کەشی ترس و تۆقاندنی خەڵک ئێعدام کراون کە یەک لەو بەندکراوانە زیندانییەکی سیاسی بوو.

لە دەرەوەی سیاسەتی گرتن و سزادانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، جیا لە هەڵاواردنی سیستماتیکی کوردستان لە گەشەی ئابووری و مرۆیی، و سەرەڕای بەردەوامیی تاڵانی سەرچاوە سروشتی و ژێرزەوینییەکانی کوردستان؛ سروشت و سامانە سروشتییەکانی کوردستانیش کەمی لە سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی نەچێشتووە کە تاڵان و بردنی ئەو سامانە تەنیا بەشێکی پلانەکانی ڕێژیمە. هەر بۆ نموونە ساڵانە ڕیژیمی ئیسلامیی ئێڕان بەپێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە ١٠ تۆن زێڕی نایاب تەنیا لە کانزای زێڕی ناوچەی تیکاب دەپاڵێوێت و بەتاڵانی دەبات. بەتاڵانبردنی زێڕی کانزای ناوچەی تیکاب تەنیا وەکوو نموونەیەکی بچووکە و لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان بە شێوەی سیستماتیک زۆر لەوە زیاتر لە بەتاڵانبردنی سامانە سروشتییەکانی کوردستان بەردەوامن.

ئاگردانی دارستان و پووش‌وپەڵاشی لەوەڕگەکان و بەتایبەت تۆپبارانی ناوچەکانی شاهۆ و کۆساڵان کە زیان و زەرەڕێکی زۆری بە ژینگەی کوردستان گەیاندووە، بەشیکی دیکە لە جینایەتەکانی ڕێژیم دەرحەق بە خەڵکی کوردستان بوو. ئەوەندەی بۆ پرسی ئاگرکەوتنەوەکان و سووتانی دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان دەگەڕێتەوە، قسه‌ له‌ که‌میی ئیمکانات بۆ کۆنتڕۆڵی ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ له‌ دارستانه‌کان و ته‌رخانکردنی که‌مترین ئیمکانات له‌و که‌مه‌ ئیمکاناته‌ش بۆ کوردستان نییە، قسە ئەوەیە کە، ئه‌وه‌ی ده‌سووتێ و ده‌بێته‌ خه‌ڵووز و دووکه‌ڵ گرانترین و به‌بایه‌خترینی سامانه‌ سروشتییه‌کانی ئه‌و نیشتمانه‌یه‌ کە ڕێک بەپێی سیاسەتی پلان‌بۆداندراو دەچێتە پێشێ. بۆ نموونە لە وەرزی ئیشکی و گەرمای ساڵدا کە سووتمانەکان لە دارستانەکان زۆر دەبن، ئه‌گه‌ر هێزه‌ چه‌کداره‌کان له‌ به‌شه‌کانی دیکه‌ی ئێراندا به‌شێک له‌ به‌ره‌ی به‌گژداچوونه‌وه‌ و کوژاندنه‌وه‌ی سوتمانه‌کانن، له‌ کوردستان هێزه‌ چه‌کداره‌کان بۆ خۆیان هۆکاری ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ و سووتاندنی بەشی هەرەزۆری دارستان و لێره‌واڕه‌کانن. ئه‌وه‌ش تۆمه‌ت یان قسه‌یه‌کی بێ به‌ڵگه‌ نییه‌، تۆپبارانکردنی ناوچه‌ شاخاوییه‌کان به‌ بیانووی به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ حیزبه‌ کوردییه‌کان، به‌ڕێوه‌بردنی ده‌یان مانۆڕی نیزامی له‌ وه‌رزی گه‌رما و هاوین، نابه‌رپرسیاریی داموده‌زگا حکومییه‌کان له‌ هه‌مبه‌ر ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ له‌ دارستانه‌کان و زۆرجار رێگری له‌ که‌سانی خۆبه‌خش به‌ بیانووی ئه‌منیه‌تی هه‌موو به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌شی هه‌ره‌ زۆری سووتمان له‌ دارستانه‌کانی کوردستان ده‌ستی ناوه‌نده‌ ئه‌منییه‌تییه‌کان و هێزه‌ چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامیی له‌ پشته‌.

کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک دوژمنی ژین و ژیواری کورد هەر لە سەرەتاوە و هەر کە کوردستان "نا"ی بۆ ڕێژیم گوت و ملی بۆ نەوی نەکرد، شەڕێکی  تەواوعەیاری لە هەموو بەرەکاندا بەسەر کورددا سەپاند. لە شەڕی فیزیکیدا لەشکەرکێشی و داگیرکاری، کوشتوبڕی هێزە سیاسی و بەرهەڵستکارەکان، تێرۆر و ئێعدامی نەیارانی سیاسی بۆ ئەوە بوو سەنگەری خۆڕاگریی کوردستان تێک بشکێنن. لە شەڕی نەرمیشدا هەوڵدانی بەردەوام بۆ گۆڕینی دێموگرافیی کوردستان، هەوڵی سیستماتیک و بەپلان بۆ تواندنەوەی زمان و هەوێتیی کوردی، شێوادنن و چەواشەی مێژوو، و ده‌یان به‌رنامه‌و پلانی دیکه بۆ ئەوە بوو‌ فاکتەرە نەتەوەییەکان و بەدەوڵەتبوونی کورد لە زەینی تاکی کورددا بزر بکەن و کورد له‌نێو نه‌ته‌وه‌ی سەردەستدا بتوێننه‌وه‌. لە بەرەکانی دیکەی ئەو شەڕەشدا برسی‌کردنی خەڵک و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ئابووریی کوردستان، پەرەدان بە قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان بۆ هەڵتەکاندنی کۆمەڵگەی کوردستان سیاسەتی نەگۆڕ و هەمیشەیی ڕێژیم بوو. لە تەنیشت ئەوەشدا دەست‌بەسەرداگرتن و تاڵانی شوێنەوارە مێژووییەکان، مۆنۆپۆل‌کردنی کانگاکانی بەرد و سەرچاوە سروشتییەکانی وەک ئاو و نەوتی کوردستان و؛ پاشان کەوتنە گیانی سروشت و کوێستان و دارستانەکانی کوردستان هەموو بۆ ئەوە بووە سیاسەتیی "زەویی سووتاو"ی خۆیان لە کوردستان جێبەجی بکەن. بەڵام بەوەش نەوەستان و هەوڵیان دا بە ژێنۆسایدی بیۆلۆژیک لە بەرەیەکی دیکەشدا شەڕی نەتەوەی کورد بکەن. وەک چۆن لە پاییزی ساڵی ڕابردووەوە هەزاران کچەکوردیان لە قوتابخانەکاندا دەرمانداو کرد.

ئەوەی لە کوردستان دەبیندرێ دۆخی شەڕە. شەڕێک کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ٤٤ ساڵە لە هەموو بەرە و ڕەهەندەکانەوە بەسەر نەتەوەی کورددا سەپاندوویەتی و هەرا ئێستاش لە فۆڕم و شێوازی جۆراوجۆردا درێژەی هەیە. ئەوەی کوردییش تا ئێستا کردوویەتی بەرگرییەکی ڕەوایە. بەرگری لە خاک و نیشتمان، کەرامەت و ژیان و شوناس و پێناسەکەی وەک نەتەوەیەکی بندەستە بەڵام مافخواز و خەباتکار.