کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەقڵی واگنەری

13:43 - 4 پووشپەڕ 2723

کەریم پەرویزی

لە بەستێنی پڕپیتدا بە دەیان جۆر ڕووەک شین دەبن و سەر دەردێنن و هەر لەو بەستێنەدا ڕەنگە ڕووەکێکی تایبەت باشتر لەگەڵ خاک و ئاو و گەرما و هەتاو و سەرما و وەرزەکەی بێتەوە و هەر ئەوە دەبێتە هۆکارێک کە وەها ڕووەکێک لەو بەستێنە تایبەتەدا، دەر و دەشت بگرێتە خۆ و دیمەنەکە سەرتاپا وەها ڕووەکێک بیرازێنێتەوە.

هەر بۆیە دەڵێن کە بەستێن، خولقێنەری دیمەنە و ئەوەی لە شوێنێک سەوز دەبێ و گەشە دەکا، بە هۆی ئامادەیی شوێنەکە بۆ وەها بوونەوەرێکە.

کە بەستێنەکە دەبێتە بەستێنی کۆمەڵایەتی، ئیدی ئەو بیرکردنەوە وەڕاست دەگەڕێ کە بەرهەمی سیاسی و دەرکەوتەی سیستمی هەر دەسەڵاتێک هەڵقوڵاوی کۆمەڵگایە یان بە واتایەکی دیکە خەڵکی وڵات و شوێنێک کەشەکەیان لەبار کردووە کە دەسەڵاتێکی تایبەت تێیدا جێگیر بێ.

لەم ڕۆژانەدا لەناکاو هەواڵێک بڵاو بوویەوە کە گرووپی واگنەر کە هێزێکی بەکرێگیراوی تایبەتن کە بە پارە و کۆنتراکت کار بۆ دەسەڵاتی مۆسکۆ دەکەن و لە شەڕی ئۆکرایندا دەورێکی بەرچاویان هەیە، لە دەسەڵاتی ئەرتەش و پۆتین هەڵگەڕاونەتەوە و ئۆکراین بەجێ دێڵن و بەرەو مۆسکۆ دەچن تاکوو دەسەڵات بگرنە دەست!

لە ڕووسیەدا، دەسەڵات ساڵانێکە کەوتۆتە دەست پۆتین و بە تاقی تەنیا هەموو شتێکی ڕووسیە دیاری دەکا و هەر کەس دژی بێ دەیسڕێتەوە، بەڵام پۆتینیش وەکوو زۆربەی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان سواری هێژموونییەکی تایبەت بووە کە لە کۆمەڵگادا جێی دەبێتەوە کە بریتیە لە وەهمی مەزنیخوازیی کۆمەڵگایەک کە سەردەمانێک دەوری تایبەتی هەبووە و ئێستە وەدوا کەوتووە و ئەم وەهمە وایان لێ دەکا کە خوازیاری دەسەڵاتێکی تاکڕەوانە بن کە بەشکوو بیانباتەوە دەورانی خەیاڵیی پێشوو و ئەوان بگەڕێنەوە بۆ نێو بەهەشتە لەدەست چووەکە!

وەها دۆخێک لە وڵاتانی دیکەش ڕوو دەدەن و هەر ئەوە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کەسانی تایبەت کە بە ناوی ئیدارەکردنی وڵات بەرەو مەزنیی پێشوو، هەر جۆرە سیاسەت و بیرکردنەوەیەکی جیاواز دەسڕنەوە چونکە وای نیشان دەدەن کە ئەو جۆرە ڕەخنە جیاوازانە وڵات لە پێشکەوتن دوور دەخەنەوە و بەلاڕێیدا دەبەن!

هەر لەو پێناوەشدا دوژمنێکی دەرەکی دادەتاشن و هێز و وزەی کۆمەڵگا بۆ دژایەتیی ئەو دوژمنە تەرخان دەکەن و ئۆلیگارشیییەکی تایبەتی دەوروبەریشیان لە سامانە بەرفراوانەکە تێر دەبن و لەڕاستیدا کۆمەڵگا دەبێ بە سێ بەشەوە:

بەشی یەکەم، ئۆلیگارشییەک کە زیاتر لە ٩٠٪ ی سامانی وڵات هەڵدەلووشن

بەشی دووهەم: کۆمەڵگایەکی هەژار و کەم داهات

بەشی سێهەم: هێزی  نیزامیی بەناو دژی دوژمنی بیانی، بەڵام لەڕاستیدا بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک

لە ڕووسیەی سەردەمی پۆتینیش کە پێویستی بوو دوژمنایەتیی کۆنی لەگەڵ ڕۆژاوا نوێ بکاتەوە، هاوکات گەورەیی پێشووش بۆ ڕووسیە بگێڕێتەوە، هێرشی کردە سەر ئۆکراین.

ئەم هێرشە، سەرەتا ناسیۆناڵیزمی وەهمیی لە ڕووسیە تێر دەکرد و ڕەنگە ئێستەش پێیدا هەڵ بڵێن، بەڵام ژیانی لە ڕووسیە و لە ئورووپاش وێران کرد. بەڵام ئۆلیگارشیی ڕووسی لێی تێر گەندەڵی بوون و بەناوی دەوردانەوەی گەمارۆکانی ڕۆژاوا و هەروەها بەناوی شەڕ دژی هروژمی بیانییەکان و ڕۆژاوا و بەکرێگیراوانی ئامریکاوە، هەم زێهنی خەڵک بە شەڕەوە سەرقاڵ دەکەن و هەم خانوو و ویلا و سەرمایەی زۆر بۆخۆیان کۆ دەکەنەوە!

یەکێک لەوکەسانە کە لەم شەڕ و دۆخە تایبەتانەی سەردەمی پۆتیندا سەری هەڵدا پریگۆژینی سەرۆکی گرووپی واگنەرە.

پریگۆژین لە دەورانی لاوەتیدا بە هۆی دزیی چەکدارانە ٩ ساڵ زیندانی کرا و دواتر ڕيستۆرانی دانا. بەڵام لە ڕێگەی کاری ڕێستۆرانەوە نزیکی دەسەڵاتداران کەوتەوە و سەری لە نێو کلووپی ئۆلیگارشیی ڕووسیە دەرهێنا و دواتر هێزی تایبەتی بەکرێگیراوی دروست کرد و لە وێنزووئێلا و ماداگاسکار و سووری و تازەییش لە ئۆکراینیا شەڕی بۆ پۆتین دەکرد و سامان و پارەی لێ دەستاند.

هێزی بەکرێگیراوی واگنەر، لە شەڕەکاندا ئەوپەڕی دڕندەیی و بێبەزەیی دەنواند و هەر ئەمە بۆتە هۆی ناوبانگی گرووپی واگنەر و لە هەندێ شەڕیشدا بەتایبەت لە باخمووت سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەست هێنا.

ناوبانگ دەرکردن و سەرکەوتن لە شەڕێکدا و پارەی زۆر دەست خستن، پێکەوە ئەو هۆکارانەن کە هەر گرووپێکی بەکرێگیراو تووشی ئەو وەهمە دەکەن کە ئەوان خاوەن ئەو مافەن کە چییان پێ خۆشە بیکەن و خەڵکی دیکە و تەنانەت بەرپرسانی ئەرتەش بە ترسنۆک و نەزان ناو ببەن.

واگنەر و سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی خاڵی هاوبەش و کردەوەی هاوشێوەی زۆریان هەیە!

واگنەر و سەرۆکەکەی واتە پریگووژین تووشی ئەو وەهمە بوون کە ئەوان هێزی زۆر تایبەتن و خەڵکی دیکە و فەرمانەدەکانی ئەرتەش هیچ نین و تەماحی زۆرتر هەڵی گرت! هەر بۆیە ڕووی هێزەکانی بەرەو مۆسکۆ هەڵگەڕاندەوە و ویستی لەسەر تەختی پاشایەتی دابنیشێ!

دۆخی ڕووسیە ئەو دۆخە تایبەتە و ئەو بەستێنەیە کە پۆتین و واگنەر بەرهەم دێنێ:

لەلایەکەوە کۆمەڵگای ڕووسیە لە ئابووری و تێکنۆلۆژی و هێژموونیی جیهانیدا تووشی شکست بووە ودواکەوتووە و خولیای دەورانی تێزاری و هەروەها دەورانی کۆمۆنیستی هەڵی گرتوون کە نیوەی جیهانیان ئیدارە دەکرد! ئەمە وای لێ دەکا کە کەسێکی پاوانخوازی وەکوو پۆتین سەر هەڵ بدا!

تەماحەکانی پۆتین  و لاوازیی ئیمکاناتەکەی وای لێ دەکا کە ئۆلیگارشییەکی گەندەڵ دەوری بگرن و پەنا بباتە بەر هێزی بەکرێگیراوی دەرەوەی یاسای وەکوو واگنەر!

لەولاشەوە، پێویستیی دەسەڵات بە پریگۆژینەکان و واگنەرەکان، وایان لێ دەکا کە پێیان وایە ئەوان لە دەسەڵات و سیستمیش بەهێزترن و تەماح هەڵیان دەگرێ!

وەهمەکانی خامنەیی و پۆتین وەکوو یەک وان و تەماحەکانی ئۆلیگارشیی گەندەڵ و هێزە بەکرێگیراو و دەرەوی یاساکانی وەکوو واگنەر و سوپای پاسداران و پریگۆژین و قاسم سولەیمانی هەر یەک تەماح و دڕندەیین! عەقڵی واگنەری کوشتاری بێبەزەییانە لە شەڕەکان و لە کۆتاییشدا فڕێدرانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە لێ دەکەوێتەوە!

بۆیە قاسم سولەیمانی لە داو دەکەوێ و پریگۆژینیش دوور دەخرێتەوە بۆ ڕووسیەی سپی و ڕەنگە لەناکاو تووشی ڕووداوێکی نەخوازراو ببێ و گیانی لێ بستێندرێ!

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین