کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ لەگەڵ ژینگەی کوردستان

10:08 - 5 پووشپەڕ 2723

نەبی محەممەدی

شەڕی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە کورد و کوردستان لە شێوە و شێوازی خۆی‌دا هەروا درێژەی هەیە؛ لەسەر شەقامەکان شەڕ لەگەل بزووتنەوەیەکی مافخوازانەی مەدەنی دەکات و ڕاستەوخۆ تێکۆشەرانی سەر شەقامەکان دەدرێنە بەر دەسرێژ و گیانیان لێ دەستیندرێ، بەرانبەر بە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی سیاسیی خەڵکی کوردستان هێرش دەکرێتە سەر حیزبە سیاسییەکان و بە درۆن و مووشەکی دوورهاوێژ بنکە و بارەگاکانیان بورمان دەکرێ و تێکۆشەرانیان بە پیلانی جۆراوجۆر تێرۆر دەکرێن. بەندکراوان و زیندانیانی سیاسیی کورد قورسترین حوکمەکانیان بەسەردا دەسەپێندرێ و لەنێو زیندانیانی لەسێدارەدراوی سیاسیی‌دا، زیندانیانی سیاسیی کورد پشکی شیریان بەر دەکەوێ. ڕێژیمی دژبە کوردی کۆماری ئیسلامی ئیران بەهەموو ئەم دوژمنکاریانەوە بەرانبەر نەتەوەی مافخوازی کورد تینوێتیی ناشکێ و بەپیلانی جۆراوجۆر کەوتۆتە شەڕ لەگەڵ ژینگە و شوینی ژیواری خەڵکی کوردستان.

کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە هۆکاری سیاسەتی پڕ لەهەڵەی لە مەسەلەی "ئاو"دا  زۆربەی ناوچەکانی ئێرانی بەرەو ویشکبوون و وێرانی و بەبیابانکردن بردوە و پیشەسازییەکانی گشت و کاڵ و ئاژەڵداریی لەم وڵاتەدا تووشی قەیران کردوە، لە کوردستان و بە پیلانگەلی دوژمنکارانەی وەک سیاسەتی سووتمانی لێرەوارەکان و برەودان بە قاچاخی دار، بە ئاشکرا قۆڵی لە لەنێوبردنی دارستانەکانی کوردستان هەڵماڵیوە.

بە پێی راپۆرتی رێکخراوە ژینگەپارێزەکانی کوردستان کە زیاتر لە دوو دەیەیە بە شێوەی بەردەوام و بە دەستی بەتاڵ، ئەرکی پاراستنی ژینگەی کوردستانیان گرتۆتە ئەستۆ، ساڵانە بە هەزاران هێکتار لە دارستان و لێرەوارەکانی ئیلام، کرماشان، شاهۆ، هەورامان، مەریوان، بانە، سەقز، سەردەشت و... بە دەستی ئەنقەست ئاوریان تێبەردەدرێ. چالاکانی ژینگەپارێز لە کوردستان وێڕای باسکردن لە لێکەوتە زیانبارە پڕ لە مەترسییەکانی ئاورکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستان، پێیان وایە دیاردەی ئاورکەوتنەوە لەم دارستانانە نەتەنیا سروشتی نیە، بەڵکوو دەستی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی لە پشتە و ئۆرگانە پێوەندیدارەکانی بەناو "محیط زیست"ی ڕیژیمیش جیالەوەیکە خۆیان لە ئاگرتێبەرانی دارستانەکانی کوردستان گێل کردوە، لەدانی ئیمکاناتی ئاورکوژانەوە بە چالاکانی ژینگەپارێزیش خۆ دەبوێرن و هیچ جۆرە هاوکارییەکیان ناکەن.

هاوکات لەگەڵ ئاورتێبەردانی دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە تەواوەتی ژیان و بژیوی مەردارانی وڵاتەکەمانی خستۆتە مەترسییەوە، دیاردەی قاچاخی دار و داربڕین لە ناوچەکانی مەریوان، بانە و سەردەشت پەرەی گرتووە و هەر ئێستا بە چەندین باندی داربڕی بی‌مۆڵەت بە قاچاخ کەوتوونەتە گیانی دارستانەکانی کوردستان و لۆری لۆری دار قاچاخ دەکەن. "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا  ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بە بڵاوکردنەوەی چەندین وێنە، باسی لە جینایەتێکی تر و کاولکاریی ژینگەی کوردستان لەلایەن هەلپەرستان و دەستوپێوندییەکانی ڕێژیم لە گوندی "شاسوار"ی سەر بە ناوچەی ''سەرشیو''ی مەریوان کرد. ئەنجومەنی سەوزی چیا ڕایگەیاندووە کە ژینگە و دارستانەکانی کوردستان بە گشتی و مەریوان بە تایبەتی، لەلایەن کەسانی هەلپەرەست و مافیاکانی قاچاخی دارەوە کاول دەکرێن و دارەکانی بەتاڵان دەبرێن و لەبەرانبەردا ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن بەو کاولکارییە، هیچ هەوڵێک نادەن".

چالاکانی ژینگەپارێز لە کوردستان باس لەوە دەکەن کە لە پێوەندی لەگەڵ ئەم باندە داربڕ و قاچاخچییانە چەندین جار سکاڵایان بردۆتە لای ئۆڕگان و ناوەندە پێوەندییەدارەکان و زۆر ڕاشکاوانە وڵامیان داونەتەوە کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵیان نیە. بۆیە هیچ گومانێکیان بۆ نەماوەتەوە کە ئەم باندانە سەر بە ناوەندە ئەمنییەتییەکان و بەتایبەت باندی سپای پاسدارانی ڕێژیمن.

سپای تیرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تەکمیلکردنی سیاسەتی شەڕەنگێزانەی ڕیژیم دەرحەق بە خەڵکی کوردستان و چوونە شەڕ لەگەڵ ژینگەی کوردستان، لەم ساڵانەی دواییدا دەستی داوەتە سناریۆ و پیلانی هەمەچەشن. بوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دارستانەکانی کوردستان، ئەو بیانووە پروپوچە بووە کە ڕێژیم بەردەوام بۆ ئاورتێبەردانی لێرەوارەکانی کردۆتە بیانوو. سپا بەم بیانوویە و  "لە درێژەی هێرش و هەڕەشەی بەردەوامیان بۆ سەر بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان لە دوو حەوتووی ڕابردوودا بە بەردەوامی کوێستانەکانی "کۆساڵان" و "شاهۆ" لە بنای زاگڕۆسیان داوەتە بەر ڕەهێڵەی تۆپ و کاتیوشا. لە ئاکامی ئەو تۆپبارانە بەردەوامەدا دەیان هێکتار پووش و پەڵاش و لەوەڕەگەکانی ئەو دوو ناوچە شاخاوییە سووتاون و، هەروەها لە سۆنگەی ئەم کەشە نیزامی و ئەمنییەتییەی بەئەنقەست بەسەر ناوچەکەدا زاڵ کراوە، هاتوچۆی خەڵکی ناوچەکەش تووشی سەختی و ئاستەمی بۆتەوە".

"بیانووی ئەم هێڕشە نوێیەی سپای پاسداران بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان، مانۆڕی نیزامی و هەروەها ئیدیعای بوونی هێزەکانی پێشمەرگە و دژبەری ڕێژیم لەو مەڵبەندەیە، لە حاڵێکدا هەمووان دەزانن ئامانجی سەرەکیی سپای پاسداران دوژمنایەتیی خەڵک و خاک و زیانگەیاندن بە سروشت و ژینگەی کوردستانە؛ ئەویش لە کاتێکدا کە ئەو ناوچەیە زیاتر لە دوو دەیەیە بە ناوچەی پارێزراو ناسراوە و هەر بەپێی یاساکانی شوڕای بەرزی ژینگەی ئێران بەڕێوەبردنی هەرچەشنە مانۆڕ و عەمەلیاتێکی نیزامی لەو ناوچەیە قەدەغە و نایاساییە.
کاربەدەستانی سپای پاسداران لە ڕاگەیاندنی هەواڵی ئەم مانۆڕە نیزامییەدا مەبەستی سەرەکیی خۆیان گەڕاندنەوەی ئەمنییەت و ئاسایش بۆ خەڵک و ناوچەکە باس کردووە، بەڵام کێ هەیە نەزانێ کە تێکدانی سروشتی کوردستان ئامانج و مەبەستی نیزامی و ئەمنییەتیی لەپشتە و هەروەها؛ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی خۆیان هۆکاری سەرەکیی هەموو قەیران و نائارامییەک نەک هەر لە کوردستان، بەڵکوو لە ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشن".

بەرانبەر بە شەڕی ڕێژیم لەگەڵ ژینگەی کوردستان‌دا، ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزی لە شارەکانی کوردستان و چالاکانی ژینگەپارێزی چ بە لەقاودانی سیاسەتەکانی رێژیم و چ هەوڵدانی بەکردەوە بۆ پێشگیری لە سیاسەتی سووتمانی لێرەوار، لەوەڕگە و دارستانەکانی نیشتمان، دەروەستانە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان بەجێگەیاندوە کە جێی دەستخۆشی لێکردن و ئافەرین پێ‌وتنن. بەڵام ئەوان بەتەنیا و دەستبەتاڵ ناتوانن بەگژ ئەم پیلانگێرییانەی ڕێژیم‌دا بچنەوە. بۆیە ئەرکی تەکبەتەکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە کە بە کردەوە یارمەتیدەر و پاڵپشتی رێکخراوەکان و چالاکانی ژینگەپارێز بن و ئەرکی نیشتمانی و نیشتمانپارێزیی خۆیان بەڕێوە بەرن و بەرانبەر بە شەڕی هەڵپەرەستان، باندەکانی قاچاخی دار و بە گشتی بەرانبەر بە شەڕی ڕێژیم لەگەڵ ژینگەی کوردستان‌دا یەکگرتووانە ڕاوەستن و پارێزگاری لە ژینگەی خۆیان بکەن.

***