کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەوت و چای و خورما

12:59 - 6 پووشپەڕ 2723

کەریم پەرویزی

کاتێک لە سیستمی دەوڵەت شاری یۆنانی کۆندا باسیان لە دێموکراسی دەکرد، بەو شێوە لە دەسەڵاتیان دەڕوانی کە بۆ ئیدارەکردنی شەڕ و دادگا و ماڵیاتی ساڵانە، پێویستە کە دەسەڵاتەکە پارێزەرەی بەرژەوەندیی گشتی بێ و بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی گشتی لەبەر چاو بگرێ پێویستە کە خەڵک لە دیاریکردنی بڕیارەکاندا ڕۆڵیان هەبێ.

لەو سەردەمەوە تاکوو ئێستا بیری زۆر لە دێموکراسی کراوەتەوە و ڕێوشوێنی بۆ دیاری کراوە و مۆدێلی جیاوازی لێ باس کراوە، بۆ وێنە دەڵێن کە دێموکراسی بریتییە لە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و گەر لە شوێنێک ئاڵوگۆڕی دەسەڵات نەبوو ئیدی دێموکراسیش باروبنەی خۆی تێکەوە دەپێچێ و بار دەکا یان لە وڵاتێک کە گرووپی جیاوازی ئێتنیکی هەیە دێموکراسیی زۆرینەیی وەڵامدەر نییە و دەبێتە هۆی دیکتاتۆریی زۆرینە و سڕینەوەی هەمیشەیی کەمینە نەتەوەییەکان لە سیاسەت.

بەڵام یەکێک لە بیرکردنەوە گرینگەکان سەبارەت بە دێموکراسی بریتییە لە هەڵسەنگاندنی پێوەندیی ئابووری وڵات و دەسەڵات و خەڵک. بەو واتایە کە لە باری ئابووریەوە چ پێوەندییەک لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا هەیە. گەر لە بواری ئابوورییەوە دەسەڵات بەستراوەتەوە بە خەڵک، ئەوە دەرەتانی سەرهەڵدانی دێموکراسی هەیە و گەر پێچەوانەکەیەتی و نەک دەسەڵات پێویستیی ئابووریی بە خەڵک نییە بەڵکوو خەڵک دەبێ لارەملی دەسەڵات بن تا ژیانیان دابین بکا، لەو دۆخەدا ئیدی ناکرێ چاوەڕوانی هاتنەئارای دێموکراسی بێ!

بۆ وێنە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی  نێوەڕاست، بە دوای دۆزینەوەی نەوت لەم ناوچەیەدا ئیدی درگای دۆزەخ بە ڕووی خەڵکدا کرایەوە!

لە هەر شوێنێک نەوتی زۆرترە لەم ناوچەیە، ڕێک خەڵکی ئەو شوێنە بێبەریترن لە ژیان و دۆخی ئابووری و گەشەکردن لەو ناوچەیە لەژێر خراپیشەوەیە. نموونەی هەربەرچاو، کەرکووک لە عێراق و خووزستان لە ئێرانە!

لەوەتەی کۆمپانیا بریتیانیاییەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا نەوتیان لەو ناوچانە دۆزیەوە، ئیدی خەڵکەکەی کەرکووک و خووزستان تووشی نەهامەتی بوون و دەسەڵات بەردەوام ستەمی لێ کردوون و خەڵکی ڕاگواستوون و شەڕ و هەژاری ڕووی لەو ناوچانە کردووە!

لە ئاستی گشتیی وڵاتیشدا، نەوت بۆتە هۆی ئەوە کە دەسەڵات لە بواری ئابوورییەوە ئیدی پێویستی بە خەڵک نەبێ و پارەی دەست کەوتووە کە هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی پێ بەخێو بکا و چەرخی ئابووری لەو وڵاتانە بە نەوت دەگەڕێ و نەوتیش لە کۆنترۆڵی دەسەڵاتدایە!  لەوێوە ئیدی خەڵک بۆ نانی شەویشیان چاو لەدەستی دەسەڵاتی نەوتاوین!

نەوت بەم شێوە هەم ژیانی لە خەڵک لە وڵات تێک داوە و هەم دەسەڵاتەکانی ملهوڕ و سەرەڕۆ کردووە و تەماحی وەبەر ناون کە پەلاماری ئەم و ئەو بدەن!

لە وڵاتانی دیکەی وەکوو عێراق و لیبی  دەسەڵاتەکان وێڕای ملهوڕییان، هەوڵی تێکدەری لە ناوچەکەشیان داوە و لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی چ ئاخوندی و چ پالەویشدا، وێڕای دیکتاتۆری، تەماحی زلهێزیی ناوچەش گرتوویانی و هێزیان ڕەوانەی دەورو بەر کردووە و پرۆژەی دەستوێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکیشیان داناوە.

نەوتێک کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو بۆتە هۆی خێراکردنی چەرخی پێشکەوتن و گەشەی ئابووری و شۆڕشی تێکنۆلۆژی، لە وڵاتانی نەوتخێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆتە هۆی ماڵوێرانی و کاولکاری.

دەسەڵاتە سەرەڕۆکانی ناوچە بە پارەی نەوتەوە پەلاماری یەکدی و پەلاماری خەڵکی دیکە دەدەن و تەماحی تێکدانی ئاسایشی جیهانیش دەیانگرێ و لەگەڵ گەمارۆ و دژکردەوەی جیهانی بەرەوڕوو دەبنەوە.

لە سەردەمی بەعسدا، عێراق هێرشی کردە سەر کوەیت و دژکردەوەی جیهانیی لێ کەوتووە و دوای شکستە نیزامییەکەی، پرۆژەی نەوت بەرامبەر خۆراکیان بەسەریدا سەپاند تا چیدیکە پارەی نەوت نەچێتە خەزێنەی دەسەڵات و بکرێتە خۆراک و دەرمان و بگاتە دەستی خەڵک!

لەژێردەسەڵاتی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهیشدا، هەم هەوڵی دەستوێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی دەدرێ و هەم سوپای پاسدارانەکەی ئاسایشی ناوچە تێک دەدا و مەترسین بۆ سەر ژیان و گەشەی جیهان و هەر بۆیە گەمارۆی ئابووری دژ بە ڕێژیم پەسند دەکرێ و نەوتەکەی ناتوانێ بفرۆشی و پارەکانی بلۆک دەکرێ!

لەم ڕۆژانەدا، دەوڵەتی سریلانکا ڕایگەیاندووە کە ئەو چەند سەد میلیۆن دۆلارەی کە قەرزداری ڕێژیمی ئێرانە، دەسەڵاتی  ئێران دەتوانێ مانگانە دوو میلیۆن دۆلار چای لە سریلانکا وەر بگرێ و بەو شێوە بە ماوەی چەند ساڵێک قەرزەکەی وەر بگرێتەوە!

بەم شێوە هەم ئابووریی سریلانکا دەگەشێتەوە و داهاتی چاییەکەی مسۆگەر دەکا و هەم پارەی نەختیش دەستی ڕێژیمی تاران ناکەوێ!

لە دوو نموونەی هاوشێوەدا، پارەی حەوت میلیارد دۆلاریی نەوتی ئێران لە بانکەکانی کۆرەی باشوور بلۆک کراوە و قەرارە دوای ڕێککەوتن بدرێتە بانکی قەتەری و لەوێوە  ڕێژیمی ئێران بۆ کڕینی شتومەکی مرۆیی وەکوو خۆراک و دەرمان و ... ساتوسەودای پێ بکا!

پارەی کارەبا و گازەکەش کە چەند ساڵێکە بە دەوڵەتی عێراقی دەفرۆشێ، لە ڕێگەی بانکیەوە بە ئێران نادرێتەوە و دەوڵەتی عیراق ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران دەتوانێ شتومەک و خۆراک و خورما لە عێراق بکڕێ و حیسابەکەی پاک بکاتەوە!

دەسەڵاتی ملهوڕ و سەرەڕۆی ئیسلامی لە تاران، ساڵانە پارەی یەکجار زۆری نەوتی دەست دەکەوت و خەرجی سوپای پاسداران و دەزگا ئیتلاعاتییەکانی دەکرد و بوودجەی یەکجار زۆری بۆ حەوزەی قوم و ئاخوندەکان و بونگا تەبلیغاتییەکانی دادەنا و لە ناوچەیشدا پارەی زۆری بۆ گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەنارد و لەو ڕێگەوە ئاژاوەی لە ناوچەدا بڵاو دەکردەوە.

بە دوای گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێرانەوە ئەو پارانە لە کەمییان داوە و وەکوو پێشوو ناتوانێ هەزینە مادییەکانی تێرۆریزم دابین بکا و  بۆ بەردەوامیی دەسەڵاتەکەی بە ڕێگای جۆربەجۆر پارە لە خەڵک وەر دەگرێ شتومەکی بێکەڵكی وەکوو ماشین و شتی دیکە بە نرخی یەکجار گران بە خەڵک دەفرۆشی و گریفانیان بەتاڵ دەکا!

پرۆژەی نەوتی ئێران بەرامبەر بە چای و خورما، دەستی ڕێژیمی ئاخوندی کورت دەکاتەوەو پارەی بۆ لەبەردەست نابێ تاکوو وەسایلی تێکنۆلۆژیکی بیانی بکڕێ بۆ درۆن و مووشەکەکانی و خەرجی تیرۆریزمی ناوچەی بکا.

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین