کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکەوە ژیان هزرینیترە

13:00 - 11 پووشپەڕ 2723

کەریم پەرویزی

لە سەدەی نۆزدەیەمدا ململانێی نێوان لایەنگرانی کۆیلەداری و دژبەرانی لە ئامریکا گەیشتبووە لووتکەی خۆی و تەنانەت شەڕێکی نێوخۆییشی لێ کەوتەوە و ئەیالەتە باکوورییەکان کە لایەنگری هەڵوەشاندنەوەی کۆیلەداری بوون، لەگەڵ ئەیالەتە باشوورییەکانی ئامریکا کە خوازیاری مانەوەی کۆیلەداری بوون، کەوتنە شەڕێکی سێڤیلەوە و بە هەزاران کوژراوی لێ کەوتەوە.

لەو سەردەمەدا و لە ساڵانی پێش شەڕەکەدا، کۆیلەیەک بە ناوی هاریێت تابمەن، کە ژنێکی ڕەشپێست بوو، لە کۆیلەتی هەڵهات و ڕۆیشتە ئەیالەتەکانی باکوور و نەک خۆی دەرباز کرد بەڵکوو گەڕایەوە و بنەماڵەکەشی دەرباز کرد و دواتر کە ڕێگەکەی تاقی کردەوە، دەستی کرد بە دەربازکردنی کۆیلەکانی دیکە لە ئەیالەتەکانی باشوورەوە بەرەو باکووری دوور لە کۆیلەداری.

هاریێت لەو ماوەیەدا سەدان کۆیلەی دەرباز کرد و ڕێکخراوێکی دروست کرد بە ناوی ڕێگای ئاسنی نهێنی، کە ئەم ڕێکخراوە کاری دەربازکردن و پەڕاندنەوەی کۆیلەکانی دەکرد لە باشووری ئامریکاوە بەرەو باکوور.

لە سەردەمی شەڕی نێوخۆییشدا هاریێت لە شەڕەکەدا بەشدار بوو و لە پرۆژەیەکی گەورەدا نزیک بە ٧٠٠ کۆیلەی ڕزگار کرد!

لەو ساڵانەدا کە هاریێت ئەو کارەی دەکرد، لەگەڵ گرفت و دژواریی زۆر بەرەوڕوو بوو و گیانی زۆرجار دەکەوتە مەترسییەوە، بەڵام ڕستەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێ: "من هەزاران کۆیلەم دەرباز کرد و دەمتوانی هەزارانی دیکەش دەرباز بکەم گەر کۆیلەکان بیانزانیبا چارەنووسی حەتمییان کۆیلەبوون نییە!"

لە مێژوووی پڕ لە نەهامەتی و لاپەڕەی ڕەشی جیهاندا، کۆیلەداری و بەتایبەتی کۆیلەداریی سەردەمی کۆلۆنیالیزم تاوانی گەورە ئەنجام دران و وڵاتانی ڕۆژاوایی هێرشیان دەبردە سەر ئافریقا و بە هەزاران کەسیان لەو خەڵکە کوشت و بە سەدان هەزار کەسیان لێ بە دیل گرتن و سواری کەشتییان کردن و بردیانن بۆ وڵاتانی ڕۆژاوایی بۆ کۆیلەداری و کاری دژواری سەر ئەرز و بن ئەرز و کانگاگان و خزمەتکاریی نێو ماڵەکانیان.

لەو سەردەمەدا زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاوایی کەوتبوونە کێبەرکێی داگیرکردنی ئافریقا و بەکۆیلەکردنی خەڵکی ئەو ناوچەیە، زۆر بە منەتیشەوە ئەو کارەیان دەکرد و وێڕای تاڵانکردنی سامانی وڵاتەکان و بەکۆیلەگرتنی خەڵکەکان، ئیدیعایان دەکرد کە شارستانییەت و تازەگەری دەبەنە ئەو وڵاتە دواکەوتووانە و بەناوی فێرکردنی ئاداب و شارستانییەتەوە تاوانەکانیان ڕەنگی زێڕینیان پێدا دەڕژاند!

لەم ڕۆژانەدا پاشای وڵاتی هۆلەند، ڕایگەیاند کە شەرمەزارە بەرامبەر بەو کۆیلەدارییەی ئەو سەردەمە و لە خەڵکی ئەو وڵاتانە بەبۆنەی ڕۆڵی هۆلەندەوە، لە سەردەمی کۆیلەداریدا داوای لێبوردنی کرد.

هۆلەندیش لەو سەردەمەدا دەریاوانییەکی بەهێزی هەبوو و نەک لە ئافریقا بەڵکوو لە ئاسیا و جەزیرەکانی  ئویانووسی ئارامدا خەریکی گەڕان و تاڵانکردن و بەکۆیلەکردنی خەڵکی خۆجێی ئەو شوينانە بوو.

کۆلۆنیالیزم لەو سەردەمەدا نەک تەنیا ئافریقا، بەڵکوو ئاسیا و ئامریکا و ئۆسترالیا و هەموو شوێنەکانی دیکەی دونیای گرتبووەوە و بە مافێکی سروشتیی خۆیانیان دەزانی کە بەهێزەوە بڕۆنە نێو وڵاتەکان و خاکەکەیان داگیر بکەن و سامانەکەی تاڵان بکەن و خەڵکەکەی ببەن بۆ کۆیلەتی، چونکە خۆیان بە مرۆڤی باشتر و نەژادی سەرووتر دەزانی و تەنانەت هەندێ جار عەبای دینییشیان بەسەر تاوانەکانیادا دەدا.

کۆلۆنیالیزم هەر ئەوەی وڵاتانی ڕۆژاوایی نەبوو و هەر هێرشی وڵاتانی دیکە بۆ سەر وڵاتی دوورەدەست نەبووە، بەڵکوو کۆلۆنیالیزم هەر لەنێو یەک جوغرافیای سیاسیشدا سەری هەڵداوە و ڕەگی داکوتاوە و بەشێک یان نەتەوەیەک لە وڵاتێکدا ئەو مافەی بە خۆی داوە کە خۆی بە نەتەوەی سەرتر بزانێ و نەتەوەی دیکەی نێو وڵاتەکە تاڵان بکا و کۆیلەتی بە شێوەی دیکە بەسەر نەتەوە ستەملێکراوەکەدا بسەپێنێ.

هەروەک هاریێت وتی، دژوارترین کار تێگەیاندنی کۆیلەیەک بووە کە چارەنووسی ئەو کۆیلەتی نییە، ڕەنگە لەوە دژوارتر ئەوە بێ کە نەتەوەیەکی خۆبەلزان بەو تێگەیشتنە بگەیەنی کە چارەنووسی حەتمیی بریتی نییە لە مەزنی و گەورەیی ئەو بەسەر نەتەوەکانی تردا!

پێش لە پاشای هۆلەند، دەسەڵاتدارانی دیکەش هەبوون کە بەنیسبەت تاوانی مێژوویی وڵاتەکەیانەوە داوای لێبوردنیان کردووە، بۆ وێنە دەسەڵاتی ئاڵمان بەرامبەر بەو هەموو تاوانەی لە سەردەمی نازیسمدا دژ بە جوولەکەکان بەڕێوە چووە، داوای لێبوردنی کردووە و بە یاسا پەسندیان کردووە کە کەس مافی ئەوەی نییە نەک ستەم بە دژی جوولەکە بکا، تەنانەت ئینکارکردنی هۆلۆکاستیش تاوانە!

ئەم جۆرە لە تێگەیشتن کە وڵاتێک یان دەسەڵاتێک بەو قەناعەتە بگا کە لە مێژوودا ستەمی کردووە و ئەو بیرکردنەوە مەزنیخوازییە کە بەرەو فاشیزم و شۆڤێنیمی بردووە، ڕەد بکاتەوە و بگاتە ئەو ڕادەیە لە مرۆڤبوون کە داوای لێبوردن بکا، جۆرێکی دیکە لە تێگەیشتن و بڕوا و ڕوانگە دروست دەکا کە ژینگەی تەندروستی کۆمەلایەتی بۆ پێکەوەژیان بەرهەم دێنێ.

داوای لێبوردن کردن لەلایەن پاشای هۆلەند یان دەسەڵاتدارانی دیکەی وڵاتانەوە بەنیسبەت تاوانەکانی مێژوو، ڕەنگە هیچ زامێک لەو سەدان هەزار و ملیۆنان مرۆڤە کە ستەمیان دژ ئەنجام دراوە کەم ناکاتەوە و ئەوان ژیانی پڕ لە نەهامەتییان تێپەڕاند و ئیدی هیچ شتێک مێژوو قەرەبوو ناکاتەوە، بەڵام ئەو داوای لێبووردنە، کردەوەیەکە ڕوو بە داهاتوو.

لێرەدایە کە وەها لێدوانێک کۆشکی پووشاڵیی مەزنیخوازی و فاشیزم دادەڕووخێنێ و کەشوهەوای دیکە دێنێتە ئاراوە کە تێیدا ئەوەی گرنگە مرۆڤبوونە نەک خۆبەزلزانیی نەتەوەیەک و خۆبە شایستەتر زانینی تاکوو دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەوانیتردا بسەپێنێ.

ڕەنگە تێگەیاندنی کۆیلەیەک کە چارەنوسی ئەو هەر ئەوە نییە، زۆر دژوار بێ! بەڵام ئەوە تەنیا ئازاری بۆ خۆی هەیە و ژیانی ئەو تاکە تووشی نەهامەتی دەکا یان ئەوپەڕەکەی یەک نەسڵ پێوەی دەناڵێن، بەڵام بیری مەزنیخوازی کە دەگاتە فاشیزم، نەک ئەو نەسڵە بەڵکوو چەندین نەسڵی دواتریش تووشی نەهامەتی دەکا و بەردەوام بەرهەم دێتەوە!

ئێستە دوای زیاتر لە سەد ساڵ لە تاوانەکانی ڕەزای میرپەنج، نەک میراتخۆرانی ئەو تاوانانە، بەو تێگەیشتنە نەگەیشتوون کە کۆلۆنیالیزمی حاکم خەسارەتی مرۆیی بۆ هەموو نەتەوەکان لە ئێران هەبووە، بەڵکوو شانازیشی پیوە دەکەن و بەوپەڕی شانازییەوە باس لەوە دەکەن کە هێرشەکانی ڕەزاخان و حەمەڕەزای کوڕی بۆ سەر نەتەوەکانی دیکە لە ئێران، بۆ ئاوەدانی و شارستانییەت و فێرکردنی ژیانی ئەوڕۆیی بووە! ئەم عەقڵییەتە هێشتا لەنێو کەشتییەکانی سەردەمی کۆیلەداریدا گیری خواردووە و ڕەشەبای ئوقیانووسەکان وەهای گێژ کردووە  کە تێنەگەیشتووە کە پێکەوەژیان پێویستی بە هزرینی دیکەیە دەنا چارەنووسی نەتەوەی باڵادەستیش هەر بەردەوامیی سەرەڕۆیی و دیکتاتۆرییە و ژیانی ئەوانیش لە تاڵییەکی بەردەوامدا دەخولێتەوە!

دژوارتر لە تێگەیاندنی کۆیلەکان، تێگەیاندنی بیری فاشیستی و مەزنیخوازییە کە واز لە خۆبەلزانی بێنێ و دونیای واقیعی ببینێ!

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین