کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆری د. قاسملوو گەورەترین تاوانی کۆماری ئیسلامی دژ بە نەتەوەی کورد

00:53 - 16 پووشپەڕ 2723

ئارمان حوسێنی

لەوانەیە هەندێ کەس پێیان وا بێت سەردێڕی ئەم وتارە زێدەڕۆیانەیە و بڵێن مەگەر دوکتور قاسملوویش ئەندامێکی کۆمەڵگەی کوردستان و نەتەوەی کورد نەبوو؟ هەر بۆیە، بە پێویستی دەزانم ئەوە ڕوون بکەمەوە کە بۆچی ئەو سەردێڕەم هەڵبژاردووە.

وەکوو خاڵی دەستپێک پێویستە ئاماژە بەم ڕاستییە بکەم کە دوکتور قاسملووش بێگومان وەکوو ئێمە مرۆڤێک و تێکۆشەرێکی کۆمەڵگەی کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەی بوو، بەڵام ئەوەی نووسەری ئەم وتارەی هان داوە کە پێگەی دوکتور قاسملوو لە باقی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان جیا بکاتەوە و تێرۆرکردنی بە گەورەترین تاوانی کۆماری ئیسلامی دژ بە نەتەوەی کورد دابنێت، دەور و کاریگەریی بێ‌وێنەی بەڕێزیان لە داڕشتن، گەڵاڵەکردن و پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی ئامانج و ئارمانەکانی نەتەوەی کوردە.

ئامانج و ئارمانی نەتەوەیەک کە بەداخەوە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و زۆر شوێنی تری ئەم جیهانە غەریب و نەناسراو بوون و ئێستاش هەن. ئارمان‌گەلێک وەکوو ئازادی، بەرابەری و یەکسانی، دێموکراسی، باوەڕمەندبوون بە فرەڕەنگی و فرەچەشنی و هەروەها مافی نەتەوەیی کە بەتەواوی لەتەک بەها و نۆرمە باوەکانی ئەم کۆمەڵگەیانە پێک‌ناکۆک بوون و مەخابن هێشتاش هەر بەم چەشنەن و لێک‌دژن. بەو واتایە کە نەتەوەی کورد بە هەوڵ و تێکۆشان و ڕێبەرایەتیی کەسایەتییەکی مەزن وەکوو دوکتور قاسملوو ڕێڕەو و ڕێبازێکیان داڕشت کە سەرەڕای ئەوەی لەتەک واقیع و ڕاستییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەم ناوچەیە جیاواز بوون و دژایەتیی زۆریش دەکران و ڕێگری دەکرا بە شێوەی کردەیی پراکتیزە بن، بەڵام ئێستاکەش وەکوو مەشخەڵ و مۆمێکی داگیرساو مزگێنیی سەرهەڵدانی سەردەمی ڕووناکی و ڕووناکبیری، هزرین و بیرکردنەوە و ژیان و ژیانەوە و بە گشتی مزگێنی داهاتوویەکی گەش بەتایبەت بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدەن.

وێژمانی دوکتور قاسملوو، وێژمانێک بوو کە گەورەترین دوژمنەکەی، واتە خومەینی، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەم چەمکانە یان ئەم وێژمانە (دێموکراسی، ئازادی و ...) هاوردەی ڕۆژاوان و ئەوە بوو کە لە یەکەمین ڕۆژەکانی بە دەسەڵات گەیشتنی بە هەموو شێوەیەک دەستی کردە دژایەتیکردنیان و تەنانەت فەرمانی جیهادیشی دژ بە کورد دەرکرد.

دوکتور لە سەردەمانێکدا سەری‌ هەڵدا کە بەها و نۆرمە کولتووری و سیاسییەکانی ناوچەکە ئەوانە نەبوون کە نەتەوەی کورد خوازیاریان بوو و هەوڵی جێبەجیکردنیانی دەدا، بەڵکوو بەها و نۆرمگەلێکی کۆن و ماوەبەسەرچوو بوون کە زیاتر لە بازنەی گوتاری ئایینی و مەزهەبی و گێڕانەوەیەکی ڕادیکاڵ و بناژۆخوازانە لە شوناس دەسووڕانەوە و بەرهەڵەست و دژی هەر چەشنە ئاڵوگۆڕ و وەرچەرخانێک بوون کە نەتەوەکان وریا و وشیار بکاتەوە. وشیار بەو واتایە کە تاکەکانی کۆمەڵگە بە ئاستێک لە تێگەیشتن بگەن کە بەدەر لەوەی کە ژن بن یان پیاو، تەنیا بەهۆی مرۆڤ‌بوونیان خاوەن کۆمەڵێک مافن کە لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامە نێونەتەوەییەکاندا ددانیان پێدا نراوە و پەسەند کراون.

کەسایەتییەک کە توانا، کاریزما و ئیرادەی بونیاتنانی ئاوها وەرچەرخانێکی هەبوو، ڕێبەری ناوداری نەتەوەی کورد و هەموو ئازادیخوازانی ناوچەکە، واتە دوکتور قاسملوو بوو کە بەهۆی سروشت و ڕۆحی ئازادیخوازانەی و هەروەها بەهۆی خوێندەواری، ئەزموون و باوەڕی قووڵی بە ئازادی و ڕزگاری کە بەردەوامیش لە لێدوانەکانیدا ئاماژەی پێ دەکردن، سەرمایە و ڕێبەرێکی ئازادیخوازی مەزن کە نەک هەر بە درووشم بەڵکوو بە کردە بە قووڵی بڕوای بە بەهاگەلێکی وەکوو مافی نەتەوەیی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئازادی، بەرابەری و یەکسانی مرۆڤەکان و هەروەها ڕێزدانان بۆ بیروبۆچوونی جیاواز و هتد هەبوو کە نەتەوەی کورد ئێستاکەش بۆ دەستەبەرکردنیان خەبات دەکات. دوکتور قاسمڵوو بۆ سەرخستنی ئەم ڕێبازە لە هیچ خەبات و تێکۆشان و فیداکارییەک درێخی نەکرد و تەنانەت گیانیشی لەپێناوی ئەو ڕێبازە مەزنەدا بەخت کرد.

تێرۆری دوکتور قاسملوو لەم ڕەهەندەوە گەورەترین تاوان بوو کە ئەو بەها جیهانی و گشتگیرانەی نەتەوەی کورد بۆ دابینبوونیان خەبات دەکات و لە دەسپێکیشەوە دیار بوو کە ڕیشەیەکی ئەوتۆیان لەنێو کۆمەڵگەی ئێران و تەنانەت ناوچەکەشدا دانەکوتاوە و ئێستاکەش دوای چەندین دەیە لەم ناوچەیە بەرچاو ناکەون، قەرزداری ئەو زاتەیە. بە واتایەکی تر دوکتور قاسملوو ئەندازیاری ئەو ئارمان‌گەلە بوو. ڕۆڵ و دەوری بەڕێزیان ئەوەندە بەرچاوە کە پێم‌وایە تا ئێستاکەش کەسایەتییەک کە تواناگەلێکی لەو ئاستەدا هەبێ و بەکردەییش خەبات بۆ سەرخستنی ئەو ئارمان‌گەلە بکات و بە وتەی مامۆستا هەژار "سەر لەپێناو و گیان لەسەر دەستان بێ" بەداخەوە نییە. کەواتە بە تێرۆرکردنی ئەم مرۆڤە مەزن و بیرمەند و خەباتگێڕە ئارمانخوازە، ئەم گوتار و ڕێبازە کە وەکوو مناڵێکی ساوا پێویستی بە چاوەدێری، پاراستن و ڕەخساندنی کەشێک بۆ گەشەی هەبوو تاکوو بتوانێت باڵا بکات و لە نێو دڵی کۆمەڵگەدا ڕیشە داکوتێت، تا ڕادەیەک بە پەراویز خرا، هەرچەندە شۆڕشی ژینا هەمدیسان ئەو گوتارە سەری هەڵداوە و ئەم شۆرشە سەلماندی کە بیر و هزر و ئەندێشەکانی دوکتور قاسملوو هێشتا لەنێو کۆمەڵگەی کوردستاندا زیندوو و بەردەوامن.

بەڵام لەو سەردەمەدا بە تێرۆرکردنی دوکتور قاسملوو گورزێک لەو وێژمانە گشتگیر و مرۆڤ-تەورەی سەردەم درا. کاریگەری ئەو گورزە لەسەر شێوازی خەباتی کردەیی کوردەکان لە ساڵانی دوای تێرۆری دکتور تا ئێستاکەش بەرچاوە. گورزێک کە نووسەری ئەم وتارە بە گەورەترین تاوانی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە نەتەوەی کورد ناوی دێنێت و دوای ٣٤ ساڵ و سەرەڕای هەوڵ و خەباتی هەزاران خەباتکاری ڕێبازی پێشکەوتووی قاسملوو، بەڵام هێشتا هەست بە کەمایەسی نەبوونی جەستەیی بەڕێزیان دیارە و خەساری لەدەسچوونیان پڕ نەبووەتەوە.

هەروەک ئاماژەم کرد، دوای تێرۆرکردنی ئەم شکۆبانە، میراتێکی گرانبەها بەجێ ما. میراتێک کە هێدی هێدی لەنێو دڵی کۆمەڵگەی پێشکەوتووی کوردستان ڕەگی داکوتا و ئەوڕۆکە بووەتە وێژمانی زاڵ بەسەر هەموو کۆمەڵگەکانی ئێران و تەنانەت ناوچەکە و هەروەها دیاردەیەک بە ناوی شۆڕشی ژینا یان ژن، ژیان، ئازادی کە لە ئاستی جیهانیدا بە ڕێز و ستایشەوە یادی دەکەن و ئیرادەیەکی بە خەڵک بەخشیوە کە خەریکە کۆڵەکەکانی سەرەڕۆیی و دواکەوتووی دەڕووخێنێت و لە ئاکامدا ئارمانەکانی نەتەوەی کورد و هەموو ئازادیخوازان کە ڕێبەرە ڕاستەقینەکەی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو بوو، لە ئێراندا بچەسپینێت.