کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیرۆر، پێناسەیەکی هەمیشەیی بۆ کۆماری ئیسلامی

13:29 - 17 پووشپەڕ 2723

شەماڵ تەرغیبی

بۆ جارێکی تر دەستی تاوان و تیرۆری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند ڕۆڵەیەکی تێکۆشەری کوردی کردە ئامانج و بە شەهیدکردنی دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ریسواییەکی دیکەی خستە سەر کارنامەی شووم و پڕ لە تیرۆری خۆی. نیوەشەوی ١٥ لەسەر ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، چەند کەس لە ئەندامانی حیزب کە بە سەردان چووبوونە دەوروبەری "ھەڵشۆ"ی سەر بە شاری  قەڵادزێ لە باشووری کوردستان، لەلایەن بەکرێگێراوێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە پیلانێکی لەپێشدا داڕێژراوەوە تەقەیان لێ کرا کە بەداخەوە دوو کەسیان بە ناوەکانی عادڵ موھاجیر ناسراو بە "سەرباز" و لوقمان ئاجی، شەھید بوون.

 کۆماری ئیسلامی لە ڕابردووشدا زۆر جاران بۆ ڕەواندنەوەی ترسە نەهادینەبووەکانی دەستی بۆ ڕەشەکوژی و تێرۆر بردووە و وەک دەڵێن لەم پرسەدا قاڵ بووە. بە دەستپێکردنی شۆڕشی ژینا کە کوردستان تیایدا ڕۆڵی پێشەنگایەتی گیڕا و حیزبەکانی کوردستان بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆڵی بەرچاوی لە پشتیوانیکردن و مودیرییەتی ئەم شۆڕشەدا گێڕا، کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەمیشە دوژمنایەتیی خۆی لەگەڵ خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات دەرخست. دەستڕێژی ڕاستەوخۆ لە شۆڕشگێڕانی کورد لەسەر شەقامەکانی شار و هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبەکان بەڵگەی ڕوونی ئەم ئیدیعایانەن. ئێستا کە خەباتێکی شێلگیرانەتر لە ڕابردوو هاتووەتە کایەوە و خەڵک بە ڕێنوێنی حیزبە ڕەسەنەکانی خۆیان لەسەر شەقامن و ئامادەن بۆ ئازادی و دابینکردنی مافەکانیان گیان بدەن، تیرۆر و ڕەشەکوژی و هەوڵدان بۆ ڕووشاندنی ڕوخساری بزووتنەوەی کوردستان لە شێوەی جۆراوجۆری خۆیدا دەستی پێکردۆتەوە؛ کۆماری ئیسلامی بە باشی دەزانێ کە گەورەترین مەترسی بۆ ڕێژیمەکەیان حوزووری بیری ئازادیخوازانە و مافویستانەیە کە لەم نێوانەدا حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پێشەنگن؛ ئەوان دەزانن تەنیا شتێک کە ڕۆژهەڵات زیندوو دەکاتەوە ئەو مانیفێستە فکرییەیە کە کەسانێکی وەک شەهید د.قاسملوو داڕێژەری بوون؛ بۆیە دەتوانین بڵێین کۆماری ئیسلامی بۆ وەڵامی کێشەکانی زووتر لە هەموو شتێک پەنا بۆ تیرۆریزم دەبات. تیرۆریست بوون و تیرۆر بەشێکە لە کارەکتەری ئەم ڕێژیمە؛ لە مێژووی دونیادا بێوێنەیە کە دیپلۆماتی وڵاتێک هاوکات تیرۆریست بێت، بەڵام بۆ کۆماری ئیسلامی ئەمە بەشێکە لە شوناس و پێناسەی ئەم ڕێژیمە و ئەلحەقیش کە بۆ پاراستنی ئەم هۆڤییەت و شوناسەی خۆی لە هیج کردەوەیەکی قیزەون و نامرۆڤانە درێغی نەکردووە.

تیرۆریستبوون یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە بەرچاو و زاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕیژیمەکانی پێش ئەم ڕێژیمەش بووە لەم سەرزەمینەدا. یەکێک لە گرینگترین ئێلێمانەکانی کاراکتێری کۆماری ئیسلامی و تەنانەت حکوومەتەکانی پێش ئەویش لە ئێراندا تیروریزمە. تیرۆری سمایل ئاغای سمکۆ نموونەیەکی بەرچاوی ئەو تیرۆرانەیە کە پێش ئەم ڕێژیمەش ڕووی داوە و دەرخەری ئەوەیە دەسەڵاتی سیاسیی لە تاران لەسەر تیرۆر، درۆ و تاوان بنیات نراوە. ئەوەی کە هەموو ئەو ڕێژیمە سیاسییانەی کە لە ئێران سەر هەڵ دەدەن دەتوانن ڕێبەرانی کورد بانگهێشت بکەن بۆ سەر مێزی وتووێژ و تیرۆریان بکەن دەرخەری ئەوەیە کە تا چ ڕادەیەک بنەما ئەخلاقییەکانی ئەو کەلتوورە داڕووخاون.

تیرۆری دوو ئەندامی حیزب لە باشووری کوردستان بەدەستی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەویش ڕاست لە مانگی پووشپەڕدا کە حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان تیایدا ٣٤ ساڵ پێش ئێستا لێوەشاوەترین ڕێبەری خۆی لەدەست‌ دا، مانا و مەفهوومی خۆی هەیە. یەکەم ئەوەیکە ئەم ڕێژیمە کە ٣٤ ساڵ پێش و لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی‌دا دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملووی لەسەر مێزی وتووێژ تێرۆر کرد، تا ئێستاش لەم کردەوە قیزەونانەی هەروا بەردەوامە و وەک باس کرا بەشێکە لە پێناسە و هۆڤییەتی هەمیشەیی خۆی، دووهەم ئەوەیکە حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی ئەم حیزبە بۆ دەزگای تێرۆری کۆماری ئیسلامی هەمیشە هەدەف و ئامانجن و دوژمنایەتیی ئەم ڕێژیمە لەگەڵ ڕیبەرایەتیی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی کوردستان، واتە حیزبی دێموکرات وا دیارە لەبڕاننەهاتوویە.

ڕاستە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەم کارانەی دەتوانێ گیانی چەند تێکۆشەرێکی کورد بستینێ و شەهیدیان بکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە ڕق و تووڕەیی خەڵکی کوردستان لەم ڕێژیمە – بە هۆی ئەم کردەوە ترسەنۆکانەی بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە – گیانێکی خەباتکارانەی دیکەی بەهێز و لێبڕاو بە خەڵک و تێکڕای تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیی کورد و کوردستان دەبەخشێ و ڕێگای هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان ئاوەدانتر و باوەڕمەندتر لە هەمیشە بەردەوام دەبێت.