کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و ڕەهەندی خەباتی پێشمەرگانە

09:47 - 23 گەلاوێژ 2723

حیزبی دێموکرات و ڕەهەندی خەباتی پێشمەرگانە
 
سمایل شەرەفی
حیزبی دێموکراتی کوردستان کە دامەزرێنەری دامەزراوەیەکی مودێڕنی خۆبەڕێوەبەری لەسەر دوو بنەمای "کۆماری" و "دێموکراتیک" بە ناوی "کۆماری کوردستان"ە، ئەساسی بەرنامە و تێڕوانینی، کارکردن بۆ کەسایەتیی‌بەخشین بە ئینسانی چەوساوەی کورد و نیشتمانە خاپوور و داگیرکراوەکەی بووە. کە لە یەکەم هەنگاوی دوای دامەزرانی‌دا "کۆماری کوردستان" وەک قەوارەیەکی سیاسی دادەمەزرێنێ، دەیهەوێ لەم ڕێگایەوە کۆمەڵی کوردەواری هەست بە "بوون" و "کەسایەتی"ی خۆی بکات و باوەڕ بەو حەقیقەتە بێنێ هیچی لەو نەتەوانەی کە دەوڵەت و کیانی خۆیانیان هەیە، کەمتر نییە.
 کورد بۆ دەرخستن و نیشاندانی ئەم بوون و کەسایەتییە، پێویستی بە ڕەمز و سەمبولێکی دیکە هەبوو، بۆیە پێشەوای کورد و حیزبی دێموکرات و سەرۆککۆماری کوردستان، قازی محەممەد بڕیاری دانان و هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان دەر دەکات کە لە چەند شار و شارۆکەیەکی ئەوکاتی ژێر دەسەڵاتی کۆماری بە ئامادەبوونی جەماوەری خەڵک ڕێوڕەسمی تایبەتی بەم بۆنەوە بەڕێوە دەچێ.
پرسی پاراستنی ئەم دەسکەوتانە و پارێزگاری لەم بوون و کەسایەتیی کورد و نیشتمانەکەی کە بە درێژایی مێژوو هێرشی کرابووە سەر و پەلامار درابوو، بۆ حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان و پێشەوای کوردان گرینگ و جێی تێڕامان و بیرکردنەوە بووە. بۆیە بڕیار لەسەر پێکهێنانی سوپای میللیی کوردستان کە دواتر بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ناسێندرا، درا. کەوایە فەلسەفەی دامەزرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، پاراستن و پارێزگاری لە مان و مەوجوودییەتی کورد و نیشتمانەکەی بووە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە درێژایی تەمەنی خۆی لەسەر ئەم تێفکرین و پێناسەیە، لە ئەرک و وەزیفەی "هێزی پێشمەرگەی کوردستان"ی ڕوانیوە. 
ئەم حیزبە کە هەر دوای چەند مانگ لە دامەزرانی، شانازیی ئەوەی پێبڕا کۆماری کوردستان دامەزرێنێ و، لە کاتێک‌دا بە بێ ئەوەی چاوی بڕیبێتە سەر خاک و نیشتمانی خەڵکی دیکە، سەرقاڵی بنیاتنانی پرۆسەی نەتەوەسازی و ڕێخستنی دامەزراوە مەدەنییەکانی تایبەت بە لاوان، ژنان، منداڵان، قوتابییان و ڕۆشنبیران بوو و چەندین جار بۆ لێکتێگەیشتن و چارەسەری کێشەکان بە دیالۆگ سەردانی تاران کرابوو، لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی پاشایەتییەوە پەلاماری درا. لە وەها دۆخێک‌دا کە شەڕ بەسەر کۆماری کوردستان‌دا سەپێندرابوو، کابینەی وەزیرانی کۆمار، وەزیری بەرگریی، محەممەد حوسێن خانی سەیفی قازیی ڕاسپارد کە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان و بەرپەرچدانەوەی هێرش و پەلاماری دوژمن، سوپای مللیی کوردستان بجووڵێنێ.
دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیش، هەموو هەوڵێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و شەخسی شەهید دوکتور قاسملوو، وەک سکرتێری گشتیی حیزب و وتەبێژی هەیئەتی کوردستان بۆ دانووستان لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتوو، ئەوە بوو کە وتووێژ و دیالۆگ تەنیا ڕێگا چارەسەری کیشەکان بێت. د. قاسملوو کە لێکەوتەکانی دوورکەوتنەوە لە مەنتقی دیالۆگ و کەوتنەوەی شەڕ و تێکهەڵچوونی بە باشی دەرک کردبوو، دەیگوت؛ "ئەگەر ڕۆژێک ئەم شەڕە دوا بکەوێ، ئێمە ڕۆژانێکی زۆر قازانج دەکەین". 
بەڵام کاتێک کە فەرمانی جیهاد ڕاگەیاندرا و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هێرشیان هێنایە سەر کوردستان و بزووتنەوەی کوردستان شەڕێکی چەندین ساڵەی بەسەردا سەپێندرا، حیزبی دێموکرات داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە بە هەموو شێوەیەک بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕش، پشتیوان و یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بن و ناچار بە پەنابردنەبەر  خەباتی چەکداری بوو.
لە کاتێک‌دا کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەیەی شەستی هەتاوی‌دا لە بەرگری و بەرەنگاری‌دا بوو و ڕۆژ نەبوو لەپێناو پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان‌دا حەماسەی قارەمانانە تۆمار نەکات، دیسان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە باوەڕەوە، پێداگریی لەسەر ڕێگای دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد دەکرد. ئەوە بوو کە هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی خەبات و بەرگریی پێشمەرگانەی هێزەکانی پێشمەرگە، سکرتێری ئەم حیزبە، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە وییەنی پێتەختی وڵاتی ئوتریش لەگەڵ نێردراوانی تاران‌ کە دواتر بە تێرۆریست و پیاوکوژ دەرچوون و ناوبراویان تێرۆریان کرد، لەسەر چارەسەری ئاشتیخوازانەی پرسی کورد کەوتە دیالۆگ و وتووێژەوە.
لە ڕوانگە و تێفکرینی حیزبی دێموکراتەوە، "خەباتی چەکداری" یان "خەباتی پێشمەرگانە" کە لە چوارچێوەی مەفهوومەکانی "مافی خۆ پاراستن" و "مافی بەرگری لەخۆ"وە سەرچاوە دەگرێ، مافێکی ڕەوا و مەشرووعە. بەو مانایە کە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان - وەک بزووتنەوەیەکی مافخوازانە - لەپێناو دەستەبەرکردنی ئەو ماف و ئازادییانەی کە بەزۆر و چەوساندنەوە لێی زەوت کراوە، مافی خۆپاراستن لە پیلان و پەلاماری دوژمن و بەرگری لە خاک و کەرامەتی خۆی هەیە.

حیزبی دێموکرات کە لە هەلومەرجێکی تایبەتی جیهانی، ناوچەیی و خۆماڵی‌دا و لەشار دامەزراوە و ڕێبەرانێکی خاوەن تێفکرین و بیرمەندی وەک پێشەوا قازی محەممەد، دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندیی هەبووە و خاوەنی بەرنامەیەکی سیاسیی مودێڕن و تەشکیلاتێکی بەرینی جەماوەریی پشت ئەستوور بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، بۆ کەڵکوەرگرتن لە ڕەهەندی خەباتی پێشمەرگانە، تێفکرین و جیهانبینیی خۆی هەیە. 
لەم پێوەندییەدا ڕێبەرایەتیی ئەم حیزبە، لەگەڵ باوەڕ بە ئازایەتی و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە پێی هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی سیاسی و تێگەیشتن لە پیلان و پلانەکانی دوژمن و شوێنەواری ئەم شێوازە لە خەبات، لەسەر خەباتی جەماوەریی خەڵک لەسەر شەقامەکانی کوردستان، بڕیاری لەسەر ئەم ڕەهەندە لە خەبات داوە و دەدات.
هەر وەک چۆن سپای مللیی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دەسکەوتەکانی دیکەی حیزب و کۆماری کوردستان، بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جێی شانازین، خەبات و فیداکاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قۆناغە جیاجیاکانی بزووتنەوەی کوردستان‌دا، بەشێکی دانەبڕا و حاشاهەڵنەگر لە مێژووی ئەم حیزبەن.