کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆدەکانی فاشیزم

01:27 - 26 گەلاوێژ 2723

کەریم پەرویزی

ڤیدیۆیەکی کۆن، لە جیهانی میدیادا بڵاو بۆتەوە کە لەودا موحەممەد عەلی ڕەجایی، سەرۆککۆماری ئەوکاتی ڕێژیمی ئیسلامیی تاران، لە بەردەم ئایەتوڵڵا مەرعەشیدا ئەژنۆی داداوە و خەریکە وانەکانی ئیدارەکردنی وڵاتی لێ وەردەگرێ.

ئایەتوڵڵا مەرعەشی یەکێک لە مەرجەعە بەناوبانگەکانی شیعەیە و مامۆستای زۆربەی ئایەتوڵڵاکانی نێو ڕێژیمی ئیسلامی وەکوو ئایەتوڵڵا موتەهەری و ئایەتوڵڵا موفەتێح و ئایەتوڵڵا بەهەشتی و ... ئەوانە بووە، لە ڕاستیدا لە سیستمی ویلایەتی فەقیهیدا کۆڵەکەیەکی ئەو ڕێژیمە بووە.

مەرعەشی لەم ڤیدیۆیەدا چەند ڕستەیەک بە کورتی بە ڕەجایی دەڵێ کە بناخەی بیرکردنەوە و سیاسەتی کۆلۆنیالیستی و فاشیستیی ڕێژیمی حاکم لە تاران بەنیسبەت کوردستان و کوردەوە بە ڕوونی باس دەکا.

ئەم چەند ڕستە کورتە، دەرخەری سیاسەتی زیاتر لە یەک سەدەی ڕێژیمی تارانە بەرامبەر بە کورد.

بۆیە دەڵێین زیاتر لە یەک سەدە، چونکە ڕێژیمی پاڵەویش هەرهەمان سیاسەتی بەڕێوە دەبرد و لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی میراتگری تاوانەکانی پاڵەوی بەنیسبەت کوردستانەوە بووە و درێژەی هەمان سیاسەت پێڕەوی دەکا.

لە ڕستەی یەکەمیدا، ئایەتوڵڵا مەرعەشی دەڵی کە لە لایەکەوە خەلیجمان هەیە و لە لایەکەوە کوردستان!

لەم ڕستەیەدا کرۆکی ڕوانینی ڕێژیمی تاران بەنیسبەت کوردستانەوە نیشان دەدا کە چۆی لێن دەڕوانێ.

لێرەدا باس لەوە ناکرێ کە کوردستانیش وەکوو پارێزگاکان و ناوچەکانی دیکە بەشێکە لە ئێران یان خاکی خۆمانە و خەڵکی خۆمانە! لێرەدا دەڵێ لە لایەکەوە خەلیجمان هەیە و لە لایەکەوە کوردستان!

لە ڕاستیدا ئەم ڕێژیمە و هەروەها ڕێژیمی پێشتریش، ڕوانینیان بۆ کوردستان ڕێک بەم شێوەیە بووە کە وەکوو شوێنێکی غەیرە  و بێگانە چاویان لێ کردووە کە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسییە بۆیان.

لەم ڕستەیەدا ئایەتوڵڵا مەرعەشی کاتێک دەڵێ لە لایەکەوە خەلیجمان هەیە و لەلایەکەوە کوردستان، ئاماژە بە مەترسییەکان و هەڕەشەکانی سەر ڕێژیمەکە دەکا کە لەو کاتەدا بەتایبەتی لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا، خەلیج وەکوو دەروازەیەکی هرووژمی جیهانی عەرەبی و بەقەولی خومەینی، نۆکەرانی ئیمپریالیزم چاویان لێ دەکرد و کوردستانیش هاوتای دەروازەی هرووژمی عەربەکانی سەر بە ئیمپریالیزم، بە نوێنگەی مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵات و ڕێژیمەکەیان دەزانی.

کاتێک ئەو دۆخە و دروشمە سیاسییەکانی ئەو سەردەمەی سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهی وەرد دەدەینەوە، باشتر لە مانای ئەم ڕستەیەی مەرعەشی تێدەگەین کە کاتێک دەڵێ لە لایەکەوە کوردستانمان هەیە، لە ڕاستیدا دەڵی کە کوردستان سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسییە بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامی و ویلایەتیی فەقیهی! و هەمان ڕوانینە ئەمنییەتییەکەیە کە ڕێژیمی تاران بە نیسبەت کوردستانەوە هەیەتی.

لە ڕاستیدا ڕێژیمی تاران، کوردستان وەکوو ناوچەیەکی بێگانە بەنیسبەت خۆیەوە دەبینی، هەر بۆیە هەست بە مەترسیش دەکا و بەردەوام وەکو سەرچاوەی هەڕەشە و کۆتایهێنەر بە ڕێژیمەکەی، لە کوردستان و کورد دەڕوانێ!

پرسێکی دیکە کە لە ڕستەکانی ئایەتوڵڵا مەرعەشیدا خۆی بە زەقی دەردەخا ئەوەیە کە دەڵێ کوردەکان لە چوار وڵاتی ئێران و تورکیە و سووریە و عێراق هەن و هەموویان خێڵی جیاوازن بەڵام خزمن و پێوەندیی خێڵەکی و خزمایەتییان پێکەوە هەیە!

ئەمە پێناسەیەکی سەد ساڵەی فاشیستی و کۆلۆنیاڵیستییە کە لە ڕەزاخانی میرپەنجەوە تاکوو ئێرانشەهرییەکانی ئێستاش تەنانەت لەنێو هەندێ لە ئوپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئیسلامیشدا برەوی هەیە و پێڕەویی دەکەن.

ئەوان بە ڕوونی دەزانن کە کورد نەتەوەیەکە کە لەژێر دەستی دەسەڵاتداران و حاکمانی چوار وڵاتی  ئێران و سووریە و تورکیە و عێراقدا هەیە، بەڵام ئینکاری نەتەوەبوونی دەکەن! بۆ ئەوەیش خۆیان لە نەتەوەبوونی دەرباز بکەن دەڵێن خێڵ و تایفەی جیاوازن کە لە چوار وڵاتەکەدا هەن، بەڵام بۆ پاساوی ناسنامەی هاوبەشی ئەم خێڵە جیاوازانە دەڵێن کە ئەمانە پێکەوە خزمایەتییان هەیە!

وەک بڵێی هەندێ خزم و خێڵ، لە ڕووداوی مێژووی یان سروشتیدا، ڕەنگە بە هۆی لافاو یان بوومەلەرزەوە لێک هەڵبڕابێتن و بە ڕێکەوت هەرکامەیان کەوتبێتنە وڵاتێکەوە!

ئایەتوڵڵا مەرعەشی وەکوو نوێنەری فاشیزم و کۆلۆنیالیزمی یەک سەدەیی لە ئێراندا، بە ڕوونی دەزانێ کە کورد یەک نەتەوەیە و کوردستان دابەش کراوە بە سەر چوار حکوومەتدا، بەڵام خۆ لە نەزانی دەدەن و بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد، پەنا دەبەنە بەر سووکایەتی و سووککردن و بە خزمی دابڕاو لەیەک ناویان دەبەن تاکوو هیچ جۆرە مافێکی سیاسییان بۆ ڕەچاو نەکەن.

لایەنی دیکە ئەم ڕستەیە دەرخەری ئەوەیە کە بەپێچەوانەی هەندێ خۆفریودەر کە پێیان وایە دەسەڵاتدارانی تاران نازانن کورد چۆنە و دەیانەوێ لە ڕێگەی بەقەول مەدەنی و ئسیڵاحتەڵەبانەوە دەسەڵاتداران تێ بگەیەنن کە کورد چییە! بەڵام ئایەتوڵڵا مەرعەشیی زمانحاڵی سیستمی کۆلۆنیاڵیستی دەڵێ کە کوردستان مەترسییە بۆ سەریان و کوردیش لە چوار وڵات هەیە، یانی بە ڕوونی لە پرسی کورد دەگەن، بەڵام بەپێی بەرنامە و پلانی خۆیان لەگەڵی هەڵسوکەوت دەکەن.

پلانەکەیان چییە؟ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئایەتوڵڵا مەرعەشی باسی بەرنامە و پلانەکەشیان دەکا و ڕێگاکە بە ڕەجایی نیشان دەدا و دەڵێ کە چی بکەن.

مەرعەشی دەڵێ کە ئەمانە چونکە لە چوار وڵات هەن و هەمووشیان پێکەوە خزم و خێڵن! بۆیە بە هەستیارییەوە لەگەڵیان بجووڵنەوە و لەگەڵیان بە نەرمی بجووڵنەوە! بەڵام لە هەمانکاتدا چریک پەروەردە بکەن، بۆ بەشە دژوارەکانیان لە شاخەکاندا بە چریک بەرەوڕوویان ببنەوە!

ئەمە سیاسەتی کردەیی زیاتر لە یەک سەدەی دەسەڵاتدارانی فاشیستیی تاران بووە و تا ئێستاش درێژەی هەیە!

مەرعەشی دەڵی کە لەگەڵیان بە هەستیارییەوە بجووڵنەوە!

بۆچی بە هەستیارییەوە؟ نەک لەبەر ئەوەی کە نەتەوەیەکن و مافیان هەیە و مافیان بدرێ! بەڵکوو لەبەر ئەوەی لە چوار وڵات هەن و هەموویان خزمن! واتە لەبەر مەترسیی ئەوەی کە لە چوار وڵات هەن، لەگەڵیان بە هەستیاری بجووڵن!

لە ڕاستیدا ئەم زمانحاڵەی فاشیزم لە ئێراندا دەزانێ کە هەستی نەتەوەیی کوردەکان لە بەشە جیاواز و لێککراوەکانی کوردستاندا دەبێتە هۆی پاڵپشتی و هاوپشتیی کوردەکان لە یەکدی و بۆ ئەوەی دژکردەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی بەدوادا نەیە و هەستی نەتەوەیی کوردەکان بە دژی ڕێژیمی ئێران هەڵنەخڕێندرێ، باشترە بە هەستیارییەوە بجووڵنەوە!

بەشێكی دیکەی سیاسەتی کردەیی ڕێژیم لێرەدا ئەوەیە کە دەڵێ بە نەرمی بجووڵنەوە تا ئاکام بگرن! ناڵێ کە خەڵکێکن و گەر نەتەوەش نەبن خۆ هەر مرۆڤن و تەنانەت بەپێی یاسای ئیسلامیش هەندێ مافیان هەیە و مافە ئیسلامییەکانیان بدەن! بەڵکوو دەڵێ بە نەرمی بجووڵنەوە تاکوو نەتیجە بگرن! نەتیجەکە چییە؟ ئاکام یان نەتیجەکە بریتییە لە دوورخستنەوەی مەترسی و هەڕەشە ئەمنییەتییەکان لەسەر ڕێژیم، چونکە لە سەرەتادا دەڵێ و ڕوانگەی ڕێژیمی تارانیش ئەوەیە کە کوردستان مەترسییە و هەڕەشەیەکی ئەمنییەتییە. بۆیە دەڵێ بۆ دوورخستنەوەی ئەو مەترسییە ئەمنییەتییە یان لە ڕاستیدا بۆ پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەی کوردستان لەسەر ڕێژیم، باشترە لەگەڵیان بە نەرمی بجووڵنەوە!

سیاسەتی ڕەهەندی نەرمی ڕێژیمی تاران چ لە دەورانی پاڵەوی و چ لە دەورانی ویلایەتی فەقیهیدا، تەنیا و تەنیا بۆ پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەی کوردستان یان بە زمانی دیکە بۆ تواندنەوەی کورد لەنێو سیستمی فاشیستیی حاکمدا بووە و نەتیجەی دڵخوازی مەرعەشی و سیستمەکە، بریتییە لە سڕینەوەی ناسنامەی کورد و سڕینەەوەی سەرچاوەی مەترسی لەسەر نیزامەکەیان و تواندنەوەیان لەنێو سیستمی ناوەندیدا.

لە کۆتاییشدا دەڵێ کە لە شوێنە دژوارەکان "چریک" پەروەردە بکەن و بە چریک بەرەوڕوویان ببنەوە!

سیاسەتی چریکیش کە مەرعەشی باسی دەکا، لە دەورانی حەمەڕەزاشای پاڵەویدا داهێنرابوو کە هەندێ کوردی سەر بە ڕێژیمی تارانیان بار دەهێنا و چەکداریان دەکرد و ناوی چریکیان لێ دەنا و لە کوردستاندا بە دژی کوردیاندا دەکردەوە تاکوو بە دەستی هێزی چەکداری سەر بە ڕێژیمی تاران، کوردستان داگیر و کورد سەرکوت بکرێ!

ناوی چریکیش لەوێوە هاتبوو کە ڕێژیمی پاشایەتی ڕقی لە چریکەکانی فیدایی خەڵک دەبوویەوە و سیاسەتی هەمیشەیی کۆلۆنیالیزم و ئیرانشەهری بریتی بووە لە داگیرکردنی ناو و ناسنامەکان و لە نێوەڕۆک بەتاڵکردنەوەیان و بە مەبەستی تایبەتی خۆیان بەکارهێنانیان! لەو سەردەمەشدا چونکە ڕێکخراوی چریکەکانی فیدایی خۆشنێو بوون و خەڵک باسیان دەکردن، حەمەڕەزاشای پاڵەوی بۆ ئەوەی ناوی چریکیان لێ بستێنێ، ناوی چەکدارە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمەکەی نا "چریک!"

ئایەتوڵڵا مەرعەشی و لە ڕاستیدا ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهیش کە میراتگری ڕێژیمی پاشایەتی بوو، ئەو سیاسەتەی پاڵەویی پێ زۆر گونجاو بوو و هەر بۆیەش ناوی چریکیان لێ دەبا، لە کاتێکدا ئەوکات ڕێژیمی خومەینی بەوانەی دەگوت پێشمەرگە موسوڵمان و خەڵکی کوردیش ناوی دیکەیان لێ نابوون!

بەکورتی، ڕێژیمی تاران وێڕای بە ئەمنییەتی چاولێکردن لە کوردستان و وێڕای ڕوانگەی کۆلۆنیالیستی و سڕینەوە بەنیسبەت کوردەوە، لەپێناوی سڕینەوەی کورددا و بۆ بەئاکامگەیشتنی ڕێژیم، یان لە ڕاستیدا بۆ بەردەوامیی ڕێژیم و پاراستنی لە ڕووخان و هەرەسهێنان،  سیاسەتی نەرمەبڕی بەنیسبەت کوردەوە پێڕەو کردووە تاکوو، لەنێو ناسنامەی دەسکرد و چەواشکراوی تاراندا بیتوێنێتەوە و پوووچەڵی بکاتەوە و لە نێوەڕۆک بەتاڵی بکاتەوە و  لە شوێنە دژوارەکانیش واتە لە ڕەهەندی ڕەق و قورسدا، پەنای بردووەتە بەر بەکرێگیراوەکان چونکە ویستوویە شەڕی کورد بە کورد بکا!

سیاسەتی کوردستانیی دروست بەرامبەر بەو پیلانەی ڕێژیمی تاران بریتییە لە پێداگری لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی، ستراتژیی هاوپشتیی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان، خەباتی جەماوەری لەپێناوی گەیشتن بە مافی نەتەوەیی نەک هەرزانفرۆشکردنی مافەکان، هەروەها پڕڕەنگکردنەوەی هێڵی خەبات و ناسنامەی پێشمەرگایەتی بەرامبەر بە هروژمی سیاسی و فیکریی فاشیزم.

 

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین