کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٨ ساڵ خەبات لەپێناو یەکسانی و پرسی نەتەوەییدا

00:50 - 1 خەرمانان 2723

ئاسۆ مینبەری

٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ ٧٨ ساڵ بە سەر دامەزرانی حیزبی دێموکرات تێپەڕی. حیزبێکی پێشەنگ کە بەدرێژایی ساڵانی خەباتی خۆی، هاوکات لەگەڵ ئەوەی لەپێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکۆشاوە، هیچ‌کات لە پرسەکانی دیکەی کۆمەڵگەش خافڵ نەبووە و گرینگیی تایبەتی پێ داون.

حیزبی دێموکرات وەک ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ٧٨ ساڵی ڕابردوودا بە زۆر قۆناغی جیاواز و هەستیاردا تێپەڕیوە، وەکوو حیزبێکی پێشڕەو، هەوراز و نشێوی زۆری بینیوە بەڵام، هیچکات کۆڵی نەداوە. ئەم کۆڵنەدانە لە ڕاستیدا تەنیا بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی توێژێکی تایبەتی کۆمەڵگەی کوردستان نەبووە، لێرەدایە کە ڕۆڵی ژن لە چوارچێوەی حیزبی دێموکراتدا بەرجەستە دەکرێتەوە.

حیزبی دێموکرات لە ماوەی ٧٨ ساڵی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ ئەوەی وەکوو حیزبێکی نەتەوەیی کاری بۆ دابینکردنی مافی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کردووە، پەرژاوەتە سەر هەندێک بابەت و پرسی دیکەش کە گرینگیدان بەو پرس و بابەتانە هیچیان کەمتر لە ئامانجە سەرەکییەکەی ئەم حیزبە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کورد نەبووە و نییە.

لە ڕاستیدا حیزبی دێموکرات هیچکات لە پرسەکانی ژنان خافڵ نەبووە و لە هەر بڕگەیەک لە مێژووی خەباتی خۆیدا هەوڵی داوە بە باشترین شێوە هاوکات لەگەڵ پێناسەکردنی ئەرک و مافی ژنان، پرسە پێوەندیدارەکان بەم توێژە هاوتەریب لەگەڵ تێکۆشان لە ڕاستای بەدەستهێنانی مافی نەتەوەییدا بە ئاکام بگەیەنێ.

زۆر جار بینیومانە ئەم ڕەخنەیە بەرەوڕووی حیزبی دێموکرات بۆتەوە کە پرسەکانی تایبەت بە ژنان ڕەوتێکی جیهانی دەپێون و هاوتەریبکردنی ئەم پرسانە لەگەڵ پرسگەلی نەتەوەیی بە مانای گرینگیدان بە ناسیۆنالیزم و زاڵکردنی بە سەر فێمێنیزم‌دایە، بەڵام لەڕاستیدا حیزبی دێموکرات لە ماوەی تێکۆشانی خۆیدا هەوڵی داوە بە پێناسەکردنی ژنان وەکوو بەشێک لە دانیشتووانی ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی جوغرافیای خەباتی خۆی، ئەرکداریان بکات بەوەی وەکوو ژنەکورد داوای مافەکانیان بکەن. بە مانای دیکە حیزبی دێموکرات ژنان وەک بەشێکی جیانەکراو لە کۆمەڵگە دەزانێت و بە جیانەکردنیان لە پرسە نەتەوەییەکان، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ئەرکێکی قورسی نەتەوەیی دەخاتە سەر شانیان، زیاتریش ئەرکداریان دەکات بەوەی خەبات بۆ توێژەکەی خۆیان بکەن و لەم پێناوەشدا خودی حیزبی دێموکرات یارمەتیدەرێکی باش بۆ ژنان بووە و بە ڕەخساندنی دەرفەت و دابینکردنی ئیمکاناتی پێویست هەوڵی داوە وەکوو ڕێکخراوێکی بەپرەنسیپ و بەرپرس لە بەرانبەر تاکەکانیدا، پرسەکانی ژنان بکاتە ڕۆژەڤ و کاریان لەسەر بکات. ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، ئەگەر ئێمە وەکوو نەتەوە ئازاد بین و کیانێکی سەربەخۆمان هەبێ، بێگومان وەکوو ژنیش ئەتوانین ئازاد بژین و ئازاد بیر بکەینەوە!

حیزبی دێموکرات بە مەبەستی زیاتر گرینگیدان بە توێژی ژنان و هەوڵدان بۆ پێگەیاندن و بەشداری پێکردنیان لە کایە سیاسییەکاندا، هەوڵی داوە بەکردەوە ژنان بێنێتە نێو بازنەی سیاسەتەوە و کەڵک لە توانایی و لێهاتووییەکانیان وەربگرێت، هەربۆیە بەڕاشکاویش لە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆیی خۆیدا باس لەوە دەکات لەپێناو یەکسانیی کۆمەڵایەتی و لابردنی هەڵاواردنە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییەکان کە بە دژی ژنان دەکرێت خەبات دەکات؛ ئاماژە بە کەرامەتی مرۆیی دەکات و باس لەوە دەکات کە دەبێ ستەمی جنسی کۆتایی پێ بێت، هەربۆیە دەبێ دان بەو ستەمەدا بنرێت کە بەرانبەر بە ژنان دەکرێت و کەرامەتی مرۆیی ژنانی پێ زەوت دەکرێت.

حیزبی دێموکرات بۆ پاراستنی ئەم کەرامەتە بەکردەوە هەوڵی داوە، هیچ‌کات نەیویستووە کە ژنان وەکوو ئامراز بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی بەکار بێنێ، هیچکات وەکوو کاڵایەکی دنیای سەرمایەداری چاوی لێ نەکردوون، هیچکات هەوڵی نەداوە کە ژنان بکاتە کەرەستەیەک بۆ ڕاکێشانی خەڵک یان ئەوەی کە بە پێناسەیەکی هەڵە لە ژنبوونی خۆیان بیانتۆرێنێ، حیزبی دێموکرات بەڕاشکاوی دەڵێت کە ژن بەشێک لە پێکهاتەی کۆمەڵگەیە کە بە ڕەنگ و بۆنی خۆیەوە دەتوانێ کاریگەر بێت، هیچکات هیچ ژنێک لە ژن‌بوون، لە هاوسەربوون و لە دایک‌بوون مەنع ناکات و هاوکات لەگەڵ ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی دەرفەتی پێ دەدا تاکوو ئەرکی دیکەش لەئەستۆ بگرێت چونکە بە دڵنیاییەوە پەروەردەی بەرەی داهاتوو زیاتر لە هەر کەسێک دەکەوێتە سەر شانی دایک و دایکێکی شۆڕشگێڕ دەتوانێ نەوەی داهاتوو شۆڕشگێر بار بێنێت.

خەباتی ژنان خەبات دژ بە کۆنەپەرەستی و دواکەوتووییە، خەبات دژ بە نەخوێندەواری و نەزانینە، خەبات دژ بە بیرۆکەی پیاوسالاری و ژێردەستەبوونی ڕەگەزییە، خەبات دژ بە داگیرکاری و هەڵاواردن و بەلاواز پێناسەکردنە، هەر لەم پێناوەشدا، حیزبی دێموکرات توانیویەتی سەنگەرێکی باش بۆ ژنان بە مەبەستی درێژەپێدانی خەباتەکەیان بێت و بەستێنی گونجاویان بۆ بخوڵقێنێ. لە بەرانبەر ئەو دەرفەتەدا کە حیزبی دێموکرات خوڵقاندوویەتی، ژنانیش لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی و نیزامییەوە هەوڵیان داوە، خۆیان پێ بگەیەنن و لە مەیدانی کردەودا ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕن. لە ماوەی ٧٨ ساڵی ڕابردوودا، ژنان چ وەکوو پێشمەرگە و بە تێکۆشانی ئاشکرا، چ وەکوو ئەندامی نهێنیی لە نێوخۆ و چ لە تاراوگە، توانیویانە بە کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتە جیاوازەکان، ئەرکی نەتەوەیی خۆیان لەم حیزبەدا بەجێ بگەیەنن.

گرینگترین خاڵ، بەشداریی کارای ژنان لە چوارچێوەی ئەم حیزبەدایە کە بەخۆشییەوە هاوکات لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، ئەم بەشداریکردنە ڕووی لە زیادبوونە و ژنان لەم حیزبەدا پێگەی تایبەتی خۆیان هەیە، کە ئەمە دەتوانێ لەسەر داهاتووی حیزبەکە و هاوکات پرسە پێوەندیدارەکان بە ژنانیش، کاریگەریی هەبێ.