کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: بۆ نەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێکهێنانی ئێرانێکی دێـموکراتیک دەبێ تەنیا پشت بە هێزی خۆمان ببەستین

22:31 - 4 خەرمانان 2723

دیمانە: شەماڵ تەرغیبی

ئاماژە: کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تازەترین دیمانەی لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی "کوردکاناڵ"دا، تیشکی خستووەتە سەر جێگەوپێگەی حیزبی دێموکرات لە هاوکێشە نێوخۆییەکانی کوردستان، ئێران و جیهاندا. پرسی کاریگەریی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات، فازی نوێی بەربەرەکانیی حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و، دوورەدیمەنی گۆڕانکارییەکان لە ئێران لە بەرەبەری ساڵیادی ژینا چەند تەوەرێکی دیکەی ئەم دیمانەیە بوون. "کوردستان‌میدیا" پوختەی ئەم وتووێژەی بۆ خوێنەرانی گواستووەتەوە.

پێگەی حیزبی دێموکرات لە ٧٨ ساڵەی تەمەنیدا
کاتێک ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ مێژوو، چالاکی و سەرکەوتن و سەرنەکەوتنەکانی حیزبێک دەکەین، لە پێش هەموو شتێکدا پێویستە ئەو هەلومەرجەی ئەو حیزبە تێدا بووە، هەڵسەنگێنین و قەزاوەتەکەمان بەو پێیە بێت. لە پێوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، ڕاستە حیزبەکەمان ئەم ڕۆژانە ٧٨ مین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی جێژن گرتووە، بەڵام لەو ٧٨ ساڵە زیاتر لە ٧٠ ساڵی ڕێبەرایەتییەکەی بەهۆی زەبروزەنگی ڕێژیم و بەبیانوی ئەوەی حیزبی دێموکرات حیزبێکی نایاساییە، ڕێبەرایەتییەکەی لە دەرەوەی وڵات بووە. لە نێوخۆش خەڵکەکەی لەگەڵ توندترین زەبروزەنگ و داپڵۆسین و زیندان و ئێعدام و ئەشکەنجە ڕووبەڕوو بوونەتەوە. لەو هەلومەرجەدا بەشێکی زۆر لە ئەندامانی حیزب لە زیندانەکاندا ئێعدام کراون، ئەموال و دارییان دەستی بەسەردا گیراوە، ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ هەندەران، ئەوە باردۆخێک بووە کە ئەو حیزبە تێیدا بووە. بەڵام لەگەڵ هەمووی ئەوانەدا ئەمن پێم‌وایە بەپێی ئەو ڕابردووە تاڵە، حیزبی دێموکرات حیزبێکی سەرکەوتووە، بەو حاڵەشەوە لە هەلومەرجی ئێستادا یەکەم حیزبی بەهێز و بەتوانایە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و قسەی یەکەم دەکا. حیزبێکە کە توانا و هێز و گڕووتینی خۆی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وەردەگرێ. لە هەموو ئەو ماوەیەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەر ڕێبازی ڕاستەقینەی خۆی و ویست و داخوازی خەڵکەکەیەتی لەپێناو وەدەست‌هێنانی مافی نەتەوایەتیی کورد لە ئێران تێکۆشاوە و خەباتی کردووە. هیچ کات لەو ماوە دووردرێژەدا، لەو ڕێبازە ئەسڵییەی لای نەداوە. بێگومان ئەوەش یەکێک لەو هۆکارانەیە کە خەڵک پشتیوانییان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردووە.
حیزبی دێموکرات لەگەڵ هەموو ئەو نسکۆیانە وەکوو دابڕانەکان و تێرۆرەکان توانیویەتی سەربەرز هەستێتەوە و خەبات و تێکۆشانی خۆی درێژە بدا. ئەوە دەتوانم بڵێم هەڵسەنگاندنێکی کورتە بۆ ڕابردووی حیزبی دێموکرات کە جێگای شانازییە بۆ هەموومان و لە پێش هەموواندا خەڵکی تێکۆشەر و فیداکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەپێش ئەوانیشدا بنەماڵەی شەهیدەکانمان کە لەسەر ئەو ڕێبازە شەهیدیان داوە و ئەو سەرکەوتنە بۆ ئەوان دەگڕێتەوە. جارێکی دیکە ڕێز و سڵاوم هەیە بۆ هەموو ئەوانە و بۆ من جێگای خۆشحاڵییە لە حیزبێکدا پێشمەرگایەتیی دەکەم کە خەڵکێکی وشیار و وریای هەیە کە بۆ مافی نەتەوەیی خۆیان تێ‌دەکۆشن. 

پێگەی حیزب لە هاوکێشە سیاسییە نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانییەکاندا
دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو حیزبی دێموکرات ڕیزەکانی خۆی یەک‌خستەوە، لەڕاستیدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زیاتر لە ڕابردوو بوو بوو بە جێگای هیوا و ئومێدی خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران و بەوە جێگە و پێگەی حیزبی دێموکرات لەڕاستیدا زۆر بەرزتر بۆوە. توانی ورەبەخش بێ بۆ ئەوەی خەڵکەکە خەباتەکەیان بەتوانای زیاترەوە ببەنە پێشێ. ئێمە بەو یەکگرتنەوەیە پەیامێکی سیاسیمان دا بە خەڵکی خۆمان کە سەردەمی دابڕانەکان، دژایەتی لەگەڵ یەکترکردن، یەکترشکاندن و ئەوانە بەسەر چووە و، بەپێی سەردەم ئێمە پێویستیمان بەوە هەیە کە پاڵ بەیەکەوە بدەین و پێکەوە شان بە شانی یەکتر خەبات بکەین. بەتایبەتی ئەو یەکگرتنەوەیە لە بزووتنەوەی ژینادا بەتەواوی هەم لەنێو کوردستاندا هەم لە سەرانسەری ئێراندا ڕەنگی داوەتەوە. ئێستا حیزبی دێموکرات هەم لەنێو کوردستانی ئێران، هەم لەنێو خەڵکی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێگە و پێگەییەکی جیاوازتر لە ڕابردووی هەیە و هەموویان ئۆمیدیان بە حیزبە بەستووە. بەتایبەتی کە دەبینین سەرەڕای زەبروزەنگەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییش کە لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیدا هێزی بەرچاویان هەبوو، لە ڕاستیدا ئەوانە هەموویان تووشی دابڕان هاتوون و دابەش بوون. بەشێکی زۆریان ڕوویان کردووەتە دەرێ و ئەوانەش کە ماونەتەوە کەمن و ئەوە نین کاریگەرییان لەسەر خەڵک هەبێ. ئەوەی کە حیزبی دێموکرات لە بەرانبەر هەمووی ئەو زەبروزنگانەدا دووبارە هەستاوەتەوە سەر پێ و لە شکستەکان ئەزموونی وەرگرتووە، ئەوە لەڕاستیدا ئاڵوگۆڕی لە پێگەی حیزبی دێموکرات لەنێو خەڵکدا و تەنانەت لەنێو کۆڕوکۆمەڵی نێودەوڵەتییشدا پێک هێناوە و هەموو لایەنەکان حیساب لەسەر سیاسەت و بەرنامەکانی دەکەن. 
هەڵبەت ڕاستە حیزبی دێموکرات هەمیشە پێگەی خۆی هەبووە، بەڵام هیچ گومانی تێدا نییە کاتێک دابڕان لە حیزبی دێموکرات ڕووی دا، خەڵک نائومێد بوون. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییش پتر ئایەی نائومێدی بۆ خوێندوون و خەڵک داغدار بوو. بەڵام کاتێک حیزب یەک دەگرێتەوە، بێگومان ئیعتبارەکەی زیاتر دەچیتە سەرێ و، زیاتر دەبێتە جێگای باوەڕ و متمانەی خەڵک کە بە دەوریدا کۆ ببنەوە. 

پلان و نەخشەڕێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ داهاتوو
بەو ڕوونکردنەوەیەی لەسەر پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسم کرد، شتێکی زۆر سروشتییە کۆماری ئیسلامیی ئێران دوژمنایەتی و توندوتیژی و زەبروزەنگەکەی بەنیسبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و چالاکانی حیزبی دێموکرات، سەرتر لەوان لەسەر خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، هەر بەبۆنەی ئەوەی پشتیوانییەکی بەرین لەنێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەن، زیاتر بکات. بەڵام ڕابردووش پێشانی داوە هیچ‌کام لەو زەبروزنگانە و لەو بەرنامە هەڵانە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوویەتی، ئەو سیاسەتە دژەمرۆڤانە کە بەکاری هێناوە هیچ‌کامیان نەیتوانیوە خەڵکی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئازادیخوازانی ئێران بێدەنگ بکات. کەوابوو بۆ ئێمەش وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەو ڕاستەڕێی خەباتی نەتەوەیی بەمەبەستی وەدەست‌هێنانی سەرەتاییترین مافەکانی گەلەکەمان لەو سەردەمەدا کە گرتوومانەتە پێش، ئەوە دیسان ڕاستەڕێی خەباتی ئێمە دەبێ بۆ داهاتوو.
 پلانمان لە پێوەندی لەگەڵ ئەو سیاسەتەدا نەگۆڕاوە و ڕۆژ بە ڕۆژیش زیاتر بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەو ڕێگایەی هەڵمانبژاردووە، ڕێگایەکی دروستە. ڕێگایەکە خەڵک دەیەوێ و پشتیوانیی لێ دەکا، بۆیە ئێمەش بە هەموو ئیمکاناتێک کە هەمانبێ، کەم یان زۆر لەو ڕێگایەوە خەباتی خۆمان درێژە دەدەین. متمانەم هەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناتوانێ خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، گەلی کورد و هەموو ئازادیخوازانی ئێران، بێدەنگ بکا و بە ئامانجەکانی خۆی بگا، بەڵکوو ئەوە خەڵکن کە بە ئامانجی خۆیان دەگەن. 

هەڕەشە و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و پرسی چەککردنی حیزبی دێموکرات 
لەگەڵ ئەوەدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتاوە دژایەتیی حیزبی دێموکراتی کردووە، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی حیزبی دێموکرات لەنێو خەڵکدا قایمتر بووە و ڕێژیمیش بۆ تۆڵەکردنەوە زەبروزەنگەکەی زیاتر کردووە. سروشتییە ئێستاش کە ئێمە لە ساڵڤەگەری دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌داین و بەرەو ساڵڤەگەری بزووتنەوەی ژیناش دەچین، کۆماری ئیسلامیی ئێران نیگەران بێت و ترس و لەرزی ڕێ بنیشێ؛ بۆیە هەڕەشەکانی توندتر کردووە. یەکێک لەو مەسەلانەش کە باسی دەکەن مەسەلەی چەکە. جارێ ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەر لە سەرەتاوە ئاشقی چەک نەبووین و بە دڵخوازی خۆمان چەکمان هەڵنەگرتووە، بەڵکوو ئێمە لە سەرەتادا بە خەباتی مەدەنی و بە وتووێژ داوامان کردووە لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ویست و داخوازەکانی گەلی کورد بێنینە بەر باس و چارەسەریان بکەین. بەڵام یەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوو لە بەرانبەر داخوازیی ئێمەدا کە داخوازییەکی مرۆڤانە و سەردەمیانە بوو، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی قەدەغە ڕاگەیاند، هێرشی کردە سەر کوردستان، تێکۆشەرانی ئێمەیان گرت و ئێعدامیان کردن و ئەو سیاسەتە هەتائێستاش بەردەوام بووە. یانی لەڕاستیدا هیچ ڕێگایەکی بۆ نەهێشتینەوە و ناچار بووین بۆ بەرگری لە خۆمان دەست بۆ چەک ببەین.
هەتا ئەو هەلومەرجە و ئەو دۆخەش لە وڵاتەکەماندا هەبێ، ئەوە مافی خۆمانە و بە هەموو ئیمکاناتێکی بەردەستمان و بە هەموو توانامان دژی ڕێژیم خەبات دەکەین. ئەگەر ئەو هەڵومەرجەش کە ئێمەی ناچار کرد چەک هەڵگرین نەما، سروشتییە ئەودەم بارودۆخەکە ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێ. یانی ئەگەر دۆخێکی وا لە ئێران و کوردستان ئێران بێتە پێشێ کە بتوانین وەکوو هەموو خەڵکی ئەو جیهانە پێشکەوتووە کە داخوازییەکانیان گوێی لێ دەگیرێ و ئەمنیەتییان پارێزراوە، ئەودەم دەکرێ باس لەوە بکرێ کە چەک لە حیزبی دێموکراتی چی لێ دێتەوە؟ ڕەنگە ئەودەم چەک کەڵکی نەمابێ. بەڵام تاوەکوو ئەم دۆخە لە ئارادا هەیە، حیزبی دێموکرات چەکی بۆ بەرگری لە خۆی پێ دەبێ و کەلکی لێ وەردەگرێ. مەسەلەیەکی دیکە کە پێم‌خۆشە ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە ئێمە بە ئیجازەی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەکمان هەڵنەگرتووە تا لەسەر داخوازیی وی چەک دابنێین. کەوابوو ئەوەش وەکوو بەشێک لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات وەکوو چۆن ئێمە تێکۆشانی ڕاگەیاندمان هەیە، دیپلۆماسیمان هەیە و جۆرەها کاری ئۆرگانیزاسیۆنمان هەیە، چەکیش بەشێکە لەوان کە هەمانە و بۆ هێرشیش نییە، بەڵکوو بۆ بەرگری لەخۆمانە.

دەسکەوت و کارنامەی حیزبی دێموکرات لە یەک‌ساڵەی یەکگرتنەوەیدا
لە پێش هەموو شتێکدا دەمەوێ بڵێم ئێمە لە لە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا دابڕان و یەکگرتنەوەی زۆرمان بووە. لە هەموو دابڕانەکانیشدا، خەڵک تووشی شۆک بوون، گەلەییان کردووە، بێزار بوون و لە یەکگرتنەوەکانیشدا خۆشحاڵ بوون. بەڵام یەکگرتنەوەی ئەمجارەمان جیاواز بوو لە هەموو ئەوانە، ڕەنگە جیاوازییەکە بەشێکی بگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجەکە. چونکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دۆخێکدا بوو ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لاوازیی پتر و، بەرەو پەرەگرتنی ناڕەزایەتیی خەڵک لە دژی دەسەڵات دەچوو. پێشبینی ئەوەش دەکرا کە ڕاپەڕینی بەرفراوان لە ئێران بەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەست پێ بکات و، ئێران بخاتە سەر مەسیری بەرەو نەمان. کە لە هەلومەرجێکی وادا حیزبی دێموکرات یەک دەگرێتەوە، گرینگییەکەی زۆر زۆر زیاتر لە یەکگرتنەوەکانی ڕابردووە، کاریگەرییەکەشی وەکوو عەرزم کردی، لە شەقام و لە بزووتنەوەی ژینادا خەڵک پێشانی دا و بە دەنگیەوە هاتن. بێجگە لەوانە، کاریگەریی لەسەر چۆنیەتیی سیمای ڕاستەقینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نەزەر خەڵکی ئێرانەوە هەبوو. بۆیە هەرچەند یەک ساڵ بۆ ئەم یەکگرتنەوەیە ماوەیەکی کەمە، بەتایبەتی ئێمە بەهۆی ئەو هێرشە مووشەکییەی کرایە سەرمان، بنکەکانمان هێندێک بڵاو کەوتن، لەگەڵ هەمووی ئەوانەشدا باوەڕم وایە هەنگاوێکی زۆر مێژوویی بوو و حەتمەن لە داهاتوودا کاریگەریی زۆر لەوە زیاتریشی دەبێ. ئەمن هیوادارم ئەو یەکگرتنەوەیە، ڕۆژ بە ڕۆژ ببێتە هۆی بەهێزتربوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەر بە یەکگرتنەوەکە قانع نەبین، بەڵکوو هەوڵ بدەین هەموو لایەنەکانی دیکە لە کوردستانی ئێران‌ و ئێراندا کە بۆ ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران خەبات دەکەن؛ هەموومان پێکەوە بتوانین ئێرانێک دوای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دروست بکەین، ئەو ڕۆژەڕەشانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی چیدی درێژەیان نەبێت.

گەمە دیپلۆماسییەکانی ئێران، سەرکەوتنی سیاسی یان شتی تر؟
ئەوەی ئێران لەو ماوەیەدا کردوویەتی، وەک گۆڕینەوەی هێندێک زیندانی لەگەڵ ئەمریکا کە لەلایەن ئێرانەوە بەبارمتە گیرابوون، باشکردنی پێوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتێکی وەکوو عەڕەبستان، یان ئەوەی چەند میلیارد دۆلار پارەی ڕاگیراوی ئێران لە کۆرەی باشوور ئازاد بووە و ڕێژیم دەتوانێ کەلکی لێ وەرگرێ، ئەوانە کۆماری ئیسلامی دەیتوانی چەند ساڵ لەوە پێشیش بیانکات و دەسکەوتێکی ئەوتۆ نییە؛ بگرە نیشانەی لاوازییەتی. بەڵام ئەودەم کۆماری ئیسلامی بەپێی سیاسەتە ئیدۆلۆژیکییەکانی گوێی پێ نەدەدا و ئێستا دوای چەند ساڵ بە هێندێک مەرجی زیاترەوە قبووڵی کردووە بۆ ئەوەی ئەوانە جێبەجێ بن. ئەوجار ئەوە خۆ پارەیەک نییە بڵێی ئەمریکا پێی دابێ، بەڵکوو پارەی خۆیەتی کە دەیتوانی بە سیاسەتی دروست ساڵانێک پێش ئەو ئازادیان بکات و کەڵکیان لێ وەربگرێ. کەوابوو من ئەوە بە سەرکەوتن نابینم بەڵکوو ئاوای لێک دەدەمەوە کە ڕێژیم هیچ دەرەتانێکی بۆ نەماوەوە، بێجگە لەوەی لە بەرانبەر داخوازەکانی لایەنی دیکەدا کە لەگەڵیان تەڕەفی موعامەلەیە ئیمتیازی زیاتر بدا و پاشکەشەی زیاتر بکات بۆ ئەوەی کە بتوانێ هێندێک دەستکەوتی هەبێ.
ئەوە دۆخێکە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیەتی، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە سەر تەواوەتی مەسەلەکە وەکوو مەسەلەی دیپلۆماسی، لەڕاستیدا پێوەندیی ئەمڕۆی جیهان لەسەر قازانج و بەرژەوەندییە. کاتێک دەوڵەتانی پێشکەوتوو، لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەکەونە وتووێژ، مامەڵە لەسەر قازانج و بەرژەوەندیی دوولایەنە دەکەن. تەبیعەتەن ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی زلهێزە، بەڵام ئەویش بۆ قازاج و بەرژەوەندیی خۆی تێ‌دەکۆشی. بۆیە ئێمە ئەو چاوەڕوانییەمان دەبێ هەر هەبێ. ئەوە یەک شتی دیکە بۆ چەندەمین جار بە ئێمە دەڵێتەوە کە ئێمە بۆ نەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێکهێنانی ئێرانێکی دێـموکراتیک دەبێ پشت بە هێزی خۆمان ببستین. تەنیا ئێمە بۆخۆمانین کە پشت و پەنای خۆمانین. نابێ پشت بە هیچ‌کەس ببەستین، بە هیچ لایەنێک، بە هیچ دەوڵەتێک. دەبێ پشت بە خۆمان، بە خەڵکی خۆمان ببستین و، ئەگەر لایەنی دیکەش لەبەر قازانج و بەرژەوەندیی خۆیان ویستان یارمەتیدەرمان بن، ئێمە وەکوو یارمەتیدەر چاوی لێ دەکەین. بەڵام ئەسڵ و بنەڕەتی هێزی ئێمە دەبێ بۆخۆمان بین و ئەوەش دەرسێکە کە دەبێ لە گەمە دیپلۆماسییەکانی ئێرانی وەربگرین. 

خوێندنەوەی ئێران بۆ ڕەوتی ڕووداوەکانی داهاتوو بەپێی دۆخی ئێستا
پێشتریش گوتومانە ڕێژیمێک کە دەیەوێ کێشە و گرفتەکانی ئەو سەردەمە بە ئیدیۆلۆژیی ١٠٠٠ ساڵ لەوە پێش چارەسەر بکات و ئوسوولەن بۆشی گرینگ نییە، شتێکی زۆر سروشتییە کە قەیرانەکانی رۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێ. سەردەمانێک بوو کۆماری ئیسلامی هاتبووە سەر کار و هێشتا خەڵک نەیدەناسی. ئەوان وادە و بەڵێنیان دەدا بە خەڵک و خەڵکیش بە کۆمەڵە هۆکارێک ڕەگەڵی کەوتبوون. بەڵام ڕۆژبەڕۆژ کە نێوەرۆکی ئەم ڕێژیمە دەرکەوت، هەمووان زانییان کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی قەیرانخوڵقێنە و ئەو عەقڵییەتەی لەسەر کارە، عەقڵییەتێک نییە بتوانێ قەیرانەکان چارەسەر بکا، بگە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتریان دەکا. 
ئێستا دەبینین ئەو قەیرانانەی ئێران لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە لەگەڵی ڕووبەڕوو بوو، ئێستا نەک چارەسەر نەبوون، بەڵکوو چەندین بەرابەر زیاتریش بوون و ئەوە وەکوو ڕەوتێک درێژەی هەیە. سروشتییە لە هەلومەرجی وەهادا خەڵک ئیدی تەحەموولی نامێنێ. ژیان بۆ خەڵک نەماوە، خەڵک ئازادی و کەرامەتیان لێ ئەستێندراوە. سروشتییە بۆ ئەوە خەبات دەکا کە ئەو دۆخە، بگۆڕێ. بۆیە ئەمن لەسەر ئەو باوەڕەم دەبێ چاوەڕوانین بین لە داهاتوودا کۆماری ئیسلامی قەیرانەکان زۆر لەوە زیاتر بن و هێزی یەکگرتووی خەڵکی ئێرانیش بۆ ڕووخاندنی ڕێژی، بەهێزتر بێ، پەرەگرتووتر بێ. بەربەرەکانێی نێوان دوو لایەن، دوو لایەنی دژ بە یەک ئیدی هیچ ڕێگای موساڵحە و سازانی تێدا نەماوە، بەڵکوو دەبێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لابچێ. بۆیە دەڵێم ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لابچێ، چونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو حکوومەت هیچی بە دەستەوە نەماوە. نە بێهداشتی هەیە، نە خوێندن وەکوو خۆی ماوە، نە ئابووری، نە ئازادی و... هیچ شتێک نەماوە. تەنیا شتێک کە هەیەتی سەرکوت و زەبروزەنگە. ئەو سەرکوت و زەبروزەنگەش نەک هەر لە ئێراندا، بەڵکوو لە مێژووی خەباتی ئازادیخوازی گەلانی جیهاندا، نەیتوانیوە بۆ هەتا هەتایە بەسەر هێزی خەڵکدا زاڵ ببێت. ئەمن ئەو داهاتوویە بۆ ئێران و بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشبینی دەکەم. 

ئەرک و ڕۆڵی حیزبە سیاسییەکان لە هاوکێشەکانی داهاتوودا 
پێویستە ئەوەندەی بکرێ ئەحزاب بتوانن لە چوارچێوەییەکی سیاسیدا، لەسەر هێندێک خاڵی هاوبەش یەک بگرن و پشتی یەک بگرن و پشتیوانی بکەن لە خەباتێک کە خەڵکی ئێران لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی درێژەی پێ دەدەن. من پـێم وایە ئەگەر ئەو یەکگرتووییە لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێک بێ، زۆر لەوە لاوازترە کە بتوانێ بۆ ماوەیەکی درێژتر ئەو خەڵکە سەرکوت بکات و تووشی ئەو ڕۆژە ڕەشەیان بکات کە ئێستا تێدا هەن. 

پەیام بەبۆنەی ساڵیادی دەسپێکی شۆڕشی ژینا
دەمەوێ ئەوە بە خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان بڵێم کە بزووتنەوەی ژینا لەگەڵ ئەوەی بوو بەهۆی لەدەستدانی ژینا خۆشەویستەکانمان، شەهیدبوونی زیاتر لە سەت کەس، ئەشکەنجەدا و بێ‌حورمەتیکردن بە خەڵک کە ژمارەیەک لەوان هەتا ئێستاش لە زیندان‌دان؛ بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خەڵکی کورد دەترسێ و نیگەرانە. من پەیامی یەکگرتووییم هەیە بۆ خەڵکەکەمان و لام وایە خەڵک لە ڕۆژانی ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژینادا، دیسان بەگوێرەی توانا و ئیمکانیان مانگرتن و خۆپیشاندان وەرێ دەخەن و دژایەتیی خۆیان پێشان دەدەن. هیواداریشم کە ئەو خەبات و بەربەرەکانێیە جارێکی دیکە لەگەڵ هەموو خەڵکی ئازادیخوازی ئێران شکڵێکی یەکگرتووتر بەخۆیەوە بگرێ. ئێمەش وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بێ‌گومان، پشتیوانی ئەو ڕاپەڕینەین، پشتیوانی ئەو بزووتنەوەیە و ئەو داخوازە ڕەوایانەین خەڵک لەسەر شەقامەکان داوای دەکەن. ئەوە حەقی ئەوانە ژیانی باشتر بە کەرامتتر و ئەمڕۆیانەتر شایستەی خەڵکی کورد و هەموو ئازادیخوازانی ئێرانە. من سەرکەوتنی زۆر خێراتریان بۆ بە ئاوات دەخوازم.