کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەیەک لە ترسەوە

23:40 - 6 خەرمانان 2723

سمایل شەرەفی

چەند حەوتوو لەمەوبەر، سەلامی، فەرماندەی گشتی سپای پاسدارانی ڕێژیم نەیتوانی ترسی سپا و ڕێژیمەکەی لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەریی خەڵک بشارێتەوە. ناوبرا بەئاماژەدان بە نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا، داوای لەسەرجەم هێزە ئەمنیەتی و ئیتڵاعاتییەکانی ڕێژیمەکەی کرد کە بە وردی چاودێری جموجۆڵەکان بکەن و پێش بە هەر جۆرە فیتنەیەکی دیکە بگرن. سەلامی لە قسەکانی‌دا وتی؛ "دوژمن مەبەستییەتی لە ساڵیادی دەستپێکی ئاژاوەگێڕییەکانی ساڵی رابردوودا، دیسانە فینتەیەکی نوێ بنێتەوە.. ئێمە دەبێت خۆمان ئامادە بکەین، پێشوەختە رێبەران و رێکخەرانیان بدۆزینەوە و پێشیان پێ بگرین.. دەبێت هەموو درز و کەلەبەرەکان بگرین، دوژمن لە کەلێنێکی بچوکەوە دێتە ناوەوە، جاری وایە بەنداوێکی گەورە لە درزێکی بچوکەوە هەرەس دەهێنێت".

ئەم قسانە و هەڵسووکەوتی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە ماوەی دوو سێ حەوتووی ڕابردوودا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەواوەتی هەستی بە کەلێنی بەرفراوانی نێوان خۆی لەگەڵ خەڵک‌دا کردوە و لە پەیامی شۆڕشی ژینا کە تێپەڕین لە تەواویەتی ئەم نیزامەیە تێگەیشتوە. بۆیە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە سەرووبەندی ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینادا ترسی خستۆتە دڵی کاربەدەستانی ڕیژیم و بەهەر شێوەیەک کە بۆیان بکرێ هەوڵ دەدەن پێش بە هەرجۆرە ناڕەزایەتییەکی جەماوەریی خەڵک بگرن.

بۆ ئەم مەبەستە هەر وەک سەلامی و بە دڵنیاییەوە لە سەرووی سەلامیشەوە فەرمان بە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کراوە، لەم چەند حەوتووی ڕابردوودا شەپۆلیک لە گوشارخستنەسەر خەڵک و چالاکانی مەدەنی، هەڕەشە و دەستبەسەرکردنیان دەستی پێکردوە. بەشێک لە چالاکان بانگ کراونەتە ناوەندە ئەمنیەتییەکان و ناچار بە دانی تەئەهود و بەڵێنی کراون و بەشێکی بەرچاوی دیکەشیان دەستبەسەر کردوون.

ناوەندە ئەمنیەتییەکان لەم ڕێگایەوە دەیانهەوێ پێش بە هەرجۆرە ناڕەزایەتی‌دەربڕینێکی خەڵک بگرن. بەتایبەت لە سەروبەندی ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی شەهید ژینا ئەمینی کە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ساڵی پار بە دەستی گەشتی بەناو ئیڕشاد گیانی لێ ئەستێندرا و شۆڕشی ژینای بەدوادا هات. هەدەفی ناوەندە ئەمنیەتی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەم هەڕەشە و گوڕەشە و دەستبەسەرکردنانە، خوڵقاندنی فەزای ترس و خەفەقانە و پێیان وایە لەم ڕێگایەوە دەتوانن پێش بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بگرن. هەوڵێک کە لە ترسێکی حاشاهەڵنەگری خۆیانەوە سەرهەڵدەدات. سەلامی و سپا تێرۆریست و سەرکوتکەرەکەی و رێژیمە لەچاوکەوتووەکەی کە لە ترسی سەرهەڵدانەوەی ڕاپەڕینی خەڵک و رووخان و لەنێوچوونیان، پەنا دەبەنە بەر ترساندنی خەڵک، بێگومان تووشی لێدانەوەیەکی هەڵە هاتوون!!. ئەگەر ئەم هەوڵە نەزۆک و ژەنگاویانەی ڕێژیم لە سیاسەتی سەرکوت و ترساندنی خەڵک و وازهێنانیان لە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانیان ئاکام و نەتیجەی هەبا، چۆنە ئەم ڕێژیمە نەیتوانیوە پێش بە گەورەترین و درێژترین سەرهەڵدانی خەڵکی ئێران لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا بگرێ؟! ئەگەر سیاسەتی سەرکوت و داپڵۆسین بۆ ئەم ڕێژیمە نەتیجەی داوە، چۆنە دوای زیاتر لە چواردەیە لە دەسەڵاتداریی سێدارە و سەرکوت، دیسان خەڵک ناوەناوە و هەرجارە و بەبیانوویەک شەقامی شارەکانی وڵات جارلەگەڵ‌جار زیاتر دەکەنە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونە لەگەڵ دیکتاتۆریەت؟! مەگەر لە چەند ساڵ پێش لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا لە خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، بە هەزاران کەس لە ناڕازییانی سەر شەقامەکان لە ساڵانی ٩٦ و ٩٨ دا بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی گیانیان لێ‌نەئەستێندرا و بە هەزارانی دیکەش ڕەوانەی بەندیخانەکان نەکرا؟! خۆ ئەگەر سیاسەتی ترساندن و سەرکوت وڵامدەر بوایەوە بە قسەی فەرماندەی سپا، ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتڵاعاتییەکان توانیبایان پێش بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بگرن، خۆ دەبوو هەر لە دوای یەکەم ساڵەکانی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە، خەڵکی ئەم وڵاتە کۆیلایەتی و تەسلیمبوونیان قبووڵ کردبا. بە دەیان‌هەزارکەسیان لە زیندانەکاندا تیرباران و لەسێدارە دران، بە دەیان هەزار کەسی دیکەشیان لە ئاکامی فەرمانی جیهادی خومەینی‌دا بوونە قوربانی و چارەنووسیان بە نادیاریی مایەوە. ئەی چۆنە ئەم خەڵکە کۆڵ نادات و مل بە سیاسەت و بۆچوونە دژی‌گەلییەکانی ڕێژیم ناسپێرێ؟!

کەوابوو ئەوەی دەبێ بترسێ و لە کۆتایی‌دا تەسلیمی ئیرادەی خەڵک بێت، سەلامی و سەرجەم کاربەدەست و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانن کە بە ڕوونی ئەو ترسەیان پێوە دیارە. بۆیە ترسەنۆکانە هەوڵی ترساندنی هێزێک دەدەن کە زیاتر لە چوار دەیەیە خەوی لە چاو تاراندوون، هێزێک بە ناوی گەلانی مافخوازی ئێران. خەڵکانێک کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی‌دا سەرەڕای پیلانە جۆراوجۆرەکانی رێژیم بۆ ناکۆکینانەوە و دوورخستنەوەیان لە یەکتری، یەکگرتووانە تەواویەتی ئەم رێژیمەیان خستە ژێر پرسیار و ڕەتیان کردەوە. خەڵکی ئێران بە هەموو پێکهاتە جۆراوجۆرەکانیەوە لە شۆڕشی ژینادا – بەبێگوێدان بە ئیدیعا درۆینەکانی ڕێژیم – بە پشتیوانیکردن لەیەکتر، قۆناغێکی دیکەیان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیم ئەزموون کرد. قۆناغێک کە ئامیانەکەی یەکگرتوویی و هاوپێوەندییەکی قوڵی کۆمەڵایەتی سیاسییە کە بێ‌گومان رێژیم لێ‌تۆقیوە و دەبێ زیاتر لە هەموو شتێکی دیکە لێی بترسێ.