کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربوونەوەی مەترسیی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی

12:39 - 8 بانەمەڕ 2724

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە لەسێدارەدان ڕایگەیاندووە کە مەترسیی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدان دژی ڕەزا ڕەسایی لە ڕۆژانی داهاتوو زۆر بووەتەوە.

ئەم سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە هیچ وڵامێک بە ناڕەزایەتیدەبڕینی بنەماڵە و پارێزەرەکانی ڕەزا ڕەسایی نەدراوەتەوە و سزای لەسێدارەدان پێشتر لەلایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەری یەکی کرماشانەوە ڕادەستی بەشی جێبەجێکاری سزاکانی ئەم شارە کراوە و کاروباری پێوەندیدار بەم سزایەش جێبەجێ کراون.

لە حوکمەکەدا کە لەلایەن بەناو دادگای ڕێژیمەوە دراوە، ڕەزا ڕەسایی بە کوشتنی نادر بەیرانی، بەرپرسی ئیتلاعاتی شاری سەحنە لە پارێزگای کرماشان تۆمەتبار کراوە.

نادر بەیرامی لە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەی ١٤٠٢دا لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شاری سەحنە و لە ئاکامی هێرشی هێزەکانی ڕێژیم و توندوتیژی بەرانبەر بە خەڵکی خۆپیشاندەر و لە دەرگیرییەکی نێوان خەڵک و هێزە سەرکوتکەرەکاندا کوژرا.

دیوانی باڵای ڕێژیم لەکاتێکدا دانپێدانانی ڕەزا ڕەسایی وەکوو بەڵگە قەبووڵ کردووە کە ڕەزا ڕەسایی ئەم تۆمەتانەی ڕەت کردوونەتەوە و لێبوردنی نێونەتەوەییش ئەم دانپێدانانەی ئاکامی ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی توندوتیژانە دژی ناوبراو ڕاگەیاندووە.

پشتڕاستکرانەوەی ئەم سزایە لە دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیدا، لە کاتێکدایە کە دادانامەی دەرکراو لەلایەن دادگای سەرەتاییەوە تووشی کێشە و کەموکۆڕییە.

ڕەزا ڕەسایی هاووڵاتیی کوردی خەڵكی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان و لە پێڕەوانی ئایینی یارسان لە ڕۆژی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیمەوە لە شەهریاری تاران دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی شاری سەحنە کرا و لە ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢دا بۆ تۆمەتی هاوکاری لە کوشتنی نادر بەیرامیدا بە لەسێدارەدران سزا درا.