کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابخانەی گەلاوێژ

11:32 - 19 گەلاوێژ 2723

کەریم پەرویزی

"حیزبی دێموکرات وەکوو حیزبێکی پێشەنگی کۆمەڵگا، ئەرکی هەوڵدان بۆ پێگەیاندن و بارهێنان و جێگرتنی پەروەردەیەکی ئەمڕۆیی لەنێو ئەندامان و لایەنگرانی لەسەر شانە. هەتاکوو بەو شێوە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەژێر سەرکوت و پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک و ستەمکارانەی کۆماری ئیسلامیدا تووشی کولتووری نامرۆڤانەی دەسەڵاتداران نەبن و جیهانێکی مرۆڤانەتر و یەکسانیخوازانەیان لەبەر چاو بێت."

بنەما فیکرییەکانی حیزبی دێموکرات؛ بەرنامە و پێڕەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەسندکراوی کۆنگرەی شازدەهەم

حیزب وەکوو دیاردەیەکی مۆدێڕن، بەرهەمی کۆمەڵگای کوردستان نییە، بەڵکوو وەکوو دیاردە مۆدێڕنەکانی دیکە هاوردەی کۆمەڵگایە کە بە چاولێکردن لە ئەزموونی وڵات و نەتەوەکانی دیکە، کوردستانیش وەدوای ئەو ئەزموونانە کەوتووە و ویستوویە کە لە چاکییەکانی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییانە بەهرەمەند بێ.

حیزب کۆبوونەوەی تاکەکانی کۆمەڵگایە بە دەوری یەکەوە کە بە شێوەی سیستماتیک وزەکانیان سەر یەک بخرێ و پێوەندیی تایبەتی لە نێوان تاکەکان دامەزرێ و بە ڕێکخستنیان لە سیستمێکی تایبەتدا بە یەکەوە بۆ گەیشتن بە مەبەستێک یان چەند مەبەستی دیاریکراو هەوڵ بدەن.

حیزب وەکوو ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی جیاوازیی هەیە لەگەڵ دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە کە تاکەکان بە دەوری یەکەوە کۆ دەکاتەوە: بۆ وێنە جیاوازیی حیزب لەگەڵ سێنف یان تەناتەت لەگڵ خێڵ ئەوەیە کە تاکەکانی نێو حیزب پێویستی نییە کە پێشتر یەکتریان ناسیبێ و لە شوێن و جوغرافیایەکی ناوچەیی وەک یەکەوە هاتبن، بەڵکوو حیزب تاکە جیاوازەکان بە ڕنگ و ناسنامەی ناوچەیی و کارکردی کۆمەڵایەتیی زۆر دوور لە یەکەوە کۆ دەکاتەوە و لەو جیاوازانە، دیاردەیەکی مۆدێڕن دروست دەکا کە لە هەندێ شتدا هاوشێوەیان دەکا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوای ٧٨ ساڵ لە دامەزران و خەبات و تێکۆشانی یەکێک لە کۆنترین و گرنگترین حیزبەکانی گۆڕەپانی سیاسەت و چالاکی لە کوردستانە.

ئەم حیزبە وەکوو حیزبێکی سیاسی و مۆدێڕن لە ناخی کۆمەڵگاوە هەڵقوڵاوە و لە پێویستییەکی مێژووییدا کە چیدی پیوەندییە کۆمەڵایەتی پێشووەکان وەکوو خێڵ یان حوجرە و ... وەڵامدەری ئەو قۆناخەی کۆمەڵگای کوردستان نەبوون، حیزب لە دایک بوو و شێوازی دیکە لە گرێچنی سیاسی کۆمەڵایەتیی پێشنیار کرد و خستیە بەردەست کە مێژووساز بوو. بەو مانایە کە کە لە وەها خاڵێکدا وەرچەرخانێک لە مێژوو دێتە ئاراوە. هەر وەکوو دوکتور قاسملووی نەمر دەڵێ، لە ڕاپەڕینەکانی پێشوودا چونکە خێڵ و سەرۆک خێڵ بەڕێوەی دەبرد، بە بڕیارێکی سەرۆک خێڵ ڕاپەرین دادەمرکا یان بە شەهیدبوونی سەرۆک خێڵەکە ڕاپەرینەکە پەرتەوازە دەبوو، بەڵام بە تێپەڕین لەو قۆناخە و دروستبوونی حیزب، ئیدی ڕاپەرین و خەبات تەنانەت بە شەهیدبوونی سەرکردە هەرە ناودارەکانی تێدا نەچوو و خەبات ڕەنگە بە خەسارەوە، بەڵام درێژەی هەبووە.

نموونەی هەرە زیندوو و مێژوویی هەر خودی حیزبی دێموکراتە کە لە مێژووی خۆیدا سێ ڕێبەری گەورە و ناوداری لەدەست دا و بە دەستی دوژمنانی کورد و کوردستان شەهید کران، بەڵام دوای ئەوانیش حیزبی دێموکرات بە برینی قورسەوە بەڵام بە ئەزموونی گەورەوە درێژەی بە تێکۆشان داوە و بە هەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە لە ڕیزەکانیدا خەبات دەکەن و دوژمنان تەنیا ئەوکات دەتوانن دێموکرات لەنێو ببەن کە هەموو کوردێک لە جیهان بسڕنەوە، چونکە تا کورد بمێنێ، دێموکراتیش دەمێنێ.

حیزبی دێموکرات لە سەرەتاوە وەکوو حیزبێکی سیاسی لەنێو کۆمەڵگا لە دایک بوو و سەری هەڵ دا و لە نزیکترین دەرەتانی بەردەستیدا، کۆمارێکی خولقاند کە بۆ کوردستان بۆتە ناسنامە و کۆڵەکەی شوناسی نەتەوەیی. ئەم حیزبە ڕەنگە وەکوو هەموو حیزبێکی ئەم جیهانە لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات و بەدەستەوەگرتنی ئیرادەی بڕیاردان و ئیدارەکردنی کۆمەڵگادا کار بکا، بەڵام لە درێژەی ٧٨ ساڵ تەمەن  و تێکۆشانیدا لە حێزبێکی بەتەنیا سیاسییەوە تێپەڕیوە و بۆتە قوتابخانەیەک بۆ کوردستان.

قوتابخانەی دێموکرات کە لە گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاویدا و بە ڕێبەریی پێشەوای نەمر لە دایک دەبێ و دادەمەزرێ، لەم نزیک بە هەشت دەیەدا وەها پەرەی سەندووە و گەورە بووە کە بە دەیان هەزاران قوتابیی بەئەمەگ و وریا و گیانبازی، پێشکەشی نەتەوەکەی کردووە.

هەندێک لەو وانە گرنگانەی کە لەم قوتابخانەیەی گەلاوێژدا دەوترێنەوە و وامان لێ دەکا کە حیزبی دێموکرات وەکوو قوتابخانەی گەلاوێژ ناو ببەین بریتین لە:

* پرسی کورد لای حیزبی دێموکرات پرسی نەتەوەیەکە کە دەیەوێ ئیرادەی نەتەوەیی خۆی بە زمانی سیاسی وەربگێڕێتەوە سەر دەسەڵاتێکی کوردستانی کە خۆی بڕیاردەر لەسەر چارەنووسی خۆی بێ. پرسی نەتەوەیی لای حیزبی دێموکرات وەکوو وانەی یەکەمی ئەم قوتابخانە لە ڕوانینێکی یەکسانیخوازانەوە سەرچاوە دەگرێ.

ڕوانینی یەکسانیخوازانە بریتییە لەوەی کە لەم قوتابخانەیەدا مرۆڤ وەها پەروەردە دەکرێ کە نەتەوەی کورد هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە نییە. نە لەو نەتەوانە کەمترە و نە لەوانیش زیاترە. کورد نەتەوەیەکی هاوتا و یەکسان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەیە و هەر بۆیە دەبێ مافی ئەم نەتەوە بدرێ کە چارەنووسی خۆی، خۆی دیاریی بکا. لەو لاشەوە ئەم نەتەوەیە یەکسان و هاوتایە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە و بۆیە لە قوتابخانەی گەلاوێژدا بیری تەسکی نەتەوەیی کە بگاتە شۆڤێنیزیم و خۆبەزلزانیی نەتەوەیی ڕێگای نییە و سەر هەڵ نادا. هەر بۆیە کاتێک حیزبی دێموکرات لەسەر ستەمی نەتەوایەتی قسە دەکا و دەدوێ، دژایەتیی نەتەوەکانی دیکە ناکا. لە ئەدەبیاتی سیاسیی حیزبی دێموکراتدا دژایەتیی نەتەوەی فارس یان نەتەوەی دیکە ناکرێ بەڵکوو دژایەتیی بیرو بۆچوونی ستەمکارانە و فاشیستی و کۆلۆنیالیستی دەکرێ.

* لە قوتابخانەی گەلاوێژدا، ڕێبەریی ئەم حیزبە، نەک خۆی بە شتێکی سەرتر و بانتر لە کەسانیتر نازانێ، بەڵکوو ڕێبەری لە ڕێبازی ڕێبەرانی شەهیددا ئەرک و بەرپرسارەتیی زیاترە و ئامادەبوون بۆ خۆفیداکردن لەهەموو قۆناخێکدایە؛ هەر وەک پێشەوا و هەر وەک دوکتور قاسملوو و دوکتور سەعید لە ڕیزی پێشەوەی گیانبازیدا بوون و ڕێبەرایەتی کردن لای ئەوان کەڵکوەرگرتن لە دەرەتانە خولقاوەکان بۆ وەسەریەکخستنی خەرمانی زیاتر لەم ڕێبازەدا بووە و لە بڕگەیەکی هەستیاریشدا کە بڕیاری تایبەت پێویست بووە، لە خۆبەختکردن نەسڵەماونەتەوە.

* حیزبی دێموکرات وەکوو هەر دیاردەیەکی مرۆیی دیکە چونکە دەسکردی مرۆڤە و مرۆڤەکان تێیدا تێکۆشان دەکەن، زۆر ئاساییە کە تووشی هەڵە و یان کەموکووڕی و گرفتیش بۆتەوە.

لە مێژوویی دوور و نزیکی حیزبی دێموکراتدا دەتوانی ڕووداو و کردار و کردەوەی سیاسیی وەها ببینی گەر بە نیسبەتی ڕۆژ و قۆناخی خۆیەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەی، کەموکۆڕی و هەڵەی تێدا دەستنیشان بکەی و هەڵەکردن یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کرداری مرۆییە چونکە هیچ مرۆڤێک لەم جیهانەدا نییە لەبەر ئەوەی زانیاریی تەواوی لەبەردەستدا نییە یان ئیمکانەکانی کەمن یان هەر هۆیەکی دیکە، تووشی هەڵە نەبێ.

بەڵام ئەوەی لە حیزبی دێموکراتدا گرنگە و وەکوو ڕەوتێکی گرنگ بۆتە وانەی فێرکاری بۆ تێکۆشەرانی دێموکرات و دەرەوەی حیزبیش، ئەوەیە کە دێموکرات ڕەنگە هەڵەی کردبی بەڵام قەت تووشی خەیانەت نەبووە و لە هەڵە و کەموکۆڕییەکانیشدا ڕەنگە لەو ساتەوەختەدا تووشی بووبێ، بەڵام دواتر کراوەتە ئەزموونێک بۆ دووپات نەکردنەوەی هەڵەکان و لێ فێربوونیان.

* یەکێک لە وانە گرنگەکانی دیکە کە بە شێوەی بەردەوام لەم قوتابخانەیەدا نەوە بە دوای نەوە فێر دەکرێ و نەوەی ئەمڕۆ دەبێتە مامۆستا بۆ نەوەی داهاتوو تاکوو ئەو وانە بگوترێتەوە و لە ڕاستیدا بۆتە پێناسەی دێموکراتبوون، بریتییە لە بیرکردنەوەی سەربەخۆ و بڕیاردان لەسەر ئەساسی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان. بیرکردنەوەی سەربەخۆ، هەزینەی زۆری بۆ دراوە و لەوەتەی دوکتور قاسملووی نەمر باسی کردووە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و ساڵ لە دوای ساڵ لەنێو ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکراتدا دەگوترێتەوە و بیری لێ دەکرێتەوە، تەنیا یەک ڕەهەند ناگرێتەوە بەڵکوو گەر سەربەخۆ بیرکردنەوە ببێ بە فاکتەری سەرەکیی بڕیاری تاکێکی دێموکرات، ئیدی ئەو مرۆڤە لە قۆناخی پێش هاتنە نێو قوتابخانەی دەگۆڕێ بۆ تاکێکی وشیار و ئامادەی نرخدان لەپێناو بڕوا و ئاواتەکاندا.

ئەو بڕوا و ئاواتانەش گرنگترین فاکتەریان، بەرژەوەندیی گشتییە کە وا دەکا دێموکراتێکی ڕاستەقینە، بارهاتوو لە قوتابخانەی گەلاوێژدا، بەردەوام هەستیار بێ لەسەر کردار و کردەوە و لێکدانەوە سیاسییەکانی و ئەو کردار و کردەوانە لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا دادەڕێژی، نەک بەرژەوەندیی تاکەکەسیی کورتخایەن.

لە حیزبی دێموکراتدا بە سەدان هەزان کەس بە شێوازی جۆربەجۆر تێکۆشانیان بۆی کردووە و نرخیان لەپێناودا داوە و لەم ڕێبازەدا بە سەدان و هەزاران کەس بار هاتوون کە بوونەتە مامۆستا بۆ نەوەی دوای خۆیان. وانەکانی قوتابخانەی گەلاوێژ زۆر زۆرتر لەم چەند خاڵەن کە لێرەدا باس کران بەڵام هەموویان پێکەوە وەها دەکەن کە هەر تاکێک کە پەیوەست بەم قوتابخانەیە دەبێ، هەندێ کردەوە و هەڵسوکەتی سیاسی لە خۆی نیشان دەدا و لە کەشی گوتارێکی تایبەتدا دەژی کە ناسنامەی دێموکراتبوون یان لۆگۆی تایبەتی گەلاوێژی لە هەڵسوکەت و کردارەکانیدا دیار دەبێ.

دامەزرانی ئەم قوتابخانەیە لە هەموو ئەوانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان لەپێناویدا نرخیان داوە و هەموو ئەوانەی هیوایان بە دواڕۆژێکی گەشاوە بە هۆی تێکۆشان و خەباتی ئەم ڕێبازە پڕ شانازیەوە هەیە پیرۆز بێ.

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین