کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانیفێستی خۆڕاگری

13:04 - 23 خەرمانان 2723

کەریم پەرویزی

لەم ڕۆژانەدا کە لە ساڵڤەگەڕی شۆڕشی ژینا نزیک دەبینەوە، هەڕەشە و گوڕەشە و نومایشە سەربازی و خۆفشکردنەوەکانی سوپای پاسداران و بەرپرسانی جۆربەجۆری ڕێژیمی کۆلۆنیالیستیی تاران زۆرتر و فراوانتر دەبێتەوە.

بەرپرسێکی سوپا بە ناوی "نیلفرووشان" وتوویە کە سوپای پاسداران بەرامبەر بە کوردستان سیاسەتی مستی ئاسنینی پێڕەوی کردووە!

یان لە هەواڵێکی هەواڵدەریەکانی سەر بە سوپای پاسداراندا گواستنەوەی چەک و  چۆڵی قورسی وەکوو چەند تانک و چەند تۆپێک لە نێو شارەکانی کوردستاندا بڵاو کردووەتەوە و دەڵێ کە بەپێی ڕاپۆرتی خەڵکی! کۆماری ئیسلامی خەریکە هێز دەنێرێتە شارە سنوورییەکان بۆ لێدان لە هێزەکانی کوردستان!

ئەوەی کە لە یەکەم سرنج و ڕوانینیدا بەرامبەر بەو جۆرە قسە و مانۆڕانەی ڕێژیمی ئێران دێتە بەر چاو، ترسی لە ڕادەبەدەری ڕێژیمە لە ڕاپەرین و کاردانەوەی خەڵک لە ساڵڤەگەڕی شۆڕشی ژینادا و هەر بۆیەشە کە بە هەر شێوەیەک بۆی بکرێ، هەوڵی دروستکردنی ترس و وەحشەت لە نێو خەڵکدا دەدا تاکوو بەشکوو لەم ساڵڤەگەرە تێپەڕێ و ڕێژیمەکەی بەردەوام بێ.

بەڵام گەر زیاتر لەو سرنجە سەرەکییە، هەندێک وردتر بڕوانینە قسە و لێدوانەکانی بەرپرسانی ڕێژیم و سوپای پاسدارانی تیرۆریست، هەندێک لایەنی قووڵترمان بۆ دەردەکەوێ.

بەرپرسی سوپای پاسداران دەڵی کە بەرامبەر بە کوردستان سیاسەتی مستی ئاسنینیان پێڕەوی کردووە، وەک بڵێی کە شتێکی تازە و زۆر مەترسیداریان هێنابێتە ئاراوە و هەر بۆیەشە بەو مستە ئاسنینەی ڕێژیم، ئیدی خەڵکی کوردستان چاوترسێن کراون و ملیان بۆ ڕێژیم شۆڕ کردبێ!

سیاسەتی مستی ئاسنینی ڕێژیم و سوپای پاسداران چەندین قات کورتکراوەی هەڵسوکەوتی پێشوویانە و نەک سیاسەتێکی زۆر بەهێز و مەترسیداری تازە نییە، بەڵکوو چەند قات بەرامبەر بە کردەوەکانیان بە درێژایی  زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوویان کەمتر و سووکترە!

ساڵی ١٣٥٨، کە تازە چەند مانگێک بوو ڕێژیمی ملهوڕ و تاوانکاری پاڵەوی ڕووخابوو، ستەمکارێکی دیکە بە ناوی خومەینی هاتە جێگەی و توندتر لەوان دەستی دایە سەرکوتی کوردستان؛ چونکە کوردستان سەنگەری لەگیراننەهاتووی خۆڕاگری و بەرخۆدان بەرامبەر بە ستەمکاری بووە و هەیە و هەر بۆیە بە هەموو هێزی ڕقی پەنگخواردوویانەوە، هێرش دەبەنە سەر کوردستان.

خومەینی لە  ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا، فەرمانی جەهادی بە دژی کورد دەر کرد و هێزە جۆربەجۆرەکانی ڕێژیم چ بەو هێزانەی هی ڕێژیمی پێشوو بوون و دووبارە بۆسەرکوتی خەڵک بەکاریان دێنان و چ بە هێزەکانی کۆمیتەی ئینقلاب و  مرۆڤکوژانی دیکەشەوە، هێرشی بەرفراوانیان کردە سەر کوردستان. خومەینی تەنانەت لە فەرمانی جەهادەکەیدا دەڵێ کە بە هەموو هێزەوە تەنانەت بە هێزی دەریایی ئەرتەشیشەوە برژێنە سەر کوردستان تاکوو بەچۆکیدا بێنن!!

بەڵام ئەوەی لە مێژوودا تۆمار کرا، خۆڕاگریی سێ مانگەی کوردستان بوو و دوای سێ مانگ لە هێرشی بەرفراوان، خومەینی تووشی شکست بوو و ڕایگەیاند کە هەڵەیان تێگەیاندووە و پەیامی بەقەول ئاگربڕی دا! بەڵام دوای چەند مانگ دووبارە بە هێز و بەرنامەڕێژیی فراوانترەوە هێرشیان کردەوە سەر کوردستان و سوپای نێردراوی تاران وەکوو داگیرکەرێک لە کۆڵان و گەڕەک و شاخ و دەشتی کوردستاندا دەستی دایە تاوان و تا ئێستاش ئەو داگیرکارییە بەردەوامە و تاکوو ئێستاش خۆڕاگریی کوردستان بەردەوامە.

بە بوونی هێزە سەرکوتکارە فراوانەکانی ڕێژیمەوە لە کوردستان، تاکوو ئێستاش کوردستان کۆڵی بۆ ڕێژیمی کۆلۆنیالیستیی حاکم لە تاران نەداوە و بەردەوام لە خەبات و بەرخۆدان بووە و هەر بۆیەشە کە بە درێژایی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو، بەردەوام ڕێژیمی ئێران ترسی لە کوردستان هەبووە و دۆخی شەڕ و ئەمنییەتیی لە کوردستان هەڵ نەگرتووە!

فەرمانی جەهادی خومەینی بە قەڵاچۆکردن و کوشتار و بە ئێعدامی  بەکۆمەڵی لاوانی کورد و بە سەدان و هەزاران تاوان و تاوانکاری بەڕێوە چووە و کوردستانیش بە خۆڕاگری و بەرخۆدان و چۆکدانەدان وەڵامی داوەتەوە.

ئەوەی کە لە ئێستادا بەرپرسانی سوپای پاسداران باس لە مستی ئاسنین دەکەن لە ڕاستیدا مستێکی بچکۆلەیە لەو دەیان هەزار هێزی تیرۆریستییەی هرووژمیان هێنایە کوردستان و بە سەدان پایگا و پادگان و بنکەی نیزامییان دروست کردووە و بەڵام تاقە شەوێکیش بە ئارامی لە کوردستان سەریان نەناوەتەوە!

کوردستانێک کە بەرامبەر بە فەرمانی جەهادی خومەینی بە خۆڕاگریی وای لێ کرد کە پەیامی شکستخواردنی بڵاو بکاتەوە، هەمان کوردستانە کە دوای زیاتر لە چوار دەیە دواتر، شۆڕشی ژینای دەست پێ کرد و لە تەواوی دونیادا دروشمی، ژن، ژیان، ئازادیی بڵاو کردەوە!

کوردستانێک کە گەورەترین قەیرانی بۆ ڕێژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتوو دروست کردبوو، هەمان کوردستانە کە تەواوی کۆڵەکەکانی کۆلۆنیالیزیمی لە تاران وەلەرزە خستووە و ئێستە ئیدی تاران لە لەدەستدانی دەسەڵاتی کۆکراوی دەترسێ و ئەوەی نەتەوە و چینە پەراوێزخراوەکانن کە دەبنە ناوەندی گۆڕانکاری و نووسینەوەی داهاتوو!

ئەم ڕێژیمە بۆ مانەوەی خۆی تەنانەت منداڵانی وەکوو کیانی پیرفەلەکیشی شەهید کرد، چونکە هەموو ڕەوایی و پێگە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی بە شۆڕشی ژینای کوردستان و کورد، بەتاڵ بوونەوە و تەنیا و تەنیا پاڵی وە هێزی ڕووتی سەرکوتەوە داوە. ئێستە لە کوردستاندا هێزی سەرکوتکەری بە ماشین دەگێڕێ و نومایشیان دەکا و گوایە دەیەوێ بە چاوترسێن کردنی کوردستان، بە سڵامەتی لە ساڵڤەگەری شۆڕشەکە تێپەڕێ!

مستی ئاسنین و هێرشی درۆنی تیرۆریستیی خۆکوژ و مووشەکی بالستیکی تایبەت بە کوشتاری خەڵکی سیڤیل، ڕەنگە دووبارە ڕوومەتی کوردستان بریندار بکاتەوە، بەڵام کوردستان بە

ڕوومەتی خوێنینەوە، بەرامبەر بە سەرکوتکاری و ستەمەکاری بەپێوە ڕاوەستاوە و ڕادەوەستێتەوە، چونکە کوردستانیبوون یانێ مانیفێستی خۆڕاگری.

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین