کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مەرگی ژیناوە تا ژیانەوەی شۆڕشێک

09:08 - 25 خەرمانان 2723

سمایل شەرەفی

ئەمڕۆ شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی ساڵێک بەسەر مەرگی ژینا ئەمینی، کچە کوردی سەقزی ڕابرد کە لە تاران بە دەستی هێزە پەلاماردەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی کوژرا. ڕووداوێک کە بوو بەهۆی هەڵگیرسانی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی بەربەرین لە مێژووی ئێران و کوردستاندا. بێگومان ئەوەی هەمووان لەسەری کۆکن ئەوەیە کە شۆڕشی ژینا لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران دژبە ڕێژیمی پاشایەتی لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە، گەورەترین و بەردرێژترین بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی دژبە کۆماری ئیسلامییە. 
باسکردن لە شۆڕشی ژینا کە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و سەرانسەری ئێرانی گرتەوە و لە ئاستی جیهانییشدا زۆرترین سەرنجی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە کە لە ماوەی یەک‌ساڵی ڕابردوودا زۆری لە سەر وتاراوە و نووسراوە. بۆیە لەم کورتە وتارەدا وەک زۆر جارانیش باسی کراوە سەرنج دەخەینە سەر ڕەهەندە کوردستانییەکەی و لەم پێوەندییەدا تەنیا چەند سەرنجێک دووپات دەکەینەوە.
ئەوەیکە ئەم سەرهەڵدانە شۆڕشگێڕانەیە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا لەگەڵ زیان و تێچووە ئەمنیەتییەکانی کە بە سەرنجدان بە ڕوانین و هەڵوێستەکانی ڕێژیم بەرانبەر بە کورد و پرسە ڕەواکەی پیشبینی‌کراو بوو، بۆ کوردستان دەرفەتێکی مێژوویی و بەکەڵک بوو. کوردستان وەک ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی دەیان ساڵە دژبە سەرەڕۆیی و سیاسەتی دژ‌گەلیانەی کۆماری ئیسلامی، بەپێچەوانەی تەبلیغات و ئیدیعا درۆیینەکانی ئەم ڕێژیمە کە هەمیشە هەوڵی سرینەوەی ڕەوایی خەباتکارانەی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستانی داوە، توانی بۆ جارێکی دیکە سەرنج و متمانە و پشتیوانیی خەڵکانی دیکەی ئێران بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و لە ڕووی گوتارییەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەوڕووی گەورەترین ئاستەنگی تەمەنی خۆی بکات. هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبەکان و دەست‌نەپاراستنی هێزە سەرکوتکەرەکان لە شۆڕشگێڕانی سەر شەقامەکانی کوردستان، پێشانی دا کە ئەم ڕێژیمە بەرانبەر بە کوردستان دەستەوەستان و دۆڕاوە. بۆیە خەڵک لە سەرانسەری ئێراندا بە دەربڕینی پشتیوانی لە کوردستان، ئاواتیان بە خەڵکی کوردستان خواست و ئارەزوویان ئەوەیە کە "تاران ببێتە کوردستان، بۆ ئەوەی ئێران ببێت بەو بەهەشت و گوڵستان"ەی کە ئەوان ئاواتی بۆ دەخوازن.
شۆڕشی ژینا کە هەڵقوڵاوی گۆڕانکارییەکی قوڵی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان بوو، پێویستی بە تێفکرین و دەربڕینێکی ئەمڕۆژییانەی مودێرن بوو کە بە بەربڵاوی تەعبیر لەم گۆڕانکارییانە بکات کە بەختەوەرانە شەقامەکانی کوردستان توانیان وڵامی ئەم زەروورەتەش بدەنەوە و بەرزکردنەوەی درووشمی پڕ لە واتا و پڕنیوەڕۆکی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو بە پێناسەیەکی مەعریفی بۆ شۆڕشی ژینا. بە جۆرێک کە نەتەنیا تەواوی شەقامەکانی ئێرانی تەنی، بەڵکوو لە ئاستی جیهانییشدا زۆرترین سەرنجی خرایە سەر و بە دەیان زمانی زیندووی دنیا تەرجەمە و تەفسیر کرا.
لەم شۆڕشەدا بە پێچەوانەی جووڵە و ناڕەزایەتییەکانی دیکە، شەقامەکانی ئێران و کوردستان بە تێپەڕین لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بە پێشەنگایەتیی ژنان و کچانی وڵات، بۆ دەستەبەری ژیانێکی بەختەوەر و ئازاد لەسەر لەگۆڕنانی دیکتاتۆری و کۆنەپەرەستی شێلگیر و لێبڕاو بوون. ژنان لەم شۆڕشەدا ڕۆڵێکی مێژووییان گێڕا، ئەوان کە لەژێر سێبەری شوومی یاسا کۆن و دژەباو و ناسەردەمیانەکانی ئەم ڕێژیمەدا چەند قات چەوساونەتەوە، لێبڕاوانە بەشدار دەبوون و ڕێسا نامرۆڤانەکانی ڕێژیمان دەخستە ژێر پرسیار و چاونەترسانە هەوڵی بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد و بەختەوەرانەیان دەدا. کچانی کوردستان لە قوتابخانەکان، لە سەرشەقامەکانی شار و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئازاتر لە هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی ئەم شۆڕشە‌دا بوون.
کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەی لە مەیدانەکانی دیکەی ئەم شۆڕشەدا بە وریاییەوە هەموو هەوڵێکی ئەوە بوو ئیزن بە دوژمنان و نەیارانی ئەم شۆرشە نەدات لە کەلێن و بۆشایی و کەمایەسییەکان کەڵک وەربگرن. بۆیە هاوکات لەگەڵ پووچەڵکردنەوەی پیلانی ژوورە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم کە هەوڵی ڕاکێشانی بزووتنەوەی کوردستان بۆ مەیدانێکی نابەرانبەری پڕ لە پیلانگێڕیی شەڕیان دەدا، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ عەقڵییەتی تەواویەتیخواز، کارێک بوو کە دەبوا لێبڕاوانە هەنگاوی بۆ نرابا. بەداخەوە لە نەبوونی ئاڵترناتیڤێکی واقعی، گەلی و وڵامدەر، ڕەوتێکی تەواویەتخوازی فاشیست، هەموو هەوڵێکی ئەوە بوو لەسەر ئاساسی سڕینەوەی جۆراوجۆرییەکان و دژایەتی لەگەڵ ماهییەت و نێوەرۆکی شۆڕشەکە و لە هەمووی گرینگتر بنیاتنانەوەی وەهمێکی کۆن و دژایەتی لەگەڵ ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران، خۆی بە سەر شۆڕشەکەدا بسەپێنێ. لەم پێوەندییەدا بزووتنەوەی ڕەسەنی ئازادیخوازانەی کوردستان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە باری قورس و گرانی چاوەڕوانییەکانی لەسەر شان بوو، ڕاشکاوانە و لێبڕاوانە بەڕانبەر بەم ڕەوتە دژی‌گەلیە ڕاوەستا و پاشەکشەی پێ کرد.
ڕاستە شۆڕشی ژینا هەتا ئێستا نەیتوانیوە بە ئامانجی سەرەکیی خۆی کە ڕاماڵینی دیکتاتۆرییە بگات، بەڵام لە ماوەی یەک‌ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک هەنگاوی پێویست و زەرووریی ناون کە بۆ ئێستای شۆڕشەکە و داهاتووەکەی گرینگ و پڕبایەخن. لەکارخستنی ڕەوایی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی، بەڕەسمییەت ناسینی زێهنیی پرسی نەتەوەکان و فرەنەتەوەیی لە ئێران، پێگەی کوردستان وەک متمانەیەکی قایمی سیاسی و خەباتکارانە، بەڕەسمی ناسینی ماف و ئازادییەکانی ژنان و چین و توێژەکانی دیکە و پاشەکشەپێکردن بە هەر تێفکرین و عەقڵییەتێکی خۆسەپێن و تەواویەتخواز، لەو هەنگاو و دەسکەوتانەن کە خەڵکی کوردستان و ئێران لە یەک‌ساڵی شۆڕسی ژینادا دەستەبەریان کردوون.
لە یەک‌ساڵەی شۆڕشی ژینادا سڵاو لە یاد و ناوی شەهید ژینا ئەمینی و سەرجەم شەهیدانی ئەم شۆڕشە مەزنەمان. سڵاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی شۆڕشی ژینا کە نەتەنیا پێملی ویست و هەڕەشەکانی ڕێژیم نەبوون، بەڵکوو هەوڵیان بۆ بەردەوامی و زیندووڕاگرتنی شۆڕشەکە دا. سڵاو لە خەڵکی خۆڕاگری ئێران و کوردستان کە سەرەڕای گوشار و سەرکوتی هێزە ئەمنیەتییەکان، لێبڕاوانە دژبە دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی ڕاوەستاون. بێگومان بەری ڕەنج و تێچووی ئەو ڕاوەستانە ڕزگاری و وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجە بەرزەکانی شۆڕشە کە دەستەبەرکردنیان لە هەرکاتێک نیزیکترە.