کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژێکی تر

10:56 - 30 خەرمانان 2723

کەریم پەرویزی

سریاڵی بەناوبانگی "شەڕی تاج و تەخت" کچێکی منداڵی تێدایە بەناوی "ئاریەن ستارک" کە بە بەرچاویەوە دوژمنان ملی باوکی دەپەڕێنن و ئەویش لە تۆڵەی باوکیدا دەچێتە نێو گرووپێکی نهێنییەوە تاکوو شێوازی خەبات و شەڕ و خۆپاراستن فێر ببێ و دواتر تۆڵە لە دوژمنەکان بکاتەوە.

لەو گرووپە نهێنییەدا، مامۆستاکەی وانەیەکی بۆ باس دەکا کە دەڵێ بۆ هەتایە پێویستتە و دەبێ جوان فێری ببی.

مامۆستاکەی پێی دەڵی کە پێش لە فێربوونی چۆنیەتیی شەڕکردن و تاکتیکەکانی شەڕ، لە مێشکی خۆتدا ئەوە جێگیر بکە کە هەر ڕۆژێک کە زۆر دەکەویتە دۆخێکی دژوارەوە و  خەریک بوو لە شکست نزیک ببیتەوە، بە مەرگ بڵێ:

"ئەمڕۆ نا، ڕەنگە ڕۆژێکی تر!"

لەڕاستیدا بەو ڕستەیە لە مێشکی ئەو کەسەدا کە دەیەوێ ڕێگایەکی دژوار بپێوێ هیوا بە داهاتوو و ورەی خۆڕاگری لە بەردەم دۆخی ئەستەمی ئێستادا دەچێنێ.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەستی بە چەکی کۆمەڵکوژ و بالستیک گەیشتووە، لەم چەند ساڵەی دواییدا زیاتر لە جاران دڕندەیی دەنوێنێ و تەواوی ناوچەکەشی بە ئاژاوەگێڕییەکانیەوە تووشی نەهامەتی کردووە.

ئەو سەدان میلیارد دۆلارەی کە لە وڵاتانی ناوچەکەدا ساڵانە بەرهەم دێ، لە عێراق و لوبنان و سووریە و بە‌حرەین و یەمەن و... خەرجی گێرە و کێشەکان دەکرێن کە سەرچاوەی هەموویان ڕێژیمی ئیسلامیی تارانە! سەدان میلیارد دۆلار ساڵانە لە داهاتی ئێران و عێراق و سووریە و عەرەبستان و قەتەر و بەحرەین و ئەمارات و ... بە هەزینەی کێشەکانی ناوچەوە خەرج دەکرێن و بەفیڕۆ دەچن. سەرچاوەی نەهامەتیی ناوچەش ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهیە.

وەکوو دوژمنی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیش، سەرانی ڕێژیم و سوپا تیرۆریستییەکەی چاویان لەسەر کورد و کوردستانە و بەردەوام پیلانی جۆربەجۆری بۆ دادەڕێژن تاکوو کوردستان لاواز و لاوازتر بکەن و کورد لەسەر زەوی بسڕنەوە.

 کۆماری ئیسلامیی حاکم لە ئێران بەوەشەوە ناوەستێ و بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر دادەنیشێ و سەردانیان دەکا و ڕێکەوتننیان لەگەڵ دەکا  و هانیان دەدا کە بە دژی کورد کار بکەن.

ڕۆژێ لە ئانکاران و ڕۆژێ لە دەمشق وچەند ڕۆژ لەسەریەکیش لە بەغدا، تەنیا و تەنیا بۆ ئەوەی هەموو ئەوانە بە دژی کورد هان بدەن و لەگەڵیان ڕێککەوتن بکەن تاکوو کورد لاواز بێ.

ڕێککەوتنی ئەمنییەتیی نێوان تاران و بەغدا ئیمزا کرا و لەو ڕێککەوتنەدا کۆماری ئیسلامی دەڵێ بەغدا ناچار کراوە کە هێزە کوردییەکان چەک بکا و دەریان بکا، بەغداش دەڵی ئەو ڕێککەوتنە بۆ پاراستنی سنوورەکانە!

کۆماری ئیسلامی ئەوەندە بە ترس و ڕق لە دژی کوردستان کار دەکا، گەر نیوەی ئەوە بۆ خزمەت بە خەڵکی فارس کاری بکردبا ئیستە لەباتی کورەی باشوور و سێئوول، تاران لە ڕیزی وڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازی دەبوو و تاران ناچار نەبوو بۆ دەستخستنەوەی پارەی نەوتەکەی کە لە کورە بووە، چەند ساڵ ژێربەژێر خەریکی پاڕانەوە بێ!

گوشاری بەردەوامی کۆماری ئیسلامی و هەڕەشە و پیلانگێرییەکانی بە دژی کورد، نەک کوردستانی بەچۆکدا نەهێناوە و نایهێنێ بەڵکوو کوردستان ڕێگای خۆی دەپێوێ و بەردەوامە و هەر کەس لەژێر ئەم هەڕەشانەدا بێ، بیر لە ڕێگای دیکە دەکاتەوە کە بەرەوڕووی دوژمن ببێتەوە.

لەو بوارەدا پێویست بە ئاماژەکردن بە چەند شتە:

هەڕەشەی بەردەوامی ڕێژیمی کۆلۆنیالیستیی تاران بە دژی کوردستان، کوردستان و کوردستانیان وا لێ دەکا کە پێی بڵێن کە کێشەکە لە سنوور نییە! سەرچاوەی کێشەکە لە تارانە و گەر تاران بەردەوام بێ لە دەستدرێژی و سەرکوت و بەلاڕێدابردنی پرسەکە، ئەوکات کوردستانیش لە بیری ئەوەدا دەبێ کە بەکردەوە نیشانی بدا کە کێشەکان لە تارانن و کێشە دەبێ لە سەرچاوەکەیەوە چارەسەر بکرێ!

خاڵی دیکە ئەوەیە کە کوردستان ئەمە زیاتر لە سەد ساڵە دژی کۆلۆنیالیزمی هرووژمهێنەر لە تارانەوە خۆڕاگری دەکا و بە بەرخۆدانی نەتەوەیی قۆناخ بە قۆناخ خەباتەکەی بەهێزتر و پتەوتر کردووە.

خەباتی کوردستان گرێدراو بە تاکێک و کۆمەڵە کەسێکەوە نییە و کاتێک هێزە سیاسییەکان داوا لە خەڵک دەکەن کە لە ڕۆژێکی دیاریکراودا مان بگرن، تەواوی کوردستان شار و گوند دادەخەن و ڕایدەگەیەنن کە لە ڕیزی خەبات و خۆڕاگریدان!  کوردستان لەوە تێپەڕیوە کە دوژمن بیر لە سڕینەوەی و لەنێوبردنی خەباتەکەی بکاتەوە و کوردستان بەرامبەر بە مەرگ و هرووژمی دوژمن ناڵێ " ڕەنگە ڕۆژێکی تر" بەڵکوو دەڵی هەرگیز و  پێی دەڵێ کە ڕۆژێکی تر نۆرەی مردنی خۆت دێ و کوردستان بۆ هەتاهەتایە لەسەر پێیە!

خاڵی گرنگ و بنەڕەتیی دیکە لەم پرسەدا بریتییە لەوەی کە ئیدی خەبات و خۆڕاگری لە کوردستان گەیشتۆتە بواری بێخەمی کە ئەم خەباتە بەردەوام دەبێ و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە کوردستان لە خەم تێپەڕیوە و بۆتە دارێکی ئەستووری ڕەگداکوتاو و بە بەر و پڕ لق و پۆپ.

لە ئێستادا کوردستان بیر لەوە دەکاتەوە و ڕێگای نوێ بۆ ئەوە دەگرێتە بەر کە ئەزموونی خەباتی بگوازێتەوە بۆ نێو نەتەوە ستەملێکراوەکانی دیکە لە ئێران و نێو ڕێکخراوە ئازادیخوازەکانی نەتەوەی فارسیش تاکوو پێیان بڵێ کە پێکەوە دەتوانین و بە دڵنیاییەوە ئەو ڕۆژە دێ کە هەمووان پێکەوە ئەم ڕێژیمە دڕندەیە هەرەس پێ دێنین و داهاتوویەکی دیکە لەم وڵاتە بونیات دەنێین.

کوردستان وەکوو مامۆستایەکی وانەکانی خەبات بە نەتەوەکانی دیکە دەڵێ کە بەرامبەر بە دوژمنی ملهورو هەڕەشە مەرگهێنەرەکانی بڵێن:

"ئەمڕۆ نە، ڕەنگە ڕۆژێکی تر!"

 

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین