کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چییەتیی هەڕەشە و هێرش بۆ سەر حیزبی دێموکرات و سیناریۆکانی داهاتوو؟

11:09 - 1 رەزبەر 2723

مستەفا مەولوودی

بێ پێشەکی هۆکار و ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی لە فشار و هێرش بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوون و ئاشکران و پێویست ناکات زۆر شەن و کەو بکرێن و لێکدانەوەیان بۆ بکرێ. هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، ئەو ڕێژیمە لەگەڵ کورد و پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سیاسەتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆچوون و خوێندنەوەی جیاوازی هەبوو و دژایەتی ئەم حیزبە و خواستەکانی گەلی کوردی کردووە.

خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ وەدەستهێنانی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان بەدژی ڕێژیمی پاشایەتی خەباتی کردبوو، و بە هەراوی و چالاکانە لە شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاویدا بەشداری کردبوو. بۆیە زۆر سروشتی بوو کە چاوەڕوانی دەستەبەری دەسکەوتەکانی شۆڕش بۆ خەڵکی کوردستان و دابینکردنی مافەکانی بێت. حیزبی دێموکراتی کوردستان کە نوێنەرایەتیی گوتاری سیاسی و نەتەوەیی خەڵکی کوردستانی دەکرد، بۆ ئەوە تێ‌دەکۆشا؛ بەڵام بەپێچەوانەی چاوەڕوانیی خەڵکی کوردستان ڕێبەرانی ئیسلامی پاش سەرکەوتنی شۆڕش نەک هەرهیچ گرینگییان بە ویستی ڕەوای خەڵکی کوردستان نەدا، بەڵکوو دژیشی وەستانەوە. زۆرییش نەخایاند دەستیان بە پیلانگێڕی و سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان کرد و؛ تەنانەت فتوای جیهادیشیان لە دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و بە هەموو تواناوە هێرشیان کردە سەر کوردستان.

خەڵکی کوردستان کە تێ‌دەکۆشا و لێ‌بڕابوو بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی دەستی لەسەر دەست دانەنێت، دەستەوەستان نەمایەوە. بەڵکوو بە خەبات و تێکۆشانی هەمەلایەنە و هەمەچەشن بەرەنگاری هێرشی دژمن بۆوە و ئەو خەبات و خۆڕاگرییە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە و سروشتییە هەتا وەدەستهێنانی ئامانجەکانی ئەو شۆڕشە درێژەی دەبێ. خەڵکی کوردستانیش لە مێژوودا بە خەبات و تێکۆشان ئەوەیان سەلماندووە و پشتڕاستیان کردۆتەوە.

لە خەبات و تێکۆشاندا حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت حیزبی دێموکرات، لێبڕاوانە و بێ‌پسانەوە لە خەبات و تێکۆشاندا بووە بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هێنانە سەرکاری نیزامێکی دێموکراتیکی خەڵکی کە مافەکانی خەڵکی کوردستان قبووڵ و مسۆگر بکات. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دروشمی  "دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان" تێ‌دەکۆشا کە لە دەسەڵاتی سیاسی ئێراندا بەشداری چالاکانەی هەبێ و لە هەرێـمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی مافی چارەنووسی خۆی بێت و دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری بە شێوەی خودموختاری بەدەست خەڵکی  هەرێمەکەوە بێت.

خۆ ئەگەر ئێستا "شۆڕشی ژینا"ش بە نموونە بێنینەوە، دەتوانێ نموونەیەکی باش بێت بۆ ڕادەی خۆڕاگری و ئازایەتی خەڵکی کوردستان و کاریگەری و دەوری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕادەی دڵڕەقی و جینایەتکاریی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات. لە ئێستاشدا کە لە بەرەبەری ساڵیادی تێرۆری دوکتور قاسملووداین، زۆرتر ڕوانگەکانی ئەو سیاسەتمەدارە بەتوانایەمان بۆ دەرکەوتووە کە هەموویان ئیلهامەدەر و ڕێنوێنی تێکۆشەرانی مەیدانی ڕاستەقینەی خەبات لە شەقام و شارەکانە. بە خوێندنەوەی تازەش و دیسانەکە بۆ هەموومان دەرکەوت کە دوکتور قاسملوو بیرمەند و سیاسەتمەدارێکی دووربین بوو. پاش ٣٤ ساڵ لە تێرۆرکردنی ئێستاش و بۆ داهاتوو خوێندنەوە و ڕوانگەکانی لەسەر زۆربەی بابەتە سیاسییەکان بە ڕۆژن و چرای ڕێگای تێکۆشانی سیاسەت پێ کردنن.

وەک دەزانن چەغماغەی شۆڕشی ژینا لە کوردستان لێ درا و بە ماوەیەکی زۆر کەم، پانتایی ئێران و زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە و ڕۆژی وا هەبوو زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێران شاهیدی خەبات و بەربەرەکانی و خۆنواندنی خەڵکی ئێران بەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوون، هاواریان نا بۆ کۆماری ئیسلامی بوو. دەکرێ بڵێین بۆ یەکەمین جار بوو دروشمەکانی خەڵکی کوردستان بەڕوونی لەلایەن خەڵکی تاران و تەورێز و زاهیدان و زۆر شاری دیکە بیسترا و گوترانەوە. (کوردستان چشم و چراغ ایران) نیشانەی ئەوە بوو خەڵکی باقی ئێران هاوار و داوای ڕەوای خەڵکی کوردستانیان گوێ لێ بوو. پشتیوانیان لێ کرد؛ هەر چەندە لەو شۆڕشەدا خەڵکی کوردستان تێچووی زۆری هەبوو بەڵام جارێکی دیکە، کۆمەڵێک پەیام لەو شۆڕشە سەریان هەڵدایەوە کە بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەزم نەدەکران:

یەکەم: پاش ٤٤ ساڵ سەرکوت و دەمکوت‌کردنی خەڵکی کوردستان و بێبەشکردنیان لە زۆر مافی ڕەوا و تەنانەت لە بژێویی ژیانی ڕۆژانە، گوشاری بەندکردن، ئەشکەنجە، ئازار و لەسێدارە دان. خەڵکی کوردستان زیاتر ماهییەتی ڕێژیمیان ناسیووە و لە بەرانبەر ئەو ڕێژیمەدا ڕاوەستان و بەچۆک دانەهاتوون بەڵکوو پێداگرتن بوو لەسەر ویستەکانیان یانی لە یەک وشەدا خەڵکی کوردستان بەگشتی لە بواری سیاسییەوە زۆر بەرەوپێش چوون.

دووهەم: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ٤٤ ساڵە کار دەکات بەڵکوو کەلێن و جیاوازیی لە نێوخەڵکی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا دروست بکات، بەڵام لە شۆڕشی ژینادا، ڕێژیم ئەوەی بە ڕوونی بۆ دەرکەوت کە هیچ کەلێنێک لە نێوان خەڵک و حیزبەکانی کوردستاندا نییە. بەڵکوو پێوەندیی ئەو دووانە بەیەکەوە قایمتر و تۆکمەترە و ئاوێتەی یەکتر بوون.

سێهەم: ڕێژیم لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا زۆر هەوڵی داوە خەڵکی ئێران پەیام و دەنگی بە حەقی خەڵکی کوردستان نەبیسن و بە گوێیان نەگات. بەڵام شۆڕشی ژینا ئەو سنوورەی بەزاند. هاواری مافویستیی خەڵکی کوردستان و داوا ڕەواکانی کوردیان بیست؛ ئەوە پێوەندیی بەرین و قووڵی لە نێو خەڵکی کوردستان و باقی خەڵکی ئێراندا دروست کردوە.

سروشتییە ڕێژیم هەموو ئەوانەی پێ ناخۆش بوو و چاوی پێیان هەڵنایە؛ هەر بۆیە لەگەڵ گوشار بۆ سەر خەڵکی کوردستان لە نێوخۆی وڵاتدا و لە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێ کرد و لە ماوەی  یەک مانگدا چەند جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە.

ڕێژیم مەبەستی لەو هێرشانە ڕوونە و وەک لە ماهییەتی‌دایە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەوەی بە بەردەوامی نیشان داوە کە دژی هەموو ئازادییەک و مافی ڕەوای خەڵکی ئێران و خەڵکی کوردستانە بە تایبەت، بۆیە گوشاری زیاتری خستۆتە سەر خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی بۆ ئەوەی قینی خۆیانیان زۆرتر پێ بڕێژێ. ئەوەندەی بۆی بکرێ زۆرتر خەڵک ئازار بدات و زۆرتر لە ئەندامی حیزبەکان بکوژێ. جیا لەوەش شۆڕشی ژینا کە تایبەتمەندیی مەدەنی و سەردەمیانەی وەرگرتبوو، ڕێژیمی زۆرتر داماو کردبوو، دەیهەویست ئەوەندەی بۆی دەکرێ بە بیانووی جۆراوجۆر سروشتێکی تووندوتیژ لە شۆڕشی ژینا وێنا و حیزبەکانی پێ تاوانبار بکات و ئەو خەبات و شۆڕشە لە ڕێڕەوی دروستی خۆی لابدات. بەجۆرێك لە جۆرەکان بیانووی زۆرتر بۆ سەرکوت لە کوردستان بدۆزێتەوە و بیروڕای دنیای دێموکراتیکی دەرەوە کە سەرنجی زۆری لەسەر جووڵانەوەی خەڵکی ئێران و شۆڕشی ژینا هەبوو، چەواشە بکات و بەلاڕێیدای بەرێ؛ هەر لەو کاتەدا کردەوەی جینایەتکارانەی خۆی پاساو بدات. بەڵام هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت حیزبی دێموکرات بە ئیلهام وەرگرتن لە سیاسەتی واقعبینیی حیزب کە مامۆستا و داڕێژەری ئەو سیاسەتە لە بیر و هزری دوکتۆر قاسملوو و قوتابیانی سەرچاوە دەگرێ، ڕێگە نەدرا ئەو پیلانەی ڕێژیم سەر بگرێ. هەر بۆیە بە تووندترین شێوە لە کوردستان لەسەر خەڵک  لە هەرێمی کوردستان لەسەر حیزبی دێموکرات ڕەق و قینی خۆی ڕشت؛ بەداخەوە خەڵک و حیزبەکان تووشی تێچوو و هەزینەی زۆری گیانی بوون.

ئێمە لە سەرەتادا باسمان کردوە کە ڕێژیم لە ڕۆژی هاتنە سەرکارییەوە دەستی بە دژایەتی لەگەڵ خەڵکی کورد کردوە بەڵام خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵیان نەداوە و لە بەرانبەر هەموو گوشارێکی ڕێژیمدا خۆیان ڕاگرتووە و خۆڕاگری و بەربەرەکانیان کردوە؛ ئەوەش بۆ ڕێژیم قابیلی تەحەموول نەبووە و نییە؛ هەر بۆیە بۆ بە چۆکداهێنانی خەڵکی کوردستان و حیزبەکان لە هیچ جینایەتێک خۆی نەپاراستووە.

لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم خەباتی خەڵکی کوردستان لە مێژوودا تا ئەوڕۆش ڕەوا و بەحەق بووە و هەر ڕەوایە، هەوێنی ئەو خەباتە بیر و ئەندێشەی ڕێبەران و ئازایەتیی خەڵکی کوردستان و قوربانیدانی سەخاوەتمەندانەی ڕۆڵە ئازا و بەجەرگەکانیەتی. کە دێینە سەر بیر و ئەندیشەی ڕێبەران، دەتوانین بڵێین دوکتۆر قاسملوو لە ڕیزی هەرە پێشەوەی ئەو ڕێبەرانەیە کە سیاسەت و ڕێبازی سیاسیی بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستانی تێئۆریزە کرد و خەملاندوویەتی بە تایبەت لەو پەنجا شێست ساڵەی ڕابردوودا، لە داڕشتنی سیاسەتی ڕاست و دروستی، حیزبی دێموکراتدا لە هەموو ئاست و بوارەکاندا بیر و ئەندێشەی ئەو سیاسەتمەدارە بە توانایە تێیدا ڕەنگی داوەتەوە. ئێستاش دوای ٣٤ ساڵ لە تێرۆرکردنی، کاریگەری و شوێنەواری ئەو زانایە لە شەقامەکانی کوردستان دروشمی خەڵکی سەرشەقامە، هەروەها هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی سیاسیی حیزبەکان لە فاکتۆرەکانی ئەو بیرمەندە سوود وەردەگرن. هەموومان دەزانین کەم نین ئەو ڕووناکبیر و سیاسەتمەدارانەی کاتی خۆی بە هەر هۆیەک بووبێ دژی بیر و ئەندێشەکانی قاسملوو بوون و لە سیاسەتەکانی ڕەخنەیان گرتوە بەڵام لە ئێستادا بە ڕاشکاوی ڕەخنە لە تێگەیشتنی ئەو کاتی خۆیان دەگرن و بە ڕوونی دان بەوە دادەنێن کە دوکتۆر قاسملوو لەسەر حەق و ڕاست بوو و ئەوان بوون وەک پێویست دەرکیان بە توانا فیکری و سیاسییەکانی دوکتۆر قاسملوو نەکردوە.

دوکتور قاسملوو بە ڕاشکاوی گوتوویەتی ئەویش ئینسانە و دەکرێ ئەویش لە کاتی ڕێبەریدا لە پێوەندی لەگەڵ داڕشتن و بابەتی سیاسیدا کە هەڵوێستی گرتووە،  هەڵەش بکات بەڵام کە چاو لە مێژوو و سیاسەت و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکرێ بەخۆشییەوە نە دوکتور قاسملوو و نە حیزبی دێموکرات هەڵەیەکی ئەوتۆیان نەکردوە کە شوێنەواری نەرێنی لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستاندا دروست کردبێ. بۆیە پاش ٣٤ ساڵ لە تێرۆری قاسملوو، ئێستاش بیر و ئەندیشەکانی ئەو ڕێبەرە ئیلهامدەری بەشدارانی خەبات و تێکۆشان و لێکدانەوە و شەن و کەو کردنی بابەتە سیاسییەکانە و حیزبی دوکتور قاسملوو، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش ٧٨ ساڵ یان باشتر بڵێێن نیزیک بە هەشتا سال، حیزبی هەراوی خەڵکی کوردستانە و چاوی خەڵکی بە سەرەوەیە و بۆ ئەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و بە مەنزڵگەی سەرکەوتنی بگەیەنێ.