کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەڵەمبازێک بۆ ڕزگاری

11:51 - 13 خەرمانان 2723

شەماڵ تەرغیبی

تەنیا تا کەمتر لە دوو حەوتووی تر ساڵیادێک یان بە دیوێکی تریدا تاڵیادێک بەسەر دەکەینەوە؛ تاڵیادێک کە تێیدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی جینایەتەکانی خۆیدا، پەلاماری کچە کوردێکی بێدیفاعی دا و لە شاری غەریب و لەوپەڕی بێ‌دەسەڵاتیدا شەهیدیان کرد؛ تاڵیادی کوشتنی بەئەنقەستی ژینا ئەمینی! تاڵیادێک کە ڕێژیم بێئاگا بوو لەوەی گەلێک پێی دەڕاسێ و دەبێتە چەخماخەیەک و نوختەی هیوایەک بۆ تەکان و جمانێکی گشتگیر کە سەرانسەری جوغرافیای ئێران دەگرێتەوە و دەبێتە بیانوویەک بۆ بەڕێوەبردنی حەماسەتێک لە ڕەگەزی بەرەنگارییەکانی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و نا وتن بە خومەینی و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ فەرمانی بەدناوی جیهاد.

ژینا ئەمینی شەهید کرا؛ خەڵکی کوردستان هاتنە سەر شەقام و بە لەخۆ مایەدانان هەم دژی دەستدرێژییەکانی ڕێژیم وەستانەوە هەم جارێکی تر پێیان وت نا بۆ کۆماری ئیسلامی؛ ئەمەش بووە وانەیەکی مێژوویی دیکە بۆ هەموو دانیشتووانی ئەو جوغرافیایەی بە ئێران دەناسرێ تاکوو بزانن تەنیا بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیانە کە دەتوانن کۆتایی بە داگیرکاری، ستەم و چەوسانەوە، هەڵاواردن و دووچاوگی بهێنن و ڕێڕەوێک خۆش بکەن کە لانیکەم نەسڵەکانی دواتریان لە خۆشبژێوی بژین؛ وانەیەک کە تێیدا خوداگایی گەیشتە لووتکەی خۆی و وێڕای چێکردنی هیوا بۆ دواڕۆژ بێهیواییەکانی ڕەواندەوە.

ئەم سیکلە لە شۆڕش وەک پێشبینی دەکرا بە پەلاماری هۆڤانەی ڕێژیم بۆ سەر مافخوازانی سەر شەقام و کوشتنی دەیان لاوی خۆپیشاندەر گەیشتە خاڵێک کە گەلانی ئێران دیسانەوە وەخۆ بێنەوە و بزانن کە بۆ کۆماری ئیسلامی ڕەگەز و ئایین و نەتەوە گرینگ نییە و ئەوەی کە لە سەرەتیدایە بۆی، پاراستنی بوونی خۆیەتی وەک قەوارەیەکی سیاسیی خاوەن دەسەڵات بە هەر نرخێک!

ئەم شۆڕشە گشتگیرە بە کۆمەڵێک هۆکاری نێوخۆیی و دەرەکی، پاش ماوەیەک جووڵەیەکی تاکتیکی کرد و خۆی خزاندە نێو هەندێ قوژبنی کۆمەڵگە، بەڵام نەخەوت و لە پێ نەکەوت بۆیە دیتمان کە ناوە بە ناوە و لە فۆرم و شکڵی جیاوازدا خۆی نواندەوە؛ هاوکات بەچارەسەرنەکراوەیی مانەوەی گرفت و کێشە و قەیرانە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگای ئێران بۆخۆی بووە بەستێنخۆشکەری بەردەوامیی شۆڕشەکە؛ هەر ئەمەش وای کردووە کە دەبینین لانیکەم لە شەش مانگی ڕابردوودا شەپۆلێکی بەربەرین و کەمتربینراو لە دەسبەسەرکردن، ئەشکەنجە، سووکایەتی کردن، چەواشەکاری و ئێعدامی چالاکانی سیاسی لە ئێراندا دەستی پێکرد کە ڕوونە ئامانجی ڕێژیم لەم ڕەشەکوژی و گرتنە گۆترەییانە ترساندنی خەڵک و ڕێگریکردنە لە دووبارە هاتنە سەر شەقام و ناڕەزایەتیدەربڕین.

لێرەدا بۆ کردنەوەی زیاتری باسەکەمان مژاری ڕێگەچارەکان دەخەینە بەرچاو؛ ڕێگەچارەکان هەم بۆ حکوومەت و هەمیش بۆ خەڵک:

ڕێگەچارەکان بۆ حکوومەت

ئەم بەشە دەکرێ بۆ خۆی لە دوو پاژی جیاوازدا باس بکرێ: یەکەمیان ئەو ڕێگەچارە عەقڵانییانەی کە حکوومەت دەتوانێ بیگرێتە بەر، بەڵام تا ئێستە نەیکردووە و وێناچێ لە داهاتووشدا ڕەچاویان بکات و دووهەم ئەو ڕێگەچارە ناعەقڵانی و هیستریاییانەی کە حکوومەت وەک چاوەڕوانی لێ دەکرا گرتوویەتە بەر.

ڕێگەچارە عەقڵانییەکان:

ئەگەر بمانهەوێ درێژدادڕی نەکەین و لە سۆنگەی لۆژیک و ئاوەزەوە لەم بابەت بڕوانین بە پۆلێنکراوی دەتوانین بڵێین کۆماری ئیسلامی گەر ویستبای چارەسەری قەیرانەکانی کردبا دەیتوانێ لە ڕابردوودا ئەم ڕێکارانە بگرێتە بەر؛ هەلێک کە لە کیسی چوو و تازە ناشگەڕێتەوە:١ـ ئاوڕدانەوە و دیتنەوەی ڕیشەی گرفتە بەستێنخۆشکەرەکانی قەیرانەکانی ئەمڕۆ

٢ـ بە هەندوەرگرتنی داخوازە نەتەوەیییەکانی گەلانی ئێران

٣ـ بەهەندوەرگرتنی تەواوی ئەو ئاریشانەی کە بوونەتە هۆکاری ئێعتراز و نارەزایەتییەکان

٤ـ پەسندکردنی یاساگەلی ئەمڕۆیی کە تێیدا ڕەچاوی کەرامەتی مرۆڤەکان کرابێت و ناچارکردنی دامودەزگا حکوومەتییەکان بۆ جێبەجێکردنی یاساکان و بەکورتی یاساسەروەری

٥ـ دانی ئازادی بە مانای ڕاستەقینەی خۆی لە هەموو ڕەهەندە تاکەکەسییەکان، ئایینی، چاندی و ...

٦ـ کرانەوەی کەشی سیاسی لە وڵات

٧ـ ئەسپاردنی کار بە کارزان و لێئەستاندنەوەی سەڵاحییەت لە کەسانی نەشیاوی داسەپیندراو بەسەر ئۆرگانە دەوڵەتییەکان

٨ـ کۆتاییهێنان بە درۆ و دەلەسە و گرتنەبەری ڕێکاری "شەفاف" لە بیاڤەکانی سیاسەت، ئابووری و فەرهەنگی

٩ـ بنیاتنانی ئابوورییەکی تۆکمە لەسەر بناغەی زانستی ئابووری و کەڵكوەرگرتن لە کارناسانی لێزانی ئەم بوارە

...

ڕێگەچارە ناعەقڵانییەکان:

ـ بەڕێوەبردنی حکوومەتی سەربازی لە شەقامەکان

ـ هەوڵدان بۆ داخستنی ڕێگەکانی پێوەندی وەک فیلتێرکردن و پارازیت

ـ بەردەوامبوون لەسەر پڕوپاگاندای حکوومەتی و هەوڵدان بۆ خۆفەڕزکردن بەسەر کۆمەڵگادا

ـ پەلاماردانی خەڵکی ناڕازی و گرتن و لێدان و سەپاندنی حوکمی ناڕەوا

ـ درۆکردن و پێدانی زانیاری ناڕاست لەسەر دۆخی هەنووکەیی

ـ گوێنەدان بە داخوازییە نەتەوەیی و ئیتنیکییەکان و گرێدانەوەیان بە لایەنە دەرەکییەکان و دوژمنە خەیاڵییەکان

ـ بەئامرازکردنی یاسا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم

ڕێگەچارەکان بۆ خەڵک

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کەتوارانەی کە باس کران زۆر سرووشتی دێتە بەرچاو گەر پرسیار بکەین کەواتە ڕێگەچارەی خەڵک چییە؟ یان بە واتایەکی تر خەڵک دەبێ چی بکەن تا لەم نەهامەتییانەی بەسەریاندا هاتووە ڕزگاریان ببێ؟

بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە نموونەیەکی مێژوویی دەهێنینەوە؛ سەدەی نێوەڕاست (قرون وسطی) یەکێک لە تاریکترین قۆۆناغەکانی ژیانی مرۆڤ بووە کە لە سەدەی ٥ی زایینییەوە دەست پێدەکات و لەگەڵ ڕێنێسانس لە سەدەی ١٤ کۆتایی پێ دێت. لەم قۆناغەدا دین کە کەنیسەکان نوێنەرایەتییان دەکرد تەواوی قوژبنەکانی کۆمەڵگە و فەرهەنگ و سیاسەت و ... خستە ژێر ڕکێڤی خۆیەوە و هەرچی زیندەوەر بوو، دەبوو بە بریاری کەنیسە بژی. ئەوانەی کە لە کەنیسەکاندا بوون خۆیان لە هەمووان پێ سەرتر و گەورەتر بوو، خاوەنی موڵک و ماڵ و ژیان و ژیاری خەڵک بوون و هەر کەس بچووکترین ناڕەزایەتی هەبووایە لە پڕۆسەی ئەنگیزاسیۆندا بەرەوڕووی توندترین ئەشکەنجەکان و سزاکان دەبوویەوە. بەڵام لە سەدەی ١٤دا و بە ڕێنێسانسێک کە لە ئورووپا وەک چەقی دەسەڵاتی کەنیسە هاتە گۆڕێ، دیتمان کە کرانەوە و دووبارە زیندووبوونەوە و سەرهەڵدانەوەیەک لە هەموو بیاڤەکانی فکر و ئەندێشە، سەنعەت، بازرگانی، سیاسەت و تەواوی سووچەکانی ژیان هاتە گۆڕێ. بەم نموونەوە دەگەڕینەوە سەر وڵامی پرسیارەکەمان کە لە ئێستەدا خەڵکانی نیشتەجێ لە ئێران دەبێ چی بکەن؟ کە وڵام بریتییە لەوەی تەنیا ڕێگە بۆ دەربازبوون لەو نەهامەتییانەی کۆماری ئیسلامی بۆ گەلانی ئەم وڵاتەی پێک هێناوە بریتییە لە ڕێنێسانسێکی فکری – کرداری کە بەهۆیەوە تەخت و بەختی دەسەڵات تێکەوە بپێچرێ؛ ئەویش بەهۆی یەکگرتوویی، باوەڕهێنان بە هاوچارەنووسبوون، پێویستیی هاوخەباتی و هەوڵدان بۆ ئامانجێکی هاوبەش بەپێی پلانێکی هاوبەش کە هەمووان خۆیانی تێدا ببیننەوە کە دەکرێ بە ناوی قەڵەمبازێک بۆ ڕزگاری ناوی لێ بهێنین.