کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتایی یا دەسپێک؟

10:56 - 6 رەزبەر 2723

کەریم پەرویزی

لە دەورانی شۆڕشی سوور لە چیندا کە چەند دەیەی خایاند، چیان کای چێگ، ڕێبەری ڕاستڕەوەکان کە بە خۆیان دەگوت هێزی شۆڕشی نەتەوەیی، گوشاری وەهای بۆ هێزەکانی کۆمۆنیستی هێنابوو کە لە هێزی دەیان هەزار کەسیی لایەنگری مائۆ، چەند سەد کەسێکیان مابوویەوە و دوای هێرشی بەرفراوانی ئەرتەشی چیان کای چێگ، بەرەو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی باکووری چین هەڵهاتن و لە ناوچە کوێستانییەکاندا بە پەرتەوازەیی و لاوازی پەنایان گرت. چیان کای چێگ ڕایگەیاند کە کۆتایی بە دژەنەتەوەییەکان هێناوە.

چەند ساڵ دواتر، هێزی بەرفراوانی ئەرتەشی سووری مائۆ، ئەرتەشی چیان کای چێگیان وەها شپرز کرد کە تەنیا ژمارەیەکی کەمی بۆ مایەوە و تەسلیمی مائۆ بوو بەو مەرجەی ڕێگەی بدەن کە بڕواتە جەزیرەیەک و لە تایوان جێگیر بوو و لەوێ خۆیان بە ناوی دەوڵەتی نەتەوەیی چین ناودێر کرد!

ئێستا چین ڕۆژانە مانۆڕ بەسەر تایوانەوە لێ دەدا کە ئەوە خاکی چینە و دەبێ بگەڕێندرێتەوە سەر خاکی ئەسڵیی چین!

چەند ساڵێک بوو کە بەردەوام سوپای پاسدارانی ڕیژیمی کۆلۆنیالیستیی تاران، هەڕەشەی لێدان و هێرشکردنە سەر هێزەکانی کوردستانی دەکرد و هەموو ساڵێک لە بەهار و کۆتایی هاوینیشیدا بە چەکی جۆربەجۆر هێرشێ دەکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە شاخەکانی کوردستان. تەنانەت لەم دواییەشدا بە درۆنی خۆکوژ هێرشی دەبردە سەر کوردستان و ڕقی خۆی بە سەر شاخ و ڕەوەزی کوردستاندا بەتاڵ دەکردەوە.

دوای ئەو چەند ساڵە هێرشە بەردەوامە کە تەنانەت لە ساڵی ١٣٩٧دا بە مووشەک هێرشی کردە سەر بنکە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات، ڕێژیم گەیشتبووە ئەو ڕادەیەی کە بە وتەی خۆیان هێرشی یەکلاکەرەوە بکا، بۆیە لە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ دا دەستی بە هێرشە دڕندانەکانی کرد.

٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی چەند ڕۆژێک بەسەر سەرهەڵدان لە سەرتاسەری ئێراندا تێپەڕیبوو و لەو سەرهەڵدانە نوێیەدا کە بە دروشمی ژن، ژیان ئازادی، لە هەموو دونیا دەنگی دایەوە، کوردستان پێشەنگی شۆڕش و سەرهەڵدان بوو وهەر بۆیە کۆماری ئیسلامی زۆر زیاتر لە جاران ڕقی لە کوردستان هەستابوو و ترسی ڕووخان ڕوونتر بەربینگی گرتبوو، بۆیە لە بەرامبەر خەباتی جەماوەری و سەرهەڵدانی شاردا، کۆماری ئیسلامی بە مووشەکی بالستیک و درۆنی تیرۆریستیی خۆتەقێنەوە وەڵامی دایەوە و یەکەم جار لە ٦ی ڕەزبەر و دواتر لە چەند جاری دیکەدا بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر بنکە و کەمپ و بنەماڵە و قوتابخانە و نەخۆشخانەی هێزەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و تەنانەت منداڵی نێو سکی ژنی دووگیانیشی وەبەردا و ئەوەی تاوان هەبوو کە پێشتر ئەنجامی نەدابوو ئەمجارە بەڕێوەی برد! شەهیدانی ئەم هێرشانەی ڕێژیم شایەتی هەمیشەیی مێژوون بۆ سەلماندنی پەڵەڕەشەکان بە نێوچاوانی دەسەڵاتداریی تارانەوە.

کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسدارانەکەی پێیان وابوو کە ئەمە کۆتایی پرۆسەکەیە و ئەو پیلانەی کە چەند ساڵێکە قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێی دەکەن، لە قۆناخی کۆتایی خۆیدایە و هەر بۆیە دوای مووشەکباران، ویستیان گوشار و هەڕەشەکانیان بخەنە بەرگی دەوڵەتی و نێودەوڵەتییەوە و لە ڕێگەی ڕێکەوتنی ئەمنییەتی لەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق، دەستیان دایە پڕوپاگەندەی لەنێوبردنی ئیرادەی خەباتکاری لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا.

لە لای کۆماری ئیسلامییەوە، ئەمە دوایین قۆناخ بووە و هەر وەک بەرپرسانی سوپای تیرۆریستیی پاسداران باسیان کردووە دەیانەوێ هێزە تەجزیەتەڵەبەکان لە ناوچە دوور بخەنەوە!

خەباتی کوردستان بەگشتی و کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی چەندین قۆناخی جیاوازی بڕیوە و لە سەرەتای سەرهەڵدانەوە، کە دژکردەوە بووە بەرامبەر بە هرووژمی کۆلۆنیالیزمی نوێ، بە سەرکردایەتیی ڕەزاخانی میرپەنج، بە گیانفیدایی و گرتنەبەری ڕێگای جۆربەجۆر درێژەی هەبووە و هەر لەو کاتەوە تۆمەتی جوداییخوازی و دەسکردیی بێگانەیان لێ داوە! بەڵام هەر لە سەردەمی ڕەزاخانەوە تاکوو ئێستا لە هەموو قۆناخەکاندا ئەوە دەسەڵاتی حاکم لە تاران بووە کە هەوڵی داوە هەم بزووتنەوەی کوردستان بەلاڕێدا ببا و بەرەوە ئاقاری دیکە هان بدرێ و هەم لە بەرامبەر سەرکوت و بێهێزکردنی بزووتنەوەی کوردستاندا هەم ئیمتیازی زۆریان بە بێگانەکان داوە و هەم تەنانەت لە خاک و بەرژەوەندیی وڵاتی بەڵالێدراوی ئێرانیشیان بەخشیوە!

لە ڕاستیدا بەستراوە بە بێگانە و تەجزیەتەڵەبی ڕاستەقینە دەسەڵاتی پاڵەوی و دواتر دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی بوون و هەن.

بزووتنەوەی کوردستان و ڕەوتی سەرهەڵدانی ڕزگاریخوازانە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نە بزووتنەوەیەکی دەسکردە و نە هەڵبەزینەوەیەکی کاتییە کە بە مووشەک و درۆن لەوبەری سنوورەکانەوە کۆتایی پێ بێ!

هێزەکانی کوردستان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێکخراوی سەرهەڵداو لەنێو پێداویستی و پێویستیی مێژوو و خەباتی نەتەوەیەکی ڕاپەڕیو و لەسەر هەستە و ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە ئەم ڕێکخراوەیان دامەزراندووە و چاوی هیوایان لەسەریەتی و وەکوو گلێنەی چاویان دەیپارێزن! حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند گرووپێکی چەکداری پەرتەوازەی سنوورەکان نییە کە بە هێرشی درۆنی تیرۆریستی لەنێو بچێ!

هێزەکانی کوردستان و بەتایبەت حیزبی دێموکرات، لە ئیرادەی نەتەوەیەکەوە سەرچاوە دەرگرن و لە بەرامبەر ستەمێکی کۆلۆنیالیستیی ڕێژیمی حاکم لە تاراندا سەریان هەڵداوە. تەنیا ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە، نەک هێرشی نیزامی بەڵکوو نەمانی کۆلۆنیالیزم و بەرقەراربوونی پێوەندیی هاوتای نێوان هەموو نەتەوەکان لە ئێرانە!

چیان کای چێگ نەیدەزانی کە ویستی بەرابەریخوازی لە چین بەستراوە بە چەند کەس لە هێزە پارتیزانییەکەی مائۆ نییە و  پێی وابوو کە بە هێرشەکەی کۆتایی بە ئەو ویستە هێناوە، بەڵام دۆخەکە و بەردەوامیی سەرهەڵدان و بەرخۆدان نیشانی دا کە ئەوە نەک کۆتایی نەبوو بەڵکوو دەسپێکی سەردەمی دیکە بوو.

هیچ چەکێک لە دونیادا نەیتوانیوە ئیرادەی نەتەوەیکی وشیار کە ئامادەی دانی نرخەکانی ئازادییە بەچۆکدا بێنێ. هێنانەئارای چەکی بالستیکی و درۆنی خۆتەقێنەوە، کۆتایی ویستی کورد و خەباتی ڕزگاریخوازی لە کوردستان نییە بەڵکوو هۆکاری گۆڕانکاری لە تاکتیکەکان و دەسپێکی قۆناخی دیکەیە!

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین