کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی ڕێژیم لە پێگەی شەهیدانی کوردستان

09:50 - 14 خەرمانان 2723

سمایل شەرەفی

لەڕەوتی شۆڕشی ژینادا بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشەکە ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەریان گێڕا. ئەوان بەکەڵکوەرگرتن لە هەر بۆنەیەک و بەئامادەبوون لەسەر گڵکۆی ئازیزەکانیان وێڕای دەربڕینی نەفرەت و بێزاریی خۆیان لە ڕیژیم و ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدەکان، پەیامی لەسەرپێبوون و بەردەوامبوونی شۆڕشەکەیان بڵاو دەکردەوە.

لە شۆڕشی ژینادا خەڵکی کوردستان بۆ جارێکی دیکە بە ناولێنانی شەهیدەکان بە "قارەمان" و بە درووشمی "شەهیدان نامرن" و "شەهید نامرێ"، سەلماندیان کە شەهیدەکان لە دڵی ئەوان‌دا دەژین و بۆ هەمیشە بە نەمری دەمێننەوە. ئەوان لەسەر جەنازە و گڵکۆی شەهیدەکان هاواریان دەکرد؛ "نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەت‌دا دەژین". شەهیدەکانی شۆڕشی ژینا هەروەک چۆن پێش لە شەهیدبوونیان پێشەنگایەتی خەباتی مافخوازانەی نەتەوەکەیان لەسەر شەقامەکانی کوردستان دەکرد، دوای شەهیدبوونیشیان وەک کاتالیزۆرێکی زیندوو، بۆ ڕێبوارانی رێگای ئازادی و مەفخوازی بوونە "قووەتی قەلب" و، بۆ لەشکری دووژمن بوونە چقڵی چاو.

کۆماری ئیسلامی کە هەستی بە ڕۆڵی کاراکتەری شەهید لە بزووتنەوەی کوردستان‌دا کرد زۆر بێ‌شەرمانە کەوتە پیلانگێڕێ و لەیەکەم قۆناغی ئەم پیلانگێڕییەدا هەموو هەوڵێکی ئەوە بوو کە پێش بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ناشتنی جەنازەکانیان بگرێ. بۆیە بە هەڕەشە و گوڕەشە لە بنەماڵەکانیان داوای لێ‌دەکردن "دەبێ هەر بەشەو و بەبێ‌دەنگی بنیانێژن". بەڵام بنەماڵەی سەربەرز و خاوەن هەڵوێستی شەهیدەکان و خەڵکی کوردستان وڵامی داواکارییەکانی ڕێژیمیان نەدایەوە و ڕێوڕەسمی ناشتنی جەنازەی پیرۆزی شەهیدەکانیان دەکردەوە بە دەرفەتێک بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین و بەرەنگاربوونەوە. ئەوە بوو کە بەکرێگیراوانی رێژیم دەستیان لە دزینی جەنازەی شەهیدەکانیش نەپاراست. خەڵک ئەم پیلانەشیان بە شاردنەوەی جەنازەی شەهیدەکان و ڕاگرتنیان لە شوێنی ئەمین تا ڕەخسینی دەرفەتی گونجاو پووچەڵ کردەوە. لەم پێوەندییەدا بڵاوبوونەوەی وێنەی جەنازەی شەهید محەممەد حەسەن‌زادە کە شەهیدی هاوڕێی، شەهید  شەهریار محەممەدی لە شاری بۆکان تا بەیانی بەلایەوە ماوەتەوە، جوانترین تابلۆیە کە لەلایەک تەعبیر لە دەروەستبوونی لاوانی شۆڕشگێڕی وڵات دەکات و لە لایەکی دیکەوە ڕوخساری دزیوی کۆماری ئیسلامی ئێران وێنا دەکات.

شێواندنی گڵکۆی شەهیدەکانی کوردستانیش لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، وەک بەشێک لەم پیلانگێڕییە، دیاردەیەکی تازە نیە. هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەهەرکوێ هەستیان بە گڵکۆی ڕۆڵەیەکی قارەمان، پێشمەرگەیەکی شەهیدی ئەم نیشتمانە کردبا، هەوڵیان دەدا بیشێوینن و ئاسەواری نەهێڵن. لە شۆرشی ژیناش‌دا ئەم کردەوە قیزەونەیان درێژەپێ‌دا. چەند جارێک گڵکۆی شەهید ژینایان لە گۆڕستانی ئایچی شێواند و کێلەکەیان شکاند و ئەم کارەیان لەزۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستان لەسەر گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بەڕێوە بردوە.

لە درێژەی ئەم پیلانگێڕییە‌دا و لە بەرەبەری ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینادا، ڕێژیم هەوڵ دەدات بە سازکردنی کۆمەڵێک سناریۆ، کەسایەتیی شەهیدەکان بڕووشێنێ و گومان لە سەر چۆنیەتی شەهیدکردنیان بڵاو بکاتەوە. لە تازەترین هەوڵی قیزەونانەی ڕێژیم‌دا وەک لە سایتی "میزان"ی سەر بە ڕێژیم بڵاو بۆتەوە، کەسایەتیی شەهید محەممەد حەسەن‌زادە، یەکێک لە شەهیدەکانی شۆڕشی ژینا لە شاری بۆکان و چۆنیەتی شەهیدبوونی کراوەتە ئامانج. بە گوێرەی ئیدیعای پڕوپووچی ئەم پێگەیەی ڕێژیم، گوایا شەهید محەممەد لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە شەهید نەکراوە و بە هۆکاری دیکە گیانی لەدەست داوە!. هەروەک لە ڕاپۆرتەکەی "میزان"یش ڕا دیارە، ژووری پیلانگێڕی خەریکی سازکردنی سناریۆیەکە کە ئیدیعا درۆینەکەیان لەسەر شەهید محەممەد حەسەن‌زادە بسەلمێنن، بۆیە هیچ دوور نیە کە لە شانۆگەرییەکی تلویزیۆنی‌دا دوو کەس لە مۆرەکانی خۆیان ناچار بە گێڕانەوەی حەقایەت و شێواندنی ڕاستییەکان بکەن.

هیچ گومان لەودەدا نیە کە شەهیدەکانی شۆڕشی ژینا و بنەماڵە سەربەرزەکانیان وەک لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا دەرکەوت لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان‌دا خاوەنی پێگەیەکی بەرزی ئەرزشی و مەعنەوین. ئەم جێگەوپێگەیە ئەوەندە ئاسان دەستنەوکەوتووە کە ژوورە مێشک‌ڕزیوە ئەمنیەتییەکانی رێژیم بتوانن بنکۆڵی بکەن. شەهیدەکانی شۆڕشی ژینا کە هەر هەموویان گەنج و دڵ‌پر لە ئاوات و ئارەزووی ژیان و بەختەوەری بوون، گەرەترین سەرمایەی ژیانیان (گیانیان) کردە قوربانیی خاک و خەڵکیان. بنەماڵەکانیان ئازیزترین کەسەکانیان لەم پێناوەدا بەخت کردوە. بۆیە لێدان لە کەسایەتیی شەهید و هەوڵدان بۆ بەدناوکردنی بنەماڵەی شەهیدان، جیا لە گەمژەیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچی دیکە ناگەیەنێ.