کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەرەس لە دوندی قەیرانەکانەوە

00:11 - 11 خەرمانان 2723

عەلی بداغی

دوو ساڵ لە سەرۆک‌کۆماریی برایم ڕەئیسی تێپەڕی. خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەو بۆنەیە و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕئیسی و ئەندامانی کابینەکەیدا پێی لەسەر پشتیوانیی قورس و قایمی خۆی لە دەوڵەتی سێزدەهەم داگرتەوە. خامنەیی پێچەوانەی عادەتی باوی خۆی کە قەتی خۆ لە کاروکردەوەکانی دەوڵەتەکانی پێشوو بەخاوەن نەکردووە، لەم کۆبوونەوەیەدا زۆری بە بەژن‌‌وباڵای ڕەئیسی و کابینەکەی هەڵاگوت، کابینەیەک کە لە مێژووی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیدا بە قۆناغی هەرە یەک‌دەستی دەسەڵات لە ئێران دادەنرێت.

لە مێژووی دەوڵەتەکان لە ئێراندا هەرکام لە سەرۆک‌کۆمارەکان دروشمێکی بنەڕەتییان هەڵگرتبوو کە پێی دەناسرێنەوە. بۆیە ئەگەر دروشـمی ڕەفسەنجانی "سازندگی" و بنیاتنانەوەی ئێرانی دوای شەڕ بوو، ئەگەر خاتەمی باسی لە کرانەوەی سیاسی دەکرد، ئەگەر ئەحمەدی‌نژاد سواری شەپۆلەکانی دروشمی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ببوو، ئەگەر ڕوحانی هەموو وزەی خۆی لەسەر ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ دنیای دەرەوە دانابوو هەتا خۆی گوتەنی هەم چەرخی سانترفیوژەکانیان بگەڕێ و هەم سزاکان لەسەر ئێران لاببا؛ بەڵام ڕەئیسی بەبێ ئەوەی تەکز لەسەر تەوەرێکی تایبەت بکا، دەیان وادەی هەمەجۆری دا و ئیدیعای کرد کە لە ماوەی ساڵێکدا خەڵک و وڵات لە هەژاری و مەینەتی ڕزگار دەکات! بەمجۆرە ڕەئیسی کە بە ئیدیعای داڕشتنی بەرنامەیەکی ٧ هەزار لاپەڕەیی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر بنەمای چاکسازیی ئابووری و لە مهەندیسی‌کراوترین و ساردوسڕترین شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماریدا ناوی لە سندووقەکان هێنرایە دەر، ئێستا دوو ساڵ دوای گرتنەدەستی جڵەوی کاروباری دەسەڵات ئێستا دەوڵەتەکەی بە درۆزنترین، گەندەڵترین و کاولترین دەوڵەت لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا دەناسرێ.

لەسەردەمی سەرۆک‌کۆماریی ڕەئیسی‌دا ئابووریی وڵات نەک هیچ گەشە و نەشەیەکی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵکوو خەڵکی هیندەی دیکەش هەژار و بێ‌ئەنوا کردووە. لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا دراوی بێ‌پشتیوانە دوو هیندە جاران پتر چاپ کراوە و لەسۆنگەی زیادبوونی نەغدینەییەوە هەڵاواسانی ئابووری پتر و هیندەی دیکە ئابووریی وڵاتی تووشی قەیران کردووە. لەو دوو ساڵەدا نرخی دۆلار دوو هیندەی کاتی هاتنەسەرکاری ڕەئیسی زیادی کردووە و ئەو کە دەیگوت لە ساڵدا یەک میلیۆن هەلی کاری نوێ بۆ بێکارەکان دەڕەخسینێ و چوار میلیون خانوو بۆ نیشتەجێکردنی کرێ‌نشینەکان دروست دەکا، نەک هەر یەکی دەی وادەکانی بۆ نەچووەتە سەر؛ بەڵکوو هەم ئاماری بێکاری ئەوەندی دی هەڵکشا، هەم کرێ‌خانووش دووقاتی ئەوکات زیادی کرد؛ بەوەش خەڵکی هەژار و کرێنشین هیندەی دیکەش تووشی بێ‌دەرەتانی و تەنگانە هاتوون. ئەو کە هاتبوو نرخی دراوی نیشتمانی بۆ بایەخی خۆی بگێڕێتەوە، ئەوەندەی دیکەش تمەنی وێران کرد، بە جۆرێک دۆلار لە ٢٥ هەزار تمەنەوە بۆ ٥٠ هەزار تمەن هەڵکشاوە و سکە لە ١٠ میلیون تمەنەوە بۆ ٢٥ میلیۆن تمەن بەرز بۆتەوە و، نرخی کاڵا بنەڕەتییەکانی دیکەی وەک قەند و ڕۆن و برینج و گۆشت و ئەوانی دیکەش هیچ، کە بەشێکیان نەک دوو بەرابەر، بەڵکوو چوار هیندە زیادی کردووە و خەڵک ئەوەندە هەژار کەوتوون کە توانای کڕینی لانیکەمی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیانیان نەبێت.

لاوازکردنی پتری کەرتی تایبەت، گەندەڵیی هەوسارپچڕاو لە کەرتی دەوڵەتی و سیستمی بانکی، ڕاوەستانی وەبەرهێنانی نێوخۆیی و دەرەکی، کۆچی بەلێشاوی هێزی کاری پسپۆڕ بۆ دەرەوەی وڵات و قەیرانی ئاو و سووتەمەنی تەنیا بەشێک لە دەرەنجامی ئابووریی دەستووریی برایم ڕەئیسییە کە بە ئامارسازی و شانتاژ دەیەوێ پێچەوانەکەی بنوێنێ. شانتاژ و سانسۆڕ تا ئەو جێیەی کە خامنەیی لە قسەکانی لەو کۆبوونەوەیەدا نەیتوانی بۆی داپۆشێ و گوتی " ئامار و ڕاپۆرتی کاربەدەستان دەبێ تۆکمە بێت و وا نەبێ لایەنە حکوومەتییەکان ئامار و ڕاپۆرتی یەکتر ڕەت کەنەوە و زانیارییەکان لەگەڵ یەکتری نەیخوێننەوە."

جیا لە بواری ئابووری کە دەوڵەتی ڕەئیسی نەیتوانیوە نەک دۆخی ژیان و بژیوی خەڵک باشتر بکا، یان نەک هەر نەیتوانیوە وا بکات دۆخەکە لانیکەم سەقامگیرییەکی پێوە دیار بێت و ڕۆژ بە ڕۆژ پتر هەناسەی لە خەڵک بڕیوە؛ لە بەشەکانی دیکەی وەک ژینگە و کولتووری و کۆمەڵایەتیشدا وڵاتی هیندەی دیکەش بەرەوڕووی قەیرانی نوێ کردووە. کۆی ئەو ناکارامەییانە لە تەنیشت سیاسەتی دژەژنی دەوڵەتی ڕەئیسی بووە هۆی ئەوەی گەورەترین بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی مێژووی کۆماری ئیسلامی لە پاییزی ساڵی ڕابردووەوە وەڕێ بکەوێ.  

بەگشتی بێ‌توانایی لە سەقامگیرکردنی بایەخی دراوی نیشتمانی، لەکەمیدانی داهاتی سەرانەی بنەماڵەکان، داڕمانی بازاڕی نیشتەجێبوون و لەو سۆنگەیەوە چوونەسەرێی کرێ‌ماڵ و کرێ‌دووکان، دابەزینی پتری فرۆشی نەوت و گاز بەهۆی کاریگەریی گەمارۆکان و پەککەوتنی پیشەسازیی هەڵێنجان و وەبەرهێنان، بێ‌توانایی لە ڕاگرتنی نرخی سکە و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، زۆرکردنی باج و ماڵیات لەسەر خەڵک بە مەبەستی پڕکردنەوەی بەشێک لە کورتیهێنانی بودجە، زۆربوونی نەغدینەیی و هەڵاوسان و هەژاری تا ئەو ڕادەیەی بڕستی لە خەڵکی ببڕێ، هەرەسهێنانی دامەزران و پڕۆژەکانی خوڵقاندنی هەلی کار، داڕمانی بازاڕی بورس و قەیران لە پیشەسازیی ئوتومبیل لە تەنیشت گەیشتنی گەندەڵیی سیستماتیک هەتا تەشقی ئاسمان تەنیا بەشێک لە کار و کارنامەی دەوڵەتی ڕوحانی لە دوو ساڵی ڕابردوون.

بەڵام تەنیا بوارێك کە ڕەئیسی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بۆی گرینگ و بەخەمیەوە بووە، زیادکردنی بودجەی شەڕانخیویی هێزە چەکدارەکان و ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆ بەگژداهاتنەوەی خەڵک و سەرکوتی خوێناوی و بێ‌بەزییانەی ڕەوتی مافخوازیی گەلانی ئێران بووە. لەو ماوەیەشدا کە بەرەوپیلی ساڵیادی شۆڕشی ژینا دەچین، دەوڵەتی ڕەئیسی بەگرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتر بۆ سەرکوتی خەڵک دەیەوێ بە سەپاندنی کەشی ترس و تۆقاندن ڕێ لە هەر جموجۆڵێکی ناڕەزایەتی بگرێت. پەرەسەندنی بانگکردنی چالاکانی سیاسی و ئەمنییەتی بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکان، گرتن و پەروەندەسازی و سەپاندنی سزای قورس بەسەر دەسبەسەرکراوان، خستنەژێر گوشاری پتر خوێندکاران و یەک‌دەست‌کردنی پتری زانکۆکان لەڕێگەی دەرکردنی ئەو مامۆستایانەی ساڵی ڕابردوو پشتیوانییان لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک کردبوو، بانگکردن و دەسبەسەرکردنی چالاکانی کرێکاری و تەنانەت بنەماڵەی کوژراوەکانی شۆڕشی ژینا بەشێکی بچووک لە کار و کردەوەکانی دەوڵەتی ڕەئیسی لە ماوەی ڕابردوویە کە هەمووی نیشانەی ترس و زەبوونیی ڕێژیم لە ئیرادە و خەباتخوازیی خەڵکن.

لە کۆتاییدا: ئەگەرچی دەوڵەتی ڕەئیسی لاوازترین، گەندەڵترین و ناکارامەترین دەوڵەتی مێژووی کۆماری ئیسلامییە و لەو سۆنگەیەوە خەڵکی وڵات تووشی ڕۆژرەشی و زۆرترین قەیرانەکان هاتوون، بەڵام سەرچاوەی سەرەکیی ئەم دۆخە ڕەئیسی خۆی نییە، بەڵکوو هەرهەموو پێکهاتەی دەسەڵات و لەسەروو هەموویانەوە خامنەییە خەڵک و وڵاتی ئێرانیان تووشی ئەو کارەساتە کردووە و تاکەڕێگاش بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە بەردەوامیی خەبات و ناڕەزایەتییەکان هەتا ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمەیە.