کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزی نوێی شۆڕشی قوتابییان

12:43 - 10 رەزبەر 2723

شەماڵ تەرغیبی

بێشک  سەلماوە کە هێزی گۆڕان لە هەر وڵاتێکدا بریتییە لە هێزی چینی لاو؛ لە نێو ئەوانیشدا لاوانی خوێندەوارن کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری دادەنێن لەسەر ڕەوتی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگاکان. ئەم شوێندانەرییە بەتایبەت لەو وڵاتانەدا کە سیستمی بەڕێوەبەری تێیدا زاڵمانە و دیکتاتۆرییە گرینگتر، ئەستەمتر و پڕتێچووترە.

لە ئێراندا و لە کۆتاییەکانی دەیەی ٥٠ی هەتاویدا، بەڕوونی لە نێوان ساڵەکانی ٥٥ تا ٥٧ کە شۆڕشی گەلانی ئێران شکڵی گرت و کۆتایی بە دەسەڵاتی پاڵەوی دووهەم هات ، ئەم نەخش و دەورە گرینگە زیاتر لە هەر کاتێک دەرکەوت. چاوخشاندنێک بەسەر ئارشیوە تەسویرییەکانی ئەو سەردەمە ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەوە چینی لاوی خوێندەواری کۆمەڵگا بوون کە دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی ڕاسان و کۆتاییان بە چەند سەد ساڵ زوڵم و زۆری سیستمی حاکم هێنا.

ئەم شوێندانەرییە بەنیسبەت ئەزموونی وڵاتانی دیکەشەوە دەکرێ بخرێتە بەر تیغی شەنوکەوکردن؛ بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٩دا لاوانی ئەندۆنێزی دژ بە سەپاندنی حوکمی بە ئیسلامیکردنی وڵات ڕاپەڕین و سەرکۆماری وڵاتەکەیان ناچار کرد کە واز لە دەسەڵات بهێنێ.

ڕەنگە لە ئێستەدا بەرهەستترین نموونە کە بۆ ئێمە گرینگیی تایبەتی خۆشی هەیە هەمان ڕاپەڕینی سەرانسەری لە ئێران و لە پاش کوژرانی بەئەنقەستی ژینا ئەمینی لە ساڵی ڕابردوو بێت کە دیتمان چلۆن لە هەموو شارەکانی ئێران و کوردستان خەڵک و بەتایبەت لاوانی دەروەست ڕژانە سەر شەقامەکان و دژ بە دەسەڵاتی حاکم دروشمیان دا و خوازیاری لەنێوبردنی یەکجارەکیی سیستمەکە بوون. چاوخشاندنێک بەسەر ئاماری شەهیدەکان و دەسبەسەرکراوان لە یەک ساڵی ڕابردوودا دیسانەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەو هێزەی شەقامەکانیان کردە سەنگەری بەرخۆدان دژ بە دەسەڵاتی ملهۆڕی تاران ئەوا لاوانی نێو شارەکان بوون.

یەک ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینادا تێپەڕی؛ حکوومەت باشتر لە هەموو کەس دەزانێ کە هێزی لاوان چەندە دەتوانێ کاریگەریی لەسەر ڕەوشی سیاسی و هزری کۆمەڵگا هەبێ بۆیە هەر لە ڕەوتی خوێندندا لە ساڵی ڕابردوو دیتمان کە چلۆن بە ژەهراویکردنی قوتابخانەکان هەوڵی شکست‌پێهێنانی بزووتنەوەکەی دا. ئەمساڵیش هەر لە ئەنجامی ئەو ترسە دەبینین کە بە سنووردارکردنی تایبەت و گرتنەبەری ڕێوشوێنی تایبەتیتر لە هەوڵدایە کە پێش بە سەرهەڵدان و ناڕەزایەتیی نوێ بگرێت. غافڵ لەوەیکە بیری ئازادیخوازی و دەربازبوون لە حوکمڕانیی سیاسی لە چەشنی کۆماری ئیسلامی لە ئێستەدا بووەتە یەکێک لە هۆکارەکانی چوونەوەی قوتابییان بۆ قوتابخانەکان.

بەگوێرەی دوازانیارییەکان لە ڕۆژانی ڕابردودا و تەنیا پاش چەند ڕوژ لە کرانەوەی قوتابخانەکان لە ئێران و کوردستاندا، خوێندکارانی خوێندنگەکان بە هیچ شێوەیەک حازر نین ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە قوتابخانە و پۆلەکانی خوێندن کە لەلایەن ڕێژیمی ئیدئۆلۆژیکی ئاخوندییەوە بە سەریاندا سەپابوو، بەڕێوە ببەن .

کچانی قوتابخانەکان لە زۆرێک لە شارەکانی کوردستان پێش لەوە بچنە نێو کلاسی دەرس وڵامی دۆعا و نیایش و سەڵەواتەکانی بەرپرسانی قوتابخانەکان نادەنەوە .

ئەوان سروودی ڕێژیم دووپات ناکەنەوە و تەنانەت لە کاتێکدا مودیر و نازمی مەدرەسەکان داوایان لێدەکەن سروودەکە بخوێنن، ئەو کچە ئازادیخوازانە گاڵتە بەو سروودە دەکەن، بە جۆرێک کە تەواوی نەزمی مەدرەسەکان لەنێو دەچێ .

قوتابییەکان لەنێو پۆلەکانی خوێندندا مەقنەعەکانیان فڕێ دەدەن و دوگمەی مانتۆکانیان دەکەنەوە. زۆربەی مامۆستاکان لە ناو پۆلەکاندا لەگەڵ ئەم بارودۆخە ڕاهاتوون و بەگشتی ئەوانیش هاوتەریبی خوێندکاران ڕەفتار دەکەن و پاڵپشتی لە کچانی قوتابخانەکان دەکەن .

ئەم بارودۆخە لە سەرانسەری قوتابخانەکانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی کچان لە شارەکانی کوردستاندا بەدی دەکرێ و حاکمە و بەرپرسانی ئەمنییەتیی ڕێژیم هەوڵی هێورکردنەوەی وەزعەکە دەدەن. کاربەدەستانی ڕێژیم بە ڕەنگکردنی دیوارەکانی مەدرەسەکان لە هەوڵدان دروشمەکانی دژ بە ڕێژیم بسڕنەوە .

ئەوان بە گرتنی قورعان و سروودی ڕێژیم لەسەر مۆبایلەکان چیدی نایانهەوێ قوتابییەکان ئەو شتانە دووپات بکەنەوە هەتا کێشەیەکی جیددی نەیێتە پێش، ڕێژیم لە بەرانبەر قوتابییەکاندا خەریکی پاشەکشێیەکی ڕانەگەیێندراوە .

بارودۆخی قوتابخانەکانی کوڕانەش بەگشتی پڕە لە حاڵەتگەلی نافەرمانیی مەدەنی و دژایەتیی ڕێژیم. دروشمدان و نووسینی دروشمی شۆڕشگێڕانە، خوێندنەوەی سروودی نیشتمانپەروەرانە و گاڵتەکردن بە مۆرەکانی ڕێژیم لەنێو قوتابخانەکاندا بەشێکن لە ئەو ڕەفتارانە کە دەتوانین بە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، ناوی ببەین .ئەو شۆڕشەی کە کۆماری ئیسلامیی لە گشتییەتی خۆیدا هێنایە ژێر پرسیار و ئومێد دەکرێ لە سێبەریدا کۆتایی بە تەمەنی ڕێژیم بێت و کەشی ئازاد باڵ بکێشێت بەسەر جوغڕافیای ئێراندا.