کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوەڕ بە سەرکەوتن

10:26 - 15 رەزبەر 2723

عەلی بداغی

ساڵێک لە شۆڕشی ژینا تێپەڕی. ساڵێک کە لەودا هەم وێنەیەکی شکۆدار -ئەگەرچی پڕتێچوو-ی دیکەمان لە خەبات و مافخوازیی خەڵکی ئێران بینی، هەم بینیمان ئاستی سەرکوت و دڕندەیی ڕێژیم لە کوشتن و بەندکردن و خنکاندنی هەناسەکانی خەڵک و کۆمەڵگە هیچ سنوورێک ناناسێت. 
دوای تێپەڕینی ساڵێک لە بەربەرینترین ناڕەزایەتییەکانی پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی، حەق وایە پتر لەوە بکۆڵینەوە کە سەرەڕای هەموو قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئەو ڕێژیمە بۆ هێشتا لەسەر پێیە و شۆڕش و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بۆچی هەتا ئێستا چۆکی بە ڕێژیم دانەداوە؟ گرینگترین ئالەنگاری و قەیرانەکانی بەردەم ڕێژیم چین و، فاکتەرەکانی سەرکەوتنی شۆڕش و ناڕەزایەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی کامانەن؟
بێ‌شک یەکێک لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی شۆڕشی ژینا بۆ سەرکوتی خوێناویی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان دەگەڕێتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو زەرفییەتەکانی سەرکوتکاریی خۆی، بە هەموو چەکێکی نیزامیی بەردەست تەنانەت چەکی بیولۆژیک شمشێری سەرکوتکردنی خەڵکی لە ڕوو بەست. بەپێی زۆر بەڵگە تەنانەت بۆ دڵنیایی پتر لە خنکاندنی هەناسەی خەڵک، هێزە نیابەتی و میلیشیاکانی گوێڕایەڵی خۆی لە ناوچەدا بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان بەتایبەت لە تاران و کوردستان بانگ کردبوو. دوای دامڕکانەوەی بڵێسەکانی شۆڕشیش بە گرتن و بەندکردن و ئەشکەنجە و تەنانەت ئێعدامی کەسانی ڕیزی پێشەوە ناڕەزایەتییەکان و، گوشارهێنانی پتر بۆ ڕێکخراوە مەدەنییەکان و بزووتنەوەی خوێندکاری هەوڵی داوە تێچووی بەردەوامیی سەرهەڵدانەکان لەسەر خەڵک زیاتر بکات.
هۆکارێکی دیکەی سەرنەکەوتنی شۆڕشی ژینا لە فازی یەکەمیدا ئەوە بوو نەیتوانی پێوەندییەکی بەهێزی ئەوتۆ لەنێوان دوو خواستی سەرەکیی خەڵک، واتا مافی ئازادی و مافی ژیان و بژیودا دروست بکات. بێگومان لە کاتێکدا گرانی و هەژاری بڕستی لە خەڵک بڕیوە و داخوازە ئابوورییەکان لەپێشەوەی داواکانی خەڵکن؛ بەڵام دەرفەت بۆ لێک‌گرێدانی داخوازییە سەرەکییەکانی خەڵک و لەو سۆنگەیەوە بەشداری هەراوی کۆمەڵگە لە ڕاپەڕینەکە بە خەڵک نەدرا. هاوکات نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی لەنێوان نەتەوە و جۆراوجۆرییەکان و زەقکردنەوەی بابەت‌گەلی وەک پیلانی دەستی دەرەکی بۆ هەڵوەشاندنی ئێران و مەترسییەکان بۆ سەر تەواوەتیی ئەرزی! کە بەتوندی لەلایەن دامودەزگای تەبلیغیی ڕێژیم و تەنانەت بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنیشەوە لە کەرەنا دەدرا؛ ئەو یەکگری و یەکخستنی وزەی خەباتگێڕییە سەرانسەرییەی بۆ جاریکی دیکەش وەدوا دا. 
بەڵام لە خەسارناسیی شۆڕشی ژینادا لە یەک‌ساڵی ڕابردوودا خاڵی لاواز و هەرەسەرەکی، لێک‌دووری و پەرتەوازەییی ئۆپۆزیسیۆن و دەستەوەستانییان لە سەلماندن و جێخستنی خۆیان وەک ئالترناتیڤی کۆماری ئیسلامی بوو. سروشتییە کە ناڕەزایەتی و شۆڕشی خۆڕسکی خەڵک با لە پاشخانی دەوڵەمەندی خەباتکاری و لەسۆنگەی کەڵەکەبوونی قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیشەوە سەرچاوەیان گرتبێ؛ بەڵام گەیشتن بە خاڵی ئامانج و دەستەبەری دەسکەوتەکانی ڕێبەری و نەخشەڕیی بەردەوامی هەتا سەرکەوتنی دەوێ. بۆشاییەک کە بەڕوونی بە شۆڕشی ژیناوە دیار بوو و شۆڕش لە بەردەوامیی خۆیدا یان دەبێ ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە، یان خەڵک دواجار و بەناچار لەو خاڵ‌هیوایە کە بەداخەوە هێشتا بە پێگەیشتوویی سیاسی نەگەیشتووە تێ‌دەپەڕن و بەدیلی خۆیانی بۆ دێننە گۆڕێ.
جیا لە سەرنجدان بەو خاڵانەی ئاماژەیان پێ درا، شۆڕش لە بەردەوامیی خۆیدا دەبێ بەسەر چەند کۆسپی دیکەشدا سەر بکەوێ، وەک گۆڕینی هاوکێشەکانی هێز لەنێوان بەشداریی خەڵک و توانای سەرکوت کە ڕاستەوخۆ گریدراوی پرسی ڕێبەری و ڕێبەریکردنی شۆڕشە. پرسێک کە دەبێ وەڵامی بۆ ڕەواندنەوەی دوودڵیی توێژی خۆڵەمێشی بۆ ڕەگەڵ‌خستنی ئەو زۆرینەیە هەبێ و بتوانێ هەموو فرەییەکانی کۆمەڵگە بە خواست و ئامانجی جۆراوجۆرەوە لە چوارچێوەی گوتارێکی هاوبەشدا ڕێک‌بخات. چونکی ئەگەر هەتا ئێستاش بەشێکی گرینگ لە چینەکانی مامناوەندی کۆمەڵگە تەڤڵی ناڕەزایەتییەکان نەبوون هۆکارەکەی نەک ترس، بەڵکوو بۆ دوودڵیی ئەوان لە ئاڵترناتیڤی جێگرەوەی رێژیم و ئاسۆی خەبات و ناڕەزایەتییەکان و دۆخی ئێران دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و دڵنیایی لە شێوەی ئیدارەدانی وڵات دەگەڕێتەوە.
ئەگەرچی لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی بە گرتنەبەری هەندێ تاکتیکی وەک هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ نەیار و رکەبەرە ناوچەییەکانی و، نەوی‌کێشان بۆ ئەمریکا و ئورووپا لە سیاسەتی دەرەکیدا و لە نێوخۆی وڵات بە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار بۆ سەر بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک دەیەوێ کۆنتڕۆڵی دۆخەکەی بکات؛ بەڵام ئەو ڕێوشوێنانە دادی نادەن، بە چەند هۆکار:
یەکەم، هەر لە ڕووی تیۆری و بەپێی ئەزموونە مێژووییەکانیش سروشتی دێتە بەرچاو کە سەرهەڵدان و ڕاپەڕین لەدژی دێکتاتۆرەکان لەوانەیە لە چەند هەنگاوی یەکەمدا بە ئاکام نەگات؛ بەڵام شۆڕش کە پنجی داکوتا ئیدی وەک ئاگری بن‌خۆڵەمێش بۆ گەشانەوە و بڵێسەسەندنەوەی بچووکترین هەل و دەرفەتی بەسە. 
دووهەم، کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە ئێستادا کە یەکدەست‌ترین دەسەڵاتی سیاسی لە مێژووی خۆی‌دایە، چ لە ڕووی فۆنداسیۆن و پێکهاتەوە و چ لە ڕووی عەقڵییەتی سیاسی و بەڕێوەبەرییەوە نە توانای ئاڵوگۆڕ و پێست‌فڕیدان و چاکسازیی هەیە، نە دەشتوانێ کەمترین ئارێشەکانی کۆمەڵگە و خەڵک چارەسەر بکات. حکوومەتێک کە گەورەترین هۆکاری مانەوەی وەک هەر دەسەڵاتێک کە متمانەی خەڵک و ڕەواییی سیاسییە لە دەست داوە و، دەسەڵاتێک کە هڵۆڵە و نەک توانای زاڵبوون بە سەر بچووکترین قەیرانەکان و وەڵامدانەوە بە لانیکەمی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی نییە، بەڵکوو بابەتە هەرچەشنە وردەبابەتێکی کۆمەڵایەتی دەکاتە قەیرانیکی سیاسی و ئەمنیەتی. دەسەڵاتێک کە لە هەموو پێوەر و تایبەتمەندییەکانی حکوومەت‌بوون داماڵدراوە و تەنیا پشتی بە هێزی سەرکوت و کوشتوبڕ بەستووە؛ سروشتییە لەو ڕەوشەدا کۆمەڵگەش هەموو کات لە دۆخی شۆڕش و راپەڕیندا خۆی ببینێتەوە و بە گۆڕینی تاکتیکەکانی خەبات لە بەستێنی مەدەنی و نامەدەنیشدا ڕەوتی بەرەوپێشی خۆی بۆ بەچۆکداهێنانی دەسەڵات بپێوێ.
هۆکاری سێهەم، هاوکێشەی تەمەنی و گۆڕانکاری حەشیمەتییە. ئەگەر لە سەردەمی سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧دا سەتا ٤٠ی پیاوان و سەتا ٧٠ی ژنان نەخوێندەوار بوون و لە سۆنگەی خۆشەویستیی مەلا و مزگەوتەوە ئینتیمای ئایینیی خەڵک یەکجار زۆر بوو؛ ئێستا زۆرینەی حەشیمەتی ئێران -کە لە لاوان پێک‌هاتوون- خوێندەوارن، بەتایبەت کە خوێندەواری و پێگەیشتوویی لە ژناندا چەندقات بەرز بووەتەوە. هەروەها مەیلی ئایینی لە کۆمەڵگەدا تا ئاستێکی یەکجار زۆر لە کەمی داوە و زۆرینەی خەڵکی ئێران بیر و ئینتیمای سێکۆلاریان هەیە. لەوەش تایبەتتر پشتگوێ‌خستنی لاوان و مافەکان و داهاتوویان لەلایەن دەسەڵاتەوە، ئەویش لە سەردەمی تەقینەوەی زانیاری و سۆسیال‌مێدیادایە کە هەم لەسەر سێکۆلاربوونی زیاتری توێژی لاوان و هەم لەسەر خەباتگێڕی و مافخوازییان شوێنەواری قووڵی داناوە. 
چوارەم فاکتەر ئەزموونە مێژووییەکانن. شۆڕشی ژینا کە هەرخۆی لەسەر بنەمای پاشخانێکی دەوڵەمەند لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی دەستی پێ کردووە، بەپێی ئەزموونەکان دەزانێ بۆ سەرکەوتن پێویستە هەموو خەڵکی وڵات دوورەدیمەنێکی ڕوونیان لە داهاتوو بوێ و سەرکەوتنی شۆڕش بە سەرکەوتنی خۆیان و دەستەبەری مافەکانیان بزانن. شۆڕشی ژینا ئێستا لەو دۆخەدایە و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە لە گوندی و شاری و، لە وەرزێڕ و بازاڕی و بازرگانەوە هەتا کرێکار و قوتابی و خوێندکار ئەو خولیایەیان بۆ چێ بووە کە داهاتووی ڕوونیان لەگرەوی نەمانی کۆماری ئیسلامی‌دایە. ئەم خولیا هاوبەش و گەورەیەش هەم یەکیەتییەکی دەروونی لەنێو خەڵکدا پێک‌دێنێ، هەم هۆکارێکیشە بۆ دروستبوونی هاوپەیمانییەکی بەرین لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا.
شۆڕشی ژینا، شۆڕشی مافخوازیی خەڵکی کوردستان و ئێران کە هەڵقوڵاوی ئیرادەی گشتی بۆ ڕاماڵینی دیکتاتۆرییە سەر دەکەوێ، چونکی هەم بەرهەمی وشیارییەکی گشتی و نەتەوەییە، هەم کۆمەڵگە لێبڕاوە هەموو تێچوویەکی بۆ بدات.