کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەریبا محەممەدی: پێویستمان بە گوتارێکی هاوبەش هەیە بۆ خاوەندارەتی لە شکۆ و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان

02:25 - 2 رێبەندان 2723

دیمانە: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: شۆڕشی ژینا یەکێکە لە ڕووداوە سیاسییە گرنگەکانی مێژووی کوردستان و ئێران. شۆڕشێک کە دەستکەوتی زۆری بۆ بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستان هەبوو، بەتایبەتی تیشک خستنەسەر پرسی دێموکراتیکی نەتەوەیی کوردستان لە ئێران و جیهاندا. لە ئەگەری درێژەی ئەم شۆڕشە لە کوردستان و ئێراندا، ڕووبەڕووی چەندین پرسیار دەبینەوە: ئەم شۆڕشە بەرەو کوێ دەڕوات؟ لە ئێستادا گرنگترین ئاستەنگەکانی بەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان چین؟ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی تا چ ڕادەیەک پابەند بە دامەزراندنی بەرەیەکی بەهێز کە لەسەر بنەمای گوتارێکی سیاسی هاوبەش بۆ بونیادنانەوەی وڵاتێکی دێمۆکراتیکن؟ لە بەردەوامیی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا ئەرک و بەرپرسیارێتیی حیزبە سیاسییەکان کامانەن و چۆن دەتواندرێت ئەم شۆڕشە بگەیەندرێتە سەرکەوتن؟ "کوردستان" ئەم بابەتانەی لەگەڵ خاتوو فەریبا محەممەدی، وتەبێژی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان تاوتوێ کردوه.

خاتوو فەریبا با ئاوا دەست پێ بکەین. شۆڕش بۆ هەڵدەگیرسێ و به ڕای ئێوه جیاوازی شۆڕشی ژینا و شۆڕشەکانی دیکەی ئێران چییه؟

پێناسەی شۆڕش له بنەڕەتدا بە واتای گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕ دێت. زۆر کەس پێیان وایه شۆڕشی فەڕانسه دایکی هەموو شۆڕشەکانە، چونکه پێش لەوە شۆڕش چەمکێکی ڕاستەقینەی نەبووه و گۆڕانکارییەکان له ئاستێکی بەرچاودا نەبوون. بەڵام ئەو شتەی ئەمڕۆ لە مێشکی ئێمەدا درووست بووه، ئەمەیه که شۆڕش به واتای هەوڵدان بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتیی دەسەڵاتدار و حکوومەتەکانیانه که له دەروونی کۆمەڵگەوه به شێوەی ناڕەزایەتی دەردەکەوێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی بزووتنەوەیەکی بەکۆمەڵ بۆ گۆڕین و لەنێوبردنی سیستمی دەسەڵاتدار و گەیشتن به داخوازییەکانیان. بە وتەی لێنین: "ئەگەری شۆڕش لە وڵاتێکدا هەیە کە خەڵکەکەی له حکوومەت تووڕه و ناڕازین و حکوومەتیش توانای دەسەڵاتداریەتی لە دەست دابێت". بۆیه دەتوانین بڵێین شۆڕشی ژینا زۆربەی تایبەتمەندی و پێناسەکانی شۆڕشێکی له خۆ گرتبوو. بەردەوامبوونی ئەم شۆڕشه، پێشەنگبوونی هێماکانی بزووتنەوە وەکوو دروشم و کردەوەکان، وەرگرتنی پاڵپشتیی نێونەتەوەیی، بەرفراوانکردنی بازنەی بەشداریی خۆپیشاندەران بۆ کۆمەڵێکی بەرین لە گرووپە کۆمەڵایەتی-ناسنامەیی و پیشەیی و درووستکردنی گۆڕانکارییەکی قووڵ له کۆمەڵگەی ئێران، لە تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ژینا بوو که بۆته یەکێک له جیاوازترین ناڕەزایەتییەکانی پاش شۆڕشی ٥٧ لە ئێران. تەنانەت دەتوانین ئەو بانگەشەیەش بکەین که لە مێژووی سیاسی پێش "شۆڕشی ٥٧"یشدا بینینەوەی نموونەیەک لە ناڕەزایەتی کە هاوسەنگی ئەم شۆڕشه بێ، زۆر ئەستەمه. هەربۆیه خاڵە ئەرێنییەکانی ئەم شۆڕشه که بۆته هۆی جیاوازبوونی له ڕاپەڕینەکانی دیکه، پێشەنگبوونی جیلی نوێ و بەتایبەت ژنان بوو که له وێژمان و دیسکۆرس‌گەلی پێشوو (مەزهەبی، ڕێفۆرمخوازی و پیاوسالاری) له ئێران تێپەڕ ببوون و دژی کۆی بنەماکان و سیستمی کۆماری ئیسلامی ڕاوەستابوون. دیارە کوردستان و بزووتنەوەکەی بەنیسبەت شوێنەکانی دیکەی ئێران جیاواز بووه و هەر لە سەرەتای دەسەڵاتداریی کوماری ئیسلامی و ئێستایشی لەگەڵ بێ باوەڕی بەم حکوومەتە نەبووه و نییه. ئەم ڕاپەڕینه به گیانلەدەستدانی ژینا و ناڕەزایەتی‌دەربڕینی خەڵکی سەقز و کوردستان دەستی پێ کرد و به ئامادەبوونی بەرچاوی ژنان وخواستەکانیان به دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هەموو ئێران و جیهانیشی گرتەوە. هەر چەند سەرەتا ڕژیم پێی وانەبوو ئەم ڕاپەڕینە بتوانێت له ماوەیەکی کورتدا تەواوی ئێران بگرێتەوە هەر بۆیه کونتڕۆڵی دۆخەکەی لە دەستدا و تەنانەت زۆربەی بەرپرسانی ڕژیم ترسی ڕووخانی دەسەڵاتەکەیان لێ نیشتبوو.

بزووتنەوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستا کۆسپی زۆریان لەبەردەمدا بووه. وەکوو خەسارناسییەکی ئەم بابەته، بە ڕای ئێوه کام فاکتەر گەورەترین زیانییان به بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان گەیاندوه؟

وەڵامی ئەم پرسیارە دەتوانێت فرەڕەهەند بێت و هەر یەکەیان پێویستی بە لێکۆڵینەوە و شیکاریی زیاترە. بەڵام له ئاستی سەراسەری که ئەم بەشەی له کوردستانیش له چوارچێوەی وڵاتێک بە ناوی ئێراندا هەڵکەوتوه، دەتوانین ئاماژه به کۆسپ و ئاستەنگی زۆر بکەین. به لەبەرچاوگرتنی مێژووی دوو ڕێژیمی دیکتاتۆریی پەهلەوی و ئیسلامی دەتوانین ئاماژه به تەگەرەی یەکجار زۆر بکەین. خەڵکی کوردستان بەردەوام بۆ گەیشتن به خواست و مافه ڕەواکانیان له قۆناغه جیاجیاکانی مێژوودا خەباتیان کردوه و بۆ ئەم مەبەستەش نرخی خۆیان داوه. لە ڕوانگەی سیستمی دەسەڵاتداریی ئێرانەوە، کاتێک ڕەزاخان هەوڵی دا دەوڵەتێکی نەتەوەیی بە ناوی ئێران دابمەزرێنێت و بیکاتە یەک نەتەوە و لەو پێناوەدا نکۆڵی لە زمان و ئایینی هەموو نەتەوەکانی دیکە کرد، دوابەدوای ئەوه و بە شێوەیەکی مۆدێڕن چەوساندنەوەی نەتەوەکانی دیکە لە ئێران دەستی پێ کرد کە تا ئێستاش بەردەوامە. بۆیە بە هاتنەسەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نکۆڵی له شوناسە نەتەوەییەکان چڕتر و، شوناسە ڕەگەزی، مەزهەبییەکان و.... هتد زیاتر سەرکوت کران. بۆیه ئەم ڕوانگه بوو به سیاسەتی سەرەکیی دەسەڵاتدارانی ئێران و نەتەوەی کوردیش وەکوو نەتەوەیەکی لەمێژینە و ڕەسەن، لەپێناو بەدیهێنانی مافه نەتەوەییەکانی بەردەوام خەباتی کردوە و بەردەوامیشە لە خەبات.

بەڵام لە نێوخۆی کوردستاندا پێویستە زیاتر گرنگی بە خەسارناسی بزووتنەوە بدەین. شوێنێک که بەردەوام بزووتنەوەیەکی چالاک و سەقامگیری هەبووە و لە ڕۆژانی یەکەمی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا بە تەنیا دژی وەستایەوە. بۆیە نەتەوەیەک کە مێژوویەکی وای هەیە و حیزبەکانیشی ڕۆڵیان لەم خەباتەدا هەبووە، دەبوو لەم بارودۆخەی ئێستادا لە ئاستێکی جیاواز و بەشێوازێکیتر خۆیان دەرخستایە. لێرەدا نەبوونی هاوکاریی حیزبەکان و نەبوونی وێژمانێکی هاوبەشی نەتەوەیی یەکێکە لەو هۆکارە گرنگەلەی کە زیانی بەم بزووتنەوە گەیاندوە. جیاوازییەکی بنەڕەتی لە کوردستان و بەشەکانی دیکەی ئێران لە ڕووی هەبوونی حیزب و مێژووی خەبات و وشیاری نەتەوەیی و سێکۆلاریزمەوە هەیە و پێویستمان به ناوەندێکی گەورەیه به بەشداریکردنی هەموو حیزبه سیاسییەکان لەو ناوەنده که بەپێی خواستە هاوبەشەکانمان، وێژمانێكی هاوبەشیشمان هەبێ. پێویستە سەرکردەیەک یان نوێنەرێکمان هەبێت کە بتوانێت نوێنەرایەتی زۆرینەی نەتەوەی کورد بکات و بە شێوازێکی باشتر هەوڵ بدات بۆ دیالۆگ و پێکهاوردنی بەرەیەکی هاوپەیمان لەگەڵ لایەنەکانی تر و نوێنەری نەتەوەکانی تر و ئەمەش کاتێک ڕووئەدا که گوتارێکی هاوبەشمان هەبێت.

ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی تا چ ڕادەیەک پابەند بە پێکهێنانی بەرەیەکی بەهێز لەسەر بنەمای گوتارێکی سیاسی هاوبەش بۆ بونیادنانەوەی وڵاتێکی دێموکراتیکن؟

ئەگەر وای دابنێین کە بۆ قۆناغی پاش کۆماری ئیسلامی هەموو خەڵک واتە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی ئێران لە یەک بەرەدا بن و وێژمانێکی هاوبەشیان هەبێ، ئەوە تەنیا کاتێک دەبێ کە بە بەفەرمی‌‌ناسینی هەموو ئەم جیاوازییانە و ماف و خواستەکانیان بە ڕێگاچارەیەکی هاوبەش بگەن. هەر بۆیە ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی نەک هەر پێبەند بە بنەماکانی دێمۆکراتیک نین بەڵکوو بەردەوام لە هەوڵدان بۆ سڕینەوە و پەراوێزخستنی نەتەوەکانی دیکە و پێشێلکردنی مافەکانیان و تەنیا فۆرمی دەسەڵاتدارییەکە لە ئێراندا بگۆڕن نەک نێوەڕۆک و ڕوانگە و سیاسەتەکانی.

کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران خاوەنی فرە چەشنی نەتەوەیی بە ئیدئۆلۆژیگەلێ جیاوازەوە، بەم فرە چەشنییەی کۆمەڵگەی ئێران، چۆن بتوانین بەرەیەک دابمەزرێنین کە وڵاتێکی دێمۆکراتیک بەدوای خۆیدا بێنێت؟

دامەزراندنی وڵاتێکی دێمۆکراتیک له ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست که ئێستاکەش گیرۆدەی شەڕ و لەشکرکێشی ئیسلامییە توندڕەوەکانه هەرچەند مەحاڵ نییە، بەڵام زۆر ئەستەم دەبێت و بە تایبەتیش لە ئێراندا. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، دەیان ساڵە بە هەڵوێستی، نکۆڵیکردن لە نەتەەوەکانی دیکە و سەرکوتکردنیان، ئێران"یان ڕاگرتوه و ئەمەش بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە سیاسەتی دەسەڵاتداران و کولتووری زۆربەی خەڵک و خەونی وڵاتێکی دێموکراسی و ئازاد لەنێو دەبات. ئەوە کاتێک دەتوانێت بەدی بێت که مافی هەموو نەتەوەکان و فرە چەشنی ڕەگەزی و جێندەری و ئایینی و مەزهەبی بەفەرمی بناسرێت و پلاتفۆرم یان جاڕنامەیەکی دێمۆکراتیکمان هەبێت و پێش هەر شتێك مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ هەموو نەتەوەیەک بە شێوەیەکی یەکسان ڕەچاو بکرێت. بێگومان له وڵاتێک که ساڵانێکه هەڵاواردنی نەتەوەیی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتی هەیه دەبێت بەرنامه و پلانێکی گشتگیرمان هەبێت بۆ ئەوەی ئەو کەموکۆڕییانە تا ئاستێکی گونجاو قەرەبوو بکرێنەوە و ڕێگای پێشکەوتن خۆش بکرێت، کە خودی ئەمە بە تایبەت لە ئێراندا پرسێکی جیاواز و گرنگە. بۆیە بەم ڕوانگەوە دەتوانین لە دەوری بەرەیەکی هاوبەش کۆببینەوە. بەڵام نەبوونی حیزبی سەراسەری کە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزیان هەبێ و ئامادگی خۆیان دەرببڕن بۆ قبووڵکردنی هەڵوێستێکی دێموکراسی و سەردەمیانە، بۆشاییەکی گەورەیه که تا ئێستاش هەستی پێدەکرێ و لەم ڕاپەڕینەشدا بەرچاو بوو.

لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا، ئەرکی حیزب و ڕەوتە سیاسییەکان لە ئێراندا چین؟ چۆن دەتوانرێت ئەم شۆڕشە به سەرکەوتن بگەیەنرێت؟

شۆڕشی ژینا به دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" توانی له وێژمانەکانی پێشوو تێپەڕێت و به کۆکردنەوەی هەموو جیاوازییەکان، وەرزێکی نوێ له خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەست پێ بکات و ئەم بەڵێنە بدات که به یەکڕیزی و یەکگرتوویی خەڵک، لە نێو تاریکیی ستەم و هەژاری و چەوساندنەوەدا که کۆمەڵگەی گرتووەتەوە درز و کەلێنێک ڕوو به هیوا  دەدۆزرێتەوە. بۆیە بۆ تێپەڕبوون لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی پێویستە هەموو لایەن و حیزبه سیاسییەکانی کوردستان و ئێران یەکگرتوو و یەکدەنگ بن. هیچ بزووتنەوەیەک ناتوانێت تەنیا هەر خۆی به نوێنەری خەڵک بزانێت. هەروەها پێداگری لە سەر سیاسەتی لە بەرچاونەگرتنی نەتەوەکان و سەرکوتکردنیان لە ژێر ناوی یەکگرتوویی نەتەوەیی بەتایبەت لە نێو ئەم نەوەی نوێی کۆمەڵگەدا چیتر جێگەی نییە.

شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" یەکێک لەو فاکتانه بوو که نەک تەنیا له ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو له بەشەکانی دیکەی کوردستاندا توانی پرسی نەتەوەیی کوردستان زەق کاتەو، بە ڕای ئێوه حیزبە کوردستانییەکان توانیان لەم شۆڕشه لە بەرژەوەندی چارەسەرکردنی پرسی کورد کەڵک وەرگرن؟

بزووتنەوەی کوردستان له ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا به تایبەتمەندییه ناوازەکانی له شوێنەکانی دیکه جیاواز بووه و له بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئەم دواییەی کوردستاندا جارێکی دیکه به ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر به کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕژیم لە تاران، توانی لە ماوەیەکی کورتدا گەورەترین ناڕەزایەتی له سەراسەری ئێراندا ڕێک بخات. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان لەو کاتەدا بەجێ و بەدروست، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و خەڵکیان بۆ مانگرتنی گشتیی بۆ ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کوژرانی ژینا بانگهێشت کرد و بە ڕاگەیاندراوه دوابەدواکانی توانی لەو شۆڕشەدا ڕۆڵ بگێڕێت. خەڵکی کوردستان هەمیشە سەلماندوویانە هەر کاتێک حیزبەکان یەکگرتوو و یەکدەنگ بن ئەوانیش پشتگیرییان دەکەن. ئەم یەکگرتوویی و یەکڕیزییەی خەڵک و حیزبەکانی کوردستان لە کاریگەرییەکی زۆری له بەشەکانی دیکەی ئێراندا هەبوو و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی " بوو بە دروشمێکی جیهانی و هیوای داڕمانی سیستمی کۆماری ئیسلامی لە دڵی خەڵک و هەموو ئازادیخوازانی دونیا زۆرتر کرد و جەستەی سەرکردەکانی ڕژیمی وەلەرزە خست. هەر بۆیە چاوەڕوانی لە کوردستان و حیزبه کوردییەکان زۆرتر لە جاران بوو و ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان هەبوو، بەڵام حیزبەکانی کوردستان بەهۆی پەڕشوبڵاوی و نەبوونی گوتاری هاوبەش و هەوڵدان بۆ پێگەی تاکەکەسی و حیزبی لەبری بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی، نەیانتوانی لەو دەرفەتە کەڵک وەربگرن و ئەو ئەرکه گرینگه بەجێ بهێنن. هاودەنگیی حیزبێک لەگەڵ فاشیستترین بەشی دژبه کۆماری ئیسلامی و هەوڵدان بۆ یەکخستنی سپای پاسداران و ئەرتەش و سەپاندنی بەسەر خەڵک و پێشێلکردنی داخوازییەکانی شۆڕشی ژینا و دروشمە ڕادیکاڵەکەی لە ژێر ناوی " منشور مهسا"(جۆرج تاون) زەبرێک بوو که لە جەستەی ئەم شۆڕشە کەوت. بەداخەوە حیزبەکانی دیکەش نەیانتوانی یەکڕیزی و تەبایی له نێو بزووتنەوەی کوردستان درووست بکەن و دواتر بە گوتارێکی هاوبەش، هەنگاوێک بەرەو یەکگرتووویی گشتیی هەڵ بگرن. تا ئەوکاتەی نەتوانین لە ڕوانگەی بەرژەوەندی بزووتنەوەی گەلی کوردستانەوە بۆ پرسەکان بڕوانین، بێگومان ناتوانین وەک حیزبێکی کوردستانی ئەرکی سەرەکیی خۆمان بەجێ بهێنین.

کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە فاکتەرێکی بەهێز چ لە ناوخۆی ئێران و چ لە ئاستی نێودەوڵەتییدا پێویسته چ هەوڵێک بدات؟ حیزبە سیاسییەکانی کوردستان تا ئێستا توانیویانە وەک فاکتەرێکی بەهێز لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داکۆکی لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردستان بکەن؟ ئەگەر نەیانتوانیوه هۆکارەکەی چییه؟

لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا بەشێکیم باس کردوە و بە پێویستی نازانم دووپاتی کەمەوه. بەڵام بەم جۆره درێژەی پێ دەدەم که ئێمه دەبێت ئاستی پرسی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان له پرسێکی نێوخۆیی وڵاتێک بۆ پرسێکی جیهانی بەرز کەینەوه. چونکه پرسی کوردستان پاش، دوای دابەشبوونی بەسەر چوار وڵاتدا، ناکرێت تەنیا پەیوەندی بە یەک وڵاتەوە هەبێت، بەڵکوو پرسێکی ناوچەیی و جیهانییه و پێویستە لەسەر ئاستێکی گشتگیرتر چارەسەر بکرێت. مافی دیاریکردنی چارەنووس وەکوو مافێکی سەرەتایی و دیار له جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا هاتوە و وەک بنەمای یەکسانی مرۆڤ و نەتەوەکان ناسێنراوە، بەڵام داگیرکەرانی کوردستان هیچکات دانیان پێدا نەناوه. بۆیە مافی دیاریکردنی چارەنووس مافێکی سرووشتییە بۆ نەتەوەی کورد. هۆکاری ئەوەیکە تا ئێستا نەمانتوانیوە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پرسی کوردستان ڕاکێشین، نەبوونی یەکڕیزی نەتەوەیی و گوتاری هاوبەشە. ئێمه تا ئێستاش نەمانتوانیوە بە دەنگی بەرز لە میدیاکان و کۆدەنگی جیهانیدا بڵێین سەربەخۆیی کوردستان مافی بێ ئەملاوئەولای ئێمەیە. وەک دەڵێن، ماف پێت نادرێ، بەڵکوو وەردەگیرێت.

خاتوو فەریبا، وەکوو دوایین پرسیار، چەنده هیواتان بە داهاتووی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" هەیه؟

لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، چەندین بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی لە جیهاندا ڕوویان داوە و توێژەرانی بواری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵی نوێیان داوە بۆ ڕوونکردنەوەی سەرچاوە، پڕۆسەی پێکهاتن و کاریگەری و دەر ئەنجامەکانییان. بەجۆرێک کە کێبڕکێەک نێوان تیۆرییە ئەکادیمییەکان بۆ ڕوونکردنەوەی باشتر لەسەر ئەو ناڕەزاییەتیانە دروست بووه و گرنگی زیاتریان بە پرسی فەلسەفەی جوانیناسی داوە. له شۆڕشی ژینادا هەستی بەرەنگاربوونەوە، داڕمانی ترس و تێپەڕبوون له کولتوور و یاسای پیاوسالاری، هاوئاهەنگی هەمەچەشنی و شوناسه جۆربەجۆرەکان، ڕوویەکی دیکەی له ناڕەزایەتی نیشان دا. بەجۆرێک که هاوکات لەگەڵ گڕوتینی شۆڕشگێڕانەدا شایەتی هەڵبژاردنی دروشمگەلی جوان و پڕ نێوەڕۆک و کردەوەی نوێ بووین کە سەرنجی میدیا جیهانییەکانی بۆ خۆی ڕاکێشا. هەر بەم هۆکارە ئەم شۆڕشە دەلاقەیەکی نوێی کردەوە کە درەنگ یان خێرا دەرنجامێکی ئەرێنی واته هەمان ئازادی و ڕزگاری دەبێت. خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ژنان، پێشەنگەکانی ئەم شۆڕشە بوون و دەبن. دیسان جەخت لەوە دەکەمەوە ئێمه پێویستمان بە گوتارێکی هاوبەش هەیە کە لەگەڵ شکۆ و داخوازیی خەڵکی کوردستان بگونجێت.