کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی مونەزەمی: لیبڕاڵیزم و کۆمۆنیزم دوو شێوە لە ئانتی‌تێزەکانی ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگن

21:21 - 16 بەفرانبار 2723

عەلی مونەزەمی: لیبڕاڵیزم و کۆمۆنیزم دوو شێوە لە ئانتی‌تێزەکانی ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگن

 

دیمانە: دیاکۆ دانا

ئاماژە: لە جیهانی ئەمڕۆدا پێناسەیەک کە لە ناسیۆنالیزم دەکرێ، لەسەر ئەو ئەساسەیە هەر نەتەوەیەک خاوەن زمان، کولتوور، داب و نەرییەت، خاک و هتدی تایبەت بەخۆیەتی و تاکەکان دەروەستی پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوە و خاک و نیشتمانەکەیانن. ڕەوتی ناسیۆنالیزم لە سێ سەدەی ڕابردوو و بەتایبەتی سەدەی پێشوو بە خەبات و بەربەرەکانێی نەتەوە بندەستەکان لەدژی دەوڵەتە کۆلۆنیالیست و داگیرکەرەکان و پاشان ڕزگاربوونیان لە ژێردەستی و بوونیان وەکوو دەوڵەتی سەربەخۆ گەشەی کردوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هەندێک نەتەوەی وەک کورد سەرەڕای خەبات و تێکۆشانی بێ‌وچانی نەیتوانیوە خاوەن حکوومەت و قەوارەی سیاسیی سەربەخۆی بێت. "کوردستان" بۆ شەن‌وکەوکردنی زیاتری چەمکی ناسیۆنالیزم، گەشەکردنی ناسیۆنالیزم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڕەشەکانی بەردەمی و هەروەها ڕۆڵ و کاریگەری حیزب کوردییەکان بەتایبەت حیزبی دێموکرات و توێژی ڕووناکبیر و بژاردەی کورد لە خەمڵاندنی ناسیۆنالیزم وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز عەلی مونەزەمی، کارناسی سیاسی پێک هێناوە.

 

کاک عەلی کەم نین ئەو بۆچوونانەی لە دنیای ئێستادا سنوورێکی دیار لەنێوان نیشتمان‌خۆشەویستی و ناسیۆنالیزمدا دەکێشن، بەو مانایە کە ئینتیما بۆ نیشتمان‌ بە بایەخێکی مرۆیی و ناسیۆنالیزم بۆ بیرتەسکی و پەرەدان بە سۆز و بیرێکی کوێرانە بۆ وڵات دادەنێن. یان دەبینین ڕاسیست و پۆپۆلیستەکان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا پێچەوانەی ئەو بۆچوونە بانگەشەی ناسیۆنالیزم بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات دەکەن. ئێوە چۆن دەڕواننە ئەو پێک‌دژییانە؟

ناسیۆنالیزم بەرهەمی سەدەی ١٧ و ١٨ی زایینییە و وەک ئیدئۆلۆژییەکی سیاسی بەو واتایەیە کە گرووپێکی نەتەوەیی مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێ و لە سنووری ئەو دەوڵەتەدا بەرگری لە سەروەریی ڕەهای خۆی بکات. ئەوەش بەپێچەوانەی بیر و هزری ئەوانەیە کە وڵاتی خۆیان لە باری سیاسییەوە سەربەخۆن و بەبێ ئەوەی گرێدراوی ئیدئۆلۆژی سیاسی بێ، خۆش دەوێ. ناسیۆنالیستە بەرچاوتەنگەکان وڵات دەخەنە پێش هەموو شتێک و بەتایبەتی مرۆڤایەتییەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی فرەڕەنگیی کۆمەڵگە نەبینن و دەیانەوێ سیستەمێک دامەزرێنن کە پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونی وڵات و نەتەوەی خۆیان لەسەر چارەڕەشی و بەلەنگازیی خەڵکانێک کە لە باری نەتەوەییەوە لەوان جیاوازن، پێش بکەوێت. ئەگەرچی بەرزترین ئاستی ئەمجۆرە ناسیۆنالیزمە لە ئورووپادا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی نازییەکان، بەڵام لە وڵاتانی دیکەش، بۆ نموونە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و بەتایبەتی ئەوانە کە کوردستانیان داگیر کردوە، ئێمە ڕۆژانە بەرەوڕووی ئەمجۆرە ناسیۆنالیزمە بەرچاوتەنگە دەبین کە بە هەموو توانای خۆیان هەوڵی تواندنەوەی نەتەوەی کورد دەدەن و یان حاشا لە بوونی کورد وەک گرووپێكی خاوەن ناسنامەی جیاواز دەکەن.

لیبڕاڵیزم و کۆمۆنیزم دوو شێوە لە ئانتی‌تێزەکانی ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگ بوون. بەڵام هەردووکیان لە دوکترینی خۆیانیان‌دا تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون. لەبەر ئەوەی کە هەستی ناسنامەخوازی لەنێوان خەڵکدا پەرەی گرتوە و بە قەوڵی فۆکۆیاما ئەو ناسنامەخوازییە خۆی لە ناسیۆنالیزم و ئۆلگەرایی (دین‌گەرایی)دا پیشان دەدات و هەر ئەوەش بووە هۆکار کە لە وڵاتانی ئورووپاییشدا حیزبەکانی دەستی ڕاستی بەرەوپێش بچن و لە زۆریەک لە هەڵبژاردنەکان‌دا سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنن. ساکارترین بیانووش بۆ بانگەشەی بیری تەسکی ناسیۆنالیستی بەبێ ‌جیاوازی، بانگەشە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتە. چ ئەوەی کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە دژی کۆچبەرەکان بانگەشە دەکەن کە گۆیا ئاسایشی وڵاتانی ئەوانی تێک داوە یان ئەوەی کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەکرێ و کورد بە دژبەری بەرژەوەندی و ئاسایشی وڵات و دەسەڵاتی نەتەوە داگیرکەرەکان دادەنێن.

هەر لە چوارچێوەی ئەم باسەماندا ئەگەر پۆلینبەندییەک بۆ قازانج و زیانەکانی ناسیۆنالیزم بکەین، ئەم پۆلینە چۆن دەکرێت؟

کاتێک باس لە ناسیۆنالیزم دەکرێت، دەبێت ئێمە لەنێوان ناسیۆنالیزمی هێرشبەرانە و بەرچاوتەنگ لەگەڵ ناسیۆنالیزمی شوناسخواز و ڕزگاریخوازانە جیاوازی دابنێین. لەبەر ئەوەی ناسیۆنالیزمی ڕزگاریخوازانە لە ئەساسدا بە دژی ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگی پاوانخواز دروست دەبێت و ئامانجی ئەوەیە بۆ ڕیالیزەکردنی ئیرادەی گشتیی خۆی بۆ گەیشتن بە ژیانێکی باش پێڕەوی بکات. ئەو ناسیۆنالیزمە یەکسانیخوازە، هەوڵی خۆسەپاندن و یان داگیرکاری و چەوساندنەوەی گرووپی دیکەی نەتەوەیی نادات و لە چوارچێوەی وڵاتدا ئازادییەکانی تاکەکەسی و ئازادییەکانی سیاسیی گشتی و گرووپی بە فەرمی دەناسێت و بەکردەوە هەوڵ بۆ سڕینەوەی هەرچەشنە زۆردارییەک دەدات.

کاک عەلی با بێینە سەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئێوە لە ئێستادا چۆن باس لە بەرەوڕووبوونەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی و ناسیۆنالیزمی ناوەندگەرا دەکەن؟

بەرەوڕووبوونی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و ناسیۆنالیزمی کوردی دروست وەک کردار و کاردانەوەی بەریەککەوتنی ناسیۆنالیزمی هێرشبەرانە و ناسیۆنالیزمی ڕزگاریخوازانەیە. ناسیۆنالیزمی هێرشبەرانە بۆ ئەوەی باڵادەستیی خۆی ڕابگرێ، ئینکاری ناسیۆنالیزمی ڕزگاریخوازانە دەکات. ئەوەش وەک تێکنیکێک بۆ زاڵبوون بەسەر ناسیۆنالیزمی کوردیدا لەلایەن ناسیۆنالیزمی ئێرانی بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە پێڕەو دەکرێت. لەبەریەککەوتنی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و کوردی وەک لەبەریەککەوتنی هزری ئازادیخوازی و هزری چەوساندنەوە، هزری وڵاتپەروەری و هزری شۆوینیستی، یەکسانیخوای و باڵادەستخوازی، دادپەروەری و نادادپەروەرییە.

بە ڕوانگەیەکی مێژوویی قۆناغەکانی گەشەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵات کامانەن؟

ناسیۆنالیزمی کوردیش هەروەک هەموو ناسیۆنالیزمەکانی دیکە لە ڕەوتی مێژوودا گەشەی کردوە و پێش کەوتووە تا گەیشتووە ئێستا. شوێن‌پێی هزری ناسیۆنالیستی لە کوردستاندا ئێمە دەتوانین لە کتێبی مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا ببینین. بەڵام بە کردەوە شۆڕشی ناسیۆنالیستی لە کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و بەهۆی ئەوەی شەڕ و مەیدانی ئەم شۆڕشە بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی دەگرتەوە، دەتوانین بڵێین کە لەو سەردەمەوە بە کردەوە قۆناغی ناسیۆنالیزمی کوردی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە دەستی پێ کردوە.  لە سەردەمی شۆڕشی سمکۆ‌دا ئەو هزرە زۆرتر پەرەی گرتوە و سمکۆ بە دامەزراندنی قۆتابخانە، دەرکردنی ڕۆژنامە، بیرکردنەوە لە دامەزراندنی سیستەمێکی دەسەڵاتداریی کۆماری بووە هۆی گەشە و بەرەوپێشچوونی زیاتری ئەم هزرە. هەر هاوتەریب لەگەڵ شۆڕشی سمکۆ، شۆڕشی ئاڕاڕاتیش لەو بەرەوپێشچوونەدا دەورێکی باشی هەبووە و بووە سەرەتایەک بۆ هاتنی هێما نەتەوەییەکان بۆ ڕۆژهەڵات. هەموو ئەو پرۆسەیە لە دامەزرانی کۆماری کوردستاندا دەگاتە تروپکی خۆی و وەدیهاتنی ئیرادەی نەتەوەیی کورد لە بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ‌دا. لەو سەردەمەدا زۆرتر بە شێوەیەکی سیستەماتیک کار لەسەر ئێلێمێنتەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی کرا. گەشەی زمانی کوردی، کار لەسەر مێژووی کورد، جیاوازی دانەنان لەنێوان بەشەکانی کوردستا‌دا و بەو شێوەیە کار لەسەر خاکی هاوبەش، کار لەپێناوی دامەزرانی سیستەمێکی ئابووریی هاوبەش و بەرزکردنەوەی هەستی نەتەوەیی هاوبەش لەو کارانەن کە کۆماری کورستان بە شێوەی ڕێکوپێک لەو پێناوەدا‌ هەوڵی داوە.

گەشەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە چیدا خۆی دەبینێتەوە و بەرهەمی چ بارودۆخێکە؟

ناسیۆنالیزمی کوردی بەرهەمی ڕەوتێکی مێژووییە. بەڵام بەهۆی ئەوەی کوردستان لەلایەن چوار وڵاتی داگیرکەرەوە داگیر کراوە و کورد بۆخۆی وەک نەتەوەیەکی ئازاد ئەو مەجالەی نەبووە کە بە بەرنامە کار لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی بکات، بەڵام حیزبەکانی کوردستان بە هەموو کەموکۆڕییەکانیانەوە توانیویانە ئەم کەلێنە تا ڕادەیەک پڕ بکەنەوە و لانیکەم لە بواری زمانی هاوبەش، مێژوو، هەستی هاوبەش و ناساندنی ئەردنیگاریی کوردستان بە نەتەوەکەمان دەوری باش بگێڕن. لێرەدا پێویستە هەروەها ئاماژە بە ڕۆڵی هونەرمەندان و نووسەران و زۆر چین و توێژی دیکەش بکرێت کە بۆ ئەم ئامانجە زەحمەتیان کێشاوە و هەوڵیان داوە.

هەڕەشەکانی بەردەم گەشەکردنی پتری ناسیۆنالیزمی کوردی لە ئێران چین؟

هەڕەشەکانی بەردەم گەشەکردنی پتری ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌ هەم نێوخۆیین و هەم دەرەکی. گەورەترین کۆسپی سەر ڕێگای گەشەی بیر و هزری نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتدا دابەزاندنی ویستی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بۆ ئاستی خودموختاری و فیدڕاڵیزمە کە ئەوەش بۆ خۆی دەبێتە هۆکار کە داگیرکاری لە هزری تاکی کورددا سروشتی خۆی بنوێنێ. کاتێک کە داگیرکاری خۆی سروشتی نواند، ئەوە یارمەتیدەر دەبێت کە ئێلێمێنتەکانی دیکەی ناسیۆنالیزمی کوردیش بە سانایی پەک بخرێن. هەروەها پەرەپێدان بە ناوچەگەرایی و زاراوەگەرایی دوو فاکتەری دیکەن کە کۆسپی بەردەم گەشەی نەتەوەپەروەیی کوردین. بەکارهێنانی حیزب حیزبێنە وەک ناسنامە لە جیاتی ناسنامەی هاوبەشی نەتەوەیی و عەشیرەگەرایی لە جیاتی نەتەوەپەروەری.

هەڕەشەکانی دەرەکی لە هەموو ئەو هەڕەشانەدا ڕەنگ دەدەنەوە کە داگیرکەران بە دژی نەتەوەپەروەیی کوردی دەکەن بریتین لە: قەدەغەی پەروەردە بە زمانی زگماکی، تێکدانی مێژوو و ڕەشکردنەوەی سیمای قارەمانە نەتەوەییەکانی کورد، تێکدانی دێموگرافیی کوردستان، پێشگرتن لە گەشەیەی ئابووریی هاوبەش، پەرەپێدان بە عەشیرەگەرایی، پرووپاگاندا بۆ ناسنامەی چرووکی ئێرانی‌بوون و ئێرانچێیەتی، تێکدانی هەستی هاوبەشی کورد و هەوڵدان بۆ پڕرەنگکردنی هەێڵی ناسنامەیی لەنێوان کوردەکانی پارچە جیاوازەکانی کوردستان.

خەباتی کوردی ڕۆژهەڵات لە یەک سەدەی ڕابردوودا چەند ئامانجێکی بووە، کە دیارترینیان دێموکراسی، ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزم بووە. لە ڕوانگەی جەنابتەوە کامیان پێویستە پێشترێتیی هەبێ و بۆچی؟

 هەر سێی ئەم ئامانجانە لەڕاستیدا یەک ئامانجە کە ئەویش ئازادییە. ئازادی لە تێروانینی کوردیدا خۆی لە سرینەوەی هەرچەشنە زۆرداری و باڵادەستییەک‌دا دەبینێت کە ئەوەش بە دێموکراسی، سەربەخۆیی کوردستان وەک وڵاتێک بۆ هەموو کوردستانیان و سڕینەوەی زۆرداریی چینایەتی مسۆگەر دەبێت. بەڵام لە هێندێک قۆناغ‌دا بەهۆی هەلومەرجی تایبەت ئەو ویستە هێندێک ئاڵوگۆری بەسەردا هێنراوە و بە دێموکراسی بۆ سیستەمی دەسەڵاتداریی داگیرکەرانی کوردستان و خودموختاری یان فیدڕاڵیزم لە جیاتی سەربەخۆیی داندراوە. دێموکراتیزەکردنی سیستەمی دەسەڵاتی حکوومەتێکی داگیرکەر بۆ ئەوەی کە مەجال بوخوڵقێ کە کورد بتوانێ بە دامەزراندنی دامەزراوەی هاوبەش لەگەڵ ئەوان ئازادیی خۆی وەی بێنێ، ئەستەمە. بەڵام دێموکراسی بۆ کوردستان و هەڵسوکەوتی دێموکراتیک لەنێوان حیزب و لایەنە کوردستانییەکاندا ئەرکێکی شۆڕشگێڕانە و نەتەوەییە. بۆ ناسیۆنالیزمیش ئەگەر خودموختاری و فیدڕاڵیزم وەک تاکتیک و پلەی گەیشتن بە سەربەخۆیی چاو لێبکرێت، مرۆڤ دەتوانێ لەگەڵی هەل بکات. بەڵام لە هەموو کاتێکدا دەبێ هەوڵ بۆ وەدیهاتنی ئیرادەی گشتیی خەڵکی کوردستان کە سەربەخۆییە، دەبێ پێشترێتیی بدرێتێ. بەبێ هەبوونی وڵاتێکی سەربەخۆ، دابەزاندنی سۆسیالیزم کە لەڕاستیدا کەرەسەیەکە بۆ دادپەروەری لە سیستەمێکی دێموکراتیک‌دا، بەبی سەربەخۆیی کوردستان مومکین نییە. دەبێ کۆمەڵگەیەکی ئازادت هەبێت تا دادپەروەری تێیدا جێگیر بکەی. کە واتە، ناسیۆنالیزم بەرامبەر دێموکراسی و سۆسیالیزمدا پێشترێتییە هەیە.

کاریگەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسیی کورد لەسەر گەشەی بیری ناسیۆنالیستی لە کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بۆ گەشەی بیر و هزری ناسیۆنالیستی لە کوردستاندا لە دوو مەیدانی تیۆریک و کردار‌دا خۆی دەنوێنینێ کە ئەوەش لە سێ قۆناخی جیاوازدا دەتوانین باسی لەسەر بکەین: سەردەمی پێش دامەزرانی حیزبی دێموکرات (کۆمەڵەی ژێکاف)، سەردەمی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان و سەردەمی ڕێبەریی دوکتۆر قاسملوو. هەرسێی ئەو قۆناخانە پێکەوە گرێدراون و هەر کامەیان لە کاتی خۆیدا کاریگەریی هەبووە و هەیە لەسەر پەرەگرتنی ناسیۆنالیزمی ڕزگاریخوازانە لە کوردستاندا. ئەو ناسیۆنالیزمە ناسیۆنالیزمێکی یەکسانخوازە. بەو واتەیە کە لە لایەک سەردەستیی نەتەوەکانی دیکە لەسەر نەتەوەی کورددا ڕەت دەکاتەوە و لەلایەکی دیکە پێش لە ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگی کورد دەگرێت و ڕوحی ئازادیخوازانەی ئەم ناسیۆنالیزمە دەپارێزێ و دەگەیەنێتە لووتکە.

دیاسپۆرای کورد لەکوێی گەشەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردیدا جێ دەگرێ؟

ئێمە دەتوانین دیاسپۆرای کورد لە سەر دوو بەشی دیاسپۆرای کورد لە نێوخۆی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان (وەک کوردەکان لە خوراسان، قەزوین، ئیستانبۆل و هتد) و دیاسپۆرای کورد لە وڵاتانی دیکە و بە تایبەت وڵاتانی ڕۆژاوایی دابەش بکەین. کوردەکان لە نێوخۆی وڵاتانی داگیرکەری کوردستاندا بە پاراستنی زۆریەک لە نرخە کولتوورییەکانیان و ناسنامەی خۆیان دەتوانن هێزێکی گەورە بن کە بە دژی گۆڕینی دێموکرافیی کوردستان دەتوانین کەلکی لێ وەربگرین و بە بەپێچەوانەکردنی کۆچبەربوونیان و هێنانەوەی دووبارەیان بۆ کوردستان، دێموگرافیی ئەو ناوچانەی کە لەلایەن داگیرکەرانەوە تێکدراون، وەک خۆیان لێ بکەینەوە. ئەم کارە دەتوانێ زۆر لە بەرژەوەندیی ناسیۆنالیزمی کوردستانیدا بیت بەو مەرجە کە ئیمکاناتی جێبەجێکردنی هەبێت. دیاسپۆرای کورد لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە کار و چالاکییەکانیان و ناساندنی پرسی کوردستان بە خەڵکی ئەم وڵاتانە ڕۆڵیکی بەرچاویان هەبووە. بەتایبەتی ئەو کوردانەی کە کاری ئاکادێمکیک دەکەن و بە شێوەی زانستی لەسەر پرسی کورد کار دەکەن، دەبنە هۆی بەرەوپێشچوونی بیر و هزری نەتەوەیی و وڵاتپەروەری و ناساندنی ئەم پرسە بە ناوەندەکانی دروستکردنی بڕیار لەو وڵاتانەدا. هیوادارم لەو بارەوە هێزەکانی کورد زۆر پشتیوان و هاوکار و ڕێنیشاندەریان بن.