کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

والی دروودی: بیری ئازادی لە ناخی هەر کوردێکدا چەکەرەی کردووە

12:39 - 26 رێبەندان 2723

والی دروودی: بیری ئازادی لە ناخی هەر کوردێکدا چەکەرەی کردووە

 

دیمانە: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکی خوێنمژە کە بەدرێژایی تەمەنی نەگریسی خۆی لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان دژی جیابیرانی بەهەموو شێوازێک جووڵاوەتەوە، بەسێدارە، کوشتن، ئێعدام، ئەشکەنجە و زیندان و... بەڵام لەڕاستیدا هیچکام لەمانە نەیتوانی کۆتایی بەبیری ئازادی و ئازادیخوازی ڕۆڵەکانی کورد بێنێ و ئەمڕۆ دەبینین کە زیاتر لەهەموو ساتێک بیری ئازادی و ئازادیخوازی لەناو کوردستاندا ڕوو لەزیاد بوونە، تا ئاستێک کە ڕێژیمی تا لێواری نەمان بردووە، لەم دیمانەیەدا داوامان لە کاک والی دروودی، پێشمەرگە و زیندانی سیاسی پێشوو کە وەک یەکێک لە سیمبوولەکانی خۆڕاگری ناسراوە و پتر لە ٢٥ ساڵ تەمەنی لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدا بووە با لە زمانی کاک والییەوە ئاوڕێک لە جینایەتەکان ڕێژیم لە بەندیخانە بدەینەوە و بزانین چۆن باس لە  خۆڕاگرانی نیشتمان دەکا.

  کورتەیەک لە ژیانی سیاسی و خەباتی خۆتان بۆ ئێمە باس  بکەن کە کاک والی دروودی کێیە؟ کە ئەمڕۆ وەک یەکێک لە سیمبوولەکانی خۆڕاگری دەناسرێ و یادی لێ دەکرێ؟

سڵاو و ڕێز ماندوو نەبن من والی دروودی کوڕی ئەنوەربەگی دروودی لەدایکبووی گوندی چرۆسانە لە ناوچەی بێڵەواری کامێران لە بنەماڵەیەکی خۆشناو و ناودار و نیشتمانپەروەر لەدایک بووم هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لە تەمەنی ٦ بۆ ٧ ساڵیدا ئەتوانم بڵێم لەگەڵ سیاسەت ئاشنا بووم بەهۆی ئەوەیکە خاڵی گەورەم یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانی باشوور بوو، خاڵی دووهەمیشم خاڵە مزەفەر کە ئەوانەیکە قەدیمی ترن لە ناوچەکە دەیناسن، یەکێک لە ئەندامانی ڕێبەری چریکەکانی فەدایی خەلق بوو  و لە زەمانی شا کە بەهۆی ئەوەیکە دەستیان بوو لە تێرۆری شا، گیراو حەبسی ئەبەدی پێ دراو ٦ بۆ ٧ساڵ لە زیندان مایەوە تا شۆڕش کرا و لە زیندان ئازاد بوو، من بەو هۆوانەوە کە دواتریش کە شۆڕش کرا و ناوچەکە بوو بە جێگەی هاتووچۆی پێشمەرگە و ئەحزابی سیاسی تر هەر لەبەر خاتر ئەوە گەورە ماڵ بووین پێشمەرگەکان چ لە کۆمەڵە و چ لە ئەحزابی تر وەکوو چریک و پەیکار و ڕەنجدەران و ئەمانە کە دەهاتن بەتایبەت حیزبی دێموکرات هاتووچۆی ماڵیان دەکرد، من هەر لەو کاتەوە ئاشنا بووم و خزمایەتێکی کە لەگەڵ دوکتور خەلەقی بوومان و ئاشنایەتێکی زۆری لەگەڵ هێندێک لە بەرپرسانی حیزبی هەمان بوو، هەر لەو وەختەوە بەو جۆرە ئێمە ئاشنا بووین لەگەڵ حیزب و دواتریش لەگەڵ کاک ڕەشاد کادری لێهاتوو و  بە توانای حیزبی دێموکراتی کوردستان کە من لەگەڵی ئاشنا بووم و لە تەشکیلات سازماندەهی کرام و لە ساڵی ٦٢ وە من بە فەرمی کاری سیاسیم بۆ حیزب دەست  پێ کرد، دواتریش چوومە ئەرتەش و ماوەی ٦ بۆ ٧ ساڵێک لە هێزی دەریای بووم، بەهۆی ئەوەی کە چالاکیم هەبوو بۆ حیزبی دێمـوکرات و کاری تەشکیلاتیم دەکرد، لە ئەرتەش دەرکرام و ماوەیەک زیندانی کرام دواتریش ئازاد بووم، دواتر دووبارە پێوەندیم گرتەوە بە حیزب و ڕەسمەن ساڵی ٧٢ بوومە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و لەچەندین شەڕ و جەولەو کاری سیاسی لە ناوچەکە بەشداریم کردووە، لە ساڵی ٧٥ کە لە جەولەیەکی سیاسی نیزامیدا بووین، شەڕێکی قورس لە نێوان پێشمەرگەکانی ئەگەر هەڵەم نەکردبێت هێزی شاهۆ و هێزەکانی ڕێژیم دەرگیر بووین، لەو کاتە کە شەهید ئەسعەدی مەقەدەسی فەرماندەی هێز بوو، لەو شەڕەدا بریندار بووم و دەمانویست کە لەڕێگەی تکای چەن کەسێكی تەشکیلاتییەوە بچین بۆ کرماشان کە بەو هۆیەوە هێندێک کەس بەناو تەشکیلات هاوکاری لەگەڵ ئیتڵاعات دەکرد، من لە ڕێگەی کامێران کرماشان گیرام و دوای زیندانی کردن و مەحکووم بە حەبسی ئەبەد بووم و دوای ئەوە بۆ یەزد تەبعید و دوای ٢٥ساڵ زیندانی ئازاد کرام. دوبارە هاتمەوەو پێوەندیم بە حیزبی دێموکراتەوە گرت و هاتمەوە ناو حیزب و ئێستاش پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانم.

 کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو حکوومەتە سەرەڕۆیانەیە کە پتر لەچوار دەیە دەسەڵاتداری خۆی بە هەموو مێتۆدێک لەدژی جیابیرانی جووڵاوەتەوە، بە زیندان، سێدارە، ئەشکەنجە و ... بەڕێزتان وەک یەکێک لەو بەندکراوانە سیاسییە کە پتر لە ٢٥ساڵی تەمەنت لە زیندانەکانی ڕێژیم بووە چۆن باس لەو جینایەتانە دەکەی؟

باس کردن لە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لە زیندان بە دەنگ بە ڕەنگ و تەنانەت بە ساعەتها فیلم و وتووێژ و ...  بەبڕوای من ناکرێ چۆن ئەو شتێکە کە ئێمە دیمان و ئەو شتێکە باس دەکرێ ئاسمان تا زەوێ جیاوازی هەس، من زۆر کەسم بینی کە هەر ئێوارێ ساعەتی ٨ تا ٨ی بەیانی هەر لە ژێر ئەشکەنجەدا بووە و ئا‌ه و ناڵەی دەگیشتە لای ئێمە بەڵام هیچکات یەک نۆکەتەیان نەدرکاند و ئیعترافیان بە هیچ شتێک نەکرد، هەر لەبەر ئەویکە گیان فیدا بوون، لەبەر خاتر پاراستنی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات، یان بۆ پاراستنی گیانی چەند کەسێکی تر تەشکیلاتی حیزب بوون، من لە ماوەی تەقریبەن ٢٨ساڵ و نیم زیندان چون من بۆ دوو مەرحەلە زیندان کرام جارێکی ٣ساڵ و نیم تەبعید کرام بۆ ئەهواز ٦ساڵیان پێم دا، جارێکیتریش ٣ساڵ و نیمم کێشا جارێکیتر حەبسی ئەبەدم پێدرا و تەبعید کرامەوە بۆ یەزد، سەرجەم نزیکەی بیست و هەشت ساڵ و نیوم زیندانی کێشا، لەو دوو قۆناغەدا من زۆر شتم دیی زۆر پێشمەرگە، کادر، ئەندام و لاینگر و تەشکیلاتی حیزبەکانیش، ئێستا هەر باسی حیزب دێموکرات دەکەم، کۆمەلە و تەنانەت خەبات، چریکەکان، موجاهیدین، بەڵام ئەوەیکە بۆ من ئێستا وەکوو بیرەوەری وەبیرم بێ، ئەو جینایەتانە وتم بەڕاستی بەهیچێک باس ناکرێ، نە بە سەعاتها، فیلم و کتێب و.... چۆن ئەو جینایەتانە بەتایبەت وەک ئەشکەنجەی فیزیکی و ئیلا ئەوە نەبێ ئینسان هەستی بکا باوەڕبکە و تەنانەت وتنی هێندێک شتیشیان پێم وایە ئینسان بکەوێتە بیری ڕابردوو و شایەد لەرزە بی گرێت کە ئێمە چۆن ئەو ئازارەمان تەحەموول کردووە لەسەر هێندێ هاوبەندی ترمان.

  ئایا کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا بەو هەموو سێدارە و کوشتن و بڕینەوە توانیویە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی کە یەکێک لەوانە کپکرانی دەنگی ئازادیخوازان بووە سەرکەوتوو بێت؟

دەنگی ئازادیخوازی بە هیچ شتێک کپ ناکرێ، نە بە زیندان، لێدان و بڕین و ئاوارە کردن و تەبعید و ... ئەمە بیرێکی سەردەمی نییە، بیری ئازادیخوازی ئەگەر بەڕوانینە مێژوویی حیزب و مێژوویی جووڵانەوەکان، سەدان ساڵە بەڕاستی کورد هەوڵ دەدا بۆ وەدیهێنانی حکوومەتێک یان ناوچەیەکی فیدڕاڵی کە بە ئازادی تێیدا بژی، بیری ئازادی بیرێکی کۆنە، بیرێکی سەردەمی نییە، ئەگەرچی ئێستا حیزبەکان دەستەبەندییان کردووە لە قاڵبی جیاجیادا دایانناوە، جووڵانەوەی زۆر لە کوردستاندا ڕوویداوە هەر بۆ ئازادی بووە، وەکوو: جووڵانەوەی شێخ سەعیدی پیران، جووڵانەوەی شێخ ڕەزای دێرسیم، میر محەممەدی ڕەواندز، شێخ مەحموود، دواتر کۆماری کوردستان و ئاخریشی ئەم هەرێمی کوردستانە، بیری ئازادی بیرێکی کۆنە، بیرێکە من وا دەزانم ژێنێتیکییەکە لە ناخی هەر کوردێکدا بۆ وەدەسهێنانی لانیکەمەکەی هەرێمێک کە بە ئازادی و سەربەستی و سەربەخۆیی تێیدا بژی، چەکەرەی کردوە، بێ سەردار و ڕئیس وسەرۆکێکی غیرە کوردی.

 شێعرێکی مامۆستا قانع هەیە کە ئەمڕۆ زیاتر لە هەر وەختێ ڕەنگی تازەیی پێوە دیارە، ئەویش " قوڕ بە سەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندخانەیە" ناوەڕۆکی ئەم شێعرە دەرخەری چ پەیامێکە؟ ئایا زیندانەکانیش بۆتە قۆتابخانەیەک بۆ گەشەی بیری نەتەوەیی یان نا؟

بێگومان ئەو شێعرەی مامۆستا قانعە و من بۆ خۆم زۆر جار خوێندوومەتەوە لە زینداندا و خوالێخۆشبوو گۆرانیبێژی ناوداری کورد کاک "حەممە جزا"ئەو شێعرەی مامۆستا قانعی کردووە بە گۆرانی  "بووکی ئازادی" زۆر دڵنشینە بەڕاستی وەک فارس وتەنی: نفووز دەکاتە پێست و ئێسقانی ئینسان، من دڵنیام بیری ئازادی ڕاستە لە دەرەوەش هەیە و بەهێزە، بەڵام من تا لە زینداندا بووم بەهێزتر بوو، بەهێزییەکەی ئەوەیە کە لە زینداندا کە تۆ بە تەواوی سنووردار دەکرێت، سنووردار تەنانەت لە ماچی منداڵەکانت، سنووردار لە سڵاوێک لەگەڵ هاوڕێیانت، تەنانەت سنووردار کردن و دانیشتن لەگەڵ هاوژین، مناڵ، دایک، باوک، خوشک و برا یان خۆشەویستێک، یان دوو خولەک قسە بکەی وەختێک ئەونەدە سنووردار دەکرێت، ئەوکات هەست بە چەوساونەوەیەکی دوو هێندە دەکەی. کە بۆچی من وەک گەورەترین نەتەوەی ئەم سەردەمە ئاوام لێ هاتووە؟ کە کابرایەکی غیرە کورد وا بڵێن کابرایەکی فارس یا داگیرکەرێک ئێمە بەتایبەت کە لە زیندانی یەزد بووین، ئێمە دەستبەسەرمان بکاو لە زیندان و شارەکاندا تەنانەت بە تەبعید من دڵنیام بیری ئازادی لەو جۆرە شوێنانە زۆرتر کاریگەرە تا لە دەروە، بەڕاستی چون بە تەواوەتی بێبەشە لە هەموو مافێک، تەنانەت ژیانێکی ئاسایی کە کابرا لە دەروە هەیەتی لە بەر ئەوەیە من ئیمانم بەو شێعرە هەیە کە بیری ئازادی لە زینداندا فراوانتر ئەوێت و قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی کە هیوای بە بەندیخانەیە ڕێک وایە، ئەڵبەتە زیندان بەڕاستی زۆر کەسی بەزاند ئەوانەی کە نەفس نزم بوون ئەوانەی کە باوەڕ بەخۆبوونێکی ئەوتۆیان بە خۆیان یان بە جووڵانەوەکە یا بیروباوەڕکە نەبوو، هێندێک کەسیش کۆڵ ئەدەن چونکە بەڕاستی  زیندان جێگەیکە کە ئینسان دەگینێتە نۆقتەی ئاخر، ئاخر ئەوەیکە هەڵوێستێکی کامڵ بگرێت یا ئەوەیکە شۆڕشگێڕ بمێنێتەوە یا بەڕاستی پاڵ بداتەوە بۆخۆی من لەبەر ئەوەیە ئیمانی کامڵم ئەوەیە کە بەڵێ بیری ئازادی لە زینداندا فراوانتر دەبێت.

  پێمان خۆشە لێرە گوێمان لە چەند بیرەوەری کاک والی بێ کە لە زینداندا وەک بیرەوەری بۆی ماوەتەوە، بە تایبەت ئەو بیرەوەرییانەی کە ئەمڕۆ بوونەتە ئەزموون لە ژیانیدا؟

بیرەوەری زیندان زۆرە، بیرەوەری یانێ چرکە بە چرکەی ئەو زیندانە بیرەوەرییە، بەڵام بەداخەوە من چەند جاریش و لەچەند شوێنی تریشدا هەم قسەم و هەم وتووێژم کردووە، هەم لە باسی نێوماڵی خۆماندا یان لەلای هاوڕێیانەوە باس دەکەم، ئێژم تەنانەت ئەو بیرەوەرییانە کە زۆر خۆشن وەکوو زەماوەند و شووکردنی کچێک، زەماوەندی خزمێکی نزیک باشترین ڕەفێقت ژیانی هاوبەش پێک  بهێنێ ئەبینی ئەوەش تاڵە، تاڵە چونکە تۆ لەوێ بوونت نییە، لەبەر ئەوە من وا ئەزانم تەواوی بیرەوەرییەکانی زیندان تاڵن، من هێندێک بیرەوەری هەن بەڕاستی من بە تاڵترینیان دەزانم، کە ئێمە هەر ئەو ساڵە کە گیراین، پێم وابێ ساڵێک دواتر بوو کە کاک مەنسوورەکان، کاک مەنسووری ڕەشە هەورامی، کاک مەنسووری حوسێنی، ئەگەر بەهەڵە نەبم کاک ڕەفعەت و کاک یەدوڵڵا شیرین کەلام و ئەمانە کەوتنە ناو کەمین کە ئەو دوو سێ نەفەرە کە ناویانم برد باشترین دۆست و دەتوانم بڵێم زیادە لە حەد لەگەڵ یەک تێکەڵ بووین، یا زۆر کەس کە تێرۆر کران کە هەواڵی دەگەیشتە زیندان ئەوانە تاڵ بوون یا مردنی دایکی خۆم کە ئەو بیرەوەرییانە کە تەنانەت من کچەکەشم شووی کرد تاڵ بوو بۆم چۆن تەنانەت ئیجازەیان ندا یەک خولەک لە زەماوەندەکەیدا بەشدار بم، هەر وەک وتم بەڕاستی هەمووی تاڵن بەڕای من تاڵ و شیرینی نییە، بەڕاستی هەمووی تاڵە. بەڵام بیرەوەرییەکی خۆشم کە هەر لە زیندان لەبیرم ناچێ ئەوە بوو کە ئێمە ئەو کاتە لە ئیتڵاعاتی کرماشان بووین کاک عومەریش لەگەڵمان بوو، کاک عومەر لە شەڕەدا بریندار بوو لەو شەڕە کە من دوای هاتم بچم بۆ شار گیرام کاک عومەر هەر لەوێ لاقی چەپ و شانی ڕاسی پێکرا و بریندار بوو هەرچی کێشمان نەمانتوانی بی کێشینە دواوە، بەداخەوە ئەو هەر لەوێ بە دیل گیراو من خۆم بەچاوی خۆم دیم کە جاشەکانی جوانڕۆ چوونە سەری و ئەزیەت وئازاریان کرد و ئیر ئێمە لەم باوەڕەدا بووین کە کاک عومەر کوژراوە کە هەر لەوێ کوشتوویانە یا ئێعدام کراوە کاتێک من گیرام دوای ٦بۆ ٧ مانگێک بوو من لە گرتنگەی ئیتڵاعاتدا بووم نەمزانی کاک عومەر ماوە و نەمردووە یا شەهید نەبووە بەهەرحاڵ ئەزیەتی زۆرمیان کرد لەو شەڕەدا جاشێک کوژرا بوو جاشێکی بەناوبانگ کوژرا و جوانڕۆیی بوو و فەرماندەگوردانێک بوو کە ئەوان هەر لە منیان ئەپرسی کێ کوشتوویە؟ ئەم کەسە کێ کوشتوویە؟ کامتان کوشتووتانە؟ منیش ئیتر ئەزیەتی زۆریان کردم منیش وتم با بێژم عومەر کوشتوویە خۆ ئیسە عومەر کوژراوە تەواو بووە منیش وتم وەڵڵا عومەر کوشتوویە ئیتر ماوەیەک بوو کە من ئاسوودە بووم بەڕاستی کەس کاری پێمەوە نەبوو نە ئەهاتن ئەزیەتم کەن ئەو کەسە کە دەمی برد بۆ دەرەوە و دەمی هاوردە و یەکێک لە ئەرکەکانی ئەوە بوو کە بزانێ ئەو کابرایە کێ کوشتوویە! جارێک پرسی وتی ئەو کابرایە  کێ کوشتوویە؟ منیش وتم عومەر کوشتوویە، ماوەیەک ئیتر دەستیان هەڵگرت دوای ماوەیەک ڕۆژێک چووینە زیندان یەکترمان دیی لەزینداندا لەگەڵ عومەر باسمان کرد و وتی کورە نازانم بۆچە ڕۆژێک هاتن نیشتنە گیانم و زۆریان لێم داو ئیتر لەمەولا هەموو ڕۆژێک دەسێک کوتەکیان لێم ئەدا وتم چۆن؟ وتی وەڵڵا ڕۆژێکا هەر لەخۆیانەوە نیشتنە کۆڵم وتی تۆ ئەو کابرایەت کوشتووە ئەگەر هەڵەم نەکرد بێ "بارام''ی ناو بوو وتی تۆ بارامت کوشتووە؟ وتم کورە وەڵڵا ئەوە من بووم وتم، ئیتر یاس بووم نەمزانی وەمزانی مردووی یا شەهید بووی و کوژراوی ئیتر ئەوندەیان ئەزییەت کردم وتیان کێ کوشتوویە؟ منیش وتم: وەڵڵا عومەر کوشتوویە ئەوە پێم وابێ تەنیا بیرەوەری خۆشی ناو زیندان بووە بووم. 

 پەیامی کاک والی دروودی بۆ خەڵکی خەباتکار و خۆڕاگری کوردستان، بە تایبەت ئەو خەباتکارانەی کە ئێستا لە زیندانەکانی ڕێژیم دان چییە؟

من بەڕاستی لە زینداندا ئەوەندە ئینسانی گەورە، گەورەم دیوە و ئەوەندە چیرۆکم لە ئینسانە گەورەکان بیست لە زینداندا خۆم لەوەدا نابینم، بەڕاستی پەیامم بۆ کەسێک هەبێ من کاتێ لە زیندانی کرماشان بووم کاتێک کاک "کەماڵ دەباغی" و "مەلا حوسێن" و ئەمانە کە کاتی خۆی بردوویانن بۆ ئێعدام لەو کاتەدا سروودی "ئەی رەقیب"یان خوێندووە یا براکانی شرییعەتی لە سنە یا من بۆ خۆم لە دادگا کە "لەیلا سەعیدی"م دیت شەهید "لەیلا سەعیدی" لە پلیکانەکانەوە هاتە خوارەوە و سروودی "ئەی ڕەقیب"ی خوێند و دوای وتی من حوکمی سێدارم بەسەردا سەپاوە وتی: "مەترسە گوێ مەدە ژیان ئەوەندە ئەرزشی نییە کە ئینسان خۆی بۆ خراو کا" من تەنیا ئەوە دەتوانم بێژم ژیان شایەد بە ناو بەڕاستی شیرین بێ، بەڵام کورتە کورتەیەکەشی خۆشی هالە ئەوە کە تۆ بە سەربەستی بژی، پەیامم ئەوەیە کە هیچکەس بە زۆری ناکەنە حیزبی، هیچکەس بە زۆری ناکەنە تەشکیلات ئەگەر لە توانایی خۆتدا نایبینی مەیکە چون ژیان بەڕاستی کورتە، بەو کورتییەی ژیانیش من پێم خۆشە هەموو ئینسانێکی کورد بە سەربەستی و ئازادی بژی، کاری تەشکیلاتی کارێکی دژوارە و کەند و کۆسپی زۆری تێدایە بەتایبەت بۆ ژیان هەر تاکێک، لەبەر ئەوە داواکارم لە ئەوانەی کە گیروگرفتیان زۆرە مەیکەن و ئەوانەی کە لە خۆیانڕا دەیبینن ئەوە ئەو کارە لە ئەستۆ بگرن  ئەگەر دەسبەسەر بوون جۆرێک زیندان بکێشن کە لە دوا ڕۆژدا  لەحاند خۆیان و لەئاست بنەماڵە و کۆمەڵگە و حیزبەکەشیاندا بتوانێ سەربەرز و شانازی بەخۆی و ڕابردووی بکا.