کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قادر وریا: ئەگەر زمانەکەمان لەدەست بدەین، لە کوردبوون دەشۆڕێینەوە و کورد نامێنین

20:37 - 1 رەشەمه 2723

قادر وریا: ئەگەر زمانەکەمان لەدەست بدەین، لە کوردبوون دەشۆڕێینەوە و کورد نامێنین

 

  دیمانە: ئاڤان سنەیی

ئاماژە: زمان گرینگترین ناسنامەی هەر نەتەوەیەکە و بە شوناسی سەرەکیی ئەو نەتەوەیە دادەنرێ. زمانی کوردییش وەک گرنگترین شوناس بۆ پێناسەی کوردبوون هەمیشە لە لایەن داگیرکران و نەیارانی ئەو زمانەوە بەشێوازی جۆراوجۆر هێرشی کراوەتە سەر و مەترسیی لەنێوچوونی لەسەر بووە، بەڵام لە سایەی خەباتی پێشمەرگەکانی سەنگەری زمان و وشیاری نەتەوەیی توانیویەتی نەک بە زیندوویی بمێنێ، بەڵکوو لە ئاست زمانە گرنگ و دەوڵەمەکانی دنیاشدا خۆی ببینێتەوە،.

"کوردستان" لە بەرەبەری ٢ڕەشەممە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بە چەند پرسیار و ورووژاندنی چەند باسی پێوەندیدار بە پرسی زمان دیمانەیەکی لەگەڵ کاک قادر وریا، مامۆستای زانکۆ و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کردوە.

کاک قادر سەرەتا هەروەک گوترا هەر وەک دەزانین گرینگترین فاکتەر بۆ پێناسەی هەر نەتەوەیەک زمانەکەیەتی، بۆچی زمان دەتوانێ ئەو پێناسەیەی هەبێت؟

زمان ئەگەر بۆ هەموو نەتەوەکانیش گرنگترین فاکتەری ناسنامە نەبێت، بۆ ئەو نەتەوانەی لە وڵاتی سەربەخۆ و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان بێبەشن و، مافە نەتەوەییەکانیان زەوت کراوە، ڕۆڵی گرنگترین فاکتەری ناسنامەی نەتەوەیی دەبینێت. چونکە بەهۆی زمانەوەیە دەتوانن جیاوازبوونی خۆیان لە نەتەوەکانی دەورووبەریان بسەلمێنن. دیارە فاکتەری نەتەوەیی دیکەش هەن، وەک: خاک، مێژوو، کولتوور و...هتد، بەڵام ئەم فاکتەرانە بە هۆکاری جۆراوجۆر لە ڕەوتی مێژوودا، لە زۆر ناوچە، ئەوەندە تێک‌تەنراو و شێوێنراون کە جاری وایە ئاسان نییە بە هۆی ئەوانەوە، نەتەوەکان جیاوازبوونی خۆیان لە یەکتر بسەلمێنن. بۆ نموونە کورد و چەند نەتەوەی دیکەی دەورووبەری، ئایینیان یەکە؛ لە ڕووی کولتوورییەوە شتی هاوبەش و لێک نزیکیان یەکجار زۆرە؛ ڕەنگی پێست و شێوە و ڕووخساریان لێک نزیکە؛ تەنانەت سەر زەوی و جۆغرافیای نیشتەجێ‌بوونیان بەتوندی ئاوێتەی یەک بوون. لەم جۆرە حاڵەتانەدا زیاتر بە هۆی زمانەوە، هەست بە جیاوازبوون لە یەکتر دەکەین و ئەگەر زمانەکەمان لەدەست بدەین، بە جۆرێک کە زمانی نەتەوەیەکی دیکە وەربگرین و قسەی پێ بکەین و پشت لە زمانەکەی خۆمان بکەین، لە کوردبوون دەشۆڕێینەوە و کورد نامێنین. ئەگەر زمانمان لەدەست دا، ئەدەبیاتیش و هەروەها هونەرەکانیش بەو زمانە بەرهەم ناهێنین، جگە لەوەی شتێکی نوێ بەو زمانە ناخوڵقێنین، لەو سامانە زمانییەی لە ڕابردووشدا هەمانبووە دادەبڕێین، چونکە لێی تێ‌ناگەین و چێژی لێ وەرناگرین؛ بەم جۆرە ناسنامەی خۆمان لەدەست دەدەین. ئەگەر زمانمان لە دەست دا و ئەدەبیات و هونەرمان بەو زمانە بەرهەم نەهێنا و کەوتینە نامۆیی لە ناوی کوردی و پەندی کوردی و کەلەپووری کوردی، بە تایبەتی کە لەگەڵ دراوسێکانیشمان هاوئایینین و، بۆنە فەرهەنگییەکان و شێوەی ژیان و خواردن و جلوبەرگیشمان لە ژێر کاریگەریی بەجیهانی بووندا، ڕۆژ بە ڕۆژ لێک نزیکتر دەبێتەوە، بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین دەبین بە کەسێکی دیکە، دەبین بە هەڵگری ناسنامەیەکی دیکە. بەم هۆیانەوەیە کە دەتوانین بڵێین فاکتەری زمان، لە ڕاستیدا دیارترین کۆڵەکەی ناسنامەی نەتەوەیی و هەر لەو کاتەدا گرنگترین دەستەبەری پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییە.

 زمان چەندە کاریگەری لەسەر پرۆسەی نەتەوەسازی هەیە؟ ئایا بەتەنیا زمان وڵامدەرە لە پڕۆسەی نەتەوەسازی دا؟

بە تێگەیشتنی من نەتەوەسازی، زیاتر کێشەی ئەو خەڵک یان خەڵکانەیە کە یەک نەتەوە نین و هەوڵ دەدرێت نەتەوەیەکیان لێ دروست بکرێت. بۆ نموونە خەڵکی ئێران کە لە نەتەوەی جۆراوجۆر پێک‌هاتوون، بەڵام دەوڵەت- نەتەوەکانی ئێران لە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوودا، بەشێوەی جۆراوجۆر هەوڵیان داوە وەک یەک نەتەوە پێناسەیان بکەن و بە زۆر و زۆرداری بیانکەن بە یەک نەتەوە. ئەم جۆرە نەتەوەسازییە، پشتی بە سەپاندنی زمانێکی دیاریکراو و مێژوو و شوناسێکی ساختە و سەرکوت و سڕینەوەی زمان و شوناسە نەتەوەییەکانی دیکە بەستووە. من کۆمەڵناس نیم و لەوانەیە وەڵامی دروست بەم پرسیارە لای شارەزایانی بواری کۆمەڵناسی بێت. هەر بۆیە ئاساییە ئەگەر زۆر کەس لەگەڵ لێکدانەوە و بۆچوونەکەمدا نەبن. بە بڕوای من کورد نەتەوەیە و پێویستی بە نەتەوەسازی نییە، بەڵکوو پێویستی بە زۆرترین وشیاریی نەتەوەیی، زۆرترین وشیاریی زمانی، خۆ ئەرکدارکردن لە ئاست نەتەوە و نیشتمان، باشتر خۆڕێکخستن و خەباتی کاریگەرتر بۆ پاراستنی ناسنامە و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و زمانییەکان و هەروەها خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس هەیە. لەم پێوەندییەشدا زمان ڕۆڵێکی گەورەی هەیە. بە خۆشییەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم وشیارییە نەتەوەییە لە هەڵکشان و پەرەئەستاندن دایە و خەڵکی ئێمە لە گرنگیی زمان وەک فاکتەرێکی سەرەکیی ناسنامەی نەتەوەیی ئاگادارە، هەر بۆیە لەو بزووتنەوە فەرهەنگی و ناسنامە پارێزییەدا کە ساڵانێکە بەرەوپێشی دەبەن، پاراستن و بەرگری لە زمانی کوردی و خەبات بۆ مافە زمانییەکان لە ڕیزی هەرە پێشەوەی داوا و داواکاری و بەرنامەکانیان‌دایە.

نێوماڵی کورد بەدرێژایی مێژوو و هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ پەرتەوازەیە. ئایا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم پەرتەواز بوونە بۆ نەبوونی زمانێکی ستاندارد ناگەڕێتەوە؟ 

من شتەکە بەپێچەوانە دەبینم، بەو واتایە کە ئەوە دابەشکراویی کوردستان و بندەستیی نەتەوەی کورد و بێبەشیی ئەو نەتەوەیە لە وڵاتی یەکگرتوو و دەوڵەتی سەربەخۆیە کە وای کردوە نەتەوەی کورد لەجیاتی یەک ئەلفووبێ چەند ئەلفووبێ و لەجیاتی یەک زمانی ستاندارد، لانیکەم دوو زمانی ستانداردی هەبێت. خۆ ئەو دەوڵەتانە هێشتا لە زۆربەی پارچەکانی کوردستان زمانی کوردییان بەڕەسمی نەناسیوە، هێشتا ڕێگایان بە کورد نەداوە بە زمانی خۆی بخوێنێت و لە کاروباری پەروەردە و بەڕێوەبەری، یاسایی و ... هتددا بەکاری بێنێت. ڕێگایان نەداوە لەسەر ئاستی کوردستان و نەتەوەی کورد، فەرهەنگستانێک بۆ چارەسەری کێشەکانی ئەو زمانە و خزمەتکردن و پێشخستنی پێک بێت. خودی ئەم دابەشکراوییەی کوردستان و دروستبوونی  هەلومەرجێک کە هەر پارچەیەک ناچار بووە بۆ خۆی زۆربەشی بە ناڕەسمی و تەنانەت لەژێر هەڕەشە و سەرکوتدا مشوور لە زمانەکەی بخوات و بڕیار لەسەر ئەلفووبێ و ڕێنووس و نووسین بە کوردی بدا، گەیشتن بە زمانێکی ستاندارد لە ئاستی هەموو کوردستان و نەتەوەی کورددا زۆر ئاڵۆز و تەنانەت نامومکین کردوە. مەبەستم ئەوەیە ئەگەر لەسەر زمانێکی ستانداردیش بۆ نموونە کوردیی نێوەڕاست یان کورمانجیی ژووروو ساغ بینەوە، ناتوانین بیکەینە زمانی ستاندارد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، چونکە جگە لەوەی کوردستان یەکەیەکی یەکپارچە نییە، لە زۆربەی بەشەکانیش، دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەری و سیستەمی پەروەردە لەدەست کورددا نییە. دیارە سەرەڕای ئەم چارەنووسە سیاسییە نەخوازراو و نالەبارەش، هەر دەبێت هەوڵی لێک‌نزیکبوونەوە و ڕێککەوتن لە سەر زمانی ستاندارد بدەین. دەبێ تێ بکۆشین زمانی کوردی خاڵی لێک کۆکردنەوە و یەکگرتنمان بێت، ئەمەش کاتێک دەکرێت کە بەسەر دەمارگرژیی ناوچەیی و زارچییەتیدا زاڵ بین و وێڕای چاولێکردنی هەموو زارەکان و شێوە زارەکان وەک سەرمایە و سەرچاوەی دەوڵەمەندیی زمانی کوردی و گرنگیدان بە پاراستنیان، هاوکار و پشتیوانی جێگیربوونی زمانی ستاندارد بین.

هەوڵەکان بۆ ڕێکخستن و سیاسەتی زمانی دەبێ چی و چۆن بێت کە ئاکامەکەی یەکگرتوویی و یەکڕیزی نێوماڵی کورد بێ؟

هەتا ئەوکاتەی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان، دەسەڵاتەکەی لەدەست خۆیدا نییە، ناشتوانێ زمانێکی ستاندارد بەتەواوی جێگیر بکا، بەڵام زمانزانان، ڕۆشنبیران، نووسەران، میدیاکاران، حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەر بەشێک، دەتوانن بە دیالۆگ و ڕاوێژی بەرپرسانە و دووربینانە لەگەڵ یەکتر، کۆمەڵێک ڕێوشوێن دیاری بکەن کە لە لایەکەوە هاندەر بێت بۆ ڕەچاو کردن و پابەندبوون بە زمانێکی ستاندارد، لەلایەکی دیکەوە، مشوورخواردن لە سەرجەم زارە کوردییەکان بەتایبەتی ئەو زارانەی تێدا بێت کە مەترسیی فەوتانیان لەسەرە. وریاکردنەوەی تاکەکان و بەرەوژوور بردنی وشیاریی زمانی و هەستکردن بە ئەرکی نەتەوەیی و پێکهێنانی قەناعەت لەم پێوەندییەدا دەتوانێ کارساز و کاریگەر بێت نەک سەپاندن. لە ڕۆژاوا بەو هۆیەوە کە زۆربەی هەرە زۆری کورد زمانان، بە یەک دیالێکت قسە دەکەن، پێم وایە کێشەی ململانێ و ناکۆکی لە سەر هەڵبژاردنی زارێکی دیاریکراویان وەک بنچینەی زمانی ستاندارد نییە. لە باشوور دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٣٠ ساڵ لە هەبوونی دەسەڵاتی کوردی، هێشتا نەیانتوانیوە زمانێکی ستاندارد لە هەموو جوغرافیای ئەو بەشە بکەن بە سەرانسەری. ئەو بەرهەڵستبوونەوەی لەم پێوەندییدا هەیە، مەبەستم پێداگریی بەشە کورمانجی ئاخێوەکەی باشووری کوردستان لەسەر دیالێکتەکەی خۆیانە، ناکرێت بە پشت گوێخستن و سەپاندن و سەرکوت، وەڵام بدرێتەوە. ڕێگەچارە هەر دیالۆگ و لێک تێ گەیشتنی زیاتر و گەیشتن بە ئەنجامێکی باشترە، ئەگەر ئەم ئەنجامە تەنانەت قبووڵکردنی دوو ستانداردیش بێت. دوو ستانداردی لە ئاستی کوردستانی گەورەدا ڕاستییەکە و هەیە و ناتوانین حاشای لێ بکەین. گرنگ ئەوەیە بە بوونی دوو ستانداردیشەوە، بیر لە زۆر کردنی پردی پێوەندیی نێوان ئەم دوو ستانداردە و زارەکانی دیکە بکەینەوە، نەک لێک دوورکەوتنەوەی زیاتر.

خوێندن لە خوێندنگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە زمانی کوردی قەدەغەیە، ئەمە لە کاتێک‌دایە کە لە ئەسلی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی ئەم وڵاتەدا هاتووە کە هەموو نەتەوەیەک مافی ئەوەی هەیە لە تەنیشت زمانی فەرمیی وڵات بە زمانی خۆی بخوێنێ، ئەمە پاڕادۆکسە یان یاسایەک بە جێبەجی‌نەکردن؟

ئەسلی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران  دەڵێت "زمان و خەتی ڕەسمیی ئێران فارسییە". ئەمە بۆ خۆی بەم مانایەیە کە زمانەکانی دیکە ڕەسمی نین و تەنیا زمانی فارسی، زمانێکی ڕەسمییە. ئەم ئەسلە زمانەکانی دیکە بە "زمانە خۆجێیی و قەومییەکان" ناو دەبات، ئاخێوەرانیشیان نەک بە نەتەوە، بەڵکوو بە قەوم دەناسێت؛ وێڕای ئەمەش دەڵێت: خوێندنی ئەدەبیاتی ئەو زمانانە لە تەنیشت زمانی فارسی ئازادە. خوێندنی ئەدەبیاتی ئەوان زۆر جیاوازە لەگەڵ خوێندن بەو زمانانە، چونکە خوێندنی ئەدەبیات دەکرێت باسکردن لە شاعیرێک یان دەقێکی داستانی یان فۆلکلۆریی ئەو "قەومانە"(وەک لە یاسای بنەڕەتیدا هاتووە) هەر بە زمانی فارسی بێت و بڕایەوە، یان تەرخانکردنی وانەیەک بۆ باس لە زمان و ئەدەبیاتی ئەوان بێت. ئەمە نابێتە بەڕەسمی‌ناسینی مافی خوێندن بەو زمانانە و ئەرکدارکردنی دەوڵەت بۆ دابینکردنی ئەو مافە و جێبەجێ کردنی. ئەگەر باش لەو ئەسلە ورد بینەوە، نەیگوتووە دەوڵەت لەسەریەتی خوێندن بەو زمانانە دابین بکات، بەڵکوو دەڵێ خوێندنی ئەدەبیاتیان لە تەنیشت زمانی فارسی ئازادە! ئەگەر دەوڵەت کات و کتێب و مامۆستا و پێویستییەکانی دیکە بۆ جێبەجێ بوونی ئەم بڕە مافە دابین نەکات، سوودی ئەم ئاوڕدانەوەی یاسای بنەڕەتی لەم زمانانە چییە؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە ئایدۆلۆژیا و سیاسەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک ڕێژیمی شایەتی، دان بە فرەنەتەوەبوونی ئێران دانانێت، باوەڕی بە سەردەستبوونی یەک نەتەوە و یەک زمان لە ئێران هەیە، نەتەوەکە ناوی "ملت ایران" و زمانەکەشی، زمانی فارسییە. لەپێناوی جێ‌کەوتنی ئەم پێناسەیەدا، بۆ سەد ساڵ دەچێت نەتەوەکانی ئێران لە سەرەتایی ترین ماف کە پەروەردە بە زمانی دایکە، بێبەش کراون و بەهۆی سیستەمی پەروەردە هەوڵ دەدرێت سەرجەم دانیشتووانی ئێران بکرێن بە فارس زمان. دیارە ئەمە سیاسەتێکی دژەمرۆیی، ڕەگەزپەرستانە، شۆڤێنیانە و مەحکوومە. نەتەوەی کورد لە ئێران هەر لەسەردەمی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان هەتا ئێستا دژی ئەم سیاسەتە بووە، بە خۆشییەوە ئێستا داوای گۆڕینی ئەم سیاسەتە لەنێو نەتەوەکانی تورک، بەلووچ، عەڕەب و ... هتدیش لەزیاد بوون‌دایە کە جێگای دڵخۆشی و هیوادارییە. 

ناودێرکردنی ٢ی ڕەشەممە وەکوو ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی هەوڵێک بوو بۆ ڕێزگرتن لە زمان و فەرهەنگە جۆراوجۆرەکان لەئاستی دنیادا، بە بڕوای بەڕێزتان ئەم هەنگاوە چەندە توانیویەتی داکۆکی لەسەر مافی خوێندن بە زمانی زگماکی لە نەتەوە بندەستەکاندا بکات؟

ناودێرکردنی ٢١ی فێبریوەری کە مەرج نییە هەموو ساڵێکیش ببێتە ٢ی ڕەشەممە (جاری وایە دەکەوێتە ٣ی ڕەشەممە)، لە چەند بارەوە گرنگە. یەکەم، لەو ڕوانگەیەوە کە بیرخەرەوەی ڕووداوی گیانبەختکردنی کۆمەڵێک خوێندکاری بەنگلادیشیی زانکۆی داکا لە بەرگری لەزمانەکەیان‌دایە(ساڵی ١٩٥٢)، هەر بەم بۆنەیەشەوە لە ٢٥ساڵ لەمەوبەرەوە یونسکۆ ئەم ڕۆژەی بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ناودێر کردوە. دووهەم، ناودێرکردنی ڕۆژێک بەم ناوە و ڕێزلێگرتن و پێشوازی لێکردنی لە ئاستی جیهاندا،  نیشانەی بایەخدانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بە زمانەکان بەتایبەتی ئەو زمانانەیە کە هی نەتەوە بندەستەکان و کەمایەتییە زمانییەکانن و هەڕەشەیان لەسەرە. سێهەم، گرنگیی ئەم ڕۆژە لەوەدایە کە بووە بە بۆنە و دەرفەتێک بۆ ئەوەی نەتەوە بندەستەکان و ئاخێوەرانی زمانە پەراوێزخراوەکان، بایەخ بە گرنگیی زمانەکەیان بدەن، دەنگی خۆیان دژی سەرکوتی زمانەکەیان و پێشێلکردنی مافە زمانییەکانیان بەرز بکەنەوە وهەستیاری و وشیاری لە ئاست زمانەکەیان لەنێو هاو زمانانیاندا پێک بێنن. بوونی ئەم ڕۆژە وای کردوە داواکارانی بەڕەسمی ناسینی فرە زمانی و پەروەردە بە زمانی دایک، زیاتر هەست بە ڕەوایی داخوازەکانیان و پشتگیریی جیهانی لە پلۆرالیزمی زمانی و کولتووری بکەن.

لاوانی کوردستان بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتە دژ گەلییەکانی ڕێژیم هەتا ئێستا هەوڵی دامەزراندنی چەندین ڕێکخراوی مەدەنی وەکوو "نۆژین" و "بەیان" و ... داوە کە بەشێکی زۆر لە بەڕێوەبەرانی ئەم ڕێکخراوە مەدەنییانە بە توندترین شێوە سزا دراون نموونەکەشیان زارا محەممەدی، سەیوان ئێبراهیمی، ئیدریس مێنبەری و ....هتد. بە بڕوای بەڕێزتان جگە لەم ڕێکارگەلە بە چ شێوازێکی دیکە دەتوانین بەرپەرچی سیاسەتەکانی ڕێژیم بدەینەوە کە تێچووی بۆ لاوەکانمان کەمتر بێت و ئامانجەکەش مسۆگەر بێت؟

 ئەوە کە لاوانی کوردستان بەو پەڕی بێ ئیمکاناتی و لەژێر هەڕەشە و گوشاری دامودەزگا سەرکوتکەرەکاندا، بۆ فێرکردن و خزمەتکردن و پاراستنی زمانەکەیان هاتوونە مەیدان و ئامادەن لەم سۆنگەیەدا بچنە زیندان و ڕووبەڕووی زۆر کێشە و گرفتی دیکە ببنەوە، جێگەی شانازییە و دەیسەلمێنێت کە وشیاریی نەتەوەیی و زمانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خۆشییەوە ئاستێکی بەرزی هەیە، دەیسەلمێنێت کە ئایدۆلۆژیای دەوڵەت- نەتەوەکانی ئێران و سیاسەتی تاک زمانیی ئەوان، نەیتوانیوە لاوانی کوردستان لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان داببڕێت. جێگای خۆشحاڵییە کە بزووتنەوەی ناسنامە پارێزی لاوانی کوردستان، ساڵ بە ساڵ زیاتر پەرە دەستێنێت، نەک هەر پارێزگەکانی ڕۆژهەڵات، تەنانەت بۆ نێو کوردەکانی خۆراسان، کەلاردەشت و...هتد پەلی هاویشتووە. ئەم شێوە خەباتە، هەم مەدەنی و ئاشتیخوازانەیە، هەم ڕەوا و پیرۆزە، چونکە بەرگری لە زمان و ناسنامە و پاراستنیان، دژایەتی لەگەڵ زمان و ناسنامە و مافی هیچ کەس و کۆمەڵە خەڵکێکی دیکە نییە و مافێکی دانپێدانراو لە ئاستی جیهان‌دایە. من سەری ڕێز دادەنوێنم بۆ پێشەنگان و بەشدارانی ئەم بزووتنەوەیە و هەوڵە پیرۆزەکانیان، داواشم ئەوەیە خەڵکەکەمان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانییان لێ بکەن، بەتایبەتی ئەو کاتانەی دەکەونە ژێر هەڕەشەی دەزگا سەرکوتکەرەکان، یان دەکەونە زیندان. سەرکەوتنی ئەو خەباتە کولتوورییە لە گرەوی بەردەوامی و هەرچی زیاتر بەرینتربوونەوە و قووڵتربوونەوەی دایە. ئەم خەباتە کە دڵنیام هەروا و تەنانەت بەهێزتر درێژەی دەبێت، جگە لە زیندوو ڕاگرتنی ڕۆحی بەرگری و مافخوازی و شانازیکردن بە نەتەوەی کورد و نیشتمانی کوردستان لەنێو خەڵکەکەمان، سەرئەنجام دەسەڵاتیش ناچار بە پاشەکشە دەکات.

کاک قادر زۆر سپاس بۆ بەشداریتان لەم دیمانەیەدا.

سپاس ئێوەش ماندوو نەبن.