کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا شەڵماشی: وڵاتانی بڕیاردەری جیهان نایانەوێ قەرەبووی ئەو زوڵمە بۆ کورد بکەنەوە کە لە "سایکس-پیکۆ" و "لۆزان"دا لەدژی کورد کردوویانە

11:08 - 17 رێبەندان 2723

دیمانە: شەهرام سوبحانی

 

ئاماژە: ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێ، پرسی کوردیش وەک پرسێکی سەرەکی و چارەسەرنەکراو لەم جوغرافیایەدا ماوەتەوە و بەداخەوە نەیتوانیوە وەک نەتەوەکانی سەر گۆی زەوی سەروەریی خاکەکەی خۆی بەدەستەوە بگرێ و لە ڕیزی نەتەوە ئازاد و سەربەستەکانی دنیادا خۆی ببینێتەوە. کەوابوو لەم قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەدا دەیان پرسیار گوێمان دەزرینگێنتەوە کە ڕەوتی ڕووداوەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو کوێ دەڕوات ؟ کورد لە تەواوەتیی خۆیدا و تایبەتتر لە هەر کام لە بەشەکان لەکوێی گۆڕانکارییەکانی داهاتوو لە ناوچەدا جێ دەگرن؟ کورد وەک نەتەوەیەکی بێ‌دەوڵەت بەو دوژمن و نەیارە زۆرەی هەیەتی، بەڕوونی چۆن دەتوانێ لەو تۆفان و باهۆزەی هەڵیکردووە نەک پێگەی ئێستای بپارێزێ، بەڵکوو چەند هەنگاوێکی دیکەش لە دەستەبەری ئامانجەکانی نیزیک بێتەوە؟ لەم دیمانەیەدا ئەم پرسیارانە و کۆمەڵێک پرسیاری دیکە لە پێوەندی لە گەڵ پرسی کورد لە گەڵ کاک مستەفا شەڵماشی، ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات تاوتوێ دەکەین.

 

کاک مستەفا بۆ چوونەنێو باسەکەمان بە پرسیارێکی گشتی دەست پێ دەکەین. خوێندنەوەی ئێوە بۆ ڕەوتی ڕووداوەکانی ئێستای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چییە؟

ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە هەلومەرجێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ. هەموو جۆرە ململانێیەک لەم ناوچەیەدا هەیە. ململانێی هێزە نێودەوڵەتییەکان و هێزە ناوچەییەکان وەک ململانێی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووسیە و ئەمریکا، چین و ململانێی هێزە ناوچەییەکان وەک ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان، ئیسڕائیل و ئێران و هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی کە وەک باسکی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی هەر لە عێراقەوە تا یەمەن بەردەوام خەریکی ئاژاوەنانەوەن، ئیسڕائیل و ڕێکخراوە عەڕەبییەکان و هێندێك دەوڵەتی عەڕەبی، تورکیە و کورد لە باکوور و ڕۆژئاوا، ململانێی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەموو دەوڵەت و نەتەوەکانی ناوچە و جیهان. ململانێی ئیسلامی توندئاژۆ لەگەڵ وڵاتانی ئازاد و هێز و لایەنە دێموکراتیکەکان، ململانێی سێ نەتەوەی فەرمانڕەوا وەک "فارس، تورک، عەرەب" لەگەڵ کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان، جگە لەوە خەباتی چەوساوەکان و مافخوراوەکانیش درێژەی هەیە. نەتەوە بندەستەکان کە گەورەترینییان نەتەوەی کوردە، بە مافی خۆیان نەگەیشتوون و لە بەربەرەکانێ‌دان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان. کەوابوو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەوەندەی ناوچەیەکی دەوڵەمەند و ستراتێژیک و گرینگە، زۆر لەوە زیاتریش ناوچەیەکی پڕ کێشە و قەیراناوی و پڕ توندوتیژییە. هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپڕاتۆڕەکان و پاش ئەوەی کۆڵۆنیالیزمیش شکستی خوارد ئەو ناوچەیە زۆر بە شێوەیەکی ناڕێک و ناعادڵانە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە کە لەو کاتدا زلهێزی جیهانی بوون و دەسەڵاتی ناوچەیان بەدەستەوە بوو، دابەش کرا بە سەر چەند دەوڵەتێکی کۆن و چەند دەوڵەتێکدا کە بۆخۆیان بەبێ گەڕانەوە بۆ دەنگی دانیشتووانی ناوچەکە بە شێوەیەکی سەقەت دروستیان کردن. لەو دابەشکردنەشدا چەند نەتەوەیەکی ئەسیلی ناوچە، بەتایبەت نەتەوەی کورد پشتگوێ. لەوەش خراپتر نیشتمانەکەیان بەسەر چەند وڵاتدا دابەش کرا. هەروەها کێشەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان بە چارەسەرنەکراوی مایەوە و ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو ئاڵۆزتربوون چوو تا دەستی کۆماری ئیسلامیشی هاتە نێو و بوو بە کارتێک بەدەست توندئاژۆترین هێزەکانەوە لە هەر دووک لایەندا. هەر بۆیەش کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتەواوی چارەسەر نابن، تا لە سەر بناغەی پێکهاتەی نەتەوەیی ناوچەکە، دەستێوەردان لە نەخشەی سیاسی ئەو ناوچەیەدا نەکرێ. تا کورد، فەلەستینی، بلووچ و ..... هتد. و باقی نەتەوە ژێردەستەکان بە مافی خۆیان نەگەن و تا سەروەت و سامانی ناوچەکە بە شێوەیەکی عادڵانە بەسەر دانیشتووانی ناوچەکەدا دابەش نەکرێ و تا دەستی دەستدرێژکەران، بۆ سەر ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ناوچەکە کورت نەکرێتەوە، کێشەکانی ئەو ناوچەیە کۆتاییان نایە.

 

کورد لە تەواوەتیی خۆیدا و تایبەتتر لە هەر کام لە بەشەکان لە کوێی گۆڕانکارییەکانی داهاتوو لە ناوچەدا جێ دەگرن؟

بە باوەڕی من مەسەلەی کورد بەگشتی لە چەقی گۆڕانکارییەکانی داهاتوودایە. کە دەڵێم مەسەلەی کورد مەبەستم ئەوەیە مەسەلەی نەتەوەی کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەت کە هەموو تایبەتمەندییەکانی نەتەوەیەکی تێدایە و زیاتر لە پەنجا میلیۆن کەسە و نیشتمانێکی دەوڵەمەندی هەیە بە ڕووبەرێکی دوو میلیۆن کیلۆمیتری چوار گۆشەوە. بەڵام مەرجی سەرنجدان بە مەسەلەی کورد لە کاتی ئاڵوگۆڕەکان و خوڵقاندنی نەخشەیەکی سیاسی تازەدا ئەوەیە کوردیش وەک نەتەوەیەک باوەڕی بەخۆی هەبێ. بە ناوی واقیعبینی تەسلیمی ئەو دابەشکردنە نەبێ کە بەبێ ئیرادەی خۆی بەسەریدا سەپاوە و وەک یەک نەتەوە دەرکەوێ. ناوەندێکی بڕیاردانی نەتەوەیی "کۆنگرەیەک"، یا "پاڕلمانێک" پێک بێنێ. ناوەندیی ستراتێژی نەتەوەیی دامەزرێنێ تا توێژینەوەی پێویست بکا و پلانی تایبەت بۆ چۆنیەتیی بەرەوڕووبوون لەگەڵ هەر ئاڵوگۆڕێک کە بێتە پێشەوە داڕێژێ. ناوەندی ساغکردنەوەی زمانی ستانداردی کورد دامەزرێنێ و کار بۆ گەشەپێدانی زمانی ستانداردی کوردی بکا و لە ئێستاوە لەو بەشانەی کوردستاندا کە ئیدارەی خۆماڵییان هەیە کاری پێ بکرێ و لەو بەشانەش کە هیچ مافێکیان نییە، ببێتە زمانی ئەدەبی و هونەری. بناغەیەک بۆ هێزی نیشتمانی دابنێ تا پێشمەرگە بەرەو هاوئاهەنگی بڕوا و لە پێشمەرگەی حیزبەوە، ببێتە پێشمەرگەی نیشتمان و .... هتد. ئەرکی ئەو هەنگاوانەش لە قۆناغی یەکەم دەکەوێتە سەر شانی ئەو دەسەڵاتە هەرێمییانەی کورد کە تا ڕادەیەک چارەنووسی بەشێک لە کوردستانییان بەدەستەوەیە و ئەو حیزبە گەورانەی خاوەن نفووزی باشن لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا.

 

کورد وەک نەتەوەیەکی بێ‌دەوڵەت بەو دوژمن و نەیارە زۆرەی هەیەتی، بەڕوونی چۆن دەتوانێ لەو تۆفان و باهۆزەی هەڵی کردووە نەک پێگەی ئێستای بپارێزێ، بەڵکوو چەند هەنگاوێکی دیکەش لە دەستەبەری ئامانجەکانی نیزیک بێتەوە؟

لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژەم بە چەند مەسەلەیەکی گرینگ کرد. لێرەدا بە پێویستی دەزانم میکانیزمی وەدیهاتنی ئەو ئامانجانە باس بکەم. یەکەم میکانیزم بۆ ئەوەی کورد پێگەی خۆی بپارێزێ و لەوەش زیاتر بە ئامانجە نەتەوەییەکانی بگا ئەوەیە کە لە ڕادەی کوردستاندا یەک بگرێ، لەجیاتی کوردایەتیکردن لەپێناوی حیزبایەتیدا، حیزبایەتی بکا لەپێناوی کوردایەتییدا. ئەو دووبەرەکێ و دژایەتییەی لەنێو حیزبەکاندا هەیە لە هەموو بەشەکانی کوردستان کۆتایی پێ بێ. ستراتێژی نەتەوەیی داڕێژێ و دەست هەڵگرێ لەوەی چاوی لە ناوەندی ئەو چوار وڵاتە بێ کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە تا بە خێری خۆیان ئاوڕێک لە کوردستان بدەنەوە. شەقامی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان بجووڵێنێ و ئینتیمای نیشتمانی لە هەموو کوردستاندا پەرە پێ بدا. گرینگی بدا بە زمان، هونەر، کولتوور و ئەدەبی کوردی و لە هەمووشی گرینگتر، یەکگرتن و یەکگرتن و یەکگرتن.

 

 نیزیک بە دوو سەدە لە مێژووی نیزیک و هاوچەرخی کورد بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی خەباتی کردوە و ئێستاش خەبات دەکا و هێشتا نەیتوانیوە قەوارەی سیاسی و حکوومەتی خۆی هەبێت. هۆکارەکان چین؟

خەباتی کورد تا ئەو جێگایەی پەیوەندی هەیە بە خۆپاراستن و بەرگری لە ئاسیمیلەبووندا، سەرکەوتوو بووە. کوردستان چوار دەوری بە دوژمن گیراوە، بەردەوام پیلانی زۆر قیزەون بۆ گۆڕینی دێمۆگرافیی کوردستان و ئاسیمیلەکردنی کورد لە گۆڕێدا بووە. کورد بە خەباتەکەی هەم توانیویەتی بەشی زۆری نیشتمانەکەی بپارێزێ و هەم نەیهێشتووە بەرنامەی تواندنەوەی نەتەوەیی ڕوو بدا. بەڵام لە وەدەستهێنانی مافەکانیدا سەرەڕای وەدەستهێنانی هێندێک دەسکەوتی کاتی و هەمیشەیی وەک دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵات، دامەزراندنی دەسەڵاتێکی خۆیی لە باشوور و ڕۆژئاوا و سەلماندنی بوونی کورد لە باکوور، بەگشتی تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە. سەرنەکەوتنی خەباتی کورد زۆر هۆکاری هەن کە بەشێکیان دەرەکین و بەشی زۆریشیان نێوخۆیین. بەشە دەرەکییەکەی ئەوەیە چوار دەوڵەتی ناوچەکە کوردستانییان بەسەردا دابەش کراوە لەسەر دژایەتیکردنی کورد هەمیشە یەکن و تا لە بەشێکی کوردستاندا کورد دەرفەتێک بەدەست دێنێ مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بەکار بێنێ، هەر چواریان هەموو ناکۆکییەکانی خۆیان وەلا دەنێن و دژی کورد یەک دەگرن و تەواوی هێزی خۆیان بەکار دێنن تا پێش بە سەرکەوتنی کورد بگرن. دووهەم شتی دەرەکی ئەوەیە وڵاتانی بڕیاردەری جیهان، چاویان لە ماف و ڕاستییەکان پۆشیوە و تەنیا بیر لە قازانجی ئابووریی خۆیان دەکەنەوە. نایانهەوێ قەرەبووی ئەو زوڵمە بۆ کورد بکەنەوە کە لە پەیمانەکانی "سایکس-پیکۆ" و "لۆزان"دا لەدژی کورد کردوویانە و نیشتمانی کوردانیان بەبێ لە بەرچاوگرتنی ئیرادە و ویستی نەتەوەی کورد دابەش کردوە. ئێستا کاتێک بیر لە کێشەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەنەوە، بەر لە هەموو شتێک قازانجی خۆیان لە چوار دەوڵەتەکەدا، "تورکیە، ئێران، عێراق و سووریە" لەبەرچاوە و پەنجا میلیۆن کورد، بە نیشتمانێکی دوو میلیۆن کیلۆمیتری چوارگۆشەوە کە لە هەموو مافێک بێبەشە، نابینن. بەڵام هۆکارە نێوخۆییەکان زۆرن، یەکنەگرتنی کورد، نەبوونی ستراتێژیی نەتەوەیی، نەبوونی هاوئاهەنگی لەنێو هێزە خەباتکارەکانی کورددا، بە جەماوەری‌نەکردنی خەبات، زاڵبوونی قازانجی حیزبی بەسەر قازانجی نەتەوەییدا، دژایەتیکردنی هێندێک بیر و بۆچوونی کۆمەڵایەتی، مەزهەبی و سیاسی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کورد و خەباتی کوردایەتی، سیاسەتێکی سەقەتی حیزبەکان و ڕێبەرانی کورد کە لەژێر دروشمی واقیعبینیدا، بانگەشە بۆ بچووککردنەوەی مافە نەتەوەییەکە دەکەن و تەسلیمی سنووری دەستکرد دەبن. هەروەها نەحاوانەوە و نەبوونی یەکتر قەبووڵکردن لە نێوان هێزەکان و تەنانەت تاکەکانی کوردیشدا، بەشێکی گرینگ لەو هۆکارانەن.

 

 ئەو نەتەوانەی سەردەمانێک چارەنووسیان وەکوو کورد بووە، کلیلەکانی ڕزگاریی نەتەوەیی و بەدەوڵەتبوونیان چی بووە؟ 

ڕاستە زۆر نەتەوەی ژێر دەستی وەک کورد تەنانەت لە سەدەی بیستەمیشدا ڕزگار بوون و سەربەخۆیی خۆیان بەدەست هێناوە. یەکێک لە گرینگترین هۆیەکانی سەرکەوتنی ئەوان بە باوەڕی من ئەوە بووە ئەو وڵاتانەی کە پێشتر وڵاتەکانی ئەو نەتەوانەیان داگیر کردوە، یا بە جۆرێک، بە سیستەمێکی سیاسی یا بە شێوەی کۆڵۆنیالی، ئەوانیان خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، لە باری گەشەی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە لە وڵاتە ژێردەستەکانی خۆیان پێشکەوتووتر بوون. چاو لە وڵاتەکانی باڵكان، ئورووپای ڕۆژهەڵات و سۆڤییەتی کۆن و تەنانەت تەیموری ڕۆژهەڵات، ئەفریقای باشوور و باشووری سودانیش بکە، ئەوان وەک کوردستان گیرۆدەی دەستی دەسەڵاتێکی لە خۆیان دواکەوتووتر نەبوون. دووهەم هۆی گرینگ ئەوەیە خەباتی هەموو ئەو نەتەوانەی بە قوربانیدانێکی زۆر کەمتر لە کورد بە ئازادی گەیشتوون، خەباتەکەیان جەماوەری بووە. لە هێندێکیاندا بە میلیۆن خەڵک ڕژاونە سەر شەقامەکان و داوای سەربەخۆییان کردوە. وەک وڵاتەکانی باڵکان. لە هێندیکی تریان زنجیرەی دەستگرتنی سەر سنوورەکانی خۆیان پێک‌هێناوە، وەک سێ وڵاتەکەی قەراغ دەریای باڵتیک لە یەکیەتیی سۆڤییەتی کۆندا، یا بەرەی نیشتمانییان پێک‌هێناوە، وەک ئەفریقای باشوور. دەیان حیزبیان نەبووە کە هەر یەک لە هەوایەک بخوێنێ و هەر لەسەرەتای هاتنە سەر شەقامەوە داوای سەربەخۆییان کردوەو ستراتێژی نەتەوەییان هەبووە.

 

لە خوێندنەوە گشتی و خەسارناسییە باوەکاندا هەمیشە فاکتەری دەرەکی بۆ ئەو شکست و هەرەسانە بەرجەستە کراوە. بەڵام ئاخۆ دەکرێ هەموو ئەو ناکامییانە بەوە پاساو بدرێتەوە؟

هەر وەک لە پرسیاری پێشووتردا باسم کرد، بەهیچ شێوەیەک ناکرێ تەنیا فاکتەری دەرەکی بکرێتە هۆکار بۆ سەرنەکەوتنی خەباتی نەتەوەی کورد. تەنانەت لەوەش زۆرتر، بە بۆچوونی من شوێنکاری فاکتەرە نێوخۆییەکان تەنانەت لە فاکتەرە دەرەکییەکانیش گەورەتر بووە. هیچ نەتەوەیەکی ژێردەست ناتوانێ چاوەڕوان بێ دژایەتی لەگەڵ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانییدا ناکرێ. خۆ ئەگەر وا بوایە هەر لە سەرەتاوە ئازاد دەبوو. بۆیە ژێردەستە، چونکە هێزێک هەیە دەیهەوێ مافەکانی لێ زەوت بکا و نیشتمانەکەی داگیر بکا، کەواتە دوژمنی هەیە و لە دوژمنیش چاوەڕوان ناکرێ کە دژایەتی نەکا. چاوەڕوانییەکی زیادیە ئەگەر پێت وابێ هەروا لە خۆڕا دەستت لێ هەڵدەگرن و لێ‌دەگەڕێن خێروبێری وڵاتەکەت بۆ خۆت بێ. ئەوان بەدرێژایی سەدان ساڵ هەموو سامانەکانی وڵاتی تۆیان تاڵان کردوە. ئەویش وڵاتێکی لە هەموو بارێکەوە دەوڵەمەند و جوانی وەک کوردستان. داگیرکەرانی کوردستان چۆن هەروا بەئاسانی دەستی لێ هەڵدەگرن، یا بە وتووێژ و ڕوونکردنەوە وەک هێندێک لە ڕێبەرانی کورد چاوەڕوانییان هەیە مافەکانت قەبووڵ دەکەن؟ ئێستا بەکردەوە دەبینین کە لە سەدەی بیست و یەکیشدا ئامادە نین بوونی تۆ وەک نەتەوەش قەبووڵ بکەن، جا چ بگا بەوەی کە مافەکانت بسەلمێنن. کەواتە بەشی زۆری هۆیەکانی سەرکەوتنت دەبێ بۆ خۆت بیانخوڵقێنی. ئەوەش بەو شتانە دەکرێ کە لە سەرەوە باسمان کرد. بۆیە بە بۆچوونی من هۆی نەگۆڕانی فاکتەرە دەرەکییەکانیش کە تا ئێستا هەر بە زیانی کورد بوون خەتای خۆمانە. ئێمە دەبێ بەر لە هەموو شتێک هەوڵ بدەین هیزێک بین کە حیسابمان بۆ بکرێ. تەنانەت ئەگەر پێشمان وایە بە وتووێژ لەگەڵ نەیارانمان لە ناوەندی چوار وڵاتەکە دەکرێ مەسەلەکەمان چارەسەر بکەین، دەبێ بەر لە وتووێژ هێزەکانمان یەک بخەین. یەکگرتوو بین و یەک گوتارمان هەبێ. خەڵکەکەمان بێنینە سەر شەقام، بە جۆرێک کە هەموو کەس لەوە تێ بگا کە ئەوەی داوای دەکەین، تەنیا داوای یەک حیزب یا چەند حیزب نییە، بەڵکوو داوای هەموو خەڵکی کوردستانە. جا ئەو کاتە ڕەنگە گوێ لە قسەکانمان بگیرێ و دانیشتن و وتووێژ بە ئەنجام بگا.

 

ئایا بەڕێزیشتان پێتان وایە کە دۆخ و چارەنووسی هەرکام لە بەشەکان بەپێی تایبەتمەندیی خۆیانەوە جیاوازە، یان دەکرێ لەسەر بنەمای وێژمانێکی کوردستانداگر و میکانیزم و گرێبەستێکی نەتەوەیی کورد ببێتە فاکتەرێک لە ئاراستەدان بە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست، ئەوەندەی پێوەندیی بە پرسی کورد و جوغرافیای کوردستانەوە هەیە.

دیارە ئەوەی کە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان هێندێک تایبەتمەندی خۆیان هەیە نکۆڵی لێ ناکرێ. بەڵام مەسەلەی سەرەکی و ڕاستییە گەورەکە ئەوەیە کە کورد یەک نەتەوەیە و کوردستان یەک وڵاتە. هیچ گومان لەوەدا نییە چارەنووسی هەموو نەتەوەی کورد بە یەکەوە بەستراوە، هەر وەک لە بەرامبەر بوون و ماف و چارەنووسی نەتەوەی کوردیشدا، هەر چوار وڵاتەکەی کە کوردستانییان بە سەردا دابەش کراوە، یەک هەڵوێستییان هەیە. بەڵگەش ئەوەیەکە ئەو چوار وڵاتە تەنیا دژی دابینکردنی ماف و چارەنووسی ئەو بەشە لە کوردستان نین کە وەبەر خۆیان کەوتوە، بەڵکوو لە هەر بەشێکی کوردستاندا باس لە چارەنووس ومافی نەتەوەی کورد بکرێ ئەوان دژبەرن. کاتێک لە باشووری کوردستان ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کرا، ڕەگی ملی کار بەدەستانی هەر چوار وڵاتەکە "ئێران، تورکیە، عێراق و سووریە" هەستا و یەک دەنگ لە دژی ڕێفڕاندۆم ڕاوەستان. تا ئێستاش لە هەموو مەسەلەکانی پەیوەندیدار بە نەتەوەی کوردەوە دوژمنەکانی کورد یەک هەڵوێستییان هەبووە. بۆیە بە باوەڕی من چارەنووسی هەموو نەتەوەی کورد بە یەکەوە بەستراوە و خۆ فریودانە ئەگەر بڵێین دەتوانین لە بەشێک لە کوردستاندا بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد بگەین و چوار دەوریشمان ئەوەمان بۆ پەسند بکەن و وەک دراوسێیەکی ئاسایی ڕەفتارمان لەگەڵ بکەن. دیارە ڕەنگە بکرێ لە بەشێک لە کوردستاندا لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی ڕێککەوتن بکرێ و بەو مەرجەی کە هیچ خەتەری جیابوونەوەی کورد لە گۆڕێدا نەبێ، هێندێک مافی کولتووری و ئیداری دابین بکرێ، بەڵام ئەوەش پەیوەندی هەیە بە هاو کێشەی هێزەوەو زۆرتر لە ڕووی ناچارییەوە قەبووڵ دەکرێ و هەر کات بزانن هاوکێشەی هێز بە قازانجی ئەوان گۆڕاوە، بەرە بەرە هەوڵ دەدەن ئەو مافانەی قەبووڵیان کردوە وەری بگرنەوە. هەر وەک لە باشووری کوردستان هەر ئێستا ئەو ڕەوتە لە گۆڕێ‌دایە. ئەوەی جێگای داخە تا ئێستا ستراتێژیی خەباتی حیزبە کوردستانییەکان ڕاست لە سەر ئەو ئیمکانە کەمەی مافەکان دامەزراوە و تا ئێستا قوربانییەکی زۆر دراوە بۆ وەدیهێنانی لانیکەمی مافەکان بۆ هەر بەشەی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا کە ئەو بەشە لە کوردستانی وەبەر کەوتوە. کە وەک دەبینین دەسکەوتەکانمان بەهیچ شێوەیەک هاوسەنگ نین لەگەڵ ئەو خەباتە دژوارەی کە بەڕێوە چووە لە هەر بەشەی کوردستان. کەواتە سەرەڕای ئەوەی کە هەر بەشەی کوردستان پێویستە لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا کە تێیدا دەژی خەبات بکا بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەران و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆی، پێویستە لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستانیش لە سەر بنەمای وێژمانێکی نەتەوەیی هەوڵ بدا بۆ پەسندکردنی میکانیزم و گرێبەستێکی نەتەوەیی کە ببێتە هۆی پێکهێنانی ناوەندێکی نەتەوەیی کە بتوانێ نوێنەرایەتی هەموو نەتەوەی کورد بکا. بەتایبەت لە ئەگەری هاتنەئارای هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەتەوەی کورد پێویستە یەک نوێنەرایەتی و یەک وێژمانی هەبێ.

 

دەمانەوێ ڕای جەنابتان لەبارەی پرسی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا و هەڵسەنگاندنی ئێوە لەو پێوەندییەدا بزانین. 

کورد لە شۆڕشی ژینادا نەخشی سەرەکی و لە سەرەتادا نەخشی ڕێبەرایەتیی ئەو جووڵانەوەیەی هەبوو. لەڕاستیدا ئەو شۆڕشە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و گەشەی کرد و لە کوردستانەوە دروشمە سەرەکییەکەی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ درا. زۆر باشیش توانی پەیوەندی بگرێ بە هەموو نەتەوەکانی ئێرانەوە و دروشمەکەی هێندە گونجاو بوو کە زۆر زوو سەرانسەی ئێرانی داگرت و تەنانەت بوو بە دروشمێکی جیهانییش. دروشمی "کوردستان، کوردستان چشم و چراغ ایران" بەڵگە بوو بۆ ئەوەی بیسەلمینێ شۆڕشی ژینا لە کوردستانەوە هەڵقۆڵاوە و گەشەی کردوە. پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم کە لە سەرەتادا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئەو ناوەندە ڕۆڵێکی زۆر باشی گێڕا و نەخشی سەرەکیی هەبوو لە پەرەگرتنی شۆڕشی ژینادا. بەڵام بەداخەوە لە دوای ماوەیەک ئەو یەکگرتووییە نەما، دیسان حیزب، حیزبێنە و هەوڵدان بۆ خۆ دەرخستن و چنینەوەی بەرهەم بۆ حیزب و کەسایەتی تایبەتی دەستی پێ کرد و دژبەرانی کوردیش چ لە نێوخۆی دەسەڵات لە ئێران و چ لە نێو بەناو ئۆپۆزیسیۆندا دەستیان تێ‌وەردا و توانییان لەو ڕۆڵە گرینگەی کورد بەدەستی هێنابوو کەم بکەنەوە. ئەویش بەهۆی هەوڵدان بۆ درزخستنە نێو یەکیەتیی کورد بەگشتی و بە تایبەتی نێو ناوەندی هاوکاری، کە بەداخەوە تێیدا سەرکەوتوو بوون و ڕۆڵی کوردییان زۆر لاواز کرد. بەتایبەت لەنێو ئۆپۆزیسیۆندا لایەنگرانی سەڵتەنەت و ڕەزا پەهلەوی بە وەڕێخستنی هێندێک شانۆی ئاڵتێرناتیڤ‌سازی و بە ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و چەند کەسایەتییەکی میدیایی و هونەری و مافی مرۆڤی توانییان درز بخەنە نێو ڕیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بەگشتی و ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەتایبەتی و، زەربەیەکی کارا لە شۆڕشی ژینا بدەن و هەر لەو کاتەشدا ڕۆڵی کورد لاواز بکەن. ئەوەی جێگای داخ بوو بەشداریی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بوو لەو شانۆیەدا و دیارە پێویستە ئەوەش بڵێم هێزە کوردستانییەکان، بەتایبەتی ناوەندی هاوکاری و بە تایبەتیتر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زۆر لاواز جووڵانەوە لە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ئاڵتێرناتیڤێک لە هێزەکانی سەر بە نەتەوەکانی ئێران و حیزب و ڕێکخراوە دێموکراتیە سەرانسەرییەکاندا. چونکە گومان لەوەدا نییە کە لە سەرەتادا کوردستان دەیتوانی ببێتە پێشەنگی ئاڵتێرناتیڤ‌سازی و بەجۆرێک لە سەرانسەری ئێران قەبووڵ کرابوو کە هەر پلاتفۆرمێکی هێنا بایە ئاراوە سەرنجی بەشێکی زۆر لە ئۆپۆزیسیۆنی بۆ لای خۆی ڕادەکێشا. بەداخەوە دەبێ بڵێم کورد بە گشتی زۆر خەباتکارە و بە پشوو درێژی دەتوانێ درێژە بە تێکۆشان بدا، بەڵام کە دەگاتە بەڕێوەبەری و بەدەستەوە گرتنی ڕۆڵی گەورە و پلانی کەڵان، دەستەوەستان دەبێ و باوەڕ بەخۆبوونی دادەبەزێ. ئەوەش تا ئێستا زیانی زۆر گەورەی پێ گەیاندوە.

 

ئەگەر شتێکی نەگوتراو مابێ و باسکردنەکەی بە پێویست بزانن، تکایە بفەرموون.

زۆر شت گوترا، تەنیا دەمهەوێ چەند شتێکی گرینگ دووبارە بکەمەوە. سەرکەوتن لە یەکگرتن‌دایە. لە باوەڕبەخۆبوون و ساغبوونەوەی فکری‌دایە. لە گرینگیدان بە ڕێکخراو و بە کادری لێهاتوو و خاوەن تاقیکردنەوە و باوەڕ پێکردن و دەسەڵاتدان بە لاوی تێکۆشەر و لێهاتوودایە. سەرکەوتن لە بە جەماوەری‌کردنی خەبات، نەتەوەسازی و گرینگیدان بە چاند، کولتوور، فەرهەنگ، پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، پەرەپێدانی ئینتیمانی نیشتمانی ونەتەوەیی‌دایە. سەرکەوتن لە خۆ بەهێز کردن، دانانی بناغەی ئابووری، ساغبوونەوەی ستراتێژی و دانانی دامەزراوەی نەتەوەیی دایە.