کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆلەند/ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی نەورۆز و ساڵی نوێ

16:33 - 29 رەشەمه 2723

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەشەمە(١٧ی مارسی ٢٠٢٤)، بەبۆنەی هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی ڕێوڕەسمێک بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە لایەن کۆمیتەی حیزب لە شاری لایدێن بەڕێوە چوو.

سەرەتا لەلایەن پێشکەشکاری بەرنامەکە خاتوو "لیمۆ موحەممەدئەمینی" بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا. دواتر ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

دواتر لەلایەن  "کاک حەسەن مەجیدی" بەرپرسی کۆمیتە وتارێکی سیاسی- تەشکیلاتی پێشکەشی بەشداربووان کرا. بەڕێز مەجیدی ئاوڕێکی لە ساڵی ڕابردوو و شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی دایەوە و ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی چ لە ناوخۆ چ لە دەرەوە بەرز نرخاند.

پاشان د.ئازاد موحەممەدیانی  باسێکی لەسەر نەورۆز و ڕەوتی بە سیاسیبوونی ئەم جێژنە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشکەش کرد، لەو باسەدا؛ جەخت لەسەر پێوەندیی مێژووی نەورۆز لەگەڵ ڕەوتی سیاسی و مەدەنی کوردستان کرا و ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان و پێوەندییەکەی لەگەڵ دەزگای سیاسیی کورد کە حیزبە کوردییەکان و حیزبی دێموکرات بە تایبەتی هێنایە بەر باس و لە ئاکامدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو شتانەی ئێستا لە ڕۆژهەڵات بەبۆنەی پێشوازی لە ساڵی نوێ لە ئارادان درێژەی بە سیاسیبوونی نەورۆز لە چوارچێوەی ڕەوتێکی شوناسخوازانەدایە.

لە بەشێکی دیکەدا لەلایەن بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە، بەڕێزان لیمۆ موحەمەدئەمینی، ڕووبار چاوە و حەسەن لاوە شێعر خوێندرایەوە.

ڕێوڕەسمەکە بە ئاهەنگ و شایی و هەڵپەڕکێ کۆتایی پێ هات.