کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەقی ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کۆماری ئیسلامی

13:37 - 1 خاکەلێوه 2724

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان:

"هەڵاواردنی سیستماتیک دژی ژنان و کچان، ڕێخۆشکەری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و جینایەت دژی مرۆڤایەتی لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەو دواییانەدا بوون"

 

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

 

ژنێڤ، ٨ی مارچی ٢٠٢٤

سەرکوتی توندوتیژانەی خۆپیشاندانە هێمنانەکان و هەڵاواردنی بە دامەزراوییکراوی بەربڵاو دژی ژنان و کچان بوونە هۆی پێشێلکاریی جیددی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە. گەلێک لەو پێشێلکارییانە وەک جینایەت دژی مرۆڤایەتی دێنە ئەژمار، ئەوە لە یەکەم ڕاپۆرتی کۆمیتەی سەربەخۆ و نێونەتەوەیی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لەبارەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هاتوە.

ڕاپۆرتەکە کە بۆ ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ ئامادە کراوە دەڵی، توندوتیژییەکان و پێشێلکارییەکانی یاسای نێودەوڵەتی لە چوراچێوەی ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا کە لە سێپتەمبەری ٢٠٢٢ دەستیان پێ کرد و کوشتنی دەرەوەی یاسا، کوشتنی نایاسایی و گیان‌ئەستاندن، کەڵک‌وەرگرتنی ناپێویست و ناڕێژەیی لە توندوتیژیی، دەستبەسەرکردنی گۆترەیی، ئەشکەنجە، لاقەکردن، بزرکردنی زۆرەملی و ڕاوەدوونانی زایەندیی دەگرتنە خۆ.

پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ بە شێوەی ناڕێژەیی دژی ژنان، منداڵان و ئەندامانی کەمینەکانی ئەتنیکی و ئایینی بەڕێوە چوون. ئەو کۆمیتەیە بەڵگەی ڕاوەدوونانی زایەندیی تێکەڵاو بە هەڵاواردن بەگوێرەی ئەتنیک و ئایینی دەست کەوتوە.

سارا حوسێن، سەرۆکی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان گوتی، "ئەو کردەوانە بەشێک لە هێرشی بەربڵاو و سیستەماتیک دژی خەڵکی مەدەنیی ئێرانن، واتە دژی ژنان، کچان، کوڕان و پیاوانێک کە داوای ئازادی، یەکسانی، ڕێز و لێپرسینەوەیان کردوە. ئێمە داوا لە دەوڵەت دەکەین دەستبەجێ کۆتایی بە سەرکوتی ئەو کەسانەی بە شێوەی ئاشتییانە ناڕەزایەتییان دەربڕێوە بێنێ، بە تایبەتی هی ژنان و کچان."

ناڕەزایەتییەکانی ئێران بە هۆی مردنی ژنێکی کوردی ئێرانی، تەمەن ٢٢ ساڵ، بە نێوی ژینا -مەهسا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەر کران بە هۆی ڕەچاونەکردنی یاسای ئێرانیی حیجابی زۆرەملیی دەستیان پێ کرد. ئەو کۆمیتەیە بۆی دەر کەوتوە کە توندوتیژیی فیزیکی لە کاتی دەستبەسەرکرانی، بووە هۆی کوشتنی نایاسایی خاتوو ئەمینی. دواتر لەجیاتی لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ، کاریگەر و ورد، کە یاسای نێودەوڵەتی دەخوازێ، دەوڵەت چالاکانە ڕاستییەکەی شاردەوە و خۆی لە جێبەجێ کردنی دادپەروەری بوارد.

پاشان کاربەدەستان سەرجەم دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی دەوڵەتی بۆ سەرکوتی ئەو خۆپیشاندەرانە خستە کار کە دوای کوژرانی خاتوو ئەمینی هاتبوونە سەر شەقامەکان. بەگوێرەی ئاماری بڕوا پێکراو، ۵۵١ خۆپیشاندەر بە دەست هێزە ئەمنییەتییەکان کوژران، لە نێویاندا ٤٩ ژن و ٦٨ منداڵ. زۆربەی کوژرانەکان بە هۆی چەک ڕوویان دا، لە نێویاندا بە تفەنگی ئوتوماتێک.

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، لەو دۆخانەی کە لێیانی کۆلیوەتەوە بۆی دەر کەوت کە هێزە ئەمنییەتییەکان کەڵکیان لە توندوتیژیی لەڕادەبەدەر و ناڕێژەیی وەرگرت کە بووە هۆی کوشتن و بریندارکردنی نایاسایی خۆپیشاندەرا.ن  نموونەی برینی قووڵ لە چاوی خۆپیشاندەران، بۆتە هۆی کوێربوونی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان، پیاوان و منداڵان و نقوستان‌بوونیان بۆ تا هەتایە. ئەو کۆمیتەیە هەروەها بەڵگەی کوشتنی دەرەوەی یاساشی دۆزیوەتەوە.

کۆمیتەکە کوژران و بریندار بوونی هێزە ئەمنییەتییەکانی پشتڕاست کردۆتەوە بەڵام زۆربەی هەرە زۆری ناڕەزایەتییەکان هێمنانە بوون.

هێزە ئەمنییەتییەکان خۆپیشاندەرەکانیان بە دەستبەسەرکردنی لەگۆترە سەرکوت کردوە، لە نێویاندا خەڵکی ئەوتۆ هەبووە کە تەنیا سەمایان کردوە، دروشمیان داوە، دروشمیان لەسەر دیوار نووسیوە، هۆرنیان لێ داوە، یان لەسەر سۆسیال مێدیا پشتگیرییان لە داخوازییەکان، وەکوو مافەکانی ژنان، یەکسانیی و لێپرسینەوەیان کردوە. گەلێک لەوان چاوبەست کراون و بردوویاننە نێو ئامێری گواستنەوەی بێ نیشانە، لە نێویاندا ئامبوڵانس. سەدان منداڵ کە بەشێکیان تەنیا دە ساڵ تەمەنیان هەبووە، دەستبەسەر کراون، بێ ئەوەی زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگرتنیان بدرێ، و لە بنەماڵەکانیان جیا کراونەوە.

لە کاتی دەستبەسەر کراندا، کاربەدەستانی دەوڵەتی، قوربانییەکانیان ئەشکەنجە کردوە تا ئیعترافیان لێ بستێنن یان بیانترسێنن، بێڕێزییان پێ کردوون و سزایان داون. کۆمیتەکە هێندێک دۆخی دۆزیونەوە کە لەواندا ژنان و کچان لاقە کراون و توندوتیژیی سێکسی و زایەندیی دژیان کراوە، لە نێویاندا لاقەکرانی بەکۆمەڵ، لاقە کران بە شتێک، لە کارەبادانی زێ، بەزۆر ڕووتکردنەوە و دەست‌بۆبردن. هێزە ئەمنییەتییەکان داوای ژنان بۆ یەکسانیی و نەهێشتنی هەڵاواردنیان وەکوو "ویستی ڕووت‌بوونەوە" و "بڵاوکردنەوەی بێ‌ڕەوشتی" لێک داوەتەوە.

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بۆی دەر کەوتوە کە دەوڵەت لە دێسەمبەری ٢٠٢٢ تا جانیوەری ٢٠٢٤  لانی کەم و لەگۆترە، پاش دادگایی‌کردنی کورت‌ماوە کە پشتبەستوو بە دانپێدانان لەژێر ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی ناڕەوا بووە ٩ لاوی لە سێدارە داون.  دەیان تاک، هێشتا لە ژێر مەترسی لەسێدارە دران یان وەرگرتنی حوکمی ئیعدام لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان دان. ژنان و منداڵان لەنێو گەلێک لەو کەسانەدا دەبینرێن کە لە سەرەتای دەستپێکی ناڕەزایەتییەکان تۆمەتبار بە تاوانی ئەوتۆ کراون کە سزای مەرگیان هەیە.

ڕێژەیەکی زۆر هێشتا تێچوویەکی زۆر بە هۆی پشتیوانی لە جووڵانەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەدەن. کاربەدەستان سەرکوتەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی قوربانییان، ڕۆژنامەنووسان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ، پارێزەران، پزیشکان و گەلێک خەڵکی دیکە چەند هێندە دەکەن، تەنیا بەو هۆیە کە بیروڕای خۆیان دەربڕیوە، پشتگیرییان لە خۆپیشاندەران کردوە یان بە دوای ڕاستی و دادپەروەری بۆ قوربیانیان دابوون.

کاربەدەستانی دەوڵەتی، لە بەرزترین پلەکاندا بە لێدوانەکانیان هاندەر، بڕیاردەر و خوازیاری پێشێلکارییەکان دژی مافەکانی مرۆڤ بوون و پاساویان بۆ رەفتار و ئاکاری هێزە ئەمنییەتییەکان دەهێنایەوە. ئەوان دەستیان دایە هەڵمەتێکی شێواندنی ڕاستییەکان کە لەویدا خۆپیشاندەرانیان بە "ئاژاوەگێڕ"، "بەکرێگیراوی بیانی" یان تاقمی "جیاییخواز" نێو دەبرد. هێزە ئەمنییەتییەکانی دەوڵەتی، بە تایبەت سوپای پاسداران، هێزی بەسیج و هێزەکانی فەرماندەیی سەپاندنی یاسای کۆماری ئیسلامیی ئێران (فەراجا)، بەشداری پێشێلکردنی جیددی مافەکانی مرۆڤ بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی بوون.

کاربەدەستانی ئێران ڕێگرییان لە هەوڵەکانی قوربانییان و بنەماڵەکانیان بۆ قەرەبووکرانەوە و دۆزینەوەی چارەسەر داوە. کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بەو ئاکامە گەیستووە کە قوربانییەکان لەگەڵ سیستەمێکی دادوەریی بەرەوڕوو بوونەوە کە سەربەخۆیی، شەفافیەت و لێپرسینەوەی نییە.

ڤیڤیان کرستیچەڤیچ، ئەندامی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان گوتی، "کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسیارە مافەکانی ژنان و منداڵان بپارێزێ و مافی ڕاستی، دادپەروەریی و قەرەبووکردنەوەی سەرجەم قوربانییەکان دەستەبەر بکات. بە لەبەرچاوگرتنی هەڵاواردنی بەدامەزراوییکراو دژی ژنان و کچانی ئێران، ئەوان مافی قەرەبوو کرانەوەی تەواو و زەمانەت کردنی ئازادیی تەوا و و بەشداریی لە سەرجەم لایەنەکانی کۆمەڵگەی ئێرانیان هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زانیارییانەی ئێمە دۆزیوماننەوە، ئەوە بێجگە لە ڕێکاری دیکە، بە مانای گۆڕینی سەرجەم یاساکانی مەدەنی و سزادان، چاکسازیی لە سیستەمی دادوەریی و هەنگاوەکان بۆ قبووڵی بەرپرسیارەتی دەگرنە خۆ."

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بەداخە لە نەبوونی هاوکاریی کاریگەر لە لایەن دامودەزگاکانی ئێرانیی خاوەن دەسەڵات، سەرەڕای داوای بەردەوامی ئێمە بۆ وەرگرتنی زانیاریی، لە ناویاندا زانیاریی لە بارەی کوژراو و بریندارانی هێزە ئەمنییەتییەکان ئەوان لە خۆ بواردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێمە بە وڵاتەکە و خەلک بەردەوام بوون. کۆمیتەکە هەروەها نەبوونی هەر جۆرە شەفافیەت لە پەیوەندی لەگەڵ ڕاپۆرتی خودی دەوڵەت لەمەڕ تۆمەتەکانی پێشێلکاریی جیددی مافەکانی مرۆڤی پشتڕاست کردۆتەوە.

بە هۆی نەبوونی چارەسەری کاریگەر و بە لەبەر چاو گرتنی بێ سزا هێشتنەوەی پێشێلکارییەکانی سیستەماتیک و مێژوویی لە ئێران، دەوڵەتانی ئەندام پێویستە ڕێکارەکان بۆ لێپرسینەوە لە ئاستی نێودەوڵەتی و سیستەمەکانی نێوخۆیی خۆیاندا بکۆڵنەوە. کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان داوا لە دەوڵەتان دەکات پرەنسیپە گەردوونییەکانی دادوەریی بۆ گشت تاوانەکانی ژێر یاسای نێودەوڵەتی بەبێ سنووردار کردنی ڕێکارەکان، دامەزراندنی سندووقی قەرەبوو کردنەوەی قوربانییان، بە کۆ یان بە تاک و، دابین کردنی پارێزگاریی، لە ناویاندا بە قبووڵی پەنابەریی و ڤیزای مرۆڤدۆستانە بۆ ئەو کەسانەی لە ڕاوەدوونان بە هۆی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران ڕا دەکەن، لەبەر چاو بگرن.

شەهین سەردار عەلی، ئەندامێکی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان گوتی، "ئێمە داوا لە کاربەدەستانی ئێران دەکەین دەستبەجێ لەسێدارەدانەکان ڕا بگرن و سەرجەم ئەو کەسانەی لەگۆترە و لە ڕەشبگیرییەکاندا بە هۆی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دەستبەسەر کراون بێ مەرج ئازاد بکات و کۆتایی بە سەرکوتی خۆپیشاندەران و بنەماڵەکانیان و لایەنگرانی جووڵانەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بێنێ.

***

پاشخان: ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دروستکردنی کۆمیتەیەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە بارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ی پەسەند کرد تا لە پێشێلکارییەکانی ئیددیعاکراوی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن کۆمای ئیسلامیی ئێرانەوە لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی دوای ١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢، بەتایبەتی ئەوانەی دژی ژن و منداڵانی دەگرتەوە، بکۆڵێتەوە.

لە ٢٠ی دێسەمبەری ٢٠٢٢، سەرۆکی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند کە سارا حوسێن (بەنگلادێش)، شەهین سەردار عەلی (پاکستان) و ڤیڤیان کرستیچەڤیچ (ئارژانتین) وەک سێ ئەندامی سەربەخۆ بەشداری کۆمیتەکە دەبن و سارا حوسێن وەک سەرۆکی کۆمیتەکە دیاری کرا.