کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆزی دژە گوتار

13:40 - 1 خاکەلێوه 2724

یەعقووب ڕەوا

لە تیۆریی "میخائیل باختین"دا کارنەڤاڵ وەک چەمکێکی بنەڕەتی و گرنگ دەخرێتە ڕوو. باختین کارنەڤاڵ بە پرۆسەیەکی کولتووری و کۆمەڵایەتی پێناسە دەکات کە تێیدا مرۆڤەکان بە شێوەیەکی نافەرمی و داهێنەرانە دژی یاسا و ڕێسا ئاساییەکان ڕادەبنەوە و هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی توشی ئاڵنگاری دەکەن.

هەرچەند توخمەکانی بیردۆزی باختین زۆر بەرفراونتر و فرە ڕەهەندترن و پتر بۆ لێکدانەوەی ئەدەبیی بەکار هاتوون، بەڵام بۆ لێکدانەوەی نەورۆز لە کودرستان زۆر کارامەن. شێوەی بەڕێوەبردنی کارنەڤاڵی نەورۆز و ئەو فۆرمەی هەنووکەیی بەشی هەرە زۆری قەرزداری پیرەمێردی نەمر و نەورۆزەکانی گردی مامەیارەی سلێمانییە. ڕاسانی نەورۆزیی پیرەمێرد نەک هەر تەنیا پیرۆزکردنی سەرساڵی کوردەواری بەڵکە ڕابوون و ڕاچەنینی گەلێکی ژێردەستەیە. پیرەمێرد دژی یاسا و ڕێسای باو هەستایەوە و نەورۆزی لە قوژبنی ماڵەکان هێنایە مەیدانی گشتیی شار و فۆرمێکی کارناڤاڵیی پێدا. هەرچەندە لە ڕواڵەتدا نەورۆز جەژنێکی کولتووری بوو، بەڵام بوونیەتیی شوناسخوازانەی نەتەوەیی و پێناسەی سەربەخۆبوونی نەتەوەیی، پرۆسەی میللەت‌سازیی عێراقی تووشی ئالنگاریی جیدی دەکرد. نەورۆزی پیرەمێرد هەڵقوڵاوی شارنشینی مۆدێرنی کوردی و ئێلێمانەکی بەهێزی شوناسخوازانە بوو. هەر بۆیە زۆر زوو حکوومەتی مەلیکیی عێراقی کەوتە کاردانەوەی جیدی و قەدەغە کردنی. تەشەنەکردنی نەورۆزی ئیعترازیی پیرەمێرد و مامەیارە بە هەمان نێوەرۆک و فۆرمەوە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان بە خێراییەکی یەکجار زۆر بوو و ئێستاش پاشی نەوەد ساڵ هەر بە هەمان شێوە حکوومەتەکانی داگیرکەری کوردستان تووشی ئالنگاری دەکا.

نەورۆز و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

نەورۆز لەو فۆرمەی خۆیدا بۆ ساڵانیکی زۆر لە هەر چوار پارچەی کوردستان قەدەغە بوو و زۆر جار بکەرانی سزا دراون. هەر بۆیەش خۆی لانیکەم ئەکتی ئاگرکردنەوەکەی حەرەکەتەکی ئێعترازیی دژە باو و دژە داگیرکەر سەیر کراوە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پرۆسەی میللەت‌سازیی مۆدێرنی پەهلەوی لە خۆیدا دژی نەورۆز نەبووە و بە جێژنێکی ئێرانی پێناسەی کردوە، هەر بەو پێیەش هەوڵیان دەدا فۆرمی ستانداردی حکوومی بۆ ساز بکەن و بیکەنە باو. بەڵام بە تایبەتی بە تەشەنەکردنی نەورۆزی پیرەمێرد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەو هەوڵانە مایەپووچ بوون و کاتی سەری ساڵ بڵێسەی ئاگری نەورۆز لە بەرزاییەکانی سەر بە شار و دێهاتەکانی کوردستان هەموو ئەو پرۆسەی نەتەوەسازیی ئێرانی ئاگر تێبەر دەدا.

نەورۆز و کۆماری ئیسلامیی ئێران

کۆماری ئیسلامی بەو پێیەی ڕێژیمێکی مەزهەبیی ئێرانییە تێکۆشاوە نەورۆز و سەری ساڵ بە ڕەنگێکی مەزهەبی-شیعییەوە پەرە پێ بدا. بەو پێیەی بوونیەتیی نەورۆز لای گەلانی دیکەی پیرۆزکەری نەورۆز -غەیرە کورد-، بوونیەتییەکی کولتورییە، ڕیوایەتی کۆماری ئیسلامی لای ئەوان زۆر کێشەدار نەبوو. بەڵام لە کوردستان کە هەر لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامییەوە دژی بوو و بەرخۆدانی چڕی پارتیزانی لە ئارادا بوو، ئەو ڕیوایەتە فەرمیی حکومییە هەر زوو ڕەت کرایەوە. حکوومەتیش هەر بەو پێیە حازر بە قبوڵکردنی گێرانەوەی کوردیی نەورۆز نەبووە و نییە و ئاگری نەورۆزی بە دژی خۆی دیوە و کردویەتی بە پرسێکی ئەمنییەتی. ڕووبەڕوو بوونەوەی کۆماری ئیسلامی بە نیسبەتی نەورۆزی کوردستان بە گشتی دەکرێ دابەشی دوو قۆناغ بکرێن. لە نزیک دوو دەیەی سەرتای ژیانی کۆماری ئیسلامی هەر جۆرە ڕیوایەتێکی غەیرە حکوومەتی لە نەورۆز بە توندی بەرپەچ دەدرایەوە و تەنانەت لە سۆنگەی مەزهەبیشەوە هێرشی دەکرایە سەر و بە نەریتێکی دژە ئیسلامی ناو دەبرا. قۆناغی دووهەمیش لە پڕۆژەی ئێرانشاریدا دەردەکەوێ.

نەرۆز و پرۆژەی ئێرانشاری

بەرخۆدانی بێوچانی گەل و دژبوون دەگەڵ ڕیوایەتی فەرمیی حکومەت لە نەورۆز وای کرد لە قۆناغی دووهەمدا کۆماری ئیسلامی لەژێر ناوی پرۆژەی ئێرانشاری و قبوڵکردنی کورد بە قەومێکی ئێرانی نەورۆز لە کوردستان کولتووریزە بکا و ڕەنگی سیاسی لی بستێنی. نەورۆز لە ژیانی نهێنیی خۆیدا وەک چەکێکی دژە گوتاری زاڵ سەیر دەکرا کە بە هەڵگیرسانی ئاگر لە بەرزاییەکانی کوردستان هەموو هەوڵی نەتەوەسازیی ئێرانی ئاگر تێبەر دەدا. هەر بەو پێیەش لە قۆناغی دووهەمی بەرەنگاری دەگەڵ نەورۆز هەوڵ درا بە کۆنترۆلکردن و پێدانی ئیزنی حکوومەتی نەورۆز بکاتە بۆنەیەکی کولتووری و ئێرانی.

نەورۆز و قۆناغی ئێستا

نەورۆز ئیستا لە گەورەترین کارناڤاڵەکانی غەیرە حکومی جیهانییە کە نێوەرۆکێکی تەواو سیاسیی هەیە. کۆماری ئیسلامی کە بوونیەتییەکی مەزهەبی و دژە ڕەنگالەیی و دژە ژیانی هەیە، نەورۆز وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی دەبینێ و تەواو هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆلکردن یان لانیکەم گۆڕینی نێوەرۆکی نەورۆزی تەنانەت بە ڕێگەپێدان و ڕێکخستنی حکوومەتیش خستووەتە گەڕ. بوونیەتیی کارنەڤاڵی نەورۆز کە کۆبونەوەی هاوکات و هاوشوێنی چین و توێژی جۆراوجۆری کۆمەڵگە هەر لە ڕەگەزەوە بگرە هەتا چینی کۆمەڵایەتی و تەنانەت بیرۆکەی جیاوازی سیاسییە، پیشاندەری توخمی چەند دەنگیی کارنەڤالی باختینییە کە لە نێوەرۆکی خۆیدا تەناتەت دژی هەندی نەریتی ئیسلامی و دینیی خۆی کۆمەڵگەی کوردستانیش و لە ئاستێکی بەرینتریشدا هەوێنی تەبایی نەتەوەیی و دژە داگیرکەرییە. یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی نەورۆزەکانی ڕۆژهەڵات خۆ ڕێکخستنی تێکڕاییە کە کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی دژی بووە و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دژبەریەتیی ئەو لەگەڵ نەورۆزە.

کۆتا قسە ئەوەیە هیج یەک لە حکوومەتەکانی داگیرکەر کوردستان نە توانیویانە و نە دەشتوانن نێوەرۆکی سیاسیی نەورۆز و نێوئاخنی بەرخۆدان و شوناسخوازی و دژە گوتاربوونی داگیرکەران بگۆڕن و لەباری بەرن، بگرە ئەو نێوەرۆکە ساڵ بە ساڵ تۆختر و ڕەنگینتر دەبێت.