کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا دژی چڕبوونەوەی گەمارۆکان دژی ڕێژیمی ئێرانە

11:57 - 2 خاکەلێوه 2724

واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە یەکیەتیی ئورووپا لەگەڵ خواستی فەرانسە و ئاڵمان بۆ گەمارۆخستنە سەر ئێران بە هۆی دابینکردنی چيکوچۆڵ بۆ گرووپە نیابەتییەکانی ئەم ڕێژیمە دژایەتیی کردووە.

فەرانسە، ئاڵمان، هۆلەند و پێنج وڵاتی دیکەی ئەندام لە یەکیەتیی ئوروپا، لە مانگی ڕابردوودا بە نووسینی نامەیەک بۆ جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، خوازیاری پەسەندکردنی گەمارۆی نوێ دژی ڕێژیمی ئێران بوون، لەم نامەیەدا هۆکاری ئەم داواکارییە، پشتیوانیی ڕێژیم لەڕێگەی دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ گرووپە نیابەتییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕاگەیەندراوە.

بۆرێل لە وڵامی ئەم داواکارییەدا ڕایگەیاندووە: دەبێ هەڵسەنگاندنی ورد بۆ ئاسەوارەکانی ئەم بڕیارە بکرێت، نابێ ئەم جۆرە کردەوانە ئامانجە گرینگەکانی یەکیەتیی ئورووپا بخەنە مەترسییەوە و پێش بە کۆنتڕۆڵکردنی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیم بگرن.

بەرپرسانی یەکیەتیی ئورووپا بە ڕەتکردنەوەی ئەم داواکارییە بە وڵاتانی ئەندام لەم یەکیەتییەیان ڕاگەیاندووە کە چڕبوونەوەی گەمارۆکان دژی ڕێژیم، دەتوانێ چڕبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەی بەدواوە بێ و ئەمەش دیپلۆماسیی ناوکی دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، پێشتر گروپی ٧ی ڕایگەیاندبوو کە گەمارۆکان دژی ئێران بەردەوامن و ئامادەن کە لە ئەگەری ناردنی مووشەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ ڕووسیە، گەمارۆ بخەنە سەر کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ئەم ڕێژیمە .