کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم دان بە بەربڵاوبوونەوەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنێن

11:59 - 2 خاکەلێوه 2724

ئەحمەد ڕەزا ڕادان، فەرماندەی گشتیی هێزی ئینتزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕەشەمە ڕایگەیاند: تاڵە، بەڵام ڕاستییە کە دزی لەوانە دزیی چەکداری و توندوتیژی بۆ هەندێک کەس بووەتە پیشە و کاری کەسانێک کە بەم شێوەیە پارە پەیدا دەکەن.

فەرماندەی گشتی هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران ژمارەی دزییەکانی لە ئێران ڕوون نەکردەوە، بەڵام دوو ساڵ لەمەوبەر ڕێکخراوی زیندانەکانی ئێران ڕایگەیاندبوو کە ٦٨ لەسەدی بەندکراوان لە زیندانەکانی ئیران لە دز و تاوانبارانی ماددە هۆشبەرەکان پێکهاتوون.

پێوەندییەکی نزیک لە نێوان زیادبوونی دزی و پەرەگرتنی قەیرانە ئابوورییەکان و بژێوی ژیان و بێکاری و زیادبوونی کەلێنی چینایەتی لە وڵاتدا هەیە، بە جۆرێک کە زیادبوونی ژمارەی دزی و بە تایبەتی دزیی چەکداری بە تەنیا وەکوو پێوەرێکی گەورە دێتە ئەژمار کە مەترسیی ئەو قەیرانانە دەردەخات.

 بە وردبوونەوە لە ئامارە فەرمییەکان دەردەکەوێت کە دزیکردن لە ئێران لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا چوار قات زیادی کردووە. بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران، دزی لە دوای بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، دووەم تاوانی سەرەکی لەو وڵاتەیە.

ئاماری ساڵانەی ١٤٠٠ی ناوەندی ئاماری ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە کە لەو ساڵەدا هێزی ئینتزامی کۆماری ئیسلامی ٢٤١ هەزار دزی لە شوێنە گشتییەکان و ١٨ هەزار دزی لە شوێنە تایبەتەکان تۆمار کردووە کە بە ڕێژەی ٨.٨ و ١١.٧ لەسەد بە بەراورد لەگەڵ ١٣٩٩ گەشەیان کردووە.