کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپۆشیی خامنەیی و ڕەئیسی لە هەڵاوسان و ناڕەزایەتییەکان لە پەیامەکانی نەورۆزدا

12:00 - 2 خاکەلێوه 2724

هاوکات لەگەڵ هەڵاوسان و تەشەنەکردنی هەژاری لە ئێران، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە وتارێکدا بەبۆنەی سەرەتای ساڵی ١٤٠٣ باسی "کارە باشەکان" کە بۆ سنووردارکردنی هەڵاوسان لە ساڵی ڕابردوودا ئەنجام دراون، کرد و هەروەها ئیبراهیم ڕەئیسی بەبێ ئاوڕدانەوە لە دۆخی خەڵک، باسی دەسکەوتەکانی کابینەکەی لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا کرد.

خامنەیی ڕۆژی ١ی خاکەلێوە لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لایەنگرانی ڕێژیم لە تاران، تۆمەت و قسە و باسەکانی پێشووی خۆی دووپات کردەوە و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە بەردەوام هەوڵی ڕووخاندنی ئابووریی ئێران دەدەن و زیادی کرد کە لەم بابەتەدا شکستیان هێناوە.

خامنەیی چەند کاتژمێرێک پێش ئەم وتارە، لە پەیامەکەیدا بەبۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێ، بە ئاماژەدان بە ڕێوشوێنە ئابوورییەکانی ئێران لە ساڵی ١٤٠٢، وتی: ئەوەی کراوە باش بوو، بەڵام دەبێ بەردەوام بێت.

ئەم قسانەی خامنەیی لەحاڵێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئیقتساد ٢٤،  لە هەر سێ کەس لە ئێران یەکێکیان لەژێر هێڵی هەژاریدایە.

بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران، پێوەرەکانی هەژاریی وڵات کە لە کۆی هەڵاوسان و بێکاری پیک دێت، لە پاییزی ساڵی ١٤٠٢ بە بەراورد بە ساڵی پێشوو دوو یەکە زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٥٢ یەکە. هەروەها بەپێی ئامارەکانی بانکی ناوەندی، هەڵاوسان لە ساڵی ١٤٠٢ زیاتر لە ٤٠ لەسەد بووە.

خامنەیی لە درێژەی پەیامی نەورۆزی خۆیدا "بەرهەمهێنانی ناوخۆ" و "بەرهەمهێنانی میللی"ی بە کلیلی چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی ئێران زانی و بەم پێیە ساڵی ١٤٠٣ی وەک ساڵی "بازدانی بەرهەمهێنان بە بەشداری خەڵک" ناو برد.

بانگەوازی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ بەشداریی خەڵک لە بواری بەرهەمهێناندا، هاوکات لەگەڵ ئەوەیە کە گەندەڵیی ئابووریی بەربڵاوی نزیکان، دامودەزگاکانی حوکمڕانی و سپای پاسداران ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ئاشکرا دەبێت.

هەروەها ئیبراهیم ڕەئیسی، لە پەیامی نەورۆزدا، بەبێ گوێدان بە  بارودۆخی ئابووری و ناڕازیبوونی بەربڵاوی خەڵک، گرینگیی بە دەسکەوتەکانی سێ ساڵەی حکوومەتەکەی دا.